ڕەگەز پەرستی، گەشتوگوزاری تورکیا دەباتە لێواری داڕمان



پاش هێرشکردنە سەر گەشتیارێکی کوەیتی، شەپۆلێکی نارەزایەتی دژ بە ئاکارە ڕەگەزپەرستییەکانی هاووڵاتیانی تورک لەو وڵاتە پەرەیسەندووە و کار گەیشتووەتە ئەوەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشەی ئەوە بکرێت کە تورکیا بۆ گەشتیارانی عەرەب جێیەکی پارێزراو نییە.

 

#تورکیا_ بۆ_عەرەب جێیەکی پارێزەراو نییە، ئەمە ئەو هاشتاگەیە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوەو هاووڵاتیانی عەرەب وەک کاردانەوە دژ بە پەلامار و هێرشکردنە سەر گەشتیارێکی کوەیتی دەستیان داوەتێ و دەڵێن ئەو وڵاتە تا دێت ڕەگەز پەرستی تیایدا هەڵدەکشێ و هێرش بۆ سەر گەشتیارانی عەرەب بەردەوامە.

ڕۆژنامەی (العرب) بڵاویکردووەتەوە، لەم دواییانەدا چەندین هێرش و پەلامار بۆ سەر هاووڵاتیانی وڵاتانی کەنداو لە تورکیا ئەنجامدراوە، کە دوایین قوربانییان گەشتیارێکی کوەیتی بووە، ئەمەش شەپۆلێکی بەربڵاوی توڕەیی لێکەوتەوە و چالاکوانانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هان دا، داوا بکەن گەشتیاران سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن.

 

گەشتیارێکی کوەیتی لە ترابزۆنی تورکیا، بەهۆی پەلاماری چەند ڕەگەزپەرستێکی تورک دۆخی بەوە گەیشت، کە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، ئەمەش ناڕەزایی بەرفراوانی لێکەوتەوە و هاووڵاتیانی عەرەب بە تایبەت وڵاتانی کەنداو داوای بایکۆتی گەشتیاری تورکیا دەکەن.

 

چالاکوانان لە سۆشیال میدیا، بە شێوەیەکی بەرفراوان تۆماری ڤیدیۆیی ئەو هێرشەیان بڵاوکردەوە، کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە شەقامێکی شاری ترابزۆن کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا لە کەنارەکانی دەریای ڕەش بۆ سەر گەشتیارێکی کوەیتی ڕوویدا.

 

لەم ساڵانەی دواییدا دوژمنایەتی بەرامبەر بە عەرەب لە تورکیا پەرەی سەندووە، دیاردەکە لە پەنابەرانی سووریاوە دەستیپێکردووە، بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا پەرەی سەندووە بۆ بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی دیکەی عەرەب، لەنێویاندا عەرەبەکانی کەنداو.

 

ئەو نارەزاییەی بەهۆی هێرشی سەر گەشتیارە کوەیتییەکە دروستبووە، وایکرد باڵیۆزخانەی کوەیت لە تورکیا هەنگاو بنێت و بەیاننامەیەک دەربکات .

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هاووڵاتییە کوەیتییەکە تەندروستی باشە و بە پێی یاسا مافەکانی وەردەگیرێتەوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی پەلاماردانەکە لە ترابزۆن دەکەن.

 

باڵیۆزخانەی کوەیت ئاماژەی بەوەداوە، “لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دوای ڕووداوەکە تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە”.

 

ئێستا زۆرێک لە چالاکوانانی عەرەب و کەنداو لە سۆشیال میدیا کەمپینێکیان دەستپێکردووە و داوای بایکۆتی گەشتیاری تورکیا دەکەن و بە هاشتاگی #تورکیا_ناپارێزراوە بۆ_عەرەبەکان، و بایکۆتی_تورکیا_ئەرکێکی_نیشتیمانییە کاردانەوەی خۆیان نیشان دەدەن.

 

شرۆڤەکاران پێیان وایە گەشەی مەیلی ڕەگەزپەرستی لە تورکیادا ئەو وڵاتە دەکاتە ژینگەیەکی ڕەتکراوە بۆ گەشتیارانی عەرەب و کەنداو، ئەمەش زیانی زۆری بۆ کەرتی گەشتیاری دەبێت کە یەکێک لە پایەکانی ئابووری تورکیایە.

 

یاسین ئاکتای، ڕاوێژکاری پێشووی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، پێشتر هۆشداری دابوو سەبارەت بە پەرەسەندنی ڕەگەزپەرستی لە تورکیا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری وڵاتەکە.

 

ئاکتای ئاماژەی بەوەکردبوو، وتاری ڕەگەزپەرستانە و کردەوەی نامرۆییانە و پۆستەکانی سۆشیال میدیا بەتایبەتی دژی هاووڵاتیانی عەرەب، هەر لەناو وڵاتدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەگەنە جیهانی عەرەبی و کاردانەوەی خراپیان بەدوادا دێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پەرەسەندنی کردەوەی ڕەگەزپەرستانە دژی عەرەب بووەتە هۆی شکستهێنانی زۆرێک لە شوێنە گەشتیارییەکان و کەمبوونەوەی گەشتیار لەم وەرزەدا، کە ئەم کارە نابەجێیانە لانی کەم پێنج ملیار دۆلار زیانی لە تورکیا داوە.

 

شەڕانگێزی و هەوڵە ڕەگەزپەرستییەکانی تورک هەر دەرهەق بە گەشتیارانی عەرەب نین، لە ساڵانی رابردوو بە ئێستاشەوە لەو وڵاتە ناو بەناو هێرش و پەلامار بۆسەر هاووڵاتیانی کوردیش هەبووە، لە دیارترین پەلاماردا لە ساڵی ٢٠١٩ کە هێرشکرایە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی باشووری کوردستان لە ترابزۆن، وەک کاردانەوە دژ بەو هەوڵە رەگەزپەرستانەیەیان، زیاتر لە دەهەزار هاووڵاتی کوردی باشوور و باکووری کوردستان گەشتەکانی خۆیان بۆ دەریای ڕەش هەڵوەشاندەوە.

عێراق دیوارێکی ڕاگر لەسەر سنوری سوریا دروستدەکات
پێشت عێراق دیوارێکی ڕاگر لەسەر سنوری سوریا دروستدەکات
دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێت
دواتر دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێت
ەیوەندیدار