ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهان

مۆسكۆ: مەسەلەی وازهێنانی ئەسەد لە دەسەڵات كۆتایی هات

خەڵك- بەشی هەواڵ
فیرشینین، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایدەگەیەنێت، مەسەلەی وازهێنانی ئەسەد لە دەسەڵات تێپەڕێندرا و لەئێستادا كەس ئەو مەسەلەیە ناخاتەڕوو.

ئاژانسی (سپۆتینك)ی ڕوسی لە زاری فیرشینینەوە بڵاویكردۆتەوە، “لەگەڵ ئەوەی ئێمە باس لە هەفتەی وەزاری خولی 73ی كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین، دەتوانم بڵێم كەس مەسەلەی وازهێنانی سەرۆكی سوریا لە دەسەڵات ناخاتەڕوو، تێگەیشتنێك هەیە سەبارەت بەوەی دەوڵەتێكی وەك سوریا، كە ئەندامە لە نەتەوە یەكگرتووەكان، مافی هەیە بۆخۆی چارەنوسی خۆی دیاریی بكات”.

بە وتەی ئەو بەرپرسە ڕوسە، “گەلی سوریا بۆخۆی دیاریی دەكات، كە كێ‌ دەبێت حوكمی بكات، بۆیە دەتوانین بڵێن ئەو مەسەلەیە تێپەڕێنرا، ئەمەش كارێكی زۆر باشە”.

پێشتر ئەلیكسی بوردوڤكین، نوێنەری هەمیشەیی ڕوسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاندبوو، “دیمەشق هەڵوێستێكی مەبدەئی هەیە بۆ وتوێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ناكرێت چارەنوسی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا، ببێتە ماددەیەك و گفتوگۆی لەسەر بكرێت”.

جیهان

ھەڵبژاردنی ئەفغانستان لەنێو ترس و تەقینەوە بەڕێوەچوو

خەڵک-

ئەمڕۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەفغانستان لەژێر تارمایی ھەرەشە و تەقینەوەکانی تالیبان بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداریی خەڵکیش لە ھەڵبژاردنەکە لە سەرووی خەمڵاندنەکانەوە بووە.

بڕیارە بوو ھەڵبژاردنەکە لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ ـی بەیانیی دەستپێبکات، بەڵام لە چەند شوێنێک بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دواخرا، لە کۆتاییدا بڕیاری ئەوە درا تا سبەینێ کاتژمێر ٠٨:٠٠ پرۆسەی دەنگدان بەردەوام بێت.

لە کاتی ئەنجامدانی پرۆسەکە، بزوتنەوەی تالیبان زنجیرەیەک ھێرشی بۆ سەر بنکەکانی دەنگدان ئەنجامدا، گەورەترینیان تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بوو لە بەردەم ناوەندێکی دەنگدان لە شاری کابۆل، تەقینەوەکە بوو بە ھۆی گیان لەدەستدانی ١٠ ھاوڵاتی مەدەنی و ٥ کارمەندی پۆلیس، ٢٨ کەسیش بریندار بوون. لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنیشکە ٥٠ رۆژی خایاند، ١٠ کاندید بە ڕووداوی جۆراوجۆر تیرۆر کران.

بۆ گەشتن بە ٢٥٠ کورسیی پەرلەمانی ئەفغانستان لە خولی سێیەمیدا، ٢٦٩١ کەس خۆیان کاندید کردووە، ھەر لە سەرەتاشەوە بزوتنەوەی تالیبان و ویلایەتی خۆراسانی داعش ھەرەشەی بە ئامانجگرتنی ناوەندەکانی دەنگدان و بەشداربووانی پرۆسەکەیان ڕاگەیاندبوو.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

بەریتانییەکان دەیانەوێت ڕیفراندۆمێکی دیکە بۆ برێگزیت ئەنجام بدەنەوە

خەڵک-

بڕیارە بەریتانیا بە شێوەی ڕەسمی لە ٢٠١٩/٣/١٩ بە تەواوەتی یەکێتیی ئەوروپا جێبھێڵێت، ھەزاران ھاوڵاتیی ئەو وڵاتەش داوای ئەنجامدانی ریفراندۆمێکی دیکە دەکەن لەبارەی دەرچوونی وڵاتەکەیان لە یەکێتیی ئەوروپا، کە بە “برێگزیت” ناودەھێنرێت.

ئەمڕۆ بە ھەزاران ھاوڵاتیی بەریتانی لە شاری لەندەن و لە پێشیانەوە سادق خان سەرۆکی شارەوانیی لەندەن، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

خۆپیشاندەران داوایان لە حکومەتی وڵاتەکەیان کرد ریفراندۆمێکی دیکە سەبارەت بە جیابوونەوەی بەریتانیان لە یەکێتیی ئەوروپا ئەنجام بدات، بەڵام تێریزا مەی سەرۆک وەزیران دژی ئەنجامدانەوەی ھەر ریفراندۆمێکە لەوبارەیەوە.

لە رۆژی ٢٠١٦/٦/٢٣، بەریتانیای گەورە ریفراندۆمی ئەنجامدا لە بارەی مانەوەی لەنێو یەکێتیی ئەوروپا یان دەرچوونی، ئەنجام ٥١.٨٩٪ ـی دەنگدەران دەنگیان بە جیابوونەوە دا و ٤٨.١١٪ ش لەگەڵ مانەوە بوون لە نێو یەکێتییەکە.

لە ڕووی ھەرێمەکانەوە، زۆرینەی دانیشتووانی ئینگلاند دەنگیان بە جیابوونەوە دا، بەڵام زۆرینەی دانیشتووانی وێڵز و سکۆتلاند و ئێرلەندای باکور دەنگیان لە مانەوە دا.

لە ئەگەری کشانەوەی بەریتانیا، تاکە سنوری وشکانیی نێوان بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ ئێرلەندای باشور دەبێت، ئەوەش یەکێکە لەو گرفتانەی تا ئێستا نەتوانراوە چارەسەر بکرێت.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

ڤیدیۆیەكی نوێی خاشەقچی و دەستگیرانەكەی پێش دیارنەمانی بڵاوكرایەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
میدیاكانی توركیا ڤیدیۆیەكی نوێی جەمال خاشەقچی، ڕۆژنامەنووسی سعودی و خەدیجە جەنگیزی دەستگیرانی پێش دیارنەمانی لە كونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ بڵاودەكەنەوە، كە مێژووەكەی بۆ نزیكەی هەفتەیەك پێش دیارنەمانەكەی دەگەڕێتەوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی لە كامێراكانی چاودێری تۆمار كراوە و ماڵپەڕی (ئەی خەبەر)ی توركی بڵاویكردۆتەوە، “خاشەقچی 7 ڕۆژ پێش دیارنەمانی، شوقەیەكی لە یەكێك لە باڵەخانەكانی ناوچەی تۆپقاپی لە ئیستانبوڵ كڕیووە و چەند جارێك لەگەڵ دەستگیرانەكەی لەو ڤیدیۆیانەوە دەركەوتوون”.

بەپێی تۆمارە ڤیدیۆییەكە، خاشەقچی بەیانی ڕۆژی سێ شەممە 2- 10- 2018 (واتە ئەو ڕۆژەی چووە كونسوڵخانە و دواتر دیارنەما) لە كاتژمێر 4:57 خولەكی بەیانی دەچیتە دەرەوەی شوقەكە و لە بەردەم شوقەكە چاوەڕوانی دەستگیرانەكەی دەكات و وەك دەردەكەوێت لەگەڵ دەستگیرانەكەی كە شتی كڕیوە دەچنە ناو شوقەكە.

هەر بەپێی تۆمارەكە، لە هەمان ڕۆژدا لە كاتژمێر 12:17ی نیوەڕۆ جارێكی دیكە لەگەڵ دەستگیرانەكەی دەچنەوە ناو شوقەكه.

وەك لە میدیاكانیشەوە بڵاوكرایەوە، هەمان ڕۆژ لە كاتژمێر 1:14 خولەك چووە ناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەی بۆ ئەنجامدانی كاروباری تایبەت بە هاوسەرگیری و دیارنەماوە.

دوای دیارنەمانی خاشەقچی، هەریەكە لە ئەمریكا و توركیا بە توندی هاتنە دەنگ و لیژنەی هاوبەشی لێكۆڵینەوەی توركیا و سعودیە چوونە ناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ و ئەمڕۆش سعودیە بە فەرمی مردنی ناوبراوی بەهۆی “كێشە و شەڕە بۆكس” لەگەڵ كارمەندانی كونسوڵخانەكە ڕاگەیاند.

لای خۆیەوە، سعود بن عەبدوڵڵا موعجب، داواكاریی گشتی سعودیە ڕایگەیاند، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان لە دۆسێی دیارنەمانی جەمال خاشەقچی ڕۆژنامەنوس، مردنی ئەو پیاوە دەردەخەن و تاوەكو ئێستاش 18 كەس بەو هۆیەوە دەستگیركراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەتوانێت خزمەتی هاوڵاتیان بکات؟

کوردستان

دوایین