چارەنووسی ئاوارەکانی کەمپی عەربەت چی لێدێت؟


کەمپی ئاوارەکانی عەربەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ئێستادا هیچ ئاوارەیەکی تێدا نەماوە و بڕایارە دابخرێت.

عامر عادل، بەڕێوەبەری کەمپی ئاشتی لە عەربەت، ڕاگەیاند، ئێستا هیچ خێزانێک لە کەمپی عەربەت نەماوە و سەرجەمیان یان گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان یان گوازراونەتەوە کەمپی ئاشتی، پڕۆسەی داخستنەکەش سبەینێ بەڕێوەدەچێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئیڤان فایەق جابرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەران،  لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، “کەمپی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی وەک دووەم کەمپی داخرا کە لە دوای کۆچکردنی ناوخۆیی ساڵی ٢٠١٤ لە هەرێمی کوردستان داخراوە، دوای ئەوەی ئاوارەکان گەڕێنرانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە پارێزگای سەڵاحەدین”.

بەڕێوەبەری کەمپی ئاشتی لە عەربەت ئاماژەی بەوەکرد، کۆتا جار ٢٠٢ خێزان گوازراونەتەوە بۆ کەمپی ئاشتی و ٢٥ خێزانیش گەڕاونەتەوە بۆ پارێزگای سەڵاحەدین و ناوچەکانی خۆیان.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزیری کۆچ و کۆچبەران سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە لە پارێزگای سلێمانی هاوکاری و ئاسانکاری کردووە بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق-ی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و داخستنی کەمپەکان.

هاوکات داوایکرد هاوشێوەی سلێمانی لە هەولێر و دهۆک کرد، لە ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بکرێت، بەگوێرەی پلانی حکومەت بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ئاوارەبوون و داخستنی کەمپەکان

بەپێی زانیارییەکانی “العربی الجید” کە سەرچاوەکانی ناو کەمپەکە پشتڕاستیان کردووەتەوە، ئاوارەکانی ناو کەمپەکە ناچارکراون کە کەمپەکە جێیبهێڵن، بەشێک لە خێزانە ئاوارەکان بەرەو شاری سلێمانی بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ ببن، بەڵام هەندێکی دیکە پەنایان بردووەتە بەر دانانی خێمە لەسەر بناری هەندێک گرد، هەندێکیشیان ڕوویان لە کەمپی “ئاشتی” کرد کە نزیکە لە کەمپی عەربەتەوە.

لای خۆیەوە، حەنان سالم، ڕۆژنامەنووسی عێراقی، کە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر سەردانی کەمپی عەربەتی کردبوو بۆ “العربی الجید” ئاماژەی بەوەکرد، “پێش پرۆسەی داخستنی کەمپی عەربەت ڕێوشوێنی دابڕانی سورییە ئاوارەبووەکان لە عێراقییەکان ئەنجامدرا، بەپێی دوایین ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کۆچبەران کە باسی ١٧٠ خێزانی کردووە، بەڵام ئەم ژمارەیە ناڕاستە و ئەوانەی گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان زۆر لەوە کەمترن”.

كەمپی عەربەت دەكەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی ناحیەی عەربەت سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە مانگی ئابی ساڵی  ٢٠١٣ دروستکراوە، پاشان لە نیسانی ساڵی ٢٠١٤ کرا بە کەمپی ئاوارەکانی عەربەت.

ڕووبەری کەمپەکە ٤١.٣ دۆنم زەوییە، ئێستا هەزار و ٨٨٣ خێزانی تێدا نیشتەجێن کە دەکاتە نۆ هەزار و ١٧٥ کەس، زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئاوارەی پارێزگاکانی سەڵاحەدین و موسڵن.

کارەبای شارێکی هەرێم زیاد دەکات
پێشت کارەبای شارێکی هەرێم زیاد دەکات
ژەنەڕاڵێکی ئەمریکی سەردانی عێراق و سووریای کرد
دواتر ژەنەڕاڵێکی ئەمریکی سەردانی عێراق و سووریای کرد
پەیوەندیدار