ئەو وڵاتانە کامانەن کە دژی هێرشەکانی ئیسرائیلن بۆ سەر غەززە؟



لە باشووری ئەفریقاوە تا نەرویج، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، داوای کۆتایی هێنان بە گەمارۆی غەززە دەکەن.

پاش زیاتر لە هەفتەیەک لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی.

هاوکات بەردەوامی ئیسرائیل لە بۆردومانکردنی غەززە و هێرشکردنە سەر فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو، چەندین حکومەت دەستیان کردووە بە ڕەخنەگرتن لە هێرشەکانی ئیسرائیل.

 

جەزائیر

وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر نیگەرانی قووڵی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەربڕی و تۆمەتباری کرد بە پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها جەزائیر داوای دەستێوەردانی خێرای نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی گەلی فەلەستین کرد.

 

یەکێتی ئەفریقا

موسا فاکی مەهامەت، سەرۆکی یەکێتی ئەفریقا تیشکی خستە سەر ڕەتکردنەوەی مافە بنەڕەتییەکانی گەلی فەلەستین وەک هۆکاری سەرەکی گرژییەکانی ئێستا.

یەکێتیی ئەفریقا بانگەوازی لە هەردوولا کرد کۆتایی بە دوژمنایەتییە سەربازییەکان بهێنن و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.

 

بەلیز

بەلیز وێڕای ئیدانەکردنی دوژمنایەتییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل و خوازیاری کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانە، هاوکات پشتیوانی لە دەوڵەتی فەلەستینی دەکات و داوای مافی گەڕانەوەی فەلەستینییە ئاوارەبووەکانی زێدی باوباپیرانی خۆیان دەکات.

 

بەڕازیل

ماورۆ لویز ئیکەر ڤیێرا، وەزیری دەرەوەی بەرازیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی نیگەرانبووە “کاتێک هێزەکانی ئیسرائیل داوای لە ملێۆنێک هاووڵاتیانی مەدەنی کردووە کە باکووری غەززە دەژین، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بەجێیبهێڵن”.

 

کۆڵۆمبیا

گوستاڤۆ پترۆی، سەرۆکی کۆڵۆمبیا جەختی لە پێویستی هاتنی ئیسرائیل و فەلەستین بۆ سەر مێزی دانوستان و کارکردن بۆ چارەسەری ململانێکانی دوو دەوڵەتی کردەوە.

 

لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشتر) بڵاویکردەوە و ڕایگەیاند، “پاش هێرشەکانی جولەکە غەززە ئەمڕۆ وەک وێرانبوو دەردەکەوێت”.

 

کوبا

کوبا توندوتیژییەکانی ئیسرائیل و فەلەستینی شەرمەزار کرد و هۆکارەکەی بۆ پێشێلکردنی لەمێژینەی مافی فەلەستینییەکان گەڕاندەوە.

 

ئەندەنوسیا

ئەندەنوسیا داوای کردووە دەستبەجێ کۆتایی بە توندوتیژیەکان بهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لە قوربانیی زیاتر، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە داگیرکردنی خاکی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەگی ململانێکان بووە.

 

عێراق

عێراق بە هەمان شێوە هێرشەکانی سەر غەززەی بە درێژەی ستەمکارییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی فەلەستین ناوبرد.

 

ئێران

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، خۆڕاگریی فەلەستینی بە کاردانەوەیەکی سروشتی بەرامبەر بە ئیستفزازی ئیسرائیل وەسف کرد.

 

ئێرلەندا

لیۆ ڤارادکار، سەرۆک وەزیرانی ئێرلەندا، کردەوەکانی ئیسرائیلی لە بڕینی کارەبا، دابینکردنی سووتەمەنی و ئاوی ئیدانە کرد و بە پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و سزادانی بە کۆمەڵ ناوی برد.

 

کوێت

وەزارەتی دەرەوەی کوێت نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەکانی غەززە دەربڕی، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد توندوتیژییەکان بوەستێنن و گەلی فەلەستین بپارێزن و کۆتایی بە ئیستفزازی ئیسرائیل بهێنن.

هۆشداری داوە لەوەی بەردەوامبوونی توندوتیژی بەبێ ڕێگریکردن، هەوڵەکانی ئاشتی و ئاسۆی چارەسەری دوو دەوڵەتی تێکدەدات.

 

مەغریب

مەغریب کە بە پێی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام بەرەو پەیوەندی دیپلۆماسی تەواو لەگەڵ ئیسرائیل هەنگاو دەنێت، نیگەرانی قوڵی لە دۆخی غەززە دەربڕی و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی توندوتیژی و گەڕانەوە بۆ ئارامی کرد.

هاوکات مەغریب جەختی لە گرنگی وتووێژ و دانوستان وەک ڕێگای گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەتی کردەوە.

لە دانیشتنێکی کۆمکاری عەرەبیدا، ناسر بۆریتا، وەزیری دەرەوەی مەغریب، جەختی لە پشتیوانی تەواوی مەغریب بۆ فەلەستین کرد.

 

مالیزیا

مالیزیا خوازیاری کۆتایی هێنان بە توندوتیژی لە کەرتی غەززە، تیشکی خستە سەر داگیرکاری و ئازارە درێژخایەنەکانی گەلی فەلەستین.

 

ماڵدیڤ

حکومەتی ماڵدیڤ نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی توندوتیژی لە کەرتی غەززە دەربڕی و هاوسۆزی خۆی لەگەڵ گەلی فەلەستین دووپاتکردەوە.

حکومەتەکەی ڕایگەیاندووە کە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها لە ڕێگەی چارەسەری دوو دەوڵەتییەوە بەدەست دێت، لەسەر بنەمای سنوورەکانی پێش ساڵی ١٩٦٧ دامەزراوە و قودسی ڕۆژهەڵات وەک پایتەختی فەلەستین بێت.

 

نەرویج

ئانیکن هویتفێڵد، وەزیری دەرەوەی نەرویج ڕەخنەی لە گەمارۆدانی تەواوی غەززە گرت، جەختی لەوە کردەوە، ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی دەبێت پابەند بێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان.

ئانیکن هویتفێڵد، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ”  گەمارۆکانی کەرتی غەززە وەک، دەستڕاگەیشتن بە کارەبا، ئاو، خۆراک و کاڵای دیکە کە پێویستن بۆ مانەوەی دانیشتوانی مەدەنی لە غەززە، جێگەی قبوڵکردن نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “وێرانکارییەکانی کەرتی غەززە زۆر گەورەیە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی کوژراون، بە لەبەرچاوگرتنی گەمارۆی تەواو لەلایەن ئیسرائیل و داخستنی دەروازە سنوورییەکان و بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ترسم هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا دانیشتوانی مەدەنی لە غەززە ڕووبەڕووی سەختی زیاتر ببنەوە”.

 

عومان

وەزارەتی دەرەوەی عومان نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی بەردەوامی گرژییەکانی نێوان فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان دەربڕی، داوای دەستێوەردانی نێودەوڵەتی دەکات بۆ وەستاندنی جەنگەکە.

عومان جەختیکردەوە لەسەر گرنگی پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، تیشکی خستە سەر پێویستی ستراتیژی دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە، هەمەلایەنە و بەردەوام بۆ پرسی فەلەستین لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی.

 

قەتەر

قەتەر داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە، هاوکاربن لە وەستاندنی گرژییەکانی سەر کەرتی غەززە، ئیسرائیلیشی بە بەرپرسیار زانی لە پێشێلکردنی مافی فەلەستینییەکان بەتایبەتی دەستدرێژیکردنە سەر مزگەوتی ئەقسا.

وەزارەتی دەرەوە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ئیسرائیل ناچار بکات ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافە مێژووییەکانی گەلی فەلەستین بگرێت و ڕێگری لە توندوتیژی زیاتر بکات بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی فەلەستین.

 

قەتەر هەڵوێستی پتەوی خۆی بۆ پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین دووپاتکردەوە، لەوانە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ لەگەڵ قودسی ڕۆژهەڵات وەک پایتەختی وڵاتەکەی.

 

ڕووسیا

ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بە هێز چارەسەر ناکرێت بەڵکو بە ڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسی چارەسەر دەکرێت.

ڕووسیا داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و دەستبەرداربوون لە توندوتیژی و پرۆسەی دانوستان بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

ڤلادیمێر پوتین سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لە “دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین و قودسی ڕۆژهەڵات پایتەختی” کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

 

هەروەها مۆسکۆ ڕەتیکردەوە بزووتنەوەی حەماس بخاتە لیستی ڕێکخراوی “تیرۆریستی”ەوە، ئەمەش دوای هەنگاوە هاوشێوەکانی فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا.

 

سوریا

سوریا ستایشی لایەنە خۆڕاگرییە فەلەستینییەکانی پشت هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی ڕابردووی کردووە، هاوکات ڕەخنەی لە داگیرکاری و گەمارۆدانی ئیسرائیل گرتووە.

 

باشوری ئەفریقا

سیریل ڕامافۆسای، سەرۆکی ئەفریقای باشوور ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکی گشتیدا جەختی لەسەر پشتیوانی مێژوویی وڵاتەکەی بۆ “خەباتی دادپەروەرانە” فەلەستینییەکان کردەوە.”

وتیشی، “هەموو ئەوانەی لێرە وەستاوین بەڵێنی هاودەنگی خۆمان لەگەڵ گەلی فەلەستین دەدەین”.

 

ڤەنزوێلا

حکومەتی ڤەنزوێلا نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دۆخی کەرتی غەززە دەربڕی و داوای کۆتایی هێنان بە توندوتیژی لە سەرانسەری خاکی فەلەستین کرد لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و پابەندبوون بە بڕیارنامەی ٢٣٣٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ڤەنزوێلا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد ڕۆڵی خۆی وەک زامنکاری ئاشتی و یاسایی نێودەوڵەتی بەجێبهێنێت.

چی دەربارەی کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکانی ئەمریکا دەزانیت؟
پێشت چی دەربارەی کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکانی ئەمریکا دەزانیت؟
زیاتر لە 10 هەزار زەوی تاپۆ کران
دواتر زیاتر لە 10 هەزار زەوی تاپۆ کران
ەیوەندیدار