تەندروستکارانی ناڕازی پەیامیان دایە حکومەت


ئەمڕۆ دووشەممە کۆمەڵەی تەندروستکارانی ناڕازی لە نوسینگەی پەرلەمانی عێراقەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی ڕایانگەیاند، ئەوان وەک بەشێک لە کۆمەڵەی تەندروستکارانی ناڕازی هەمیشە هەوڵیانداوە سەندیکایەک دابمەزرێنن کە هەموو تەندروستکاران وەک چەترێک لەژێریا کۆببنەوە و داکۆکی لەمافەکانیان بکات و خزمەت بە نەخۆشان خاڵی بنچینەیی بەرنامەی کارەکانی بێت.

لەیاداشتەکەیاندا بەهۆی پێنەدانی مووچەو شایستە داراییەکانیان کە سێ مانگە پێیان نەدراوە چەند خاڵێکیان بۆ ڕایگشتی پەڕلەمانی عێراق خستەڕوو:

١ . پشتگیری هەموو جۆرە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆتێکی کارمەندانی تەندروستی لەپێناو مافەکانیان و پێدانی مووچەکانیان دەکەین. وتیشی، ئێمە پاراستنی گیانی هاوڵاتیانمان لەسەرشانە و بایکۆتی تەندروستکاران مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەیە و کار و ئەرکی ئەوان جیاوازترە لە فەرمانگەکانی دیکە و شێوازی خزمەتکردنیان.

٢. نامانەوێت کارمەندانی تەندروستی باجی ڕێکنەکەوتنی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم بدات و بەوەرگرتنی یەک مووچە ڕازی بکەن، بەڵکو داوای مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت و نۆ پێکەوە دەکەین.

٣. کاتی کۆنگرە لەلایەن بەڕێوەبەرانی سەندیکای تەندروستی دیاری بکرێت و سەرجەم کارمەندانی تەندروستی بە دامەزراو و دانەمەزراوەوە بەشداری لە گفتوگۆی مناقەشەو داڕشتنەوەی پەیڕەو و پرۆگرامەکانیدا بکرێت.

کۆمەڵەی تەندروستکارانی ناڕازی جەختیان لەوەشکردەوە، پێویستە ناوەندە تەندروستییە هەستیارەکان کە ئەرک و قورسایی ڕزگارکردنی ژیانی هاوڵاتیانیان لەسەرە چۆڵ نەکرێن و بەجێ نەهێڵدرێت، چونکە قورسایی دارایی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست بووە و ناتوانن ڕوو لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بکەن.

هاوکات، لایخۆیەوە سۆران عومەر ئەندامی پەڕلەمانی عێراق لە نوسینگەی سلێمانی پێشوازی لە کۆمەڵەی تەندروستکارانی سلێمانی کرد و وتی، “پشتگیری ماف و داوا ڕەواکانی تەندروستکاران دەکەین.”

مەسرور بارزانی: کەشێکی ئەرێنی لەگەڵ حکومەتی عێراق دروست بووە
پێشت مەسرور بارزانی: کەشێکی ئەرێنی لەگەڵ حکومەتی عێراق دروست بووە
وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان نزیکە لە داڕمان
دواتر وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان نزیکە لە داڕمان
پەیوەندیدار