لیواكانی پاسەوانی سنوور، هەرێم دەخنكێنن



شڕۆڤەكاران دەڵێن “لیواكانی پاسەوانی سنوور بۆ دابڕینی باشوورە لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باكوور و ڕۆژئاوا، چونكە جموجۆڵی كوردان لە چوارپارچە ئەنقەرە و تارانی تەنگەتاوكردووە”.

پێكهێنانی لیواكانی پاسەوانی سنوری هەرێمی كوردستان ماوەیەكە مشتومڕی دروستكردووە و شڕۆڤەكاران گومانیان لە ئەو هەنگاوەی بەغدا هەیە، چونكە دوای سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ تاران بەغدا ڕێوشوێنەكانی خێراكرد.

شەوی ڕابردوو لەكۆبوونەوەیەكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و شاندێكی سەربازی بەغدا ئاشكراكرا كە لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕێوشوێنەكانی بڵاوكردنەوەی هێز لە سنوورەكانی توركیا و ئێران دەستپێدەكات.

لیواكانی پاسەوانی سنوور تا ئێستا میكانیزمەكانی پێكهێنانی ڕوون نەكراوەتەوە بە فەڕمی، بەڵام زانیاری هەیە دەڵێن لە هاووڵاتیانی هەرێم پێكدەهێنرێت.

ئەم بڕیارەی حكومەتی عێراق كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە و لەلایەكەوە دەوترێت، ئەو لیوایە بە ئاگاداری حكومەتی هەرێم پێكدەهێنرێت و دەرفەتی كار دەڕەخسێنێت و سنوورەكانی هەرێم تۆكمەتر دەكرێن، بەڵام لەلایەكی دیكەوە دەوترێت بۆ هەڵخەڵەتاندنی هەرێم و بەكارهێنانی هاووڵاتییەكانیەتی لە بەرژەوەندی حكومەتی عێراق و دواجاریش ئەو هێزە دژی هەرێمی كوردستان و كورد بەكاردەهێنرێتەوە.

بەڕای شارەزایان ئەو هێزە بە بڕیاری ئێران و بەئاگاداری توركیا لەلایەن بەغداوە پێكدەهێنرێت بۆ دابڕینی باشووری كوردستان لە ڕۆژهەڵات و باكووری كوردستان، بە ئامانجی لێدان لە پێگەی كورد بە گشتی، لەكاتێكدا لە هەموو پارچەكانی كوردستان جموجۆڵی كوردان هەیە و ئێران و توركیای تەنگەتاو كردووە.

بە بڕوای بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگەی پەڕلەمانی كوردستان، پێكهێنانی ئەو لیوایە بۆ خنكاندن و بێدەسەڵاتكردنی حكومەتی هەرێمە لەبەرامبەر حكومەتی عێراقیدا.

ڕزگار حەمەد محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لیژنەی پێشمەرگەی پەڕلەمانی كوردستان زۆر ئاگاداری ئەو بابەتە نییە و نازانین هەرێمی كوردستان ڕەزامەندە یان نا، مەرجی پێكهێنانی لیواكە ئەوەیە كە تەنها بۆ كوردە، بەڵام سەرپەرشتیكردنی لە دەسەڵاتی حكومەتی عێراقە. دەشڵێت”بڕیاری پێكهێنانی ئەو لیوایانە لەناكاوبوو”.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات، پێشتر بڕیاربوو دوو لیوا پێكبهێنرێن، یەكێكیان كورد بێت و ئەوەی دیكە سەر بە حكومەتی عێراق بێت بۆ ئەو ناوچانەی كێشەیان لەسەرە و بۆشایی ئەمنی هەیە، بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە، بەڵام بە مەبەست ئەوە نەكرا و پێكنەهێنرا.

دەشڵێت “سەیرە ئەم لیوایە بەخێرایی پێكهێنراوە، پێشبینی دەكەین ئەو لیوایە تەنها بۆ ئەوە بێت كە دەسەڵاتی عێراق زاڵتر بكات و بۆ خنكاندنی هەرێمە، دەبوو لیواكە هاوبەش بوایە”.

بەبڕوای بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگەی پەڕلەمانی كوردستان، “پێكهێنانی ئەو لیوایە بۆ بێدەسەڵاتكردنی هەرێمە، ئەگەر بە ئاگاداری هەرێم بێت و خۆی سەرپەرشتی بكات و فەرماندەكانی لەلایەن كۆلێژە سەربازییەكانی هەرێمەوە دەستنیشان بكرێن باشە، بەڵام ئەگەر فەرماندەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق بن ئەوە كارەساتە”.

دەشڵێت،” دۆخی ئابووری خەڵكی هەرێم باش نییە و بەهۆی ئەوەی دامەزراندن نەماوە هاووڵاتییان بە ناچاری پەنا بۆ دامەزراندن لەو لیوایەدا دەبەن، دەچێتە ئەو لیوایە و ئەوەش مەترسییەكی دیكەیە بۆ سەر گەنجانی هەرێم”.

لە لایەكی دیكەوە موسەنا ئەمین، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەوەتەی ڕژێمی پێشوو ڕووخاوە، پێشمەرگەش وەك پاسەوانی سنوور مامەڵەی لەگەڵدەكرێت، پاسەوانی سنور لیوای تایبەتیان هەیە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن.

دەشڵێت، ئەو لیوای پاسەوانی سنوورەی كە بڕیاری پێكهێنانی دراوە هەر لە خەڵكی ئەو سنوورانە پێكهاتوون و چاودێری سنوورەكان دەكەن، حكومەتی هەرێم خۆی هەموو جارێك داوای كردووە كە پاسەوانی سنوور زیاد بكرێت بۆ پاراستنی سنوورەكانی.

ئەو پەڕلەمانتارەی عێراق دەڵێت، “بڕیاری دامەزراندنی لیوای پاسەوانی سنوور دەرفەتی كار بۆ گەنجانی كورد دەڕەخسێنێت و سنوورەكانیش پارێزراوتر دەبن”.

 

 

ڕووسیا هۆشداری توندی دایە توركیا
پێشت ڕووسیا هۆشداری توندی دایە توركیا
كۆرپەیەكی 400 كیلۆگرامی لە مردن ڕزگاركرا
دواتر كۆرپەیەكی 400 كیلۆگرامی لە مردن ڕزگاركرا
ەیوەندیدار