ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

بەرهەم ساڵح، ئەو پیاوەی دوای شكان گرەوە گەورەكەی بردەوە

خەڵك- ئەحمەد عەبدوڵڵا

لە كاتی وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاراندا و بە توڕەییەوە نزیكەی هەشت ساڵ پێشت ئێستا وتی” رۆژێك یەت منیش دوو قسە ئەكەم بۆ تاریخ”، ئێستا دەنگی دێت و باسی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی سیاسی و عێراقێكی ئارام و پاراستنی دەستور دەكات، رەنگە ئەمە ئەو كاتە بێت كە خۆی وتی، قسە دەكات بۆ مێژوو، شرۆڤەكارانی سیاسیش پێیانوایە كاتی ئەوەیە ئەگەر بیەوێت قسەكانی بكات، چونكە سەرباری سەرۆكایەتی كردنی دوو كابینەی حكومەت و دروستكردنی حزب و پاشان گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، بەرهەم ساڵح خاوەنی پاشخانێكی سیاسی زۆرە، كە دەتوانێت وەبەرهێنانی سیاسی بەرهەمداری پێوەبكات و وەكخۆی وتی قسەی تێدا بكات بۆ مێژوو، بەتایبەتی دوای هەورازێكی زۆر گڵۆڵەی بەختی بەرهەم ساڵح كەوتە نشێوو و شەوی رابردوو گرەوە گەورەكەی بردەوە.

بەرهەم ساڵح، دوو كابینە سەرۆكی حكومەت بووە و لە عێراقیش چوارساڵ جێگری سەرۆك وەزیران و چواری تریش وەزیری پلاندانان بووە، ئێستا زۆرترین زومی ناوەندە سیاسییەكان و كامێرای میدیاكانی كەوتوەتەسەر، دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ‌ بە دەنگی 219 پەرلەمانتار وەك سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا.

بەرهەم ساڵح، ساڵی 1960 لە سلێمانی لەدایكبووە و بەوتەی خۆی لە سەرەتاكانی دروستبوونی یەكێتییەوە پەیوەندی بەو حزبەوە كردووە و لە سێ‌ كۆنگرەی یەكێتیدا لە ساڵەكانی”1992،2001،2010″ وەك ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردراوە و لە ساڵی 2010 دا بەفەرمی كراوەتە جێگری دووەمی سكرتێری گشتی و تا رۆژی دەستلەكاركێشانەوەی لە 16ی ئەیلولی 2017 دا لەو پۆستەدا ماوەتەوە.

باڵەكەی تێكەڵاوی باڵەكەی كۆسرەت رەسوڵ بوو

بەرهەم ساڵح، كە پێشتر بە باڵێكی یەكێتی دەناسرا و دواتر بەهۆی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ، كوتلەكەیان بوو بە”باڵی جێگران” بەهۆی نیگەرانیەوە لە بەڕێوەبردنی یەكێتی، لە ئەیلولی ساڵی رابردودا دەستبەرداری پۆستەكەی لە جێگری دووەمی سكرتێری گشتی بوو، هەرچەندە پێشتر خۆی رایگەیاندبوو، كە بەهۆی دواكەوتنی كۆنگرەوە، سەركرایەتی یەكێتی شەرعیەتی نەماوە و ئەو تەنها ئەندامێكی ئاساییە.

پرۆژەكانی بێ‌ ستراتیژ بوون

بەرهەم ساڵح لە ساڵی 2009 دا سەرۆكایەتی لیستی هاوبەشی یەكێتی و پارتی”لیستی كوردستانی” دەكرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئایاری ئەمساڵیش سەرۆكایەتی لیستێكی نوێی كرد بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام سەركەوتوو نەبوو و تەنها دوو كورسی لە كۆی 329 كورسی بەدەستهێنا، هەرچەندە پێشبینی دەكرا ژمارەی كورسییەكانی زۆر لەوە زیاتر بێت، بەڵام وەك دەوترێت ساختەكاری زیانی زۆریشی بۆ بەرهەم ساڵح هەبوو و ئەوەش ناچاری كرد، بە ئاواتە دێرینەكەی كە پۆستی سەرۆك كۆمارییە نەگات، ئەگەر لەرێگەی یەكێتییەوە نەبێت.

بەرهەم ساڵح خاوەنی ئەزمونێكی دەوڵەمەندی دەوڵەتداری و بەڕێوەبردنە، هەرچەندە نەیارەكانی بە پیاوێكی “بێ‌ هەڵوێست”بێ‌ دەسەڵات”ی دەزانن، بەتایبەتی ئەو لەكۆتایی رووداوە گەورەكاندا بۆچونی خۆی ئاشكرا دەكات و لەكاتی دەسەڵاتیشدا رێگری زۆری بۆ دروستكراوە و ئەمەش ئاستەنگی بۆ دەسەڵاتەكەی دروستكرد و بڕیارەكانی وەك پێویست كاری پێنەدەكرا.

ئەو لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی 2009، كە بۆ یەكەمجار بزوتنەوەی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستاندا دروستبوو، دروشمی “كردار شەرتە”ی دەوتەوە، بەڵام بەشەرت و بەبێ‌ شەرت كردارێكی كۆنكریتی نەبوو، جگە لە چەند پرۆژەیەك كە پارەیەكی زۆری بۆ تەرخانكرا و هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆشی نەبوو، لە نێویاندا ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان، كە لادێیەكانی كردە شوێنی گەشتیاری شارنشینەكان لەبری گەڕانەوەی خەڵكی شارەكان بۆ كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و بەرنامەی تواناسازی، كە ژمارەیەكی زۆر خاوەن بڕوانامەی بێكاری دروستكرد، چونكە ستراتیژيی بیر لە دەرئەنجامی پرۆژەكان نەكرابونەوە.

كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح

پۆستەكانی بەرهەم ساڵح

بەرهەم ساڵح، لە ساڵی 2001 و لەسەر راسپاردەی جەلال تاڵەبانی لە ئەمریكاوە گەڕایەوە بۆ سلێمانی و جێگەی كۆسرەت رەسوڵی گرتەوە و نزیكەی چوارساڵ سەرۆكایەتی كابینەی سێیەمی حكومەتی هەرێمی كرد، كە سنورەكەی لە كۆیەوە بۆ كفری درێژدەبوەوە و لەو ماوەیەدا بەرهەم ساڵح رووبەرووی چەند گرفتێكی سیاسی و ئەمنی زۆر بوەوە، بەتایبەتی لەوكاتەدا یەكێتی لەگەڵ گروپی”انسارالاسلام”دا لە شەڕدا بوو لە سەرەتایی ساڵی 2002 دا هەوڵی كوشتنیاندا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، لەلایەكی تریشەوە، لە نێو حزبەكەیشدا بەردەوام دژایەتی دەكرا، ئەمەش بەبڕوای كەسانی نزیك لە بەرهەم ساڵح، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەرنامە و پرۆژە تازەیەی ئەو لەو كاتەدا رابەرایەتی دەكرد و بەر بەرژەوەندی چەند دەسەڵاتدارێك دەكەوت.

بەرهەم ساڵح، سەرۆكی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێم لەگەڵ نوری مالكی و چەند بەرپرسێكی هەرێم و عێراق

دوای كەوتنی رژێمی پێشووی عێراق”9ی نیسانی 2003″، و دروستكردنی یەكەم كابینەی حكومەتی عێراق، بەرهەم ساڵح وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستبەكاربوو بۆ ماوەی ساڵێك، دواتریش لەكابینەی دووەمی حكومەتی عێراقدا بوو بە جێگری سەرۆك وەزیران و لە كابینەی یەكەمی مالكیدا”2006-2010″، وەزیری پلاندانانی عێراق بوو، ئەمەش ژمارەیەك پۆستی باڵابوون، كە ئەو لەسەر لیستی كورد و یەكێتی وەریگرتوون.

نەوشیروان مستەفا رەخنەی لێگرت

نەوشیروان مستەفا، رێكخەری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا رەخنە لە بەرهەم ساڵح دەگرێت و وەك نمونەیەكی خراپی دەسەڵاتی كورد لە بەغداد دەیهێنێتەوە و دەڵێت” حەقوایە لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت، بزانرێت لە بەغداد لە ماوەی چەند ساڵەدا چی بۆ كورد كردووە”.

ساڵی 2010، یەكێتی لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا كۆنگرەی سێهەمی بەست و بەرهەم ساڵح و كۆسرەت رەسوڵ، لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە كران بە جێگری سكرتێری گشتی، بەڵام بەبڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەو دوو كەسایەتییە هیچ كاتێك جێگری راستەقینە نەبوون، چونكە لەكاتی دەسەڵاتی تاڵەبانیدا هەموو دەسەڵاتەكان لای خۆی و لەدوای تێكچوونی باری تەندروستیشی خانەوادەكەی مومارەسەی دەسەڵاتەكانیان دەكرد، ئەمەش نیگەرانی كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵحی لێكەوتەوە و چەندینجار بەئاشكرا رایانگەیاند، دەسەڵاتی یەكێتی قۆرغكراوە چیتر قبوڵی ناكەن.

ناوەندی بڕیار و جێهێشتنی بەرهەم ساڵح

دوای نزیكەی چوار ساڵ لە تێكچوونی تەندروستی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی، بەرهەم ساڵح و كۆسرەت رەسوڵ ناوەندی بڕیاریان راگەیاند “شەوی 1ی ئەیلولی 2016” راگەیەندرا و رایانگەیاند، چیتر دەسەڵاتی بنەماڵە لە نێو یەكێتیدا قبوڵناكەن، بەڵام دوای چەند رۆژێك كۆسرەت رەسوڵ گەڕایەوە بۆ كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و بەرهەم ساڵح بەتەنها جێهێڵدرا.

بەرهەم ساڵح لە كۆنگرەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری

دواین كارتی راكێشا

ماوەی چەند ساڵێكە مقۆمقۆی ئەوە هەبوو، كە بەرهەم ساڵح كوتلەیەكی بەهێزی پەرلەمانی دروست دەكات لە دەرەوەی یەكێتی و ئەوە بوو لە ئەیلولی ساڵی رابردوودا لە یەكێتی جیابوەوە و حزبێكی نوێی بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دامەزراند، ئەمەش نیگەرانی یەكێتی لێكەوتەوە، بۆیە وتەبێژی یەكێتی وتی”دەبێت یان یەكێتی بن یان لەدەرەوەی یەكێتی” و پاشان بەفەرمی رایگەیاند، پەیوەندی بە یەكێتییەوە نەماوە، بەڵام دوای ئەوەی نەیتوانی دەنگی پێویست بهێنێت مانگی پێشوو گەڕایەوە بۆ نێو یەكێتی و رۆژی 19ی ئەیلول ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە كۆی 26 دەنگ بەرامبەر بە 15 دەنگی ناڕازی پەسەندی كرد بۆ كاندیدی فەڕمی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار‌و شەوی رابردوو دوای ململانێكی زۆر لەگەڵ فوئاد حوسێنی ركابەری كە كاندیدی پارتی بوو بووە سەرۆك كۆماری عێراق.

كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی و لە رۆژی 19ی ئەیلولی ئەمساڵدا

جیهان

بەوێنە‌و ڤیدیۆ..ئەو خواردنەی زیاد لە سەدەیەكە، رۆژانە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا لێدەنرێت

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

زیاتر لە سەدەیەكە، رۆژانە جۆرێك لە سوپ لە ریستۆرانتی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا دروست دەكرێت و بەناوی سوپی پیرانی ئەمریكی ناوبانگی دەركردووە.
تۆڕی (BBC) بڵاویكردەوە، پێشینەی ئەم سوپە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی سەدەی بیستەم، ماڵپەڕی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكی بۆچونی جیاواز لەو بارەوە ئاشكرا دەكات و دەڵێت، ناتوانرێت دڵنیایی لەبارەی كام لەو بۆچوونانەوە یەكلایی بكرێتەوە.


یەكێك لەو بۆچونانەی باس لەو سوپە دەكات دەڵێت، ئەو سوپە لە ساڵی 1900 لەسەر خواستی كەسێك بەناوی (دوبوا سیناتۆری ویلایەتی ئایداهو) دەستی پێكردووە، بۆچونێكیتر هەیە دەڵێت، نیوت نلسون سیناتۆری ویلایەتی مینیسۆتا بووە كە ئەم جۆرە سوپەی لە ناوچەكە گونجاندووە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1903.
بۆچونێكیتر ئەوەیە دەڵێت، لە ساڵی 1904 جو كانن سەرۆكی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا دوای تێگەشتنی لەوەی هیچ جۆرە خواردنێك لە ریستورانتی ئەنجومەنەكە بە دڵی ئەو نییە، فەرمانی كرد بەوەی بەبێ رەچاوكردنی كەش و هەوا ئەم جۆرە سوپە لێبنرێت، لەكاتێكدا ئەم جۆرە خواردنە زیاتر لە وەرزی زستاندا دەخورێت، بەڵام ئەوە بەدیار نەكەوتووە ئایا ئەم فەرمانە بۆ خراپی خواردنی چێشتلێنەرەكان بووە، یاخود بۆ دڵنیایی لەوەی ئەو خۆراكە دەبێت بە بەردەامی بوونی هەبێت.

ئەو سوپەی تا ئێستا دروست دەكرێت لە فاسۆلیا و گۆشتی بەراز و پیاز و كەرە و خوێ و بیبەر.

بۆ چۆنێتی دروستكردنی سوپەكە كلیك بكە بۆ بینینی ڤیدیۆكە.

ئەو سوپە ئەگەر بەشێوەیەكی سوننەتیتر دروست بكرێت پێویستی بە فاسۆلیا، گۆشتی بەراز بە ئێسقانەوە، پەتاتە، پیاز، كەرەوز و سیر.
لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا و لە دروستكردنی سوپەكەدا گۆشتی بەرازەكەی تێدا سڕدراوەتەوە، بەڵام لە دەیەی هەشتاكانی سەدەی رابردوو بۆ جارێكیتر گۆشتی بەرازەكە گێڕدراوەتەوە بۆ نێو سوپەكە.

فەرمانی لێنانی سوپ

فەرمانی لێنانی سوپ

بەشێك پێیان وایە سوپەكە فكرەی ویلایەتەكانی باشووری ئەمریكایە، چونكە بە هەرشێوەیەك بێت چێشتلێنەرە رەشتپێستەكانی باشووری ئەمریكا دروستیان كردووە و ئەوان سوپەكەیان بە سەلیقەیەكی زۆر جوان دروست كردووە.
دەوترێت، تەنها یەك جار لەكاتی جەنگی جیهانی دووەم و بەهۆی نەبوونی و كەمی خۆراك، یەك رۆژ ریستورانتی سەنای ئەمریكا فاسۆلیای لێنەبووە و بەو هۆیەوە لەو رۆژەدا ئەم جۆرە چێشتە لێنەنراوە، بەڵام لەو رۆژە بەدواوە رۆژانە ئەم سوپە لێنراوە بڕیاریش نییە هیچ رۆژێك بەبێ لێنانی ئەم سوپە لە ئەنجومەنی سەنا تێپەڕ ببێت.


لە ساڵی 2010ەوە، هاووڵاتیانیش دەتوانن لە كاتژمێرێكی دیاریكراو لە ریستورانتی سەنا ئەو سوپە تاقیبكەنەوە، هەڵبەتە بۆ ئەو مەبەستە دەبێت بانگهێشتی یەكێك لە سیناتۆرەكانت پێبێت و هاوشێوەی سیناتۆرەكان جل و بەرگ بپۆشیت، هەروەها ئەم سوپەش لە كۆنگرەی ئەمریكا بۆ تەواوی ئامادەبوان ساز دەكرێت.


مادەی سەرەكی ئەم سوپە فاسۆلیایەكە كە بە فاسۆڵیای دەریایی ناسراوە، چونكە پێكهاتەیەكی باشی تێدایە و نرخەكەشی هەرزانە و بۆ كاتێكی دوورو درێژیش دەتوانرێت هەڵگیرێت، ئەمەش وایكردووە لە سەدەی نۆزدەدا لەلایەن هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا هەڵبگیرێت.
هێزە دەریاییەكانی ئەمریكاش فاسۆلیایەكی سپی تایبەتیان هەیە كە هاوشێوەی سوپەكەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكایە، بەڵام لەبری كەرەوز، گێزەر و ئاردی گەنم یان خودی گەنمەكە تێدا بەكاردەهێنرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

نۆڕینگەكانی لاكۆڵان بەپێی بەرنامەی چاكسازی دەرمان نامێنن

 

خەڵك-ئارام سەردار

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی رێگری كردن لە بەبازاڕكردنی دەرمانی خراپ و كوالێتی نزم، هەروەها رێگری لەبازرگانیكردنی نابەجێ بەسەر ژیانی هاوڵاتیان، ژمارەیەك بڕیاری بۆ چاكسازی و ریفۆرم لەكەرتی دەرمان دەركرد، جێگری نەقیبی سەندیكای دەرمانسازانیش رایدەگەیەنێت، ئەگەر بڕیارەكان وەك خۆیان جێبەجێ بكرێن ئەوا لەشەش مانگ بۆ ساڵێك كاریگەریەیكانی دەردەكەون.

نۆرینگەی لاكۆڵان نامێنێت
هێژا ئەنوەر سەرۆكی بەشی چاودێری و بازاڕ لەكوالێتی كۆنتڕۆڵ لەبارەی بڕیارەكانی حكومەت سەبارەت بەریفۆرمی هاوردەكردن و فرۆشتنی دەرمان لەبازاڕەكانی كوردستان بە(خەڵك)ی راگەیاند، گرینگترین خاڵ لەم بڕیارە نۆرینگەی لاكۆڵان نامێنێت، چونكە پێشتر زۆركات گوێبیست دەبوین كە فلان یاریدەدەری پزیشك كەسێكی كوشتوە، ئەمەش بەهۆی بەكارهێنانی دەرمان بەهەڵە كە نازانن ئەوە كاری ئەوان نییە، هەروەها یەكێكی تر لەخاڵە گرینگەكان پێویستە پزیشكانی دەرمانساز دەوامی خۆیان بكەن و ناكرێت كەسێك بڕوانامەی دەرمانسازی هەبێت و دەرمانخانەیەك بكاتەوە مانگی جارێك بچێت تەنها بۆ پارە وەرگرتن، ئێستا دەبێت دەرمانساز خۆی لەوێ بێت.

هاوكات عەدنان بورهان جێگری نەقیبی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بە(خەڵك)ی راگەیاند، ئەو بڕیارانەی حكومەت وەكو ئەنجومەنی سەندیكای دەرمانسازان پاڵپشتی تەواوی دەكەین، چونكە یاساكەی ئێمەش سەرچاوەكەی لەم بڕیارانەوەیە كە یاسای دەستدانە پیشەی دەرمانسازییە، بەشێكی تریش بڕیارەكان بۆ پزیشك و كارمەندانی تەندروستییە، بۆیە ئەگەر ئەو بڕیارانەی دەرچووە بۆ چاكسازی لەدەرمان وەك خۆی جێبەجێ بكرێت بەگوێرەی كات كاریگەری باشی دەبێت بۆ دابین كردنی دەرمانێكی باش و تەندروست بۆ نەخۆش.

جێگری نەقیبی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بە(خەڵك)ی راگەیاند، كۆمەڵێك خەڵك هەیە، ئەگەر یاسا جێبەجێ بكەی زەرەرمەند دەبن، بەڵام ناكرێت بەرژەوەندی گشتی بۆ بەرژەوەندی چەند كەسێك بەلاوەبنرێت، ئەگەر خەڵكێكی هەڵپەرستیش بیەوێت دەرمانی خراپ بێنێتە بازاڕەوە دەبێت بەتوندترین شێوە سزا بدرێن، چونكە ئەگەر ئەو كەسانە پۆستێكیشیان هەبێت، ئەوا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاری دێنن.

لای خۆشیەوە هێژا ئەنوەر سەرۆكی بەشی چاودێری و بازاڕ لەكوالێتی كۆنتڕۆڵ سەبارەت بەجۆری سزاكانیش بۆ ئەو كەسانەی مامەڵەی خراپ دەكەن دەڵێت “پێشتر بەپێی یاسایەكی تر كە ئەویش عێراقی بوو مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانە دەكرا كە یاسای دەستدانە پیشەی دەرمانسازیان هەبوو، بەڵام ئێستا بەپێی یاسای ١١١ی سزادانی عێراقی ساڵی ١٩٦٩ كاردەكرێت، كە بەپێی یاسای پێشتر بابەتەكە دەچوە چوارچێوەی كەتن، بەڵام ئێستا بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دەچێتە چوارچێوەی تاوان و سزادانەكان قورس بوون”.

وتیشی “ئێمە لەهەرسێ پارێزگاكەی هەرێم دەستمان كرد بەكاركردن، بەڵام لەسلێمانی كێشەی كەمی ستافمان هەبوو، بەڵام لەهەولێر و دهۆك كاری زیاتر كراوە و سەردانی سەرجەم شوێنەكان دەكرێ لەناوشار و دەرەوەی شار، تاوەكو ئێستاش ٢٢ كەس دراونەتە دادگا كە سێ كەسیان دەرمانسازن”.

هاوڵاتیان لەرێگای مۆبایلەوە دەتوانن زانیاری لەسەر جۆری دەرمانەكان وەرگرن
هێژا ئەنوەر سەبارەت بەزانین و كاتی هاتنی دەرمانەكە بۆ (خەڵك) وتی “ئیستا لە هەوڵی دروست كردنی ئەپڵیكەیشنێكین كە هاوڵاتیان دەتوانن لەرێگای مۆبایلەوە بزانن ئەو دەرمانە كەی دەرچوە و كەی هاتۆتە بازاڕ و سیستەمێكیش دادەنرێت بۆ سەرجەم دەرمانخانەكان بەیەكەوە دەبەسترێنەوە تاوەكو حكومەت بزانێ چ دەرمانێك فرۆشراوە و كۆنترۆڵیش دادەنرێت بۆ دەرمانەكانی كە تەنها دەبێ بەرەچەتەی پزیشك بدرێت وەك ترامادۆڵ و جۆرەكانی تر بۆ ئەمەش رەچەتەی پزیشك بۆ یەكجار بەكاردێت”.

دەبێ ریفۆرم لەتەواوی سێكتەری تەندروستی بكرێت
عەدنان بورهان جێگری نەقیبی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان وتی “ئێمە كێشەی زۆرمان لەبواری تەندروستی هەیە و ئەو بڕیارانەش هەرچەندە لەبواری دەرمانە بەڵام ئەمەش بەشێكە لەكێشەكان و پیویستیشە ریفۆرم و چاكسازی لەسیستەمی تەندروستی و دەزگاكانی بكرێ بەكۆی گشتی، ئینجا دەتوانین خزمەتگوزاریەكی سەردەمیانە بۆ هاوڵاتیان دابین بكەین، چونكە چاكسازی تەنها لەرێگەی دەرمانەوە ناكرێ، هەرچەندە ئەمە دەرگایەكی زۆرباشە بۆ كاركردن و چاكسازی لەسەرجەم كەرتی تەندروستی، بۆیە پشتیوانی دەكەین”.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەم بڕیارە بڕیارێكی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوەشایەوە كە مافی دابوو بەغەیری دەرمانساز كە ئەو كارە بكەن، ئێستا دەبێ تەنها كەسی پسپۆڕی دەرمانساز كار لەسەردەرمان بكات، لەماوەی داهاتووش كە شەش مانگ بۆ ساڵێك كاریگەریەكانی دەردەكەوێت.

بۆ پاككردنەوەی بازاڕیش لەدەرمانی قاچاغ و كوالێتی خراپ، عەدنان بوڕهان جێگری نەقیبی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بە(خەڵك)ی راگەیاند، پەیامی ئێمە بۆ لایەنی پەیوەندیدار ئەوەبوە كە یاسای دەستدانە پیشەی دەرمانسازی و یاسای كۆمپانیاكان و سەندیكا هەیە ئەگەر كار بەیاساكان بكرێت كێشەكان چارەسەر دەبێت، بەتایبەت كە ئێستا دەرمانی تەزویر و قاچاغ چین، دەرمانی تەزویر هیچ سێكتەرێكی تەندروستی جیهانی لەگەڵی نییە و وڵاتانیش بەرنامەیان هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی، بەڵام مەسەلەی دەرمانی قاچاغ شتێكە بەفەرمی نایەتە وڵات بەڵام مانای ئەوە نییە ئەو دەرمانە قاچاغ بێت بەڵكو پێویستی هاوڵاتیانە، تەنها بەهۆكارێكی كوالێتی كۆنتڕۆڵ یان رێوشوێنی وەزارەتی تەندروستی نایەتە هەرێم كە رەنگە لە ١٥ پارێزگاكەی تری عێراق هەبێت و دەبێت چارەسەر بدۆزرێتەوە ئەو دەرمانانەی پێویستن بۆ هاوڵاتیان و بەقاچاغ دەهێنرێت دەبێ بەفەرمی بێتە ئەو وڵاتە، چونكە بەكارهێنانی دەرمانەكە یاساغ نییە، ئەگەر رێنماییەكان پێداچونەوەی پێدا بكرێ دەرمانەكان بەشێوەی فەرمی دێت.

وەزیری تەندروستی، هێنانی دەرمان كۆنتڕۆڵ دەكرێ
ئەمەش لەكاتێكدایە رێكەوت حەمەرەشید وەزیری تەندروستی رایگەیاند، دامەزراوەیەكی نیشیتمانی دادەمەزرێت بۆ هاوردەكردنی دەرمان كە لە٥١%ی پشكەكانی هی حكومەت دەبێت و لە ٤٩%ی بۆ كەرتی تایبەت دەبێت و كۆنترۆڵیی هێنانی دەرمان دەكرێ، مانگانەش كوالێتی كۆنترۆل پشكنین هەزار دەرمان دەكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

سەركردە گەنجەكانی یەكێتی گەڕێكی دیكەی ململانێی پارتییان دەستپێكرد

قوباد تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانی و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، بافڵ تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانی، لاهوری شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری

خەڵك- بەشی هەواڵ

بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە بە ڕای چاودێران بە داڕێژەر و بڕیاردەری سەرەكی سیاسەتەكانی ئێستای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە هاوكاری قوباد تاڵەبانی برای و لاهوری شێخ جەنگی ئامۆزای دادەندرێت، خەریكە یەكێتی بەرەو هێزەكەی سەردەمی زێڕێنی خۆی دەگێڕێتەوە و قۆناغێكی نوێی ململانێی پارتییان دەستپێكرد، ئەمەش خواستێكی زۆرینەی جەماوەری یەكێتی و بگرە جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان و زۆری خەڵكی ناوچەی سەوزیشە، كە پێیانوایە بەهۆی لاوازی حزبەكانی دەڤەری سەوزەوە و ملكەچبوونیان بۆ پارتی ناوچەكە پشتگوێخراوە، بەڵام ئەمە وا بەئاسانی بە لای پارتییەوە قەبوڵ ناكرێت، بۆیە پارتیش خۆی بۆ قۆناغێكی نوێی ململانێ لەگەڵ یەكێتی سازدەكات و ساڵوەگەڕی شازدەی ئۆكتۆبەریش دەكاتە خاڵی دەستپێك.

  یەكێتی دوای هیچ لایەنێك ناكەوێت 
بافڵ تاڵەبانی لە چەند لێدوانێكدا ڕایگەیاندووە، یەكێتی چی دیكە دوای هیچ حزبێكی دیكە ناكەوێت، بەڵكو دەبێت حزبی دیكە دوای یەكێتی بكەون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە، یەكێتی هەڵساوەتەوە و ئێستا لە هەموو كاتێك بەهێزترە.
بەڕای چاودێران ئەم لێدوانانەی بافڵ تاڵەبانی وەڵامە بۆ ئەو ڕەخنانەی پێشتر لە یەكێتی گیران بەهۆی سازشكردنی زۆر بۆ پارتی و ملدان بۆ سیاسەت و بڕیارەكانی پارتی.

لاهوری شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری، بافڵ تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانی

پێش بافڵ تاڵەبانیش لە زاری لاهوری شێخ جەنگی و ئاڕاس شێخ جەنگی برایەوە بەتایبەت لە دوای ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەری 2017وە لێدوانی هاوشێوە دراون، كە یەكێتی چی دیكە بە دوای كەس و لایەنی دیكە ناكەوێت و خۆی خاوەن بڕیار دەبێت.

 قۆناغێكی نوێ لە سیاسەتی یەكێتی 
ئەم پەیام و گوتارانە سیاسەتێكی نوێ و قۆناغێكی نوێی یەكێتی لێ دەخوێندرێتەوە هاوكات لەگەڵ هاتنەپێشی قوباد تاڵەبانی وەك كەسی یەكەم و نوێنەری یەكێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولدا، كە لە گوتارەكانیدا جەختی لە سیاسەتی نوێی یەكێتی و بەرنامەی حزبەكەی بۆ خزمەتكردنی خەڵك دەكردەوە و بەهۆی ئەو لێدوانانەوەش چەند جارێك لەگەڵ بەرپرسانی پارتی بەریەككەوتن و بەرپرسانی پارتی نیگەران كرد.

ئەم سیاسەتە نوێیەی یەكێتی كە لە دوای شازدەی ئۆكتۆبەری 2017 دەستیپێكردووە و بە چونە نێو ململانێیەكی سەخت لەگەڵ پارتی بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار و دواجار بردنەوەی یارییەكە لە پارتی گەیشتە لوتكە و ئێستاش بەرەو بردنەوەی پارێزگاری كەركوك و هەنگاوێكی دیكە بۆ چڕبوونەوەی ململانێكان دەڕوات و ڕەنگە لە پێكهێنانی حكومەتی عێراق و هەرێمدا بۆ حاڵەتی نەخوازراویش پەل بهاوێژێت.

هاوكات بەپێی هەندێك زانیاری ڕۆژنامەنووسی یەكێتی ئەو پرۆژەهاوبەشەی پێشتر لەگەڵ پارتی ئامادەیانكردبوو بۆ بەغدا بەلاوە ناوە و پرۆژەی تایبەتی خۆی هەیە بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی نوێی عێراقدا.

 كاردانەوەكانی سیاسەتی نوێی یەكێتی 
كاردانەوەی ئەم سیاسەتە نوێیەی یەكێتی بە ئاشكرا لە سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان بەدەر كەوتووە، لە نێوخۆی حزبەكە و لە دەرەوەی حزبەكەش.

بەپێی زانیارییەكان ئەندازیاری سەرەكی گێڕانەوە و كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بافڵ تاڵەبانی و هاوكارەكانی بوون سەرباری ناڕەزایەتییەكانی هەندێك سەركردەی یەكێتی لەوانە مەلا بەختیار، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد.

تاكو ئێستا دەزگای مێدیایی “كوردسات” كە دەگوترێت لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە نزیكە رووماڵی هەواڵەكانی تایبەت بە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ نێو یەكێتی و بوون بە سەرۆك كۆماری نەكردووە، تەنانەت بێلایەنی هەڵبژارد لەو شەڕە مێدیاییەی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار كردیان و ئێستا رووماڵی هەواڵەكانی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ناكات، ئەمەش نیگەرانی بەشێك لە یەكێتییەكانی لێكەوتەوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لەوبارەیەوە بابەتیان نووسی.

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و بافڵ تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانی

بەپێی زانیارییەكان لەوكاتەشەوە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەشداری كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەكردووە و مەلا بەختیاریش ئەو كۆبونەوەیەی بە نیگەرانییەوە بەجێهێشت كە بۆ كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح دیاریكرابوو.
لە چەند نوسینێكیشدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی رێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی نیگەرانی خۆی لە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح نیشان داوە.
لای خۆشیەوە ماڵپەڕی “چاودێر”ی یەكێتی كە خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەرەكەی مەلا بەختیارە لە ڕاپۆرتێكدا نووسیبووی “بڕیاربەدەستەكانی یەكێتی ئەگەر شەرعیەتی كۆنگرە وەرنەگرن، ئەوا یەكێتی لە حزبێكی سۆشیالدیموكراتەوە دەبێتە حزبێكی بنەماڵەیی و تاكڕۆیی”.
بەپێی چاودێران سەركردە گەنجەكانی یەكێتی بڕیاریان لەدەستی سەركردە كۆنەكانی یەكێتی وەرگرتووەتەوە، هەندێك لە سەركردە كۆنەكانیش پابەندن و قەبوڵیان كردووە، هەندێكیشیان نیگەرانن و پێیان قەبوڵ ناكرێت.

مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی 

هاوكات مەلا بەختیار لە ساڵوەگەڕی شازدەی ئۆكتۆبەریشدا ڕەخنەی گرتووە و ڕایگەیاندووە كە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و كۆسرەت رەسوڵ بەرپرسیارێتی شازدەی ئۆكتۆبەر لە ئەستۆ ناگرن.
مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوێنێ لە چەند لێدوانێكدا جەختی لە قسەكانی ساڵی رابردووی كردەوە كە دوو رۆژ دوای رووداوەكان كردبوونی.
مەلا بەختیار دەڵێت “ئێستاش هەمان ئەو بۆچوونانەی هەیە كە ئەوكات نوسیویەتی لە ساڵی رابردوودا، بەڵام بەرژەوەندپەرست و هەلپەرستەكان بۆچونی خۆیان گۆڕی” وەك ئاماژەكردن بەو كەسانەی لەگەڵ ریفراندۆم بوون و دواتر كشانەوە.
دەشڵێت “بێگومان، ئەم رووداوانە لەخۆڕا رویاننەداوە. هەرلایەك بەپێی سەنگی خۆی ‌و هەموو كاربەدەستێكیش، بەپێی پێگەكەی، پشكی كارەسات‌ و رووداوەكانی بەردەكەوێت‌، ‌و هەرزە ئەقڵەكانی ناو یەكێتی ‌و فەیسبووكبازەكانیش كە هەر خەریكی شێواندنی زهنیەتی خەڵكن، وەكو پێشینان گوتویانە: (دز بازاڕی شێواوی هەیە).ئەمانەش، لەناو هەموو رەوت‌ و جەمسەرەكاندا، زۆر نابەرپرسیارانە، لە رابردوودا بەگشتی ‌و لە دوو مانگی رابردوودا بەتایبەتی، دەستیان هەیە لەم دۆخەی یەكێتی تێیكەوتووە. كە بەداخەوە بەشێك لەئامانجە گڵاوەكانیان هێناوەتەدی”.

 كاردانەوەكانی پارتی 
لە دەرەوەی یەكێتیش پارتی دیموكراتی كوردستان هێرشی توندی لە مێدیا فەڕمی و نافەڕمی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بۆ سەر بڕیاربەدەستەكانی ئێستای یەكێتی دەستپێكردووە، بەتایبەت لە ساڵوەگەڕی شازدەی ئۆكتۆبەردا هێرشە مێدیاییەكانی پارتی گەیشتنە لوتكە ئەوان بە “گرووپی خیانەت” ناو دەبەن و تەنانەت داوای دادگاییكردنیشیان دەكەن.
رێبوار كەریم وەلی ڕۆژنامەنووسی پارتی چەند رۆژی ڕابردوو لە لێدوانێكدا نیگەرانییەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكەی لەرەوشی ئێستای هەرێم و پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی ئاشكراكرد.

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی

رێبوار كەریم وەلی ئاشكرایكرد بارزانی گوتویەتی كە ڕێگا نادات بەرهەم ساڵح پێ بنێتە هەوڵێرەوە و لاریشی لە دووئیدارەیی نەبووە.
پێشتریش ئاری هەرسین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی لە لێدوانێكدا ئەوەی ڕاگەیاند، لە دروستبوونی دووئیدارەییدا پارتی سودمەند و یەكێتی زیانمەندە.

لەبارەی ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەرەوە سیروان بارزانی فەرماندەیی سەربازی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت “لەبەردەم دادگا ئامادەم قسەكانی خۆیان بكەمە بەڵگە ئەگەر ئەوان لەسەر ئەم قسانە سكاڵام لەسەر تۆمار بكەن لەو بەڵگە زیاتر چی كە خۆیان بەدەمی خۆیان ددانیان بەخیانەتدا نا لەسەر تەلەفزیۆن، با ئەوان بێن پێچەوانەكەی بسەلمێنن، ئەوانە بەڵگەی خۆیانن، بەڵام دەبێت كەسوكاری شەهیدەكان بچن سكاڵا لەسەر ئەو سەركردانە تۆماربكەن، دەبێت دادگای خەڵك ئەو “خیانەتكارانە” دادگایی بكات، بەبۆچونی من ئەگەر دادپەروەری هەبێت دەبێت دادگای كورد و پێشمەرگە دادگایی ئەوانە بكات، ئیشی من وەك پێشمەرگەیەك بەرگریكردنە لەكوردستان.”
دەشڵێت “هۆكاری (16)ی ئۆكتۆبەر لەپێناو بزنس و چەند تەنكەرە نەوتێك بوو، لەكاتێكدا كەركوك دڵ و قودسی كوردستانە بەڵام ئەوان فرۆشتیان بە چەند تەنكەرە نەوتێك”.
لای خۆیەوە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ئەو كات سەرۆكی هەرێم و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بوو، لە بەیاننامەیەكاندا ڕایگەیاند “ئێمە پێشبینیی هەموو ئەگەرێكمان كردبوو، بەڵام هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەبووین دەستێكی ناوخۆیی بەمشێوەیە خەنجەر لە پشتی گەلی كوردستان بدات”.

 یەكێتی لەسەر شازدەی ئۆكتۆبەر وەڵامی هەیە 
لەبەرامبەردا یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لە ڕێگای مێدیا فەڕمی و نافەڕمییەكانیەوە وەڵامی تۆمەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەداتەوە و پێیوایە كە رووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر دەرئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی 25ەی ئەیلولی 2017 بووە.
بەرپرسان و مێدیاكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكەن، لە پێناو پاراستنی خەڵكی كەركوك و شارەكە و دورخستنەوەی لە وێران بوونی پاشەكشەیان كردووە، چونكە هێزەكانیان لەگەڵ هێزەكانی عێراق نابەرابەر بوون، نەیانویستووە كەركوك وەك موسڵی لێ بێت.
مەڵبەندی دووی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند “هەموو خەڵكی كوردستان ئەو راستییە باش دەزانن كە ڕووداوی ١٦ی ئۆكتۆبەر لە دەرەنجامی سیاسەتی هەڵە و غروری سەركردایەتی پارتییەوە بوو، بەهۆی گوێنەدانیان بەهەڕەشە و ئامۆژگارییەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ‌و حیساب نەكردن بۆ دۆستانی گەلەكەمان، سەرەنجام مافی چارەنوسی گەلی كوردیان كردە قوربانی.”
مەڵبەندی دووی یەكێتی لە ڕاگەیەنراوەكەدا بەرامبەر بە بارزانی دەڵێت: “لێرەوە بە پارتی ‌و بارزانی دەڵێین، ئێوە دواین كەسن دەبێت‌ باسی خیانەت بكەن. چونكە خیانەت سەرتاپای مێژووی ئێوەی داپۆشیوە.”

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەتوانێت خزمەتی هاوڵاتیان بکات؟

کوردستان

دوایین