چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ بە کوێ دەگات؟


پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن لەنێوان سەرجەم كەرتەكانی دیكەی هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیرانی دارایی و دابەشنەکردنی مووچەوە، پشكی شێری زیانەکانی بەركەوتووە.

زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ دەبێت پرۆسەی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری وەستاوە، تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ شکاندنی بایکۆتی مامۆستایان نییە، هەمووان نیگەرانن لە چارەنووسی ئەمساڵی خوێندن.

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریانداوە، کە بایکۆت بەردەوامبێت و نەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، وێڕای ئەوەی  مووچەی مانگی ئاب وەرگیراوە، بەڵام مامۆستایان جەخت لەوە دەکەنەوە تا سەرجەم داواکارییەکانیان لە؛( وەرگرتنی مووچەی سەرجەم مانگەکان، پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەکانیان ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری بەغدا) جێبەجینەکرێت ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان شاهیدی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوانی هەزاران مامۆستایە، بەڵام بێ هەڵوێستی هەڵبژاردووە و بە دەنگ داواکاریی مامۆستایانەوە نایەت، خەمساردی و بێباکی حکومەت هێندەی دیکە مامۆستایانی توڕە کردووە.

لەلایەکی دیکەوە چارەنووسی پڕۆسەی ئەمساڵی خوێندن نا دیارە و بەهۆی بایکۆتەوە زیاتر لە ٧١٣ هەزار خوێنکار لەسنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بێ بەشن لە خوێندن، ئەمەش یەکسانە بە زیاتر لە ٤٥ هەزار مامۆستا، ناڕەزایەتی خوێندکارانیش لەلایەکی دیکەوە سەریهەڵداوە داوا دەکەن پڕۆگرامی خوێندن کەمبکرێتەوە و ماوەی تاقیکردنەوەی وزاری درێژبکرێتەوە، دەڵێن ئەوان بوونەتە زەرەرمەندی بایکۆت.

هەمووان ناڕازیین و داواکارییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام حکومەتی هەرێم بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەوڵی تەواوی خۆیانداوە و مافی مامۆستایان لەلای حکومەتی عێراقە نەک هەرێم.

هاوکات وەزارەتی پەروەردە دەبوو ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت، بەڵام دووپاتی دەکاتەوە کە داواکاری مامۆستایانیان گەیاندووە بە ئەنجومەنی وەزیران و ئەوان دەسەڵاتی جیبەجێکردنی داواکارییەکانیان نییە، وەزیری پەروەردەش داوای خۆڕاگری لە مامۆستایان دەکات.

لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە حکومەت بە بیانووی جۆراوجۆر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەبڕێت، هەموو ساڵێکیش چەند مانگێک بایکۆت دەکرێت سەرەنجام بە دابەشکردنی مووچەیەک بایکۆت دەشکێت و  هەمان ڕێچکە دووبارە دەبێتەوە، هاوکات حکومەت چەندین بەڵێنی بێ کردار دەدات.

ئێستا حکومەتی عێراق مووچەی مانگی تشرینی دووەم دابەشدەکات، مووچەخۆرانی هەرێمیش چەند ڕۆژێک دەبێت مووچەی مانگی ئاب- یان وەرگرتووە، هەمووان دەپرسن ئایا ئەمجارە مامۆستایان دەتوانن دۆخەکە یەکلای بکەنەوە و بگەنە چارەسەرێکی ڕیشەیی؟ یاخود ئەمساڵی خوێندن هەڵدەوەشێتەوە؟

هاوکات بەشی زۆرینەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیدارن بە کەرتی پەروەردەوە، له‌ هه‌رێمى كوردستان زیاتر لە ١١٥هه‌زار و  ٢٣٩مامۆستا، ملیۆنێك و ٧٢٠ هه‌زار و ٩٧٦ خوێندكار هه‌یه‌.

ساڵی خوێندن نزیک دەبێتەوە لە کۆتای وەرزی یەکەم، دەبوو ئێستا ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکان بکرایە، بەڵام تا ئێستا بەشێکی زۆر کەمی وانەکانی پۆلی ١٢ خوێندراوە، کە لە ١٨ تشرینی یەکەمەوە گەڕاونەتەوە هۆڵەکانی خوێندن بە نیوە ناچڵ وانەکانیان دەخوێنن، قۆناغەکانی دیکەش دەستیان بە خوێندن نەکردووە.

تا ئێستا وەزارەتی پەروەردەش هیچ پلان و بەرنامەیەکی بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو ماوەیەی خوێندن نییە، کە بەهۆی بایکۆتەوە فەوتاوە.

 

خوێندگە حکومییەکان پەراوێزخراون
له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، دوو هه‌زار و ١٥٩ قوتابخانه‌‌ و خوێندنگه‌ هه‌یه‌ و ٣٧ هه‌زار و ٦٥٣ مامۆستا هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ٥٣٧ هه‌زار و ٣٢١ قوتابى‌ و خوێندكار له‌ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كاندا، هاوكات ٢٢٤ قوتابخانه‌‌ و خوێندنگاى تایبەت هه‌ن، كه‌ تێیاندا چوار هه‌زار و ٣٨٦ مامۆستا و ٣٠ هه‌زار و ٩٥١ قوتابى‌ و خوێندكار لەخۆدەگرن.

له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك، هه‌زار و ٦٠٤ قوتابخانه‌‌ و خوێندنگا هه‌یه‌، زیاتر له‌ ٢٦ هه‌زار و ٦٢٧ مامۆستاى هه‌میشه‌یى بوونی هه‌یه‌، هاوكات هه‌زار و ٣١١ مامۆستاى گرێبه‌ست هه‌ن، كه‌وانه‌ به‌ ٤٨٩ هه‌زار قوتابى‌ و خوێندكار ده‌ڵێنه‌وه‌.

له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى دوو هه‌زار و ٤٨٦ قوتابخانه‌‌ و خوێندنگا هه‌یه‌ و زیاتر له‌ ٤٧٠ هه‌زار قوتابى‌ و خوێندكاریش له‌لایه‌ن ٣١ هه‌زار و ٥٠٠ مامۆستاوه‌ وانه‌یان پێده‌وترێته‌وه‌.

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، ١٦٠ قوتابخانه‌ى حكومى و چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كى تایبەت هه‌یه‌، چوار هه‌زار و ٨١٧ مامۆستا هه‌یه‌ كه‌ وانه‌ به‌ ٢٧ هه‌زار قوتابى‌ و خوێندكار ده‌ڵێنه‌وه‌.

مامۆستایان ئاماژە بەوەدەکەن بەهۆی ئەوەی حکومەت ئاڕاستەی خوێندنی بەرەو کەرتی تایبەت بردووە بۆیە گرنگی بە وەستانی خوێندن لە خوێندنگە حکومییەکان نادات و بە دەنگ داواکاری مامۆستایانەوە نایەت.

مەریوان سەڵاح، مامۆستا لە ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ، ئاماژەی بەوەکرد لە مێژە حکومەتی هەرێم ئاڕاستەی هەموو سێکتەرەکانی بەرەو کەرتی تایبەت بردووە، خۆیان حەز دەکەن کەرتی حوکمی نابوت ببێت تا خوێندکاران ڕوو لە کەرتی تایبەت بکەن، چونکە هی بەرپرسانی خۆیانە، بە گشتی کەسانی ئاستی مامناوەند، بەرپرس و دەسەڵاتدار لە خوێندنگای تایبەت دەخوێنن، بۆیە بۆیان گرنگ نیە چارەنووسی خوێندنی حکومی بە کوێ دەگات.

مامۆستا دڵشاد، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، باسی لەوەکرد، نابێت بەهۆی کردنەوەی خوێندنگە تایبەتەکان پڕۆسەی خوێندن لە خوێندنگە حکومییەکان پشتگوێبخرێت، تاکێک بخرێتە پێشەوە و تاکێکی دیکە ببرێتە دواوە، چونکە لاسەنگی لە پڕۆسەی خوێندن بە گشتی دروستدەکات.

 

کاریگەری بایکۆت لەسەر پڕۆسەی خوێندن؟

لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە قوتابیان بەنیوە و ناچڵ وانە دەخوێنن و هیچ ساڵیك نەتوانراوە وەك پێویست پرۆگرامەكانی خوێندن تەواو بكەن، ئەمەش كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر ئاستی زانستی خوێندکاران.

مامۆستا مەریوان سەڵاح، مامۆستا لە ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ وتیشی، تەنانەت یەک ڕۆژ بایکۆت بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن کاریگەری هەیە، بەڵام مامۆستا پێویستی بە داهاتە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بەبێ ئەوانە ناتوانێت ژیانی بەرێ بکات، چونکە بە گشتی تەنها سەرچاوەی داهاتی مامۆستا مووچەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاستە خوێندن گرنگە، بەڵام حکومەت نانی مامۆستای بڕیووە و نان لە پلەی یەکەمی پێداویستییەکانی ژیاندایە و پێویستییەکانی دیکە لە دوای بژێوی ژیانەوە دێن، ئەگەر ژیان لە مرۆڤ بگیرێتەوە ئیتر هیچی بۆ نامێنێتەوە.

وتیشی، ئێستا هەر مامۆستایەک ٣٠ بۆ ٤٠ ملیۆنی لای حکومەتە، حکومەت بەڵێنیدا ئەگەر نرخی نەوت بەرزببێتەوە قەرزەکانی مامۆستا بداتەوە، بەڵام پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوت نرخەکەی گەیشتە ١٢٠ دۆلار، بەڵام پاشەکەوتی نەدایەوە بە مامۆستا، بۆیە هەموو گرفتەکانی خوێندن لە ئەستۆی حکومەتە.

بەوتەی مامۆستا دڵشاد، سەرپەرشتیاری پەروەردەی، قەرەبووی کاتی خوێندن دەکرێتەوە، بەڵام قەرەبووکردنەوەی زانست ئەستەمە، چونکە پڕۆگرامی خوێندنی هەر ساڵێک بە شێوەیەک داڕێژراوە خوێندکار پێبگەیەنێت.

سەبارەت بە جیاوازی هەڵوێستی ئەمجارەی مامۆستایان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، مامۆستا مەریوان باسی لەوە کرد، ئەمجارە مامۆستایان فشارێکی زیاتریان کردووە و داوایانکردووە دابەشکردنی مووچە لەلایەن بانکەکانی عێراقەوە بێت، ئامادەنین سازش لەسەر مافەکانیان بکەن.

هاوکات مامۆستا دڵشاد ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت کەسانی ناڕازی گوێیان لێبگیرێت، مامۆستایان چەند داواکارییەکیان خستووەتەڕوو، بۆ ئەوەی مامۆستایان ڕازیبکرێن دەبێت چەند خاڵێک لە داواکارییەکانیان جێبەجێبکرێت.

 

خوێندنی ئەمساڵ هەڵدەوەشێتەوە؟

سەبارەت بە فەوتانی ئەمساڵی خوێندن مشتومڕی جیاواز دروست بووە، هەندێک لە لایەنەکان ڕایانگەیاندووە بەپێی یاساکانی یونسکۆ لە هەر شوێنیێک بەهەر هۆکارێک ٤٥ ڕۆژ خوێندکاران وانە نەخوێن، پرۆسەی خوێندنی ئەو ساڵە هەژمار ناکرێت، بەڵام چالاکوانان و بەشێک لە مامۆستایان دەڵێن فەوتانی ئەمساڵی خوێندن لە دەسەڵاتی یونسکۆ نییە.

هاوکات تا ئێستا وەزارەتی پەروەردە ئامادەنییە سەبارەت بەم بابەتە هیچ ڕوونکردنەوەیەک بڵاوبکاتەوە، هەوڵەکانی پەیوەندیکردن بە یونسکۆ شبە هەمان شێوە بێ ئەنجام ماونەتەوە، سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش لەمبارەیەوە ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر بابەتەکە بدات.

لە خانەقین تا زاخۆ بارانی بەخوڕ دەیگرێتەوە
پێشت لە خانەقین تا زاخۆ بارانی بەخوڕ دەیگرێتەوە
بانکی ناوەندیی: ڕێژەی هەڵاوسان دابەزیوە
دواتر بانکی ناوەندیی: ڕێژەی هەڵاوسان دابەزیوە
پەیوەندیدار