ئیسڕائیل: غەززە داگیر ناکەین، بەڵکو حەماس لەناو دەبەین



نوێنەری ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت غەززە داگیر بکات، بەڵکو “هەرچی پێویست بێت” بۆ لەناوبردنی حەماس ئەنجامی دەدات.

 

گەلعاد ئەردان، نوێنەری ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی دووشەممە ١٦ – ١٠ – ٢٠٢٣ بە سی ئێن ئێن-ی راگەیاند؛ ئێمە دەبێت هەرچی پێویست بێت بۆ نەهێشتنی تواناکانی حەماس بیکەین و ناشمانەوێت غەززە داگیر بکەین.

 

ئەم لێدوانەی  ئەردان دوای ئەوە دێت کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دایە ئیسرائیل لە داگیرکردنی کەرتی غەززە لەکاتێکدا سوپای ئیسڕائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ هێرشێکی بەرفراوانی زەمینی.

 

نوێنەری ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: ئێمە نامانەوێت غەززە داگیر بکەین یان لە غەززە بمێنینەوە، بەڵکو بە پشتبەستن بەو ڕاستییەی کە ئێمە خەبات دەکەین بۆ مانەوە و تاکە ڕێگەش وەک سەرۆک بایدن وتوویەتی، نەهێشتنی حەماسە، ئێمە دەبێت هەرچی پێویست بێت بیکەین بۆ نەهێشتنی تواناکانی ئەو گرووپە.

 

پێشتر جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی ڕاگەیاندبوو، ئیسڕائیل هەڵەیەکی گەورە دەکات ئەگەر غەززە داگیر بکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هیچ هۆکارێک بۆ بەشداریکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەو ململانێیەی ئێستا لە نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان ڕوودەدات، نابینرێت.

 

بایدن لە میانی چاوپێکەوتنێکدا جەختی لەوە کردەوە “ئیسڕائیل یەکێکە لە باشترین خاوەن سوپاکانی جیهان، وڵاتەکەشی “هەر شتێک کە پێویست بێت” بۆی دابین دەکات.

 

سەرۆکی ئەمریکا وتی: دەبێت حەماس بە تەواوی نەمێنێت، دەسەڵاتێکی رەهای خاوەن بڕیار بۆ دەوڵەتی فەلەستینییش بوونی هەبێت.

 

بایدن هۆشداری دایە ئێران و حزبوڵڵای لوبنان لە پەرەپێدانی شەڕەکە یان بەزاندنی سنوور بەرەو باکووری ئیسرائیل.

 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: پەیامی من بۆ ئێران ئەوەیە کە سنوورەکان نەبەزێنن و ئاگری شەڕەکە جۆش نەدەن.

دەست بەسەر بڕێکی زۆر گوێز و هەنگوینی خراپدا گیرا
پێشت دەست بەسەر بڕێکی زۆر گوێز و هەنگوینی خراپدا گیرا
کەشناسی: تاوە باران و هەورە تریشقە ئەم ناوچانە دەگرێتەوە
دواتر کەشناسی: تاوە باران و هەورە تریشقە ئەم ناوچانە دەگرێتەوە
ەیوەندیدار