دادگای فیدڕاڵی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاتەدەنگ



دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ یەک شەممە، ۲٤ی۱۲ی۲۰۲۳ لەسەر دوو سکاڵا لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کۆبووەوە و ڕایگەیاند، مووچەخۆرانی ڕاستەقینەی هەرێم چ تاوانێکیان هەیە، کە حكومەتی فیدڕاڵی بە پاساوی نەبوونی متمانە بە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم مووچەکانیان نادەن؟.

ئەو دوو سكاڵایەی لەلایەن فەرمانبەرانی هەرێمەوە تۆماركراوە، سکاڵایەکیان لەلایەن چوار مامۆستای هەرێم تۆمارکراوە و سکاڵاکەی دیکە لەلایەن ئەنجوومەنی مامۆستایانی و فەرمانبەرانی ناڕازی تۆمارکراوە.

بەپێی هەواڵێكی دەزگای ستاندەر، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی پرسیاری لە نوێنەری حکومەتی عێراق کرد، بۆچی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم دواخراوە؟ نوێنەری حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە، وردبینی لە لیستی فەرمانبەران و مووچەخۆران تەواو نەبووە.

لای خۆشیەوە، جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی وەک بەرگریکردن لە مووچەخۆرانی هەرێم ڕایگەیاند، بەڵام فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ڕاستەقینەی هەرێم چ تاوانێکیان هەیە، کە ئێوە بە پاساوی نەبوونی متمانە بە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم مووچەکانیان نادەن؟ ئایا ئێوە ڕازین ڕۆژێکیش مووچەی فەرمانبەرانی نەجەف و بەسرە و بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دوابخرێت؟

د..رەعد ڕەفعە لە دەزگای ستاندەر لە دانیشتنەکە بەناوی مامۆستایانی سکاڵاکار بەرگری لە دۆسیەکە کرد و ڕایگەیاند، بەگوێرەی دەستوور و یاسای بودجەش، ئەرکی حکومەتی عێراقە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکات بە هەر ڕێگایەک بێت.

دواتر سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا دانیشتنەکە دوابخرێت بۆ ۲۱ی۱ی ۲۰۲٤ و بانگهێشتی وەزیری دارایی عێراقیش بکرێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری دادگا و هۆکاری دواخستنی مووچه.

لەمبارەیەوە هەریەک لە د.ڕەعد ڕەفعە، بەدەل بەرواری، ئاکۆ شێخ محەمەد و عەلی بابان، کە سکاڵایەکیان تۆمارکردبوو ڕایانگەیاند، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی لە دانیشتنەکە هەڵوێستی زۆر باش بوو، بەرگری لە مووچەخۆرانی هەرێم دەکرد بەرامبەر حکومەتی ناوەندی، بەپێچەوانەی ئەوەی دەسەڵاتداڕان دەڵێن دادگاکە دژی خەڵکی کوردستانه.

وتیشیان، “سەرەڕای ئەوەی بڕیاری دادگاکە دواخرا، بەڵام چاوەڕێ دەکەین دواجار لەبەرژەوەندی مووچەخۆران و فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنشینان دادگای فیدڕاڵی بڕیاربدات و حکومەتی عێراق بە پێدانی مووچەی هەرێم پابەند بکرێت”.

 

هاتووچۆ شۆفێران لە مەترسی هەرەسی گردێک ئاگادار دەکاتەوە
پێشت هاتووچۆ شۆفێران لە مەترسی هەرەسی گردێک ئاگادار دەکاتەوە
پەروەردە لەگەڵ مامۆستایان کۆدەبێتەوە
دواتر پەروەردە لەگەڵ مامۆستایان کۆدەبێتەوە
ەیوەندیدار