ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان
ریکلام

کوردستان

یەكێتی: تا ئێستا بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم خەرج دەكرێت و بودجەی مانگانەی دیوان 3 ملیۆن دۆلارە

خەڵك – بەشی هەواڵ

ماڵپەڕی فەڕمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاویكردەوە “تائێستا مەسعود بارزانی مووچەو بودجەو نەسریەی سەرۆكی هەرێم وەردەگرێت و ئەو پاسەوانانەشی كە بەچەند لیوایەك مەزەندە دەكرێت بەهەمان خەرجی و بودجەوە لەخزمەتی پۆستە حزبییەكەی بەكار دەهێنرێت كە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە”.

قادر رەزگەیی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەڕمی حزبەكەی راگەیاند “تائێستاش مەسعود بارزانی كە نزیكەی 8 مانگەی لەپۆستەكەی نەماوەو پەرلەمانیش دەسەڵاتەكانی دابەشكردووە، بەڵام مووچەو بودجەو نەسرییەی مانگانەی خۆیی و راوێژكارو كارمەندو پاسەوانەكانی كە بەچەند لیوایەك مەزەندە دەكرێت بەردەوامە”.

وتیشی:” تائێستاش هەموو شتەكان وەك خۆیەتی، راستە وەك پەرلەمان بەیاسا پۆستی سەرۆكی هەرێمان سڕكردووەو دەسەڵاتەكانمان داوەتە دامەزراوەكانی دیكە، بەڵام دەسەڵاتە كارگێڕی و ئیدارییەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەردەوامەو ژمارەی راوێژكارو فەرمانبەرەكانی و ئەو بودجەی پێشتر بۆی خەرجدەكرا وەك خۆی ماوەتەوە”.

ئەوەشی وت: “حكومەتی هەرێم بەكەیفی خۆی بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم دیاریدەكات، وەك پەرلەمانتاران ئاگادارنین چەندی بۆ دابین دەكرێت، بەڵام ملیۆنان دۆلارە”.

سەرچاوەیەكی ئاگاداریش لەسەرۆكایەتی هەرێم تایبەت بە PUKmediaی راگەیاند: كە تائێستاش دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم نەسرییەی مانگانە وەردەگرێت كە بڕەكەی 3 ملیۆن دۆلارەو بەبێ چاودێری و وردبینی خەرجدەكرێت كە فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانەكەیە.

ماڵپەڕەكە نوسیوێـتی “كۆتایی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو، دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دابەشكران، بەڵام لە واقیعدا ئەوەی دەبیندرێت تەنها مەسعود بارزانی، لەسەر كارەكەی نەماوەو تەواوی فەرمانگەو فەرمانبەرو راوێژكارو پاسەوانەكان لەشوێنی خۆیان ماون ‌و بودجەی مانگانەی سەرۆكایەتییەكەش وەك خۆی ماوەتەوەو دەدرێت”.

هەر لەوبارەیەوە پێشتریش هەفتەنامەی ژیان لە راپۆرتێكیدا رایگەیاندبوو: راوێژكارەكانی سەرۆكایەتی هەرێم زیاتر لە 40 راوێژكارن كە كوردو عەرەب‌و بیانیشی تێدایەو موچەی مانگانەیان هەیە، هاوكات خەڵكی تر هەیەو فەرمانبەرەو بە پلەو موچەی ڕاوێژكار دامەزرێندراوەو نزیكەی 150 فەرمانبەریش لە سەرۆكایەتییەكەدا دەوام دەكەن. ئەمە لەكاتێكدا لەیاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا نە باسی پاسەوان كراوە نە فەرمانبەرو نەڕاوێژكار.

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستانیش بە هەفتەنامەكەی راگەیاندبوو: جگە لەچەند فەرمانبەرێكی كەمی یەكێتی هیچ فەرمانبەرێكی لایەنەكانی تر لەسەرۆكایەتی هەرێم نەبوون، بەمەرجێك پێشتر ڕێككەوتن هەبوو فەرمانبەری لایەنەكان لەسەرۆكایەتی هەرێم دابمەزرێندرێن.

هەفتەنامەی ژیان ئاشكراشیكردبوو: یەك لیوا كە نزیكەی 1500 پاسەوانن پاسەوانی سەرۆكایەتی هەرێم ‌و فەرمانگەكانی‌و بەرپرس‌و راوێژكارەكانی دیكەی سەرۆكایەتی دەكەن‌و لەگەڵ پاسەوانەكانی بارزانی دەگەنە نزیكەی پێنج هەزار پاسەوان.

ئێستا سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی هەرێم بوونیان نەماوە، بەڵام سەرۆكی دیوان كە فواد حسێن-ە لەكارەكەی بەردەوامەو هەریەكە لەبەڕێوەبەرایەتییەكانی: كارگێڕی‌و دارایی، هەماهەنگی‌و بەدواداچوون، كاروباری یاسایی، پەیوەندییەكان، كاروباری كۆمەڵایەتی‌و سكاڵاو راگەیاندن بەدیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە بەستراونەتەوەو دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن.

مەسعود بارزانی، ساڵی 2005 بووە سەرۆكی هەرێم‌و لەپەرلەمان متمانەی پێدرا، ساڵی 2009 بەهەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی خەڵك بووەوە بەسەرۆكی هەرێم‌و ساڵی 2013 لەپەرلەمانی كوردستان بۆ دوو ساڵ ماوەكەی درێژ كرایەوە، ساڵی 2015 ئەنجومەنی شوورای هەرێم ماوەكەی بۆ درێژكردەوەو كێشەی یاسایی لەپۆستەكەیدا دروستبوو، دوای ڕیفراندۆمی هەرێم‌و لە مانگی 10ی 2017دا دەستی لەكار كێشایەوە.

کوردستان

سلێمانی.. پۆلیس دەستی بەسەر چەند پارچە چەکێکدا گرت

خەڵک-

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ئەمشەو ھێزەکانیان توانیویانە دەست بگرن بەسەر ژمارەیەک پارچە چەک و دوو تۆمەتباریشیان دەستگیر کردووە کە تەقەیان کردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: “لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمشەو لە هەڵمەتێکی دانانی مەفرەزەی هاوبەشی هێزی تایبەتی پۆلیس و مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن، توانرا دەست بەسەر ١ کڵانشیکۆف و ١ ویزە و ٢ دەمانچەی کڵۆک و ١ دەمانچەی چواردەخۆردا بگیرێت، خاوەنەکانیشیان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە، تۆمەتبارەکان لە ئێستادا بە فەرمانی دادوەر و بە پێی مادەی ۲۱ ی چەک لە یاسای سزادانی عێراقی بەندن.”

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی ڕاگەیاندووە: “هەر ئەمشەو هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن لە نزیک گردی گۆڕان ماتۆڕسکیلێکیان دەستگیرکردووە کە ٢ سەرنشینی لەسەر بووە و تەقەیان کردووە، هەردوو تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی ۲۱ ی چەک بەندن و دەستیش گیراوە بەسەر دەمانچەکەیاندا.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: “هەر لەو هەڵمەتەدا هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی چەند جامی ڕەشی ئۆتۆمبێلیان لێکردەوە، لەگەڵ وەرگرتنی ئەو مۆڵەتەی ڕێگای پێداون بە ڕەشکردنی جامی ئۆتۆمبێلەکەنیان.”

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن ھۆشداریی دەدات بە فەرمانبەرەکانی

خەڵک-

بڕیاردەری کۆمسیۆن ھۆشداریی دەدات بە کارمەندەکانی کۆمسیۆن بۆ رۆژی ھەڵبژاردن و دەڵێت، ھەر فەرمانبەرێکی کۆمسیۆن کەمتەرخەم بێت، سزا دەدرێت.

ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاردەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکیدا دەڵێت: “هەر فەرمانبەرێکى کۆمسیۆن کەمتەرخەم بێت، سزا دەدرێت بە حەپس بۆ ماوەیەک لە ١ ساڵ کەمتر نەبێت و غەرامەیەکیش لە ١٠٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە ٥٠٠ هەزار دینار زیاتر نەبێت.”

ھەروەھا دەڵێت: “بەپێى خاڵى ١ لە بڕگەى ٦ لە ماددەى ٥٧ ى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ژمارە ١ ى ساڵى ١٩٩٢ ى هەموارکراو، هەر کەسێک سندوقەکانى دەنگدان یان وەرەقەکانى دەنگدان یان تۆمارەکانى دەنگدانى لەلا بێت و بیشارێتەوە یان لەناویان بەرێت یان خراپیان بکات یان تێکیان بدات یان بیاندزێت یان ئەنجامەکان بەهەر ڕێگەیەک بگۆڕێت، ئەوا سزا دەدرێت بە حەپس بۆ ماوەیەک لە ١ ساڵ کەمتر نەبێت و غەرامەیەکیش لە ١٠٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە ٥٠٠ سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت.”

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ھەڵوەشاندنەوەی گەشتێکی ھێڵی ئاسمانیی تورکیا ناڕەزایی توندی لێدەکەوێتەوە

خەڵک-

بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی گەشتێکییەوە لە فرۆکەخانەی میونخ بۆ شاری ئیستەنبوڵ، ژمارەیەک گەشتیار ناڕەزایی توند دژ بە ھێڵی ئاسمانیی تورکیا دەردەبڕن.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، ھەڵوەشانەوە (کانسڵ) ـی گەشتەکانی ھێڵی ئاسمانیی تورکیا (Turkish Airlines) وەک دیاردەی لێھاتووە، بەوە ھۆیەوە ژمارەیەک زۆر گەشتیار زیانمەند بوون، لە نێویاندا ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کە وڵاتی تورکیا وەک ترانزێت لە ئەوروپاوە بۆ ھەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەشەوە بەکاردەھێنن.

لە ڤیدیۆیەکدا کە بەدەستی (خەڵک) گەشتووە دەردەکەوێت، بەھۆی کانسڵ بوونی گەشتێکی ھێڵی ئاسمانیی تورکیا ژمارەیەک زۆر لە گەشتیاران لە بەردەم نوسینگەی ئەو ھەڵە ئاسمانییە لە فرۆکەخانەی میونخی ئەڵمانیا کۆبوونەتەوە و داوای ئەنجامدانی گەشتەکەیان دەکەن.

لە ئێستاشدا گەشتەکانی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان تەنھا فرۆکەخانەی ھەولێر دەگرێتەوە، تورکیا ڕێگەنادات ھیچ فرۆکەیەک بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێپەڕ ببێت بیەوێت لە فرۆکەخانەی سلێمانی بنیشێتەوە، ئەوەش بارگرانییەکی زۆری بۆ دانیشتووانی بەشێکی زۆری ھەرێمی کوردستان دروستکردووە.

 

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
ریکلام

کوردستان

دوایین