نرخی نەوتی سپی زیاتر دابەزی


نرخی نەوتی سپی زیاتر دابەزی، ئێستا بەرمیلێک نەوتی سپی بە ٢٠٠ هەزار دینارە، ئەگەر نەوتەکەی حکومەتی هەرێمیش لەناو شارەکاندا دابەشبکرێت، ئەوا نزیکی ٥٠ هەزاری دیکە لە نرخەکەی کەمدەبێتەوە.

بە درێژای ئەمساڵ نرخی نەوتی سپی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بە بەرزی مایەوە، بەجۆرێک نرخی هەر بەرمیلێک نەوت گەیشتە نزیکی ٣٠٠ هەزار دینار، هاووڵاتیانیش نیگەران بوون لەو نرخە.

دواتر لەگەڵ هەواڵی دابەشکردنی نەوت لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە ٢٩٠ هەزار دینارەوە بۆ ٢٥٥ هەزار دینار نرخەکەی دابەزی.

لە ئێستادا نرخی نەوتی سپی زیاتر دابەزیووە، بورهان عەلی، نەوتفرۆشە لە شاری سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نرخی بەرمیلێکی ٢٠٠ لیتری بە ٢٠٠ هەزار دینارە ئەگەریش نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان لە ناوشارەکاندا دابەشبکرێت، ئەوا زیاتر دادەبەزێت.

پێشبینی دەکات، لەگەڵ دابەشکردنی نەوتەکەدا لەناو شارەکاندا ٥٠ بۆ ٦٠ هەزار دینار نرخەکەی داببەزێت، هەروەها بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەکەوە هاووڵاتیان ناتوانن نەوت بکڕن، خواستی هاووڵاتیان زۆر کەمی کردووە.

بەرزی نەوتی سپی لە کاتێکدایە، تا دێت لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە٨١ دۆلارە، هەروەها هەرێمی کوردستان خۆی خاوەنی نەوتی خاو و سێ پاڵاوتگەیە، بەڵام حکومەتی هەرێم نەوتی بازرگانی بۆ هاووڵاتیان دەکڕێت، بە ١٠٠ هەزار دینار بە هاووڵاتیانی دەفرۆشێتەوە و دەڵێت پاڵپشتی نرخی نەوت دەکات.

 

 

 

 

یەك ملیۆن گەشتیار سەردانی ئامەدیان كردووە
پێشت یەك ملیۆن گەشتیار سەردانی ئامەدیان كردووە
لە پاكستان چوار پۆلیس كوژران
دواتر لە پاكستان چوار پۆلیس كوژران
پەیوەندیدار