تورکیا لەسەرەوە شین بۆ غەززە و لە ژێرەوەش ئاشی بەرژەوەندییەکانی دەگێڕێ



تورکیا شەشەم گەورەترین وڵاتی ھەناردەکاری ئیسڕائیلە، کەرەستەی بەرگری تەکنەلۆژیای بەرز لە ئیسڕائیل دەکڕێت، ئیسڕائیلیش پێڵاو و جلوبەرگی سەربازی لەو دەکڕێت.

 

زانراوە، تورکیا و ئیسڕائیل ھاوپەیمانێکی سەربازی باشن و کەرەستەی یەکتر بەکار دێنن و ئاڵوگۆڕێکی باش لەم بارەیەوە لە نێواندیاندا هەیە، کۆمپانیاکانی بواری بەرگریی ئیسڕائیل ھاوکار بوون لە مۆدێرنکردنی ھێزی ئاسمانیی تورکیا.

 

ئەو ڕێککەوتنانەی لەمبارەیەوە لە نێوانیاندا هەن بریتین لە؛ ھاوکاری ئاسمانی، دەریایی، وشکانی و ھەواڵگری، بەرھەمھێنانی فڕۆکە، چەک و مووشەک، سەردانی سەربازی ھاوبەش، مەشق و ڕاهێنان، ناردنی چاودێر بۆ چاودێریکردنی مانۆڕە سەربازییەکان، ئاڵوگۆڕی کارمەندان و مەشقی سەربازی.

 

ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی بە ھەوڵی سوڵتان بایەزیدی دووەم، یەکەم هەنگاوی دانانی بناغەی نێوان تور و چوولەکەیە، کاتێک سوڵتان پێشوازی لە پەنابەرانی جوولەکە کردووە، ئەمە هۆکار بووە بۆ ئەوەی جووەکان بە توندی دڵسۆزی بۆ دەوڵەتی عوسمانی دەرببڕن و بەشێکی زۆریان بەرەو ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی کۆچ بکەن.

 

دەوترێت تیۆدۆر ھێرتسل ڕێبەری زایۆنیستەکان یەکێک بووە لەوانەی داوای لە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی فەرمانڕەوای عوسمانی کردووە، کە فەلەستین داگیر بکات و بەڵێنی گەڕانەوە بۆ زایۆن جێبەجێ بکات.

 

مێژووی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسڕائیل ساڵی 1949 بە دیاریکراوی لە مانگی ئاداری ئەو ساڵەدا، دەچێتە دۆخێکی بەتینتر، کاتێک تورکیا وەک یەکەم وڵاتی زۆرینە موسڵمان دانی بە دەوڵەتی ئیسڕائیلدا نا و دوای هاتنە سەرکاری پارتی داد و گەشەپێدان لەو وڵاتە لە ساڵی 2002 پەیوەندییەکانیان لە ئاستی جیاوازدا زیاتر پەرەی سەند.

 

یەکەم درزی بە ڕووکەشی نێو ئەم پەیوەندییە لە دوای جەنگی سەر غەززە لە ساڵی 2008  هاتە ئارا بەڵام هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی دانەنا لە کاتێکدا هەردوو لا لێدوانی توندیان لە دژی یەکدی دەدا.

 

لەلایەکی دیکە دوای ڕێگریکردنی هێزی دەریایی ئیسڕائیل لە کەشتیی ماڤی مەرمەرە لە مانگی ئایاری 2010 و کوژرانی 10 چالاکوانی تورک لە کاتی هێرشی کۆماندۆی ئیسڕائیل بۆ سەر سەرنشینانی کەشتییەکە، لەودەمەشدا، تورکیا دەستبەرداری ئیسڕائیل نەبوو، تەنیا سەر زارەکی و بۆ مەرام ورتە و بۆڵەیەکی لە میدیاکاندا هەبووە و بەهیچ جۆرێک دۆخە نەرێنییەکان کاریگەریی نەکردووەتە سەر پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی.

 

بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە ڕۆژنامەی (ئۆرشەلیم پۆست) لەو دەمەدا بڵاویکردەوە، گرژی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئیسڕائیل و تورکیا هیچ کاریگەری لەسەر قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات نەبووە.

 

هەر لە سەر وەختی ساڵانی بەردەوامی گرژییەکان لە پەیوەندیی دیپلۆماسی نێوان ئەم دوو وڵاتە، بەڕێوەبەری فڕۆکەوانی مەدەنی ئیسڕائیل ئاشکرایکرد، کە هێڵەکانی فڕۆکەوانی تورکیا هەفتانە زیاتر لە 60 گەشت بۆ ئیسڕائیل ئەنجام دەدەن، هەروەها ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک سەرنشین لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەگوازنەوە.

 

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی بازرگانی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە جنێڤە، کە دەزگایەکی هاوبەشی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی یە، لە ساڵی 2018 دا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئیسڕائیل و تورکیا 6.2 ملیار دۆلار بووە و، لە ساڵی 2019 شدا بۆ 5.5 ملیار دۆلار دابەزیوە.

 

لە لایەکی دیکە بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی هەناردەکردنی ئیسڕائیل، لە ساڵی 2019 دا بەرهەمە کیمیاییەکان پێشەنگی هەناردەکانی ئیسڕائیل بوون بۆ تورکیا بە ڕێژەی لە ٪ 50، دواتر پلاستیک بە ڕێژەی لەسەدا 12 و سووتەمەنی بە ڕێژەی لەسەدا 9.

 

لەلایەکی دیکەوە هاوردەکردن لە تورکیاوە هەمەچەشنتر بووە، پێکهاتە کیمیاییەکان گەورەترین هاوردەی ئیسڕائیلە لە تورکیاوە بەڕێژەی لەسەدا 18، ئاسن و پۆڵا بەڕێژەی لەسەدا 16، دواتر پلاستیک بەڕێژەی لەسەدا 7 ، چیمەنتۆ لەسەدا 5.

 

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەهێزیی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهانی هەبووە، کە لەماوەی نێوان 2013 بۆ 2021دا گەشەی زیاتر لە 52%ی بەدەستهێناوە.

 

هاوکات ساڵی ڕابردوو هەناردەی تورکیا بۆ ئیسرائیل گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی کە 6.4 ملیار دۆلار بووە، بەمەش ئیسرائیل بووە نۆیەم گەورەترین بازاڕی بەرهەم و کاڵاکانی تورکیا.

 

لە تازەترین پێشهاتیشدا کە بە هۆی دۆخی غەززە و ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر حەمماس هاتووەتە ئارا، وەک کاردانەوە سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانێکی تایبەتی بۆ ئیسڕائیل هەڵوەشاندەوە و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی”هیچ کێشەیەکی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا نییە”، بەڵام “هەرگیز پەسەندی ئەو کارە دڕندەییانەی ئیسڕائیل ناکات”.

 

پێشتر و لە ساڵی 2017شدا دوابەدوای ئەو مشتومڕ و گرژییانەی لەسەر ناساندنی قودس وەک پایتەختی دەوڵەتی ئیسڕائیل دروستبوون، بەدیاریکراوی ناساندنی قودس وەک پایتەختی دەوڵەتی ئیسڕائیل لەلایەن دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئیسڕائیلی بە “دەوڵەتێکی تیرۆریست” ناوبرد.

 

بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ، لە وەڵامی ئەردۆغاندا وتبووی، “من وانەی ئەخلاق لە ئەردۆغان وەرناگرم، کە گوندە کوردنشینەکان بۆردمان دەکات”.

بلینکن “هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ڕوسیا و کۆریای باکور جێگای نیگەرانین”
پێشت بلینکن “هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ڕوسیا و کۆریای باکور جێگای نیگەرانین”
ئیمارات ٢٥ تۆن هاوکاری ڕەوانەی کەرتی غەززە کرد
دواتر ئیمارات ٢٥ تۆن هاوکاری ڕەوانەی کەرتی غەززە کرد
ەیوەندیدار