“لەبەر بنەمای یاسایی و دەستوری ناوی وەزیرەکان و ئەوانەی کەیسی گەندەڵییان لەسەرە بڵاویناکەینەوە”



سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی گەندەڵی چەندین وەزیر و بەرپرسیان داوەتە دادگا و لەبەر بنەمایەکی یاسایی و دەستوری ناوی وەزیر و کەسانی کە کەیسی گەندەڵییان لەسەر هەیە بڵاوناکەینەوە، چونکە یاسا دەڵێت، هەموو کەس بێ تاوانە هةتا سزاکەی بەسەردا دەسەپێت.

دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لەهەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە:”لەبەر بنەمایەکی یاسایی و دەستوری ناوی وەزیر و کەسانی کە کەیسی گەندەڵییان لەسەر هەیە بڵاوناکەینەوە، چونکە یاسا دەڵێت، هەموو کەس بێ تاوانە هةتا سزاکەی بەسەردا دەسەپێت، وەزیری پێشووتری شەهیدان ناوی لە ناو ئەو لیستەدایە کە ڕامانگەیاند و دۆسیەی گەندەڵی هەیە، بەڵام مافی خۆیەتی بێتەوە و داواشمان کردووە بێتەوە کە لە دادگا دۆسیەکەی یەکلایی بکرێتەوە، دۆسیەکەی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی بووە، ئێستاش سەروو شەش- حەوت وەزیری کابینەکانی پێشوو لە لێکۆڵینەوەدان و لە داوا سزاییەکاندا ناویان هەیە.”

دەشڵێت:”تەمەنی دەستەی دەستپاکی وا بۆ نۆ ساڵ دەچێت، کارابوونی دەستەی دەستپاکی دەکەوێتە ئەوەی سەر ئەو توانا خۆیی و دەرەکییەی. ڕاستە دەستەی دەستپاکی و یاسا هەیە، بەڵام پێویستە هەموو لایەک ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە ئەرکی خۆی بزانێت. ئەو بابەتە ببێتە بابەتێک کە ڕەهەندی نیشتمانی هەیە. بەدڵنیایی دەبێت دەستەی دەستپاکیش بەگڕوتین بێتەپێش”.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی باس لە ئاستەنگییەکانی بەردەم کارەکانیان دەکات و دەڵێت:” بەربەستی بەردەم کارەکانمان بریتیە لەوەی بۆ نمونە ماوەی یاسایی کاری سەرۆکی دەستەکە تەواو بووە، دەبوو لە خولی پێنجەمەوە نوێ بکرایەتەوە نەکراوەتەوە، واتە ئێستا هەموو دامودەزگاکانی هەرێم بە ئێمەشەوە لە قۆناغی کاربەڕێکردنداین، هەروەها پێویستمان بە هەمواری یاساکەمان هەیە، هەروەها توندکردنی هەموو دەسەڵاتەکانی دەستە و لابردنی هەموو جۆرە پارێزبەندی و ڕەزامەندی سەرووە لە پرۆسەکانی لێکۆڵینەوە و دژایەتی گەندەڵی، هەروەها پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بەدەستەکە بە چاودێریکردنی گرێبەستەکان و هەڵوەشاندنەوەیان، هەروەها دابینکردنی شوێنی تایبەت و بینای تایبەت بۆ دەستەکە و دابینکردنی فەرمانبەر.”

راشیگەیاند:”بەداخەوە بەکارهێنانی دەستەواژەی (ناوزڕاندن) بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو کەسانەی نمونەی وەک مامۆستا کەریم عەلی یان هەر کەسی تر کە گەندەڵی ئاشکرا دەکات لەلایەن ئەو کەسانەی گەندەڵییان کردووە، بووەتە دەستەواژەیەکی لاستیکی و بەرامبەر خەڵک بەکاری دەهێنن. لەبری ئەوەی بێن لێکۆڵینەوە بکەن بڵێن بزانین وایە یان نا، کەچی تۆمەتەکە ڕەتناکەنەوە، بەڵکو دەچن بە تۆمەتی ناوزڕاندن سکاڵا تۆمار دەکەن.”

لە وەڵامی پرسیارێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بەوەی ئایا دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر وەک سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لەخۆی ناترسێت ئەویش سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت یان هەر شتێک ڕووبەڕووی ببێتەوە بەهۆی ئاشکرا کردنی دۆسیەی گەندەڵییەوە؟ دکتۆر ئەحمەد وتی، “لە مێژووی دەستەی دەستپاکی عێراق تەنها یەک سەرۆکی پێشوویان لە عێراق ماون ئەوانی تر هەموویان عێراقییان جێهێشتووە، لەبەر ئەوە زۆر ئاساییە و پێشبینیکراوە، ئێمە هەموو شتەکانمان بە یاسایی کردووە، بەڵام ئیتر لەکوردستان و لە عێراقیشدا هیچ شتێک بە دوور نازانرێت.”

“ئێمە دادگاییەکانمان بەئاشکرا دەکرێن، بەداخەوە نە ڕێکخراوێک، نە دەزگایەکی ڕاگەیاندن یان هیچ کەسی تر نایەنە دادگاییکردنەکان و چاودێر بن جگە لە نوێنەری ڕێکخراوی(ئێن، دی ، پی) کە جار جار دێتە لام خشتەی دادگاییکردنەکانم لێوەردەگرێ و لە هەموو دادگاییەکان ئامادە دەبێت و ڕاپۆرتی خۆشی بڵاودەکاتەوە، وە دوو ڕێکخراوی تری بیانی دێن، واتە کەسی تر گرنگی بەو دادگاییکردنانە نادەن و کەس داوای ناکات.” د. ئەحمەد وادەڵێت.

 

 

ڕێگای ٤٧٢ گوند بەهۆی بەفربارین داخرا
پێشت ڕێگای ٤٧٢ گوند بەهۆی بەفربارین داخرا
کەشناسی: بارانبارین بەردەوام دەبێت و تەمیش دروست دەبێت
دواتر کەشناسی: بارانبارین بەردەوام دەبێت و تەمیش دروست دەبێت
ەیوەندیدار