حكومەتی عێراق مامەڵەی زێڕ و مۆبایل و ئۆتۆمبێلی كرد بە دینار


ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەپێناو كۆنتڕۆڵ كردنی نرخی دۆلار بڕیاریدا مامەڵەی (زێڕ و ئۆتۆمبێل و مۆبایل و جگەرە) بكات بە دینار.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنەكە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیار دراوە کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێن بگیرێتەبەر بە ئامانجی کارئاسانی بۆ سوودوەرگرتنی هاوردەکارانی کەلوپەلی (زێڕ، ئۆتۆمبێل، مۆبایل، جگەرە) لە خزمەتگوزاریی پلاتفۆرمی گواستنەوەی پارەی بانکی بیانی.

ڕاشیگەیاندووە، ڕێكارەكان بەجۆرێك دەبێت، کە کارئاسانی بۆ هاوردەکاران بکات لەم کاڵایانە بۆ بەدەستهێنانی پارەدارکردن بە دراوی بیانی بە نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕکردن و لە پێویستی پەنابردن بۆ کڕینی دراوی بیانی ڕزگاریان دەکات.

ئاشكراشی كردووە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی وەزیری پلاندانان پێکبهێنێت، بە ئەندامێتی وەزیرانی ناوخۆ، نیشتەجێکردن، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، داد، وەزیرانی (ناوخۆ و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان)، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی بەشی یاسایی لە ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەری گشتی باج بۆ پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و وشکانی و دەریاییەکان و فڕۆکەخانەکان و پێشنیارکردنی بڕیاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە پلاتفۆرمی وەزاریدا هاتووە لەم بارەیەوە.

 بەختیار عەلی خەڵاتێکی گرنگی پێ بەخشرا
پێشت  بەختیار عەلی خەڵاتێکی گرنگی پێ بەخشرا
لە یەك ڕۆژدا ٢٥ تووشبووی شێرپەنجە لە سلێمانی تۆماركرا
دواتر لە یەك ڕۆژدا ٢٥ تووشبووی شێرپەنجە لە سلێمانی تۆماركرا
پەیوەندیدار