ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

كشە بێ ماتەكان!

هونەر تۆفیق

جاری وا هەیە واپێویست دەكات كشێك بكەیت بەڵام ئامانج لە كشەكە بۆ ماتكردنی پادشاكە نەبێت، بەڵكە بۆ لەناوبردنی داشێكە لە ڕێگای ناچاركردنی لایەنی بەرانبەرەوە بەپێی یاسای یاری شەترنج كە پاراستنی پادشاكە لەپێشترە. لەپێناو كشی سەر پادشادا دەشێت وەزیر یان قەڵا یان فیلێك بكەیت بەقوربانی. ئەمەش لەگەمەی شەترنجدا پێی دەڵێن هێرشی كراوە.
هێرشی كراوە لەشەترنجدا بێت یان لە یارییە سیاسیەكاندا ستراتیژێكی فرسەتگرە لەهەردوو ئاستی بەرگری و هێرشدا. كاتێك بەهۆی هەڵەی غەفڵەتێكەوە ڕووبەرێك بۆ لایەنی بەرانبەر دەكرێتەوە، ئیتر خۆت دەخەیتە بەردەم هێرشی كراوەی بەرانبەرەوە كە لەهەر گۆشەیەكدا خۆت حەشار بدەیت دەبێتە گۆشەی كوشندە. لەهەر كشێكدا داشێك لە بكەرەكانی یاریەكە لەدەست ئەدەیت.
لەگەمەی سیاسی دابەشكردنی پۆستە سیادیەكانی عێراقدا. پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو هەڵەیەی كرد. خۆی خستە گۆشە كوشندەكەوە كە ڕووبەرێكی فراوانی بۆ لایەنی بەرانبەر كردەوە هێرشی كراوەی بكەنە سەر. لەكشی مەلیكی یەكەمدا، پارتی كاندیدەكەی (فواد حسەین)ی لەدەستدا. لەكشی دووەمدا بە دانانی گەورە ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق (ئاراس شێخ جەنگی) كە ڕەزای لای پارتی شیرین نییە، هەموو دەرگاكانی سەرۆكایەتی كۆماری لێداخرا.
پێدەچێت لەكشی سێهەمدا بەدانانی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك (ئاڵا تاڵەبانی یان خالید شوانی) بەتەواوەتی گۆشەكە تەسك بێتەوە.
پارتی بڕیاری دروستكردنی حكومەتێك بدات وەك دەڵێن بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێت نەك وەك حكومەتەكانی پێشوو بە شەراكەت بێت لەنێوان پارتی و یەكێتیدا. لەو گۆشە كوشندەیەوە ئەو بڕیارەی پارتی لایەنی بەرانبەری هاندەدات كشی چوارەم بكات بەئیمزانەكردنی ئەندامەكانی خۆی لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردندا.
ئەگەر یەكێتی بداتە پاڵ ئەو هەڵمەتەی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ بۆ پەسەندنەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. لەهەموو كشەكانی دیكە بەهێزتر دەبێت چونكە كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە پوچەڵ دەبێتەوە. تەنیا كارتەكەی هێزی بەرگریكردنی شەترنجەكەی پارتی لەیاریەكەدا سوودی نامێنێت.
ئەم كشە یەك لەدوای یەكانەی ناو یاریەكە ترسێكی لەناو كۆنەستی سیاسی خەڵكدا دروستكردووە كە ئەنجامەكەی بە تەعادولی دوو ئیدارەیی كۆتایی بێت. سەرچاوەی ئەو ترسە بەشێكی لە یادوەری ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە كە باری ئابووری خەڵك بەهۆی ئابڵۆقەی ئابووری بەسەر عێراقەوە دووچاری كارەساتێكی دیكەی وەها ببنەوە. یان شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا بەرپا ببێتەوە.
هەرچەندە عێراقی ئێستا عێراقی سەدام حسەین نییە، دەروازەكانی ئابووری كوردستان بەستراوەتەوە بە زیاتر لەدەوڵەتێكەوە. لەهەمان كاتدا پرۆژەی لامەركەزیەتی ئیداری و مالی ناكاتە كەرتبوونی نەتەوەیی و سیاسی هەرێمی كوردستان.
یەكێك لەكێشە گەورە و سەرەكیەكانی قەیرانی سیاسی و دارایی هەرێم بەهۆی ئەو مەركەزیەتە ئیداری و مالی یەوە دروست بووە كە لەهەیكەلی حكومەتی هەرێمدایە.
ئەو مەركەزیەتە جۆرێكە لە ئیفلیجكردنی ئابووری و ئیداری و سیاسی لەشارەكانی هەرێمدا كە هەست بەجیاوازیكردن بكرێت لەخزمەتگوزاری و بوژانەوەی ئابووری لەنێوان شارەكانی هەرێمدا. نەهێشتنی مەركەزیەت و دابەشكردنەوەی دەستەڵاتە كارگێڕی و داراییەكان بەسەر یەكە كارگێڕیەكانی شارەكاندا بەخۆی بەشێكە لەچارەسەری نەك دروستبوونی مەترسی. ڕەنگە ئەمە دوا كش بێت بەڵام كشێك بەبێ ماتكردن، لەپێناو چاكسازی و چارەسەری ئەو هەیمەنە و مەركەزیەتە سیاسی و داراییەی پارتی لەهەرێمی كوردستاندا.

وتار

قردێلەی سوور چی دەگۆڕێت؟

هیوا سەید سەلیم

ژمارەیەك سندوقی دەنگدانی هەلبژاردنی خوولی پێنجەمی هەڵبژارنی پەرلەمانی كوردستان لە نێو هەزاران سندوقی تر كە سكڵای لایەنەكانی لەسەرە، قردێنەی سووریان لێدراوە، قردێنەی سوور نیشانەی ساختەكاری زۆرە، واتا دوا رێزبەندی ئەو سندوقانەیە كە سكاڵایان لەسەرە لە رووی خرابی ساختەكاریەكە.

هەرسەبارەت بەو سكاڵایانە، كۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردن و راپرسی دەڵێت: دەستمان كردووە بە لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكان كە قردێنەی سووریان لێدراوە، هەر كۆمسیۆنیش دەڵێت: ژمارەی ئەو دەنگانەی كە سندوقەكانیان قردێنەی سووریان لێدراوە بای چوار كورسی پەرلەمانی كوردستانە.

شایانی باسە هەڵبژاردنی 30ی حوەزیرانی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە 1000 سكاڵای لەسەرە، لە نێو ئەو سكاڵایانەدا سكاڵای تەواوی لایەنەكانی بەشداربوو لەو هەڵبژاردنە تۆمار كراوە، ئەمەیان هێمایە بۆ ئەوەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان هێندە بەرفراوان بووە، هەروەها بۆتە دیاردە و تا دێت ئەو دیاردەیە شێوازێكی مۆدێرن وەردەگرێت، جێگای نیگەرانیشە كە هیچ ڕێگریەكیش بۆ ئەو دیاردە قێزەونە نیە.

هێزە تەزویرچیەكانی كوردستان، لە پاڵ ئامانجی خرابیان بۆ دەستكاریكردنی دەرنجامەكانی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی حزبەكانیان، ئامانجیانە هیچ بەهایەك بۆ هەلبژاردن و ئەنجامەكانی نەهێڵنەوە، ئەمەشیان بۆ پێداگریە لەسەر مانەوەیان لەسەر كورسی حوكمڕانی كە 27 ساڵە بە خرابترین شێوازی حوكمی خەڵكی كوردستانی پێدەكەن لە لایەك، وە بێ ئومێدكردنی خەڵكە بە هەڵبژارن لە لاكەی تر.

لە ئێستاد كە كۆمسیۆنی هەلبژاردن و ڕاپرسی كوردستان سەرقاڵی سندوقە قڕدێنە سوور و ڕەنگەكانی ترە، تا دوای پێداچوونەیان بە سكاڵای لایەنەكان وەڵامی لایەنە سكاڵاكەرەكان بداتەوە، بەڵام پێناچێت ئەو كارەی كۆمسیۆن گۆڕانێكی جدی لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بكات، كە ئێستا ئەنجامە بەرایەكانی ڕاگەیەندراو، چونكە ئەو لایەنەی پەنای بۆ ساختەكاری بردووە حسابی ئەو رۆژەشی كردووە كە رووبەرووی سكاڵادەبێتەوە.

هەڵبژاردنی 12 ئایاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە چەند مانگێك پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا، بە هەمان دۆخی ئەوەی دووەم تێپەڕی لە ڕووی ساختەكاریەوە، ئەوساش لایەنە ناڕازیەكان زۆر هاوریان كرد كوا دەنگەكانمان؟ بەڵام بێ سوود بوو، بۆیە دەبێت لایەنەكان بیر لە شێوازی تری ناڕەزایی دەڕبڕین بكەنەوە، ئەگینا بە چوونە ژێرباری هەلبژاردنی ساختە، دەبنە لایەنی شەرعیەت بەخش بە پرۆسەی لێوان لێو لە ساختەكاری.

ئەوەی دیارە كە چەند رۆژێكی تر كۆمسیۆن ناچاردەكرێت ڕایبگەیەنێت ( سكاڵاكان هیچ بنەمایەكی یاسایان نەبوو) وە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن وەك خۆی دەكرێتە ئەمری واقع و بە سازانی بەشێك لە لایەنەكانی ناو كۆمسیۆن 50+1 مسۆگەر دەكرێت و ئەوانی تریش با هەر لە ئەژنۆی خۆیان بدەن، هەر ئەوەشە وادەكات كە بڵێین:

نەقردێنەی سور و نە رەش و قاوەیی فلسێكی سووتاو ناهێنێت، چونكە ئەوان دەزانن چی دەكەن و چیان كردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

کێ قسە لەگەڵ ئەمریکادا دەکات ؟

ھونەر تۆفیق

 

پەیوەندی ئەمریکا وەکو دەوڵەت و وەکو گەل بە ھەرێمی کوردستانەوە وەکو حکومەت و وەکو خەڵک ، پەیوەندیەکی پەنھان و ناڕوونە . ھەموو پەیوەندیەک لەقسەوە دەست پێدەکات بۆ کردەوە . ئێمەی خەڵکی کوردستان نازانین چۆن قسە لەگەڵ ئەمریکادا دەکرێت و ئەمریکا چۆن قسەمان لەگەڵدا دەکات !!

یەکێک لەو قسە گرنگ و پێویستانەی کەدەبێت لە ئێستادا لەگەڵ ئەمریکادا بکرێت بریتی یە لە پرسی ئابڵۆقەی ئابووری سەر ئێران .

ئەمریکا دەڵێت : غەزەب لەو وڵات و کۆمپانیایانە دەگرم لە پێنجی نۆفەمبەری ئەمساڵ بەدواوە بەردەوام دەبن لە پەیوەندی ئابووری بە ئێرانەوە . لەو ھەڕەشەیەوە ئەمریکا ڕووی قسەی لە دۆستەکانیەتی بەر لە نەیارەکانی .

گوایە کورد ( دۆست) ی ئەمریکایە لەھەرێمی کوردستاندا دەبێت پابەندبێت بەو داوا(ھەڕەشە) یەی مام سامەوە . بەڵام لەناو ھیچ یەک لەو قسانەی نێوان کورد و ئەمریکای دۆستدا نەمان بیستووە ئەی کێ قەرەبووی ئەو زیانەی کورد دەکاتەوە کە لەئەنجامی ئابڵۆقەی سەر ئێرانەوە بەری دەکەوێت .

ھێشتا پێنجی نۆڤەمبەر نەھاتووە نرخی شتومەک و خۆراک لەبازاڕەکانی ھەرێمدا لەبەرزبوونەوەدان . نرخی لیتری بانزین خەریکە دەبێت بەدووقات زیاتر لەچاو ساڵێک پێشدا . ئایا حکومەتی ھەرێم و ئەوانەی قسە لەگەڵ ئەمریکادا دەکەن ئەم باسەیان لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا کردۆتەوە ؟ ئەمریکا بەنیازە قەرەبووی ھاوڵاتیانی ھەرێم بکاتەوە ؟ ئەگەر بەڵێ یە چۆن ؟ بۆ ئەوەی بازاڕ لەوە زیاتر نرخەکانی بەرزنەبێتەوە . ئەگەر نەخێرە ( دۆستایەتی ) نێوان ئەمریکا و کورد مانای چی ؟ ئەمریکا زۆر زیاتر لەکورد لە بایەخی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخ تێدەگات کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئەمنی قەومی وڵاتانەوە ھەیە . ناھاوسەنگی لەبازاڕدا لەنێوان نرخ و توانای کڕیندا ناھەوسەنگیە لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووری گەلاندا . کورد لەپێناو چی ئەمریکادا ئەو باجە گەورەیە بدات کە ئەوسەری دیارنیە ؟!! ئایا ترامپ لە ئەمریکاوە تەماتە و بانزین بۆ کورد دەنێرێت ؟ یان کورد قسەی نیە لەگەڵ ئەمریکادا تەنیا گوێ لە قسە دەگرێت !!

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

لە ١٢ی ئۆکتۆبەرەوە بۆ ١٦ی ئۆکتۆبەر

زانا ئەحمەد

رەنگە ئەم دوو بەروارە بۆ ھەر ھاونیشتیمانییەکی باشوری کوردستان دوو رۆژی دیارو پڕ لە یادەوەریی بێت و لەو رۆژانەبێت کە پانتاییەکی زۆری لەھزری تاک بەتاکی کورددا داگیرکردووە. لەبیرکردنی رووداو و دیمەنە تراژیدییەکانی ئەو رۆژانە لای ھەریەکەمان ھەروا کارێکی ئاسان نەبێت.

رۆژی ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧؛ کاتێک سەرۆکی بەرزترین دام و دەزگای تەشریعیی دەیویست وەک ھەر رۆژێکی دیکەی ئاسایی بڕواتەوە بۆ باڵەخانەی پەرلەمان و ئەدای رۆڵ و کارەکەی بکات، بەڵام لەلایەن کۆمەڵێک چەکبەدەستی موچەخۆری حکومەت و جێبەجێکەری فەرمانی حزب رێگریی لێدەکرێت. ئیتر ئەم رێگرییکردنە وا دەکات نزیک بە دووساڵ و نیو باڵەخانەی پەرلەمان زیاتر لەباڵەخانەیەکی دوای کاولکاریی و ئاڵۆزییەکانی جەنگ بچێت؛ نەک باڵەخانەی پەرلەمان. بمانەوێت یاخود نا ئەو رۆژە دەلاقەی کردەوە بۆ یاساشکێنی لە ھەرێمی کوردستاندا و بووە ھەوێنی داھێنانی چەندین رووداوی نەخوازراوی دیکە. ئێستاشی لەگەڵدابێت تاک بە تاکمان بەدەست دەرھاویشتەکانی ئەو رووداوەوە دەناڵێنین. سیستمی پاشەکەوتی موچەو گرانکردنی سوتەمەنی و ….ھتد لە نموونە دیارەکانی دەرھاویشتەی ئەو رووداوەن.

ئەگەر بۆ نەتەوەکانی دیکە ١٦ی ئۆکتۆبەر؛ ڕۆژێکی ئاسایی بێت، ئەوا بۆ کورد نەک رۆژێکی ئاسایی نییە، بەڵکو رووداوەکانی ئەو رۆژە و رۆژانی دوایی ھێندە ناخھەژێنن کە گەورە و بچوکی کورد ناتوانن بە ئاسانیی لەیادی بکەن و دیمەن و رووداوە تراژیدییەکانی ئەو رۆژە لەبیر خۆیان ببنەوە، چونکە لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا زیاتر لە نیوەی خاکی ھەرێمی کوردستان ھەڕاجفرۆشکراو بوویە قوربانیی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و ململانێی ناوخۆی حزبەکان. ئاخر گەلی براینە ئاسان نییە دەریایەک خوێنت لە پێناو ئازادکردنی ئەم نیشتیمانەدا بەخشیبیت، بەڵام لە کونفەیەکونێکدا زیاتر لە نێوەی تەسلیم بە پۆستاڵ لەپێیەکانی حەشد و سوپای عێراقی بکەیت.!

ھەرچەندە ئەم دوو رووداوە نموونەی دەیان رووداوی دیکەی ھاوشێوەن کە بەدرێژایی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد تۆمار کراون، بەڵام بەحوکمی جۆرو تازەیی رووداوەکان رەنگە زیاتر لە ھەر رووداوێکی تر مێشکی تاک بەتاکی کوردی داگیر کردبێت.  بەشێک لەو رووداوانەش ھۆکارگەلێکی وەھایان دروستکردووە کە ریگری تەواو بکەن لە دروستبوونی کیانی سەربەخۆی کوردو ھۆکاربوون بۆئەوەی بەدرێژایی مێژوو کورد ببێتە ئەکتەرێکی ژێردەستەو بەزیو لەشانۆی سیاسیی عێراقدا. بۆیە گرنگە لە ئێستاوە سەرجەم ھێزو لایەنە سیاسیەکان ئاوڕیک بۆ ڕابردوو بدەنەوە و پلان و بەرنامەیەکیش بۆ داھاتوو دابڕێژن؛ بۆئەوەی چیتر ئەم ھەرێمە لەژێر رەحمەتی مەترسیی ئەم گروپ و ئەو گروپ و ئەم وڵات و ئەو وڵاتدا نەبیت، چونکە ئێستا ناوچەکە بەرەو ململانێ و جەنگێکی ھەرێمیی ھەنگاو دەنێت و پێناچێت کوردیش بتوانێت بەکەمترین زیان لەم کێشمەکێشم و ململانێیەدا رزگاری بێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەتوانێت خزمەتی هاوڵاتیان بکات؟

کوردستان

دوایین