ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

ئه‌ركه‌ سه‌خته‌كانی به‌رهه‌م ساڵح ..!

ئه‌گه‌رچی به‌زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌ی، بۆ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار كاندید كرا، ده‌نگی زۆربه‌ی په‌رله‌مانتارانی عێراقیشی به‌ده‌ستهێنا‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌وه‌ به‌س نییه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتیی سێ قۆڵیی هه‌مه‌گیری یه‌كێتی/كوردستان/عێراق، بۆ د.به‌رهه‌م، مسۆگه‌ر ببێت. گه‌یشتن به‌ پۆست شتێكه‌، مانه‌وه‌ش تیایدا، لانیكه‌م، به‌ تێك نه‌شكاوی، شتێكی تره..!

  ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی(1933 -2017ز)، به‌پاڵپشتیی هه‌موو یه‌كێتییه‌كان، به‌ ده‌نگی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان، به‌ پشتگیریی كوتله‌ په‌رله‌مانییه‌كانی به‌غدا، به‌ متمانه‌ی مه‌رجه‌عییه‌تی سیستانی، له‌ نزیكه‌ی دوو خولی سه‌رۆكایه‌تیدا، رووبه‌ڕووی سه‌دان كێشه‌و به‌ربه‌ره‌كانیی بووبێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ كۆمه‌كی واشنتۆن و تاران و له‌ناوخۆشدا هێزه‌ عێراقییه‌كان، توانیبێتی رۆڵێك ببه‌خشێته‌ ئه‌و پێگه‌ سیادییه‌، ئه‌وا ئه‌م كاره‌ بۆ سه‌رۆك كۆماری ئێستا، ئاسان نییه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر خه‌ونی ئه‌وه‌ی هه‌بێ هه‌مان رێچكه‌ی تاڵه‌بانی بگرێت، هۆكاریش، بۆ ئه‌مه‌، زۆره‌: هه‌م كات و شوێن و، هه‌م هاوسه‌نگیی هێز له‌عێراق و كوردستانیشدا، وه‌ك یه‌ك ده‌هه‌ی رابردوو نین و جیاوازن!.
  سه‌ره‌تا، سه‌رۆك، له‌سه‌ریه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه‌ له‌سه‌ركردایه‌تی و كادرانی پێشكه‌وتوو و لایه‌نگرانی حزبه‌كه‌یدا ئاشت ببێته‌وه‌ كه‌ پشتیوانییان نه‌كردووه‌ بۆ بوون به‌ سه‌رۆك، نیوه‌ی راگه‌یاندنی یه‌كێتی-شمان بینی كه‌ چۆن ته‌نانه‌ت وه‌ك هه‌واڵێكیش بایه‌خیان پێنه‌دا!.. بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دۆخه‌، سه‌ۆك كۆمار، سه‌ره‌تا له‌سه‌ریه‌تی كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ده‌ستبه‌رداری جه‌مسه‌رگیریی ببێت له‌ناو حزبه‌كه‌یدا كه‌ له‌ڕابردوودا سه‌ری كێشا بۆ جیابوونه‌وه‌یه‌كی سه‌رنه‌كه‌وتوو، به‌بێ ئه‌م كاره‌،‌ بێگومان له‌بۆشایی متمانه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌، بگره‌ له‌كوردستانیشه‌وه‌ سه‌رئێشه‌ی زۆری بۆ دروست ده‌بێت!‌، به‌تایبه‌تی كه‌ هێشتا ره‌گی جه‌مسه‌رگیرییه‌كان، له‌ناو حزبه‌كه‌یدا هه‌ڵنه‌ته‌كیوه‌، نوێترین ده‌ركه‌وتیش بۆ ئه‌وه،‌ سه‌ردانی وه‌فدێكی سه‌ركردایه‌تی و كادیرانی یه‌كێتی بوو له‌م هه‌فته‌یه‌ بۆ كۆشكی سه‌لام،‌ زۆربه‌ی ره‌های ئه‌و وه‌فده‌، بریتی بوون هه‌م له‌وانه‌ی كه‌ له‌ناو حزبه‌كه‌یدا خۆیان به‌ باڵی ئه‌و، یان هه‌ڤاڵانی نزیك له‌ ئه‌و، نیشانداوه‌، هه‌م ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ هه‌مان پۆلێن، له‌گه‌ڵیدا جیابوونه‌وه‌و بوونه‌ هاودید و، دواتریش له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ی ئه‌ودا، سه‌رله‌نوێ، سه‌نگه‌ریان گواسته‌وه‌..!
  ئه‌ركی سه‌ختتر بۆ سه‌رۆك، به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پاڵپشتیی بارزانییه‌. ئه‌شڵێین بارزانی و ناڵێین پارتی، چونكه‌ حسابنه‌كردنی یه‌كێتی بۆ بارزانی له‌ دانانی كاندیده‌كه‌یدا، ره‌هه‌ندێكی تایبه‌تیشی وه‌رگرتووه‌!. بارزانی، ئه‌گه‌ر به‌ گریمانه‌ش بێ، هێشتا خۆی به‌ مه‌رجه‌عێكی سیاسی ئه‌زانێ، به‌ڵام به‌هۆی پشتگوێخستنی، ئه‌م مه‌رجه‌عییه‌ته‌ شكێنرا. بارزانی، به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ له‌م پرسانه‌دا سه‌ر سه‌خته!‌، بۆیه‌ ئاشتكردنه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ی ئیعتیبار بۆی، له‌ئه‌ركه‌ سه‌خته‌كانی خودی سه‌رۆك كۆمار خۆیه‌تی پێش حزبه‌كه‌ی‌.
 ئه‌ركی له‌وانه‌ سه‌ختتر، پاڵپشتیی عێراقییه‌كانه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی خوله‌كانی پێشوو، له‌دیارترین كاراكته‌رانی نوخبه‌ی ناو پێكهاته‌ی شیعه‌ی عێراق بووبن كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوان پێكده‌هێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌ناوه‌ڕاستی پایته‌ختدا، به‌ر نه‌عل و نه‌عله‌ت و به‌ردو نه‌فره‌تی هاووڵاتیان كه‌وتبن و چانسی ئه‌وه‌یان نه‌بووبێ كه‌ ببنه‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌وا چاوه‌ڕوانكراوه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر سه‌نگ و به‌های سه‌رۆكایه‌تیی كۆماریش بێته‌ كایه‌وه‌. واته‌ له‌هه‌موو دۆخێكدا، ئه‌گه‌ر سه‌رۆك دوور بگرێ له‌ ململانێكان، به‌تایبه‌تی ململانێی نێوان عێراقییه‌كان و هه‌روا هه‌رێم -به‌غدا، ئه‌وا وه‌ك ئه‌وه‌ی لێ دێ كه‌ هه‌ر نه‌بێ!، ئه‌گه‌ر‌ بشیه‌وێ ململانێكان جڵه‌و بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشوه‌خت متمانه‌ی هه‌مه‌لایه‌نی به‌ ده‌ست ‌هێنابێ‌، ئه‌وا ده‌كه‌وێته‌ ناو به‌رداشی خودی ململانێكانه‌وه‌و ته‌نانه‌ت ریسك به‌ پێگه‌و به‌های ئه‌و پۆسته‌و خودی خۆیشی‌ ده‌كات !.

به‌ كورتی، له‌هه‌موو دۆخێكدا، ئێره‌یی به‌ حاڵی سه‌رۆك كۆمار نابرێت!، ئه‌ركه‌كانی هێنده‌ سه‌ختن، ره‌نگه‌ سه‌بری ئه‌یوب و موعجیزه‌ی عیسای بوێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریاندا زاڵ ببێت..!

وتار

قردێلەی سوور چی دەگۆڕێت؟

هیوا سەید سەلیم

ژمارەیەك سندوقی دەنگدانی هەلبژاردنی خوولی پێنجەمی هەڵبژارنی پەرلەمانی كوردستان لە نێو هەزاران سندوقی تر كە سكڵای لایەنەكانی لەسەرە، قردێنەی سووریان لێدراوە، قردێنەی سوور نیشانەی ساختەكاری زۆرە، واتا دوا رێزبەندی ئەو سندوقانەیە كە سكاڵایان لەسەرە لە رووی خرابی ساختەكاریەكە.

هەرسەبارەت بەو سكاڵایانە، كۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردن و راپرسی دەڵێت: دەستمان كردووە بە لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكان كە قردێنەی سووریان لێدراوە، هەر كۆمسیۆنیش دەڵێت: ژمارەی ئەو دەنگانەی كە سندوقەكانیان قردێنەی سووریان لێدراوە بای چوار كورسی پەرلەمانی كوردستانە.

شایانی باسە هەڵبژاردنی 30ی حوەزیرانی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە 1000 سكاڵای لەسەرە، لە نێو ئەو سكاڵایانەدا سكاڵای تەواوی لایەنەكانی بەشداربوو لەو هەڵبژاردنە تۆمار كراوە، ئەمەیان هێمایە بۆ ئەوەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان هێندە بەرفراوان بووە، هەروەها بۆتە دیاردە و تا دێت ئەو دیاردەیە شێوازێكی مۆدێرن وەردەگرێت، جێگای نیگەرانیشە كە هیچ ڕێگریەكیش بۆ ئەو دیاردە قێزەونە نیە.

هێزە تەزویرچیەكانی كوردستان، لە پاڵ ئامانجی خرابیان بۆ دەستكاریكردنی دەرنجامەكانی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی حزبەكانیان، ئامانجیانە هیچ بەهایەك بۆ هەلبژاردن و ئەنجامەكانی نەهێڵنەوە، ئەمەشیان بۆ پێداگریە لەسەر مانەوەیان لەسەر كورسی حوكمڕانی كە 27 ساڵە بە خرابترین شێوازی حوكمی خەڵكی كوردستانی پێدەكەن لە لایەك، وە بێ ئومێدكردنی خەڵكە بە هەڵبژارن لە لاكەی تر.

لە ئێستاد كە كۆمسیۆنی هەلبژاردن و ڕاپرسی كوردستان سەرقاڵی سندوقە قڕدێنە سوور و ڕەنگەكانی ترە، تا دوای پێداچوونەیان بە سكاڵای لایەنەكان وەڵامی لایەنە سكاڵاكەرەكان بداتەوە، بەڵام پێناچێت ئەو كارەی كۆمسیۆن گۆڕانێكی جدی لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بكات، كە ئێستا ئەنجامە بەرایەكانی ڕاگەیەندراو، چونكە ئەو لایەنەی پەنای بۆ ساختەكاری بردووە حسابی ئەو رۆژەشی كردووە كە رووبەرووی سكاڵادەبێتەوە.

هەڵبژاردنی 12 ئایاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە چەند مانگێك پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا، بە هەمان دۆخی ئەوەی دووەم تێپەڕی لە ڕووی ساختەكاریەوە، ئەوساش لایەنە ناڕازیەكان زۆر هاوریان كرد كوا دەنگەكانمان؟ بەڵام بێ سوود بوو، بۆیە دەبێت لایەنەكان بیر لە شێوازی تری ناڕەزایی دەڕبڕین بكەنەوە، ئەگینا بە چوونە ژێرباری هەلبژاردنی ساختە، دەبنە لایەنی شەرعیەت بەخش بە پرۆسەی لێوان لێو لە ساختەكاری.

ئەوەی دیارە كە چەند رۆژێكی تر كۆمسیۆن ناچاردەكرێت ڕایبگەیەنێت ( سكاڵاكان هیچ بنەمایەكی یاسایان نەبوو) وە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن وەك خۆی دەكرێتە ئەمری واقع و بە سازانی بەشێك لە لایەنەكانی ناو كۆمسیۆن 50+1 مسۆگەر دەكرێت و ئەوانی تریش با هەر لە ئەژنۆی خۆیان بدەن، هەر ئەوەشە وادەكات كە بڵێین:

نەقردێنەی سور و نە رەش و قاوەیی فلسێكی سووتاو ناهێنێت، چونكە ئەوان دەزانن چی دەكەن و چیان كردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

کێ قسە لەگەڵ ئەمریکادا دەکات ؟

ھونەر تۆفیق

 

پەیوەندی ئەمریکا وەکو دەوڵەت و وەکو گەل بە ھەرێمی کوردستانەوە وەکو حکومەت و وەکو خەڵک ، پەیوەندیەکی پەنھان و ناڕوونە . ھەموو پەیوەندیەک لەقسەوە دەست پێدەکات بۆ کردەوە . ئێمەی خەڵکی کوردستان نازانین چۆن قسە لەگەڵ ئەمریکادا دەکرێت و ئەمریکا چۆن قسەمان لەگەڵدا دەکات !!

یەکێک لەو قسە گرنگ و پێویستانەی کەدەبێت لە ئێستادا لەگەڵ ئەمریکادا بکرێت بریتی یە لە پرسی ئابڵۆقەی ئابووری سەر ئێران .

ئەمریکا دەڵێت : غەزەب لەو وڵات و کۆمپانیایانە دەگرم لە پێنجی نۆفەمبەری ئەمساڵ بەدواوە بەردەوام دەبن لە پەیوەندی ئابووری بە ئێرانەوە . لەو ھەڕەشەیەوە ئەمریکا ڕووی قسەی لە دۆستەکانیەتی بەر لە نەیارەکانی .

گوایە کورد ( دۆست) ی ئەمریکایە لەھەرێمی کوردستاندا دەبێت پابەندبێت بەو داوا(ھەڕەشە) یەی مام سامەوە . بەڵام لەناو ھیچ یەک لەو قسانەی نێوان کورد و ئەمریکای دۆستدا نەمان بیستووە ئەی کێ قەرەبووی ئەو زیانەی کورد دەکاتەوە کە لەئەنجامی ئابڵۆقەی سەر ئێرانەوە بەری دەکەوێت .

ھێشتا پێنجی نۆڤەمبەر نەھاتووە نرخی شتومەک و خۆراک لەبازاڕەکانی ھەرێمدا لەبەرزبوونەوەدان . نرخی لیتری بانزین خەریکە دەبێت بەدووقات زیاتر لەچاو ساڵێک پێشدا . ئایا حکومەتی ھەرێم و ئەوانەی قسە لەگەڵ ئەمریکادا دەکەن ئەم باسەیان لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا کردۆتەوە ؟ ئەمریکا بەنیازە قەرەبووی ھاوڵاتیانی ھەرێم بکاتەوە ؟ ئەگەر بەڵێ یە چۆن ؟ بۆ ئەوەی بازاڕ لەوە زیاتر نرخەکانی بەرزنەبێتەوە . ئەگەر نەخێرە ( دۆستایەتی ) نێوان ئەمریکا و کورد مانای چی ؟ ئەمریکا زۆر زیاتر لەکورد لە بایەخی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخ تێدەگات کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئەمنی قەومی وڵاتانەوە ھەیە . ناھاوسەنگی لەبازاڕدا لەنێوان نرخ و توانای کڕیندا ناھەوسەنگیە لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووری گەلاندا . کورد لەپێناو چی ئەمریکادا ئەو باجە گەورەیە بدات کە ئەوسەری دیارنیە ؟!! ئایا ترامپ لە ئەمریکاوە تەماتە و بانزین بۆ کورد دەنێرێت ؟ یان کورد قسەی نیە لەگەڵ ئەمریکادا تەنیا گوێ لە قسە دەگرێت !!

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

لە ١٢ی ئۆکتۆبەرەوە بۆ ١٦ی ئۆکتۆبەر

زانا ئەحمەد

رەنگە ئەم دوو بەروارە بۆ ھەر ھاونیشتیمانییەکی باشوری کوردستان دوو رۆژی دیارو پڕ لە یادەوەریی بێت و لەو رۆژانەبێت کە پانتاییەکی زۆری لەھزری تاک بەتاکی کورددا داگیرکردووە. لەبیرکردنی رووداو و دیمەنە تراژیدییەکانی ئەو رۆژانە لای ھەریەکەمان ھەروا کارێکی ئاسان نەبێت.

رۆژی ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧؛ کاتێک سەرۆکی بەرزترین دام و دەزگای تەشریعیی دەیویست وەک ھەر رۆژێکی دیکەی ئاسایی بڕواتەوە بۆ باڵەخانەی پەرلەمان و ئەدای رۆڵ و کارەکەی بکات، بەڵام لەلایەن کۆمەڵێک چەکبەدەستی موچەخۆری حکومەت و جێبەجێکەری فەرمانی حزب رێگریی لێدەکرێت. ئیتر ئەم رێگرییکردنە وا دەکات نزیک بە دووساڵ و نیو باڵەخانەی پەرلەمان زیاتر لەباڵەخانەیەکی دوای کاولکاریی و ئاڵۆزییەکانی جەنگ بچێت؛ نەک باڵەخانەی پەرلەمان. بمانەوێت یاخود نا ئەو رۆژە دەلاقەی کردەوە بۆ یاساشکێنی لە ھەرێمی کوردستاندا و بووە ھەوێنی داھێنانی چەندین رووداوی نەخوازراوی دیکە. ئێستاشی لەگەڵدابێت تاک بە تاکمان بەدەست دەرھاویشتەکانی ئەو رووداوەوە دەناڵێنین. سیستمی پاشەکەوتی موچەو گرانکردنی سوتەمەنی و ….ھتد لە نموونە دیارەکانی دەرھاویشتەی ئەو رووداوەن.

ئەگەر بۆ نەتەوەکانی دیکە ١٦ی ئۆکتۆبەر؛ ڕۆژێکی ئاسایی بێت، ئەوا بۆ کورد نەک رۆژێکی ئاسایی نییە، بەڵکو رووداوەکانی ئەو رۆژە و رۆژانی دوایی ھێندە ناخھەژێنن کە گەورە و بچوکی کورد ناتوانن بە ئاسانیی لەیادی بکەن و دیمەن و رووداوە تراژیدییەکانی ئەو رۆژە لەبیر خۆیان ببنەوە، چونکە لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا زیاتر لە نیوەی خاکی ھەرێمی کوردستان ھەڕاجفرۆشکراو بوویە قوربانیی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و ململانێی ناوخۆی حزبەکان. ئاخر گەلی براینە ئاسان نییە دەریایەک خوێنت لە پێناو ئازادکردنی ئەم نیشتیمانەدا بەخشیبیت، بەڵام لە کونفەیەکونێکدا زیاتر لە نێوەی تەسلیم بە پۆستاڵ لەپێیەکانی حەشد و سوپای عێراقی بکەیت.!

ھەرچەندە ئەم دوو رووداوە نموونەی دەیان رووداوی دیکەی ھاوشێوەن کە بەدرێژایی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد تۆمار کراون، بەڵام بەحوکمی جۆرو تازەیی رووداوەکان رەنگە زیاتر لە ھەر رووداوێکی تر مێشکی تاک بەتاکی کوردی داگیر کردبێت.  بەشێک لەو رووداوانەش ھۆکارگەلێکی وەھایان دروستکردووە کە ریگری تەواو بکەن لە دروستبوونی کیانی سەربەخۆی کوردو ھۆکاربوون بۆئەوەی بەدرێژایی مێژوو کورد ببێتە ئەکتەرێکی ژێردەستەو بەزیو لەشانۆی سیاسیی عێراقدا. بۆیە گرنگە لە ئێستاوە سەرجەم ھێزو لایەنە سیاسیەکان ئاوڕیک بۆ ڕابردوو بدەنەوە و پلان و بەرنامەیەکیش بۆ داھاتوو دابڕێژن؛ بۆئەوەی چیتر ئەم ھەرێمە لەژێر رەحمەتی مەترسیی ئەم گروپ و ئەو گروپ و ئەم وڵات و ئەو وڵاتدا نەبیت، چونکە ئێستا ناوچەکە بەرەو ململانێ و جەنگێکی ھەرێمیی ھەنگاو دەنێت و پێناچێت کوردیش بتوانێت بەکەمترین زیان لەم کێشمەکێشم و ململانێیەدا رزگاری بێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەتوانێت خزمەتی هاوڵاتیان بکات؟

کوردستان

دوایین