بایکۆتی خوێندن، ڕووەو نەمانی متمانە


ڕەووف محەمەد ئالانی

وا بۆسێ مانگ دەچێت لەدوای وادەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان و خوێندنگەکان، بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بەڵام لەبەردواکەوتنی موچە ی مامۆستایان لەسنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەدەر لەبایکۆتی خوێندن ناوە ناوە، مامۆستایان خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەکەن، بۆ گەیشتن بەمافەکانیان.

لەم ماوەیەدا بەرپەرسانی پەروەردە بەچەندین جۆر ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ داواکارییان ئاراستەی توێژی مامۆستایان کردووە، بۆ کۆتایی هێنان بەبایکۆت و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن، ئەو داواکاریانە بە هەردوو جۆر بووە، یان وەک هاندان یان وەک هەڕەشەو فشار بەکارهێنراون، بە هیچکام لەمانە مامۆستایان ڕەزامەند نەبوون، بگرە توندترو مکۆمتر وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان داوەتەوە.

ئەوەی جێی سەرنج و تێبینی و مایەی سەرسوڕمانی هەمووانە، لەم هەرێمەی کە تائێستا لەبەشێکی زۆری بایکۆتی پرۆسەی خوێندن تێیدا کراوە، هیچ بەرپرسێکی حکومی و حیزبی نەهاتوون بەمەبەستی چارەسەرکردن و گوێگرتن لەمامۆستایان هەنگاو بنێن تا وەک خەمخۆرو هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نوێنەرانی مامۆستایان ببینن، یان بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن.

ئەوەی تائێستا باسمانکردوە، تەنها ڕووکەش و ڕووکاری بابەتەکەیە، دەمەوێ خاڵ بخەمە سەرپیت و ئاماژەکانم ئاراستەی لایەنێکی گرنگ و پڕبایەخی بایکۆت بکەم کە ئەویش نەمانی متمانەیە، لەنێوان حکومەت و مامۆستایان و نەوەکانی داهاتوومان.
جارێ پێویستە بزانین متمانە چی یە و بۆ گرنگە؟ ئەگەر متمانە نەمێمنێ چی ڕوودەدات؟
متمانە بریتیە لە حاڵەتی دڵنیابوون لە خوودو بەرامبەرو ئەوانیتر، کاتێک دڵنیا بوون بەدیدێت هەستێکی بەرزی ژیاندۆستی و دڵسۆزی دروست دەبێت، بەڵام ئەگەرمتمانە نەماو دیواری دڵنیابوون درزی تێکەوت، بەرگەی مانەوەناگرێت و بێ چەندوچوون ئەو دیوارەی سەقفێکی لەسەردانراوە، لەگەڵ ڕووخانی دیوارەکە ئەویش دەڕوخێت، ئیتر هەرکەس و شتێک لەناو ئەو چوارچێوەیەدا بێت کەناوی دیوارەکەیە لەناو دەچێت، جا مرۆڤ بێت یان گیانەوەر یان کەلوپەل بێت.

بەڕای زۆربەی نوسەران و پسپۆڕانی بواری کۆمەڵناسی، متمانە وزەبەخش و داهێنان و دڵسۆزی و دڵنیابوونە.
بەتایبەت لەناو پرۆسەی پەروەردەدا متمانە بەپلان کاری بۆ دەکرێت، بەڵام لەو دەوڵەت و وڵات و شوێنانەی ژیان و ئایندە بنیاتدەنێن، نەک ئەو شوێنانەی پرۆسەی پەروەردەیان خستۆتە پەراوێزی هەموو کایەو سێکتەرەکانی ترەوە.

کارکردن و چاندنی تۆوی متمانە لەگەڵ ئەوەی بە پلان و بەرنامە دەکرێت، بەڵام لەپەروەردەدا پێویستە بەپڕاکتیکی ڕەنگبداتەوە و لەناو فەلسەفەی پەروەردەی هەر وڵاتێک بەجوانترین شێوە بەئامانج بگیرێت.

ئەوەش گەورەیی ئەو سیستمە دەخاتەڕوو، دیارە کێ دەبێتە هەوێنی داهێنانی ئەو سیستمە گونجاوەی پەروەردە، ئەویش کەسانی گەورەو بەئەزموونی بواری پەروەردەن، کە دەبنە مەشخەڵی ڕوناککەرەوەی ژیان بۆ کۆمەڵگەکەیان، بەتایبەت دروستکردنی متمانە بەخوودو بەئەوانیتر، بەتایبەتی لای منداڵان و نەوەی ئایندە، لەخۆڕانیە، پیرەمێردی گەورەو بیرفراوانی کورد وتویەتی:
گەورە ئەوەیە، شێوەی شەمعی بێ
بۆخۆی بسوتێ و نەفعی جەمعی بێ
بەڵام لەم دۆخە ئاڵۆزەی هەرێمی کوردستان، کە حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەباشی ئاوڕ لەپرۆسەی پەروەردە بداتەوەو لەبەر خراپی ژیانی مامۆستایان و نەدانی موچەو مافەکانیان، بایکۆتی پرۆسەی خوێندن لەو ناوچانەی ئاماژەمان بۆکرد بەتەواوی پەکی کەوتووە، لەگەڵ پەککەوتنی پرۆسەکە خەریکە لایەنەکانی پەروەردەو مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران بەتەواوەتی متمانەیان بەیەکتر لاواز دەبێت و نامێنێت.
کاتێ متمانەش نەما، بڕوابوون و دڵسۆزی و داهێنان و خۆشەویستی و ژیاندۆستی بەرەو ئاقارێکی نادیار ملی ڕێدەگرن و نازانرێت، بەرەوکام تونێلی تاریک و ڕێگەی و ێڵی هەزار بە هەزار دەڕۆین.

لەسەرحکومەتی هەرێمە لەبەرخاتری هێشتنەوەی متمانە لەناو نەوەکانی داهاتوومان و بڕواکردنی تەواوەتی بەدڵسۆزی مامۆستایان، بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتی مامۆستایان بەوەی مافەکانیان بدات.

هیچ بیانوویەک نەهێنێتەوە، گوایە پارەی فەرمانبەران لای حکومەتی فیدڕاڵە، چونکە ئەوە جێی بڕوانیە لای مامۆستایان و خەڵکی کوردستان، ئەی ئەو ساڵانەی نەدانی موچەو لێبڕین و پاشەکەوتی موچەدەکرا، کێ کردی؟ ئایا دروشمی ئابووری سەربەخۆیان بەرز نەکردەوە؟
بەم ببێباکی و بێخەمی و بێمنەتی و بێدەنگیەی حکومەتی هەرێم گومان دەخرێتە سەر هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، سەبارەت بەپرسێکی گرنگی ژیانی و ژیاری کە پرۆسەی پەروەردەیە، چونکە ئەم شێوازو مامەڵە نادروستە دەبێتە هەرەسهێنانی کایە گەورەکەی ژیان و هەستە جوانەکەی ژیان لەناو کۆمەڵگەدا کە ئەویش متمانەیە.

میدیای کوردی و پڕوپاگەندەی سیاسی
پێشت میدیای کوردی و پڕوپاگەندەی سیاسی
وەبەرهێنان، لەکوێی گەشەی ئابوری و بونیادی ژێر خانی ئابوری هەرێمدایە؟
دواتر وەبەرهێنان، لەکوێی گەشەی ئابوری و بونیادی ژێر خانی ئابوری هەرێمدایە؟
پەیوەندیدار