“ئەپڵ” کارمەندەکانی ناچاردەکات لە شوێنی دیکە کارنەکەن



کۆمپانیای ڕیڤۆس-Revos سکاڵای یاسایی لەسەر ئەپڵ تۆمار کردووە، لەبەرئەوەی کارمەندانی ناچار دەکات گرێبەستی سنووردارکراو واژۆ بکەن و ڕێگرییان لێدەکات لە شوێنی دیکە کاربکەن.

بەپێی ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی، ئەپڵ کۆمپانیا تازەپێگەیشتوەکان سنووردار دەکات لەوەی کارمەندانی کۆمپانیاکەی بۆ خۆیان ڕابکێشن و کاریان لەگەڵ بکەن.

بەپێی داواکارییەکەی ڕیڤوس، شەش کارمەندی پێشووی کۆمپانیای ئەپڵ پەیوەندییان بە داواکارییەکەیەوە کردووە کە لە دادگای فیدراڵی لە سان خۆسێ تۆمارکراوە.

ئەمەش ناکۆکی یاسایی نێوان هەردوو کۆمپانیاکە لەسەر نهێنی بازرگانی زیاتر دەکات، هاوکات ئەپڵ ساڵی ڕابردوو سکاڵای یاسایی لەسەر کۆمپانیای ڕیڤوس و کارمەندانی پێشووی تۆمار کرد کە پەیوەندییان بە کۆمپانیاکەوە کردبوو.

کۆمپانیاکە لە داواکارییەکەیدا ڕایگەیاندووە، کۆمپانیای ئەپڵ پەیامی هەڕەشە و ترساندن بۆ کارمەندانی دەنێرێت بۆئەوەی  “ئەپڵ” بەجێنەهێڵن و پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی دیکەوە نەکەن.

لە کاتێکدا کۆمپانیای ئەپڵ کۆمپانیا دەستپێشخەرەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی ئەندازیارەکانی ڕاکێشاوە بۆ ئەوەی کاریان بۆ بکات، زانیاری تایبەتمەندیان دزیوە کە بۆ پەرەپێدانی دیزاینی ئامێرەکان بەکاردەهێنرێت.

ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو کۆمپانیایە لە دەوری تەکنەلۆژیای “سیستم لەسەر چیپ- SoC” دەسوڕێتەوە، چەندین پێکهاتەی کۆمپیوتەر بچووک دەکاتەوە و ئەپڵ دەڵێت ملیارەها دۆلاری لە وەبەرهێنانیدا خەرجکردووە بۆ ئەوەی ئامێرەکانی بەهێزتر کاربکەن.

بەپێی زانیارییەکان، کۆمپانیای ئەپڵ سکاڵای یاسایی لەسەر جیرارد ویلیامز سێیەم تۆمارکردووە، کە کارەکەی وەک سەرۆکی ئەندازیاری چیپی کۆمپانیاکە جێهێشتووە و هاوبەشی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی چیپی دەستپێشخەری بووە بە ناوی نوڤیا ئینکۆ، کارمەندەکەی پێشووی تۆمەتبارکردووە بە دزینی نهێنی بازرگانی لە ساڵی ٢٠١٩.

هەروەها ویلیامز لە تۆمارێکی دادگادا وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاندووە، ئامانجی داواکارییەکەی ئەپڵ “ڕێگریکردن لە دروستکردنی تەکنەلۆژیا و چارەسەری نوێیە لەلایەن کۆمپانیایەکی نوێوە، هەروەها کەمکردنەوەی ئازادیی خاوەنکارەکان”.

دادوەری ناوچەی ئەمریکا ئێدوارد داڤیلا لە مانگی ئابدا داواکارییەکانی دزینی نهێنی بازرگانی کۆمپانیای ئەپڵی لە دژی ڕیڤوس ڕەتکردەوە، بەڵام “ئەپڵ” سکاڵایەکی نوێی تۆمارکرد.

تۆمەتبارێک هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ژنانی کردووە
پێشت تۆمەتبارێک هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ژنانی کردووە
ئۆکراینا هێرشی سەربازی کردەسەر مۆسکۆ
دواتر ئۆکراینا هێرشی سەربازی کردەسەر مۆسکۆ
ەیوەندیدار