“هەرێم تا ئێستا سندوقی خانەنشینی نییە و چارەنووسی لێبڕینی خانەنشینی لە مووچە دیارنییە”



ڕاوێژكارێكی یاسایی ئاشكرای دەكات، كە نزیكەی 18 ساڵە یاسای خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان بەركارە، كە بەپێی یاساكە دەبێت سندوقی خانەنشینی هەبێت بۆ هەڵگرتنی پارەی لێبڕینی خانەنشینی مووچە و دەشڵێت: “تا ئێستا داهاتی لێبڕینی خانەنشینی لە مووچە لەو ماوەی نزیكەی 18 ساڵەدا چارەنووسی نادیارە”.

عەبدولقادر ساڵح، ڕاوێژكاری یاسایی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەپێی ماددەی (3/ یەکەم) لە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە (27)ی ساڵی 2006 هەموو فەرمانبەرێک (7%) لە مووچەی بنەڕەتی دەبڕدرێت بۆ مەبەستی خانەنشینی و بەگوێرەی ماددەی (18) ی یاساکە بڕی ئەو (7%) لە مووچەی خانەنشنیی فەرمانبەران دەبڕدرێت لەگەڵ (12%)ی مووچەی ببنەڕەتی دەوڵەت بەشداری پێدەکات بۆ سندوقی خانەنیشی و هەڵدەگیرێت و مووچەی خانەنشینانی پێ دەدرێت.

ڕاشیگەیاند، ئەم یاسایە لە مانگی (1/ 2006) ەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە ، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەی لە مووچەی فەرمانبەران بڕاوە بە ناوی راگیراوەکانی خانەنشینی (توقیفات تقاعدیە) نەخراوەتەوە ئەو سندوقەوە و هەر لە بنەڕەتەوە ئەو سندوقەوە دانەمەزراوە.

ڕوونیشی كردەوە، بنەما لەسەر ئەمە، ئەگەر بە تێکڕا (650.000) فەرمانبەر وەربگرین و بۆ هەر یەکەشیان مانگانە بڕی (20.000) هەزار لە مووچەکەیان بڕابێت بۆ مەبەستی خانەنشینی و بۆ ماوەی نێوان ساڵانی (2006 تا مانگی 10 / 2023) ئەوا چارەنووسی ئەم بڕە پارەیەی خوارەوە دیار نییە، کە لە مووچەی فەرمانبەران بڕاوە، لە کاتێکدا دەبوا مووچەی خانەنشینان تێکەڵ بە هیچ شتێکی دیکە نەکرێت و بەپێی ماددەی (20)ی یاساکە و ئەو داهاتەی بۆ سندوقەکە دیاریکراوە ، ئەوا مووچەی خانەنشینانی مسۆگەر دەکرد بێ ئەوەی مووچەی ئەم توێژە گرێ بدرێت بە مووچەی فەرمانبەرانەوە.

ئەو ڕاوێژكارە یاساییە بەشێوەیەكی گریمانەیی داهاتی لێبڕینی خانەنشینی لە مووچە ڕوون دەكاتەوە، كە دەبوو لەناو سندوقی خانەنشینی هەبێت::
650.000 فەرمانبەر × 20.000 لێبرینی پشكی خانەنشینی = 13.000.000.000 سیازدە ملیار دینار مانگانە .
13.000.000.000 سیازدە ملیار دینار مانگانە × 12 مانگ = 156.000.000.000 سەد و پەنجاو شەش ملیار دینار ساڵانە.
156.000.000.000 × 17 ساڵ و 10 مانگ = 2.769.000.000.000 دوو تریلیۆن و حەوت سەد و شەست و نۆ ملیار دینار دەکات.

عەبدولقادر ساڵح، ڕاوێژكاری یاسایی ئاشكراشی كرد، بۆ ماوەی نێوان (1/1/ 2006 تا 1/10/2023 ) بڕی دوو تریلیۆن و حەوت سەد و شەست و نۆ ملیار دینار لە مووچەی فەرمانبەران بڕاوە بە ناوی راگیراوەکانی خانەنشنیی کەچی تا ئێستا لە بنەڕەتەوە سندوقەکە بوونی نییە و فلسی تێدا نییە!!

جەختیشی كردەوە، ئەو بڕەی لای سەرەوە دیاریکراوە تەنها داهاتی (7%) ی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران بۆ خانەنشینی نەک (12%) کە بەپێی یاساکە دەبوا حکومەت بیدایە و بەڵام نەیداوە.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی كرد بە هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم و پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، بەڵام پەیوەندییەكانیان بەردەست نەبوون.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی هەرێم بەردەوام ڕایدەگەیەنێت، كە ئەو داهاتەی دێتە بەردەستیان تەرخانی دەكەن بۆ مووچە و خەرجی وەزارەت و فەرمانگەكان، بەڵام ئەوە ڕوون نەكراوەتەوە ئاخۆ ئەو پارەیەی لە مووچە بۆ خانەنشینی دەبڕێت وەك داهات سەیر دەكرێت یان نا و بۆچی تا ئێستا سندوقی خانەنشینی دروست نەكراوە؟

ئەمریکا هاووڵاتیانی ئاگادار دەکاتەوە، عێراق جێبهێڵن
پێشت ئەمریکا هاووڵاتیانی ئاگادار دەکاتەوە، عێراق جێبهێڵن
سبەینێ‌ دابەشكردنی نەوت دەگاتە ئەم شوێنانە
دواتر سبەینێ‌ دابەشكردنی نەوت دەگاتە ئەم شوێنانە
ەیوەندیدار