عێراق دووەم هاوردەکاری وڵاتی ئێرانە



بەپێی وتەی بەرپرسێکی گومرگی ئێران، عێراق لە پلەی دووهەمدایە لە نێو بازاڕەکانی هەناردەکردنی کاڵا و کاڵای نا نەوتی ئێران.

ڕۆژی یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران لە زاری محەممەد ڕزوانی، بەرپرسی گومرگی ئێرانەوە بڵاویکردەوە: ” ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەرەکیی نا نەوتی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ٥٤ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەناردەی ئێران بە بەهای ٢٤.١ ملیار دۆلار گەیشتووەتە ٦٨ ملیۆن تۆن و گەشەی چەندایەتی بە ڕێژەی ٪٢٩ بووە، دابەزینی نرخ بە ڕێژەی ٪٢.٦ بووە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢.

لەبەرامبەردا هاوردەکردن ١٧.٦ ملیۆن تۆن بووە کە بەهای ٣٠.٤ ملیار دۆلار بووە، لەگەڵ گەشەی نرخەکان بەڕێژەی ٪١١.٦ و گەشەی چەندایەتی بەڕێژەی ٪٦.٨.

هەروەها ناوبراو باسی لەوەکرد، کۆی قەبارەی بازرگانی دەرەکی نانەوتی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە ٥٤.٦ ملیار دۆلار، بە قەبارەی ٨٥.٣ ملیۆن تۆن، لەگەڵ گەشەی نرخەکان بە ڕێژەی ٪ ٥ و گەشەی چەندایەتی ٢٤٪ .

ئاماژەی بەوەشکرد، هەناردەکردنی بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان کە گازیش لەخۆدەگرێت، ٢٦.٨ ملیۆن تۆن بووە کە بەهای نزیکەی ١٠.٦ ملیار دۆلارە، لەگەڵ گەشەی چەندایەتی بەڕێژەی ٪٢٤ و دابەزینی نرخەکان بە نزیکەی ٪١٤ بەهۆی دابەزینی نرخی پترۆکیمیایی لەسەر ئاستی جیهان.

محەممەد ڕزوانی دووپاتی کردەوە، بازاڕە سەرەکییەکانی هەناردەکردنی کەلوپەلی ئێرانی لەماوەی پێشوودا وەک خۆی ماوەتەوە، چین، عێراق، ئیمارات، تورکیا و هیندستان دەگرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی دەستەی گومرگی دووپاتی کردەوە کە گواستنەوەی ترانزێت لە ڕێگەی ئێرانەوە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٧.٧ ملیۆن تۆن، بە بەراورد بە ماوەی پێشووی ساڵی ٢٠٢٢ بەڕێژەی ٪٨.٢ زیادی کردووە.

مامۆستایانی وانەبێژ: تا دامەزراندن، بەردەوامین لە بایکۆت
پێشت مامۆستایانی وانەبێژ: تا دامەزراندن، بەردەوامین لە بایکۆت
تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە پایتەختی تورکیا ڕوویدا
دواتر تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە پایتەختی تورکیا ڕوویدا
ەیوەندیدار