ئۆکراین.. لەمەودوا قووڵایی خاکی ڕووسیا دەکاتە ئامانج



کەمتر لە کاتژمێرێک دوای وتەکانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا، کە تیایدا ئاماژەی بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئۆکراین کرد، کۆشکی سپی دەستیکرد بە ئامادەکاری بۆ پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکراین بە بەهای 275 ملیۆن دۆلار، کە یارمەتی بۆ شکستپێهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکان دابین دەکات.

 

بڕیارە پاکێجەکە، سیستمی مووشەکی هیمارس و تۆپی 155 ملم و ئۆتۆمبێلی سەربازیی جۆری هامڤی و مۆلیدەی کارەبایی لەخۆبگرێت.

 

لەمبارەیەوە سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، “ویستی ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی لەسەر گۆڕەپانی جیهان بەڕوونی دیارە و بەرپرسیارە لە تەشەنەسەندنی مەترسییەکان”.

 

شاتیلۆڤ مینیکایڤ، شارەزای سەربازیی ڕووسی، لە لێدوانیدا بۆ “سکای نیوز عەرەبی” وتویەتی؛ “هێرشەکانی ئەم دواییەی کیێڤ تیشکی خستە سەر هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەر بە مەودای دوورتر، تا قووڵایی ڕووسیا بکەنە ئامانج”.

 

لەلایەکی دیکە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری چەکی ئۆکراینی ئاماژەی بەوە کردووە؛ “نزیکە لە تەواوکردنی کارەکانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نوێی دوور مەودا”.

 

پێشتر کیێڤ، هەڵمەتێکی گەورەی دەستپێکرد بۆ کۆکردنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دروستکردنی گوشاری نێودەوڵەتیی بۆ لێکۆڵینەوە لەو “فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییانە” کە بۆ ڕووسیا نێردراون.

 

کیێڤ، داوای هاوکاری لە شارەزایانی سەربازی ئەوروپای و ئەمریکای کرد بۆ ئەوەی مۆدێلێکی دوور مەودا لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دروست بکات، وەک بەرگرتن لەو هێرشانەی لەڕێی فڕۆکە ئێرانییەکانەوە دەکرێتە سەریان و فڕۆکەیەک بەرهەمبهێنێت کە نەک توانای ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی هەبێت، بەڵکو بتوانێت قوڵای خاکی ڕووسیا بە ئامانج بگرێت.

 

لە ئێستادا ڕۆژئاوا، جیا لە هاوکاریی و پاڵپشتی بە کەرەوستەو پێداویستی سەربازی، ڕۆژانە زانیاری هەواڵگریی دەداتە کیێڤ، جگە لە وێنەی مانگی دەستکردی ئەو ناوچانەی کە هێزەکانی ڕووسیا تێیدا جێگیرکراون، بۆ ئەوەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بیانکەنە ئامانج.

 

هەروەها هێزەکانی ئۆکراین ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەیان بەکارهێناوە بۆ لێدانی ئامانجە دوورەکان لە شەڕەکەیدا، لە کریمیا و ناوچە سنوورییەکانی بلگرۆدی ڕووسیا.

 

چاودێران دەڵێن؛ هێرشەکانی ئەم دواییەی ئۆکراین کە لە ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوودا فڕۆکەخانەکانی ڕووسیایان کردە ئامانج بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، “نا ئاساییە”، چونکە “ئەو دوو شوێنە سەدان کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکراین دوورن”.

 

لەم چوارچێوەیەدا، میکۆلا بیلیسکۆڤ توێژەری پەیمانگای نیشتمانی ئۆکراین بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، دەڵێت، “کیێڤ چەندین هەنگاوی سەربازی کاریگەر دەگرێتەبەر، بەتایبەتی لە ئاسماندا”.

 

ئەو توێژەرە ڕوونیشی کردەوە؛ “هێرشەکانی ئۆکراین کەموکورتییەکانی سیستمی سەربازی ڕووسیایان ئاشکراکرد، دوای ئەوەی ئەم فڕۆکانە بە سەدان کیلۆمەتر بەسەر ڕووسیادا فڕین، کە ئەمە “سەرکەوتنی هەنگاوەکانی ئۆکراینە لە گۆڕینی هاوکێشەی جەنگ لەسەر زەوی، وەک ئەوەی لە خێرسۆن ڕوویدا”.

 

“بەبڕوای میکۆلا بیلیسکۆڤ توێژەری پەیمانگای نیشتمانی ئۆکراین بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، بەئامانجکردنی قووڵایی ڕووسیا کاردانەوەیەکی سروشتییە بەرامبەر بە لەناوبردنی ژێرخانی کیێڤ و زۆربەی ناوچەکانی ئۆکراین لەلایەن مۆسکۆوە”.

سەرچاوە؛ سکای نیوز

نەوت لە شارۆچكەیەكی دیكەی سلێمانی دابەش دەكرێت
پێشت نەوت لە شارۆچكەیەكی دیكەی سلێمانی دابەش دەكرێت
فەرەنسا و ئینگلتەرا بە یادی 1982 ڕووبەڕووی یەك دەبنەوە
دواتر فەرەنسا و ئینگلتەرا بە یادی 1982 ڕووبەڕووی یەك دەبنەوە
ەیوەندیدار