جیهان داوای وەستاندنی شەڕێکی وێرانکەر دەکات



لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا لە ئەمریکاوە تا ڕووسیا، تا دەگاتە وڵاتانی ئەوروپا، یەک دەنگ بەرزبووەتەوە و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕێکی نوێ دەکات کە لە قەرەباغ دەستی پێکردووە، لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا.

هاوکات واشنتۆن و مۆسکۆ داوای کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان کرد، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە داوای کرد “دەستبەجێ شەڕ ڕابگیرێت”، پاش ئەوەی ئازەربایجان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی هێزە جوداخوازەکانی ئەرمەنستان لە ناوچەکە دەستپێکرد.

تا ئێستا ئازەربایجان و ئەرمینیا دوو جەنگیان ئەنجامداوە، دوا جەنگیان لە ساڵی ٢٠٢٠ بوو، ئێستا جیهان هۆشداری دەدەن لە ڕێگری کردنی دروستبوونەوەی شەڕێکی وێرانکەری نێوان هەردوو وڵات.

 

هاوپەیمانی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەگەڵ ڕووسیا

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئازەربایجان قووڵتر کردەوە بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی سیاسی-سەربازی تەنها چەند ڕۆژێک پێش لەشکرکێشیەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی ساڵی ٢٠٢٢، بەڵام ئەرمینیا لە مێژە هاوپەیمانێکی نزیکی ڕووسیا بووە و تا ئێستاش بە هەمان شێوە ماوەتەوە.

ئەمەش وایکرد وەزارەتی دەرەوەی ئەرمەنستان، دوێنێ سێشەممە، داوای ئەوە بکات کە مۆسکۆ پارە بدات بە دوو هەزار سەربازی ئاشتیپارێزی کە پێشتر لە ناوچەکە جێگیرکراون، بۆ دەستوەردان لە هێرشەکانی ئازەربایجان کە بە “دەستدرێژییەکی بەرفراوان” وەسفی کردووە.

واشنتۆنیش هاوشێوەی پوتین پەیوەندییەکی دیپلۆماسی لەگەڵ هەردوو وڵات دروستکردووە.

 

نەوتی ئازەربایجان و بایدن

ئەمریکا دوای سەربەخۆیی ئەرمینیا لە یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩٢ پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەرمینیا دامەزراند، هەروەها لە شەڕی ٣ ساڵ لەمەوبەر پاڵپشتی کرد، هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هاوبەشی بازرگانی خۆی لەگەڵ ئازەربایجان بەهێزتر کردووە.

بەگوێرەی گۆڤاری نیوزویک، بە تایبەتی لە دوای شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، نەوت بووەتە گەورەترین هاوردەکردن بۆ ئەمریکا لە ئازەربایجانەوە.

ئێستا پوتین و بایدن لە دۆخێکی گرنگدان، لە نێوان دوو هاوپەیمانی گرنگدا، بەڵام پەیوەندییەکانی پوتین لەگەڵ ئەرمینیا لەم دواییانەدا ئاڵۆز بووە بەهۆی ئەوەی نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە شکستی مۆسکۆی لە پاڵپشتیکردنی وڵاتەکەی لە ململانێکانی لەگەڵ ئازەربایجان ڕاگەیاند.

لەم چوارچێوەیەدا مارک ن. کاتز، مامۆستای زانکۆی جۆرج مەیسۆن، ئاماژەی بەوەکرد: ڕووسیا لە ڕابردوودا لایەنگری ئەرمینیا بووە لە دژی ئازەربایجان، بەڵام پوتین لەم دواییانەدا ” تاڕادەیەک نەرمی نیشانداوە بەرامبەر هەنگاوەکانی ئازەربایجان”.

هەروەها ئەوەشی ڕوونکردەوە: “پۆتین لەبەر چەند هۆکارێک بەم شێوەیە ڕەفتار دەکات، لەوانە ناڕازی بوو لە حکومەتی ئەرمەنستان کە تادێت زیاتر پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەهێز دەکات، ئەمە جگە لەوەی کە شەڕی ئۆکرانیا توانای ڕووسیای کەمکردەوە بۆ نێوەندگیری شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا”.

هۆکارێکی دیکە بە وتەی ئەو مامۆستای زانکۆیە، هەوڵەکانی پوتینە بۆ “دوورکەوتنەوە لە گرژی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کە پاڵپشتی ئازەربایجان دەکات لە دژی ئەرمینیا”.

جێگای سەرنجە کە وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان ڕۆژی چوارشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ڕێوشوێنە سەربازییەکانی لەو ناوچەیە بەردەوامە و ئاماژەی بەوەشکرد کە “بۆردومانی پێگەی شەڕ، ئۆتۆمبێلی سەربازی، تۆپخانە، کەرەستەی مووشەکی دژە فڕۆکە، وێستگەی جەنگی ئەلیکترۆنی و کەرەستەی سەربازی دیکەی سەر بە یەکەکانی هێزە چەکدارەکانی ئەرمەنستان بۆردومان کردووە”.

باڵیۆزی ئیسرائیل بە وێنەی ژیناوە ڕووبەڕووی سەرۆکی ئێران بووەوە
پێشت باڵیۆزی ئیسرائیل بە وێنەی ژیناوە ڕووبەڕووی سەرۆکی ئێران بووەوە
زانایان هەواڵێکی خۆش بە نەخۆشانی شەکرە دەدەن
دواتر زانایان هەواڵێکی خۆش بە نەخۆشانی شەکرە دەدەن
ەیوەندیدار