ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

كه‌ركوك و سیاسه‌تی كه‌ره‌ دێزه‌..!

عەدالەت عەبدوڵڵا

لۆژیكی نییه‌، عه‌ره‌ب و توركمان، له‌ سێ چوار جه‌وله‌ی پێشتری هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوكدا، ده‌نگیان له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار كه‌متر بووه‌و به‌ ئه‌نجامه‌كانیش رازی بوون و بگره‌ ئیمزاشیان له‌سه‌ر كردووه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ كورد تیایاندا زۆرترین كورسی ده‌هێنا!، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، نوێنه‌رانی ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ كورسییه‌كانیان زیادیشی كردووه‌، كه‌چی به‌و ئه‌نجامه‌شه‌وه‌‌ ده‌ست له‌ شه‌ڕانگێزی هه‌ڵناگرن!، نه‌ك به‌س ئه‌وه‌، به‌ڵكو په‌لاماری كۆمسیۆنی كه‌ركوك ده‌ده‌ن و سندوقه‌كانی ده‌نگدان، به‌ زه‌بری میلیشیا، موساده‌ره‌ ده‌كه‌ن و له‌ژێر ركێفیی خۆیاندا ئه‌یهێڵنه‌وه‌و، دواتریش ئه‌یانه‌وێ، كورده‌كان، وه‌ك فریشته‌‌ سه‌یریان بكه‌ن و هیچ گومانێك له‌م ره‌فتاره‌ ناده‌ستوری و نایاساییه‌یان نه‌كه‌ن..!(هه‌ر به‌ ڕاستی، پرسیارێك، یه‌كێك دڵنیابێ كه‌ ده‌نگی زۆرتری هێنابێ، چ ئیشی به‌ رفاندنی سندوقه‌كانه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ بزانێ له‌رێی تانه‌ی یاساییه‌وه‌‌، یان بۆ نموونه‌، یاسا هه‌مواركراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌، بوار بۆ ده‌ركه‌وتنی راستییه‌كان، هه‌یه‌‌؟)..

هه‌موو كوردێك، له‌ده‌ره‌ره‌ی دمارگیریی حزبی، ده‌بێ له‌وه‌ دڵنیابێت كه‌ ئامانجه‌كه‌ لێدانه‌ له‌ پێگه‌ی كوردی كه‌ركوك و سه‌پاندنی دیفاكتۆیه‌كی نوێیه‌ به‌سه‌ر پارێزگاكه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ش‌ پاڵپشتیی ده‌ره‌كییش له‌ ئارادایه، هه‌ندێ حزبی خۆشمان، له‌بوغزو كینه‌ی سیاسیدا، مه‌ستن و نائاگایانه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ داوه‌كه‌وه‌!‌.
بێگومان، به‌شبه‌حاڵی خۆم، به‌لامه‌وه‌ ئاساییه كه‌ ده‌نگه‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا به‌ده‌ست بژمێردرێنه‌وه‌، بگره‌ له‌گه‌ڵ‌ راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كاندا، به‌ نووسین، نووسیمان: ئه‌گه‌ر گومان له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ هه‌یه‌و له‌رووی یاساییه‌وه‌، مومكینه‌، با ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردنیش بكرێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌بێ هه‌موو هێزو قه‌واره‌و هاوپه‌یمانێتییه‌كان، به‌ده‌نگی ره‌وا، به‌ سه‌نگی خۆیان بگه‌ن.

جگه‌ له‌وه،‌ به‌لاشمه‌وه‌ ئاساییه‌ كه‌‌ كورسییه‌كانی كورد له‌كه‌ركوك لای چ هێزێكی كوردی ئه‌بێت، لای یه‌كێتی ‌بێ، یان پارتی، یانی ئه‌وانیتر، گرفت نییه‌، ئه‌مه‌شم ته‌نانه‌ت له‌كاتێكی هه‌ستیاری وه‌ك بانگه‌شه‌داو له‌سه‌ر شاشه‌ی كه‌ناڵه‌كان وتووه له‌كاتێكدا بانگه‌شه‌ سه‌روه‌ختی ته‌نها پڕوپاگه‌نده‌ی حزبییه‌و هیچیترو كه‌س فریای دوو قسه‌ی خێر بۆ ئه‌و میلله‌ته‌ ترازاو و دابه‌شبووه‌ ناكه‌وێت!‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ ئاسایی نییه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌، نه‌بینین ئه‌و هێزه‌ كوردییانه‌ی تر كه‌ 3 هه‌فته‌یه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانی ده‌مارگیری عه‌ره‌ب و توركماندا له‌هاوئاهه‌نگیدان و زۆریش باس له‌پاراستنی ده‌نگی ده‌نگده‌ران ده‌كه‌ن، ته‌نها یه‌ك به‌یاننامه‌ش له‌دژی میلیشیاكانی عه‌ره‌ب و توركمان ده‌ربكه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر ره‌فتاریان له‌ئاست ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و په‌لاماردانی كارمه‌ندانی كۆمسیۆن كه‌ زۆربه‌یان له‌عه‌ره‌ب و توركمانیشن‌ نه‌ك كورد به‌ته‌نها‌ !..

پرسیارێكی زۆ ساده‌، ئایا ئه‌وه‌ كارێكی ئاساییه‌، ئاساییه‌ له‌مه‌ودوا هه‌ر هێزو نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی به‌دڵ نه‌بوو، په‌لاماری كۆمسیۆن و سندوقه‌كان بدات؟‌ ئایا ئه‌و ره‌فتارانه‌، به‌ ساده‌ترین پێوه‌رو پێودانگ، نایاسایی نین‌؟ بۆ ده‌بێ هه‌روا تێپه‌ڕ‌ن و پێیان نه‌وترێ كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن تاوانی ئینتیخابییه‌، ئه‌وه‌ی رووده‌دات بێحورمه‌تییه‌ به‌ده‌نگی ده‌نگده‌ران كه‌ ده‌نگی هه‌موو پێكهاته‌و قه‌واره‌یه‌كی تیایه‌ نه‌ك ته‌نها حزبێك و دووان..!

ئایا ئه‌مه‌ گومان دروست ناكات كه‌ توركمان و عه‌ره‌بی كه‌ركوك به‌ڵێنی شتێكی ره‌مزییان به‌و حزبه‌ كوردییانه‌ دابێت له‌به‌رامبه‌ر بێده‌نگبوون له‌هه‌ر عه‌نته‌ریاتێك كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا‌و له‌كه‌ركوكدا، كردوویانه‌؟ یان مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌، له‌رقی حزبێكی سیاسیی كوردی ركابه‌ردا، بگه‌ینه‌ ئه‌و راده‌یه‌ له‌تاوانی سیاسی و بڵێین: كێ ئه‌بێته‌ ئاغای كه‌ركوك با ببێت، چش له‌ كوردی كه‌ركوك، گرنگ ئه‌وه‌یه‌، ركابه‌ره‌‌ كورده‌كه‌مان بشكێت!.. ته‌نانه‌ت چش له‌وه‌ی كه‌ ده‌نگی خۆشمان كورسییه‌كیشی لێ به‌رهه‌م نه‌هات و هه‌ر هه‌مووی چووه‌ گیرفانی عه‌ره‌ب و توركمانه‌وه‌.!

ئه‌و هێزه‌ كوردییانه ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا ته‌نها یه‌ك كورسیی كوردیشیان ببردایه‌ته‌وه،‌ ئه‌وا مه‌عقول بوو كه‌ شه‌ڕی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و كورسییه‌ی خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام كه‌ له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشتردا نه‌بووبێتنه‌ جێی متمانه‌ی كوردی كه‌ركوك، بگره‌ زیاتر له‌هه‌ڵبژاردنێك، ده‌نگی كوردی كه‌ركوكیان به‌سوتاندن دابێت، ئیتر پاڵپشتیكردن له‌ عه‌ره‌ب و توركمانه‌ ده‌مارگیره‌كان و بێده‌نگبوون له‌و ره‌فتاره‌ ناده‌ستورییانه‌یان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، چ مانایه‌ك ئه‌به‌خشێ؟، ئایا ئه‌مه‌ چییه‌ جگه‌ له ‌- كورد وته‌نی- سیاسه‌تی كه‌ره‌ دێزه‌..!

ریکلام

وتار

لەبارەی قاسملۆوە.. گەڕان بەدوای گۆڕ غەریبدا

خەڵک-

لە گۆڕستانی ناوەندی پاریس. لەناو هەزاران کێل و پەیکەری ناو قەبرساندا پاش سۆراخێکی زۆر چوینە سەر گۆڕی سەرکردەو دیبلۆماتکاری کوردو کوردستان د قاسملۆ. وێنە ناسراوەکەی کەلەسەر کێلی سەرووی قەبرەکەیەوە نەخشێنراوە هەر لە دوورەوە خورپەی گەیاندە دڵ و سەرنجی را دەکێشا. پیاوێکی کەڵەگەتی خاکی پۆشی پشتوێن توندی جامانە لەسەر، هەردوو دەستی ئاڵاندوە بەسنگیا و بزەیەکی کردوە. لە کێلی خوارووی گۆڕەکەدا بەکوردی نوسراوە ( کە من مردم، کورد نامرێ.).

دوای تێڕامانێکی زۆر و بێدەنگیەکی قوڵ لە سەر گۆڕەکەی بەدەوروبەردا چاوێکم گێڕاو کەوتمە بیرکردنەوەوە، کورد چ قەدەرێکی هەیە لە مێژوودا؟! دوای نزیکەی سی ساڵ لە تیرۆرکردنی هێشتا نە نەتەوەو نیشتمانەکەی ئازادە، نە تاوانبارانی تیرۆرکردنی سزای خۆیان وەرگرت. نە ئەو زامە ساڕێژ بووە، غەدری شەهید کردنەکەشی لەناوخۆدا نە بووە مایەی یەکڕیزیی و پارێزگارییکردنی زیاتر لە پەیام و کردە دیبلۆماسیەکانی ئەو ڕێبەرە.

پاش چوار رۆژ لە چونە سەر گۆڕەکەی چاوم بەیەکێک لە هاوڕێکانی قاسملۆ کەوت لە برۆکسل، لە چەند وێستگەیەکی گرنگی خەباتی شاخ و زۆرتریش لە دەرەوە پێکەوە بوونە. ئەو پێی وابوو (قاسملۆ رێبەرێکی دیبلۆماتکاری دەگمەنی کورد بووە، چەندین زمانی بیانی زانیوە بڕوا هێنەرێکی کاریگەر بووە لە گفتوگۆ سیاسیەکانیدا. تۆڕێکی گرنگ پەیوەندی لە ئەوروپا دروستکردبوو. کەمتر بایەخی بە ئۆرگان و کاری رێکخستنی حزب دەدا، خاوەن کەسایەتیەکی زۆر سادەو خاکیی بووە ئەوەش هێزی پێ دەبەخشی).

بەگشتی بۆ ناسینی کتێبی کوردو کوردستان و گوتارە بەردەستەکانی بەشێکی گرنگ لەتواناو رەوتی ژیانی ئەو دەردەخەن. بە بۆچوونی خۆشم مام جەلال و قاسملۆ لە دوو گرنگترین سەرکردەی دیبلۆماتکاری کوردن کە زۆر شارەزاییان لە کاری دیبلۆماسیدا هەبووەو، جێدەستیان لەم مەیدانی خەباتەدا دیارە. کاری پێکەوەیییان کردوە.

لە کاتی تیرۆرکردنی قاسملۆدا، مام جەلال لە ناو خاکی ئێرانەوە ئیدانەی تیرۆرکردنەکەی کردو بەرپرسیارێتی خستە ئەستۆی دەوڵەتی ئێران، هەڵوێستی مام جەلال بۆ ئەو دەمە گرنگ و کاریگەریش بوو.

ئێستا لەم جۆرە هەڵوێستە نیشتمانیانە دەگمەن بوون! یان هەر نەماون!.

قاسملۆ لە ڤیەنا تیرۆر کراو لەپاریس نێژرا، بەدوای ئەودا شەرەفکەندی لەبەرلین تیرۆرکرا. پایتەختەکانی ئەوروپای بەناو مافی مرۆڤ پڕن لەچیرۆکی تاوان، سەر زەمین پڕە لە تاوان دەرهەق بە کوردو، کورد خۆشی پڕە لە غەدر لەخۆکردن!

پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئاخۆ کەی قاسملۆ دەگەڕێنرێتەوە زێدی خۆی؟ بە چ چەشنێ؟ حەتمیەتی مێژووە بە دڵنییاییەوە هەر دێتەوە.
د قاسملۆ هەر گۆڕ غەریبە گەرچی لەناو دڵی پاریسیش نێژرابێ.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

مۆمەكە دەكوژێتەوە؟

نیاز عەبدوڵڵا

ئەو مۆمەی نەوشێروان مستەفا لەگەڵ ھاوڕێكانی بۆ رووناك كردنەوەی تاریكی سیاسی لە كوردستان دایگیرساند لە رێگای دامەزراندنی یەكەم بزووتنەوەی سیاسی مەدەنی ئۆپۆزسیۆن، كە هەزاران هاووڵاتی خاوەن خەون بە ئامانجی گۆڕینی سیستەمی سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان شوێنی كەوتن، ئێستا كوڕەكانی ئەو مۆمە دەكوژێننەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان لەسەردەمی نەوشێروان مستەفا، دژ بە بنەماڵەیی كردنی دەسەڵاتەكانی سیاسی و ئابووری و سەربازی و میدیایی قسەی لەسەر بنەماڵەكانی كۆسرەت رەسوڵ و جەلال تاڵەبانی و مەلا مستەفا و ئیبراهیم ئەحمەد و مەسعود بارزانی دەكرد.

بەڵام تەنیا دوای نۆ ساڵ و تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر كۆچی دوایی نەوشێروان مستەفا، كوڕەكانی یەكەم رێكخەری گشتی بەهەمان رێگای ئەو بنەماڵە حیزبیانەی گۆڕان رەخنەی لێ دەگرتن بوونە خاوەن كۆمپانیای چیمەنتۆ و كۆمپانیای وشە و میدیای گۆڕان و چەندین ملیۆن دۆلار و دەیان دۆنم زەوی و دەستتێوەردانی سیاسی.

رۆژی 12ی تەمموز بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، تەسلیمبوونی خۆی و بزووتنەوەی گۆڕانی لەناو كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بە فەرمی بۆ دەسەڵاتی ئابووری و میدیایی و سیاسی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا راگەیاند و وتوویەتی “موڵك و ماڵەكان هەمووی هی كوڕەكانن و بڕۆن بە هەموو میدیاكان بڵێن و لە كوێش باسی دەكەن باسی بكەن”.

گۆڕان بە روونی بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە. بەڵام ئەو بەرەیەی دژایەتی گەندەڵی و قۆرخكاری سیاسی و بە بنەماڵەیی بوونی بزووتنەوەی گۆڕان دەكات لەناوخۆدا، هێشتا بە لاوازی بەرەنگاری ئەو بیرە نادیموكراتخوازە دەبێتەوە، چونكە بە خۆ پەراوێزخستن و ئەنجامنەدانی بەرەنگاربوونەوەی راستەوخۆ و بەهێز ئەو قۆناغە راگوزەرە ناوخۆییەی بزووتنەوەكە بۆ بەرە مشەخۆرە سیاسییەكە یەكلایی دەبێتەوە و ئەنجام كاریگەری بەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان دەبێت.

ئێستا لەبری شەڕی بەرەنگاربوونەوەی ستەمكاری و كاركردن بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و داڕشتنی بەرنامە و ستراتیژ، لەبری ئەوەی شەڕی بەدیهێنانی ئەو خەونە گەورانە بكات كە بانگەشەی بۆ دەكرد، گۆڕان بۆتە هێزێكی سیاسی كرێچی و خەریكە خۆی لە هەناویدا هەڵدەوەرێ و دەبێتە كۆپی و تەواوكاری جەستەی ئەو سیستەمە حوكمڕانییە چەوسێنەرەی نادیموكراتیانە حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان دەكات.

بۆیە لە هەرێمی كوردستان مەترسی راستەقینە بە تەنیا پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتیمانی نین، بەڵكو لاوازی بەرەی دژە ستەمكاران و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسییه. پارتی و یەكێتی ئەو دوو هێزە بەهێزە نەبوون كە گۆڕانكاری لە حوكمڕانیان مەحاڵ بێت، بەڵام لاوازی بەرەی دیموكراتخوازەكان و دژە ستەمكاران وزە بووە بۆ درێژەپێدانی ئەم مۆدیلە حوكمڕانییەی هەرێم.

پێویستە ئەو هێزە سیاسیانەی ساختەكارانە بانگەشەی دیموكراتخوازانە دەكەن، راستییەكانیان وەك خۆی ئاشكرا بكرێت بەو ئامانجەی جێگرەوەی سیاسی راستەقینە بێتە بوون.

وەك چۆن بەرە‌نگاربوونەوەی خراپەكاری و حوكمی ناڕەشیدی پارتی و یەكێتی ئەرك و بەرپرسیارێتییە‌، بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزە مشەخۆرە بنەماڵەییەی ناو بزووتنەوەی گۆڕان و بانگەشەی ساختەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی تریش ئەرك و بەرپرسیارێتییە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

قوڕ بەسەر وانە پەروەردەییەكانی قوتابخانە

ناسیح خالید

لە قوتابخانەكانی هەرێم چەند وانەیەكی پەروەردەیی هەن كە ئەمانەن: ئاین، مەدەنیی، وەرزش، میوزیك و هونەر. ئەم وانانە لە خشتەی هەفتانە دادەنرێن و زۆربەشیان مامۆستای پسپۆڕیان هەیە، جا مامۆستاكە هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم یان بەكالۆریۆس بێت.

كێشەی دروستكراوی سەرەكیی بۆ ئەم وانانە ئەوەیە كە لە جیاتی ئەوەی وانەی پەروەردەیی بن وەكو لە ناونیشانەكەیاندا هاتووە، كراون بە وانەی تاقیكردنەوە و نمرە و دەرچوون و دەرنەچوون.

ئەم وانانە ئەگەر بڕیارە پەروەردەیی بن، دەی خۆ (پەروەردە)، وەستانی بۆ نیە و پڕۆسەیەكی بەردەوام و درێژخایەنە. پەروەردە، پراكتیك و كردارە نەك مەرەكەبی سەر كاغەز و تاقیكردنەوەی وشك و بێ رۆح.

پەروەردە، بریتیە لە ئامادەكردنی پلە بە پلەی مرۆڤ لە بوارێك و كردنیەتی بە كەسێكی كارامە لەم بوارەدا. نەك (نمرە) ببێتە باڵادەست بەسەر وانەكە و لە وانەیەكی پەروەردەیی و ئەخلاقییەوە بیكات بە بیركاریی و فیزیا و كیمیا.

نابێ (پەروەردە) بە (تاقیكردنەوە) هەڵبەسێنگێدرێ و قوتابیش لەم وانە پەروەردەییانەدا بخرێتە ژێر تاقیكردنەوە، چونكە پەیامە پەروەرەدەییەكانی ئەم وانەیە ناگات بە قوتابی و هەموو غەم و هەوڵێكی بۆ نمرە و دەرچوون دەبێت.

لە وانەی پەروەردەی ئاین، لە جیاتی ئەوەی رۆحی ئایەت و فەرموودە بە قوتابی بگەیەندرێت و بە هۆیەوە بكرێت بە موسڵمانی خاوەن باوەڕی پاك و رەوشتی بەرز، ئیملای ئایەت و فەرموودەی پێدەكرێت.

لە وانەی پەروەدەی مەدەنیی، لە جیاتی ئەوەی تۆوی مەدەنییبوون لە ناخی قوتابیدا بچێندرێت و ئامادەی كێشەكانی نێو كۆمەڵگەی بكرێت، تاقیكردنەوەی بۆشایی و راست و چەوت و لەبەركردنی پێناسەی چەمكە مەدەنییەكانی پێدەكرێت.
لە وانەی پەروەردەی وەرزش، لە جیاتی ئاشناكردنی قوتابی بە بەها باڵاكانی وەرزش و لەوێشەوە گواستنەوەیان بۆ نێو ژیان، درێژیی و پانیی یاریگە و ژمارەی یاریزان دەكرێن بە تاقیكردنەوە.

لە وانەی پەروەردەی هونەر، لە جیاتی تێگەیشتن لە دنیای ناسكی هونەر و بەستنەوەی بە ژیان و بەهاكانی، وێنەی سروشت و تێكەڵكردنی رەنگەكان و ناوی نیگاركێشە بەناوبانگەكانی جیهان دەكرێن بە تاقیكردنەوە.

لە وانەی پەروەردەی میوزیك، لە جیاتی ئاشنابوون بە بنچینەی میوزیك و پەیوەندیی لەگەڵ سروشتی خواكرددا، قوتابی چەند چركەیەك بە پێوە رادەگیرێ و بەبەغائاسا گۆرانیەكی پێدەوترێ.

خوڵاسە.. ئەوەی لە قوتابخانەكانی هەرێم هەیە، وانەی پەروەردەیی نین، بەڵكو پەڕپووتكردنی پەروەردەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
ریکلام

کوردستان

دوایین