ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەبەرهێنەران خرایەڕوو



وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنه‌رانی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سه‌رۆك وه‌زیران هه‌وڵ ده‌دات لە ڕێگەی پڕۆژەی وه‌به‌رهێنه‌رانەوە کار بۆ گەشەسەندنی هەریمی کوردستان بکات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاسانکاری پێویستیان بۆ ئەنجامدەدات.

یاسین مەحمود ڕەشید، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنه‌رانی کوردستان لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ  كوردستان 24  ڕایگه‌یاند، كۆبوونه‌وەی سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان گرنگ و پڕ بایەخ بوو، ئامانج تێیدا پێشخستنی وه‌به‌رهێنان بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان، زاڵبوون به‌سه‌ر ئاسته‌نگی و ئاڵەنگارییەکان کە ڕێگری له‌ پێشكه‌وتنیان دەکات.

وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنه‌رانی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هەرێمی کوردستان خاوەنی چەندین وەبەرهێنەری دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرە کە دەیانەوێت خزمەت بکەن، سه‌رۆك وه‌زیران  له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان زۆرترین ده‌رفه‌تی پێدان بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی خۆیان بكه‌ن.

یاسین مەحمود ڕەشید باسی له‌وه‌شكرد، سامان و پڕۆژه‌كانی ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ی بەشداری کۆبوونەوەکەبوون بە نزیکەیی ٥٠ ملیۆن دۆلاره، له‌ كاتێكدا به‌شێكیان له‌ ئێستادا له‌ شاره‌كانی عێراق به‌ بڕی ١٨ ملیۆن دۆلار پڕۆژه‌یان وه‌رگرتووه‌، بۆیه‌ سه‌رۆك وه‌زیران هه‌وڵ ده‌دات سوود لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی بۆ پێشخستنی هەرێمی کوردستان ببینێت.

رۆژی سێشەممە ١٧-١٠-٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لای خۆیەوە حکومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە؛ لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم گرنگی بە کەرتی وەبەرهێنان دراوە، لە پێناو پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی و نەهێشتنی کێشە و ئاستەنگەکان لەبەردەم وەبەرهێنان.

هاوکات مەسرور بارزانی، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری کاراکردنی سیستمی بانکی و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەتایبەتی خزمەتگوزاریی دارایی.

عێراق و ئێران هەوڵی ڕاگرتنی شەڕی سەر غەززە دەدەن
پێشت عێراق و ئێران هەوڵی ڕاگرتنی شەڕی سەر غەززە دەدەن
غەززە لە چاوەڕوانی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکانە
دواتر غەززە لە چاوەڕوانی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکانە
ەیوەندیدار