زانیاری لەسەر داهات و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرادەكرێت



لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هەردوو وەزیری دارایی و هەردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم ئامادەبوون بۆ گفتوگۆ و ڕوونكردنەوە سەبارەت بە پشكی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی فەرمی (العراقیە) سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە كۆبوونەوەكە ڕایگەیاندووە، سبەینێ‌ ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشەی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم ئامادەیان كردووە، واژۆ دەكەن سەبارەت بە وردبینی لە میلاكی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو ڕاپۆرتە ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن و هیوادارن چارەسەری ئەو تێبینیانە بكرێت، كە تیایدا تۆماركراوە.

لای خۆشیەوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەی لیژنەی داراییدا ڕایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان هیچ بڕە پارەیەکی نەکردووەتە ئەو هەژمارەوە، کە بۆ داهاتەکانی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە و وتویەتی، “کردنەوەی هەژمارێك، کە لەسەر بنەمای ئەو هەژمارە هەرێم پابەندە بە دانانی داهاتەكانی بەو پێیەی نوێنەرایەتی گەنجینەی هەرێم دەکات، بەڵام هیچ پارەیەکی تێدا دانەنراوە”.

ڕاشیگەیاندووە، پێداچوونەوەمان بە ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی کردووە سەبارەت بە وردەکارییەکانی پەیوەست بە مادە تایبەتەکانی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵی.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوای كۆبوونەوەكە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا تێگەیشتنێکی باش لەبارەی کێشەی مووچەخۆرانەوە هەبوو، هەردوولا هاوراین بۆ چارەسەرێکی ڕیشەیی ئەم بابەتە. شاندی عێراق و هەرێم هاوڕابوون کێشەی مووچە چارەسەربکرێت، بەجۆرێک مووچە لەسەرجەم کێشە سیاسییەکان جیابکرێتەوە تاوەکو لەوە زیاتر خەڵکی هەرێم باجی ئەو کێشانە نەدەن.

لەبارەی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارە قەرزەکە بۆ هەرێم، وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، “هیچ رێگرییەک نییە بۆ ناردنی 700 ملیارەکە بۆ هەرێم، و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە ناردنی دەکرێت”.

بۆ مووچەی ئەو سێ مانگەی تر ئاوات شێخ جەناب وتی، “لەسەر خەتین و وردە وردە سەرەی ئەوانیش دێت گفتوگۆیان لەبارەوە بکەین”.

بایدن بۆ ئیسرائیل : بەتەنها نین و پشتیوانتانین
پێشت بایدن بۆ ئیسرائیل : بەتەنها نین و پشتیوانتانین
بنزیما توشی گرفت دەکرێت و ڕەنگە سزا بدرێت
دواتر بنزیما توشی گرفت دەکرێت و ڕەنگە سزا بدرێت
ەیوەندیدار