لە هێرشەکانی حەماسدا چەندین هاووڵاتی بیانی کوژران و بێسەروشوێن بوون


دوای ئەو هێرشەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد و بەهۆیەوە لانیکەم هەزار و ٣٠٠ کەس کوژران، دەیان کەسی بیانی لە نێو کوژراوەکاندان، دەیانی دیکەش برینداربوون، یان بوونە بارمتەی دەستی هێزەکانی حەماس.

 

بەپێی داتایەکی ئاژانسی فرانس پرێس، زیاتر لە 140 هاووڵاتی بیانی لە هێرشەکەی حەماسدا کوژراون، کە بەشێکی زۆریان ڕەگەزنامەی ئیسرائیلیشیان هەبووە.

 

بەپێی دوایین ئاماری کۆشکی سپی ئەمریکا کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، لانیکەم ٢٩ ئەمریکی کوژراون، هاوکات ١٦ هاووڵاتی دیکە تا ئێستا بێسەروشوێنن.

 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاد؛ پێدەچێت ژمارەیەکی زۆر لە ئەمریکییەکان بە بارمتە گیرابن.

 

هاوکات سریتا تاڤیسین، سەرۆکوەزیرانی تایلەند ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، ٢٤ هاووڵاتی تایلەندی کوژراون.

 

لە ئیسرائیل نزیکەی ٣٠ هەزار هاووڵاتی تایلەندی هەن کە زۆرینەیان لە کەرتی کشتوکاڵدا کار دەکەن، بەپێی ئامارەکانی حکومەت.

 

بەپێی ئامارێکی نوێ کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە تەلئەبیب ڕایگەیاندووە، ١٦ ڕووسی کوژراون و هەشت کەسیش بێسەروشوێن بوون.

 

باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “لانی کەم هاووڵاتییەکی ڕووسی، کە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئیسرائیلیە” لە غەززە بە بارمتە گیراوە.

 

کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنساش ڕایگەیاند، ١٧ هاووڵاتیی فەرەنسی کوژراون و ١٥ی دیکە بێسەروشوێنن.

 

بەپێی وتەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، چوار منداڵ لە نێو بێسەروشوێنەکاندان.

 

بەپێی ئامارەکانی باڵیۆزخانەی نیپاڵیش لە تەلئەبیب، ١٠ هاووڵاتی نیپاڵی کوژراون، چواری دیکەش گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و بەرکەوتنیان لەگەڵ پێنجەمدا نەماوە.

 

٢٦٥خوێندکاری نیپاڵی لە ئیسرائیل هەبوون، ١٧ خوێندکاریان لە کیبوتس ئەلومیم (باشوور) نیشتەجێ بوون، کە بەهۆی هێرشەکانەوە کراونەتە ئامانج.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتینیش پشتڕاستی کردەوە، کە ٧ هاووڵاتیی ئەو وڵاتە کوژراون و ١٥ی دیکەش بێسەروشوێنن.

 

باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە لەندەن، کوژرانی فۆتۆگرافەرێک و گەنجێکی نیشتەجێی ئیسرائیلی پشتڕاستکردەوە کە بەرپرسی ئاسایشی ئەو کۆنسێرتە بوو کە لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل بەرێوەچوو.

بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، ١٧ بەریتانی کوژراون یان بێسەروشوێن بوون کە لە نێویاندا منداڵ هەن، ئەمەش ژمارەی ئەو کەسانەیە کە حکومەت پشتڕاستی نەکردۆتەوە.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین دووپاتی کردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی بۆ ٧ کەس بەرزبووەتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ٩ کەس بێسەروشوێنن و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

باڵیۆزخانەی بیلاڕووس لە تەلئەبیب ڕایگەیاند، سێ هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە “بارودۆخێکی دژوار”دا کوژراون و کەسی چوارەمیش بێسەروشوێن بووە.

 

میلانیا جۆلی وەزیری دەرەوەی کەنەداش ڕایگەیاندووە، ٤ کەنەدی کوژراون و ٣ی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.

 

وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، ٣ هاووڵاتیی وڵاتەکەیان گیانیان لەدەستداوە و ٢کەسیش بێسەروشوێنن و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

بە پێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی فلیپینیش، ژنێکی تەمەن ٤٩ ساڵ لە هێرشی سەر فێستیڤاڵە مۆزیکییەکەدا کوژراوە، هاوکات دەسەڵاتداران کوژرانی ژنێکی تەمەن ٣٣ ساڵ و پیاوێکی تەمەن ٤٢ ساڵیان ڕاگەیاند لە هێرشێکدا بۆ سەر کیبوتزێک لە نزیک سنووری غەززە و تا ئێستاش سێ کەسیان بێسەروشوێنن.

 

وەزارەتی دەرەوەی پیرۆ کوژرانی ٢ هاووڵاتیی ڕاگەیاند و پێنج کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.

 

بەرپرسان لە حکومەتی ئەفریقای باشوور کوژرانی ٢هاوڵاتی خۆی ڕاگەیاند.

 

وەزارەتی دەرەوەی بەڕازیلیش، گیانلەدەستدانی ژنێکی بەڕازیلی پشتڕاستکردەوە و بەمەش ژمارەی قوربانیانی بەرازیلی گەیشتە ٣ کەس.

 

ڕۆمانیاش کوژرانی ٤ هاووڵاتیی خۆی ڕاگەیاند کە یەکێکیان سەربازێکی ئیسرائیلی- ڕۆمانی بووە، لە کاتێکدا ڕۆمانییەکی دیکەش بێسەروشوێنە

بەرپرسانی شاری لیشبۆن گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی پورتوگالی-ئیسڕائیلی و لەدەستدانی ٤ کەسی دیکەی خاوەن دوو ڕەگەزنامەیان ڕاگەیاند.

 

باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە تورکیا ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هاووڵاتییەکی تورک کوژراوە و کەسێکی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هاووڵاتییەکی ئیسپانی کە ڕەگەزنامەی ئیسرائیلیشی هەبووە، لە هێرشەکەدا کوژراوە.

ڕۆژنامەکان ڕایانگەیاند کە ئەو هاووڵاتییە کچێکی تەمەنی بیست و نۆ ساڵە و لە سەربازگەیەکی نزیک لە غەززە لە خزمەتی سەربازی دا بووە.

 

هەروەها دەسەڵاتدارانی شیلی لەدەستدانی ئیسپانییەکیان پشتڕاستکردەوە کە هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی شیلیدا کردووە.

 

بەپێی ئامارەکانی حکومەتی سویسرا، هاووڵاتییەکی تەمەن ٧٠ ساڵانی ئیسرائیلی – سویسری کە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە لە ئیسرائیل نیشتەجێ بووە، لە هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەردا کوژراوە.

 

هون مانیت، سەرۆکوەزیرانی کەمبۆدیا ڕایگەیاند، خوێندکارێکی کەمبۆدیا کوژراوە.

 

بەرپرسانی ئوسترالیا ڕایگەیاند کە هاووڵاتییەکی ئوسترالی لە هێرشەکەی حەماسدا کوژراوە.

 

دەسەڵاتدارانی هندۆراسیش پشتڕاستیان کردەوە کە هاووڵاتییەکیان کوژراوە.

 

بە وتەی بەرپرسانی باکۆ ئازەربایجانییەکیش کوژراوە.

 

هەر لە هێرشەکاندا سێ هاووڵاتی ئیسرائیلی – نەمسایی کوژراون و دووانیش بێسەروشوێنن.

 

حکومەتی ئێرلەندا کوژرانی ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵی ئێرلەندی -ئیسرائیلی ڕاگەیاند.

 

حکومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە “هەشت هاووڵاتی ئەڵمانی لەلایەن حەماسەوە ڕفێنراون و لە غەززە ڕاگیراون.

 

مەکسیک ڕاپۆرتی دا کە دوو لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەستبەسەر کراون.

 

کۆڵۆمبیاش گیانلەدەستدانی دوو لە هاووڵاتییەکانی ڕاگەیاند.

 

لە سەرچاوە فەرمییەکانشەوە، ئەم وڵاتانەی خوارەوە ڕایانگەیاندووە کە ژمارەیەک هاووڵاتییان بێسەروشوێنن:

پاراگوای (٢)

تانزانیا (٢)

ئیتاڵیا (٣)

سریلانکا (٢)

به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ ئاگارییەکی بڵاوکردەوە
پێشت به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ ئاگارییەکی بڵاوکردەوە
کەشناسی: خۆڵبارین دەستپێدەکات و پلەی گەرما نزم دەبێتەوە
دواتر کەشناسی: خۆڵبارین دەستپێدەکات و پلەی گەرما نزم دەبێتەوە
پەیوەندیدار