ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

هێمن هەورامی: حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان زۆرینە دەبێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، حكومەتی داهاتوو زۆرینە دەبێت، پارتیش دەرگای گفتوگۆ بۆ ھەموو لایەنەكان دەكاتەوە و ھێڵی سووری لەسەر ھیچیان نییە، بە غرورەوە مامەڵە لەگەڵ لایەنەكاندا ناكەن.

ھێمن ھەورامی سەرۆكی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بە ئاژانسی ئەنادۆڵۆی ڕاگەیاند، كۆمسیۆن لەماوەی ٧٢ كاتژمێر ئەنجامی بەرایی رێژەی ٨٥ لەسەدی ئەنجامەكانی راگەیاندووە، بەڵام كۆمەڵێك سكاڵا ھەیە، ئێمە پشتیوانی لەكاری پڕۆفێشناڵانەی كۆمیسیۆن دەكەین.

دەشڵێت “ھیوادارین بابەتی سیاسی تێكەڵی بابەتی تەكنیكی نەكەن، لەرووی تەكنیكییەوە ھەر كارێك دەگرنە بەر ئێمە پاڵپشتییان دەكەین، بەھۆی ئەوەی لایەنێك دەنگی كەم یان كورسیی كەمی ھێناوە و بێن ئەمە بكەنە بیانوویەكی سیاسی، ئێمە لەگەڵ ئەوە نیین بیانووی سیاسی ھەبێت، بۆ پارتیش نامەوێت بیانووی سیاسی ھەبێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەی كۆمیسیۆن بەشێوازێكی دادپەروەرانەی پڕۆفیشناڵانەی پیشەییانە لەگەڵ راستییەكان بن و بگەنە ئەنجامێك و بتوانن بەزووترین كات ئەو سكاڵایانەی ماون بەپێی یاسا یەكلایی بكەنەوە ئەنجامی كۆتایی رابگەیەنن”.

رونیشیكردەوە “پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو كیانی سیاسی لە چاو لایەنەكانی تر زۆرترین سكاڵای یاساییمان لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن بەتایبەت لە سنووری سلێمانی و راپەڕین و ھەڵەبجە و گەرمیان و كۆیە و شوێنەكانی تر ھەیە، بەڵام دیسانەوە ئەمە بابەتێكی تەكنكییە نەوەك بابەتێكی سیاسی، بۆیە سكاڵاكانی ئێمەش لەرووی تەكنكیكی و یاساییەوە تۆماركراوە نەك بەمەبەستی ئەوەی ھەموو ئەنجامەكانی ئەو سنوورە رەت بكرێتەوە یان نا، پارتی خوازیاری ئەمە نییە، پارتی خوازیاری ئەوەیە كە سەرەڕای ھەموو كەموكورتییەكان سەركەوتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن سەركەوتنی ھەموو كیانە سیاسییەكانە، سەركەوتنی تەواوی گەلی كوردستانە، چونكە ھەڵبژاردن و كەمپەین تەواوبووە، ئێستا دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ قۆناغی پاش ھەڵبژاردن بكەین، ئایا سەقامگیرییمان دەوێت یان بگەڕێینەوە بۆ فەوزا، ئایا دەمانەوێت مەشروعییەتی دەسەڵات و كیانات لە پەرلەمان و حكوومەتێكی تازە لەگەڵ لایەنە سیاسییە بەڕێزەكان بەدەستی بھێنینەوە یان دەمانەوێت بەرەو ئایندەیەكی نادیار بچین كە چوون بەرەو ئایندەیەكی نادیاری لە زیانی تەواوی گەلی كوردستاندا دەبێت و ھیواداریین كیانە سیاسییەكان ئەو ھەنگاوە نەگرنە بەر”.

کوردستان

دوای بەغداد سلێمانی و ھەولێر زۆرترین شارنشینیان تێدایە

خەڵک-

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، بەپێی ئەو ئامارانەی بەردەستن، نزیک بە سێیەکی دانیشتووانی عیراق گوندنشینن، پارێزگاکانی بەغداد و سلێمانی و ھەولێر زۆرترین شارنشینیان تێدایە.

عەبدولزوھرە ھنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە بارەی جیاوازیی جۆری ژیان لای دانیشتووانی عیراق ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت: بەپێی داتاکانی دەزگای ئاماری ناوەندیی عیراق، ڕێژەی ٣٠٪ ـی ئافرەتی عیراق لە گوندەکان دەژین ٧.٦٪ ـی ئەو ڕێژەیەش بەخێوکردنی خێزانەکانیان لە ئەستۆ گرتووە.

ھەروەھا دەڵێت: بە شێوەیەکی گشتیی ٣٠٪ ـی دانیشتووانی عیراق گوندنشینن، بە ژمارەش ١١ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەسن، لە بەرامبەردا ٢٦ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەسیش لە عیراق لە شار و شارۆچکەکاندا نیشتەجێن، چوار پارێزگاش ڕێژەی گوندنشینەکانیان زیاترە لە شارنشینەکان بەم شێوەیە:

  • رێژەی ٥٥٪ ـی دانیشتووانی دوو پارێزگای سەلاحەدین موسەننا گوندنشینن.
  • رێژەی٥٢٪ ـی دانیشتووانی پارێزگای بابل و ٥١٪ ـی دانیشتووانی پارێزگای دیالە، گوندنشینن.

ھنداوی ئەوەشی ڕاگەیاندووە: پارێزگای بەغدادیش بە پلەی یەکەم دێت و زۆرترین شارنشینی تێدایە، ٨٧٪ ـی دانیشتووانی پارێزگای بەغداد شارنشینن و ١٣٪ یش گوندنشین، دوای ئەو پارێزگای سلێمانی دێت بە ڕێژەی ٨٥٪ ـی دانیشتووانەکەی شارنشینن، دواتریش پارێزگای ھەولێر دێت کە ٨٣٪ ـی دانیشتووانەکەی شارنشینن، پارێزگای بەسرەش بە ڕێژەی ٨١٪ بۆ شارنشینان پلەی چوارەمی عیراقی گرتووە.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

مژدەیەک بۆ خوێندکاران
١٦ ھەزار خوێندکاری دیکە وەردەگیرێن

خەڵک-

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، ١٦ ھەزار خوێندکاری دیکە لەوانەی ناویان نەگەڕاوەتەوە، لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەردەگیرێن.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕایگەیاند: “لەدوای راگەیاندنی ناوی دەرچووان لە زانکۆ و پەیمانگەکان، ئێستا 12 هەزار و 20 کورسی لە پلانی وەرگرتنی ئەمساڵ بە بەتاڵی ماوەتەوە، ئەمەش لەئەنجامی ئەوەی کە دەرچووان خۆیان کەمتر داواکاریان بۆ بەشەکان پێشکەش کردووە و بەوەش ئەو کورسییانە بە بەتاڵی ماونەتەوە.”

ئەوەشی ڕاگەیاندووە: “بۆ ڕەخساندنی دەرفەت و هەلی زیاتر بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دا بەزیادکردنی پلانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی لە 10٪ بۆ بەشە ئەندازیارییەکان و لە 20٪ بۆ بەشکانی دیکە، بەوەش ژمارەی کورسیی بەردەست بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە هیچ شوێنێک وەرنەگیراون دەگاتە 16 هەزار کورسی خوێندن.”

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بەوەش دەکات: ئەم کورسییانەی ماونەتەوە و زیادکراون، لەڕێگەی هەمان سیستمی ئەلیکترۆنییەوە دەخرێتەوە بەردەستی ئەو ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە لەهیچ شوێنێک وەرنەگیراون، بەمەش کۆی ئەو خوێندکارانەی وەرنەگیراون گرفتەکانیان چارەسەر دەبێـت و لە دوو رۆژی داهاتووشدا لەڕێگەی بەرنامەی تەلەفزیۆنی و چاوپێکەوتنەوە تەواوی وردەکارییەکان بۆ دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی رووندەکرێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

عەممار حەکیم داوا دەکات باڤڵ تاڵەبانی لە بەغداد بمێنێتەوە

خەڵک-

ئەمڕۆ وەفدێکی ھاوپەیمانیی چاکسازیی و ئاوەدانکردنەوە سەردانی شاری سلێمانییان کرد و لەگەڵ وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.

وەفدێکی ھاوپەیمانیی چاکسازیی و ئاوەدانکردنەوە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم ئەمڕۆ گەیشتە شاری سلێمانی و لەگەڵ وەفدێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی باڤڵ تاڵەبانی کۆبووەوە.

تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عیراق و چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بووە.

لە میانی کۆبوونەوەک عەممار حەکیم داوای لە باڤڵ تاڵەبانی کردووە بچێتە بەغداد و لەوێ بمێنێتەوە، چونکە ناوبراو رۆڵی گرنگی ھەبووە لە ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەت و ئاسایی کردنەوەی پەیوەنییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد.

عەممار حەکیم ڕایگەیاندووە: “ئێمە لەگەڵ ئەوەین یەکێتی بەھێز بێت، دەمانەوێت حزبەکەی مام جەلال ھەمیشە پێشەنگ بێت، ئەوەش لە خزمەتی ھەرێمی کوردستان و عیراقدا دەبێت.”

باڤڵ تاڵەبانییش ڕایگەیاندووە: درێژە بە سیاسەتی مام جەلال دەدەین لە پتەوکردنی ئەو یەکێتییەی لە نێوان پێکھاتە جیاوازەکانی عیراق دروستیکردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ ئەوەدایە کورد وەک یەک تیم بچنە بەغداد و پرۆژەیەکی ھاوبەشیان پێبێت، بە ئامانجی ئەوەی بتوانن مافەکانی کورد لە بەغداد دەستەبەر بکەن.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەتوانێت خزمەتی هاوڵاتیان بکات؟

کوردستان

دوایین