ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دوادەخات


ڕۆژی دووشەممە، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە تەلئەبیب ڕازی بووە بە داواکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی بۆ دواخستنی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە، تا ئەو کاتەی هێزی زیاتری ئەمەریکا دەگەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، واشنتۆن داوای لە ئیسرائیل کردووە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەرتی غەززە دوابخات، بۆ ئەوەی باشتر خۆی ئامادە بکات بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

سەرچاوەکە پێشبینی دەکات دوای ئەوەی ئیسرائیل بڕیاری ناردنی هێز بۆ غەززە دەدات، ڕەنگە ژمارەی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا زیاد بکات.

ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە دەکرێت هێرشەکان لە لایەن گروپە ناوچەییەکانەوە ئەنجام بدرێت کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کرد کە ئۆپەراسیۆنەکە دوابخات، نەک تەنها لەبەر هۆکاری ئەمنی، چونکە واشنتۆن دەیەوێت کات زیاد بکات بۆ دانوستانەکان بۆ ڕێکخستنی ئازادکردنی بارمتەکان و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی.

ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا هیچ داواکارییەک لە ئیسرائیل ناکات، بەڵام هێشتا پشتیوانی لە نیازی ئەو وڵاتە دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی و لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماس.

ئەو سەرچاوەیە بۆ ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا ئامۆژگاری ئیسرائیلی کردووە بۆ دواخستنی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیری بەرگری ڕۆژانە لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلیەکەی، یۆاڤ گالانت پەیوەندی دەکات و هەردوولا باس لە دابینکردنی چەک و جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەن.

یەکێک لە سەرچاوەکانی ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە، لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئیسرائیلیشی ئاگادارکردووەتەوە کە گەڕانەوەی بارمتەکان لە پێشینەی کارەکانی ئەمریکایە.

بەهەمان شێوە، سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکدا کە دوێنێ یەکشەممە بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند، “ئازادکردنی هاووڵاتیانی ئەمریکی جودیت و ناتالی ڕانان، ئەگەری ئازادکردنی بارمتەکان لە ڕێگەی دانوستانەوە زیاد دەکات”.

کەناڵەکە بە گێڕانەوەی سەرچاوەکان لە واشنتۆن ئاماژەی بەوە کرد، “ئیدارەی ئەمریکا فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی چوونە ناوەوەی هێزی زەمینی بۆ ناو کەرتی غەززە دوابخات”.

سوپای ئیسرائیل ژمارەی کوژرا و دیلەکانی بڵاوکردەوە
پێشت سوپای ئیسرائیل ژمارەی کوژرا و دیلەکانی بڵاوکردەوە
نرخی دۆلار بەرزبووەوە
دواتر نرخی دۆلار بەرزبووەوە
پەیوەندیدار