تورکیا دەیەوێت بە بەردێک سێ چۆلەکە لە عێراق بکوژێت


تورکیا ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، دەیەوێت عێراق پەکەکە وەک تیرۆرست بناسێنێت.

ڕۆژی سێشەممە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێر لەلایەن وەزریری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.

کەناڵی ئەلجەزیرە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە بەغدا، هاکان فیدان دیداری لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق ئەنجامدا و باسی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات کرد، یەکێک لەو تەوەرە سەرەکیانەی گفتوگۆی لەبارەوە کرا بە تیرۆرست ناساندنی پەکەکەیە.

ئەم سەردانە بۆ ئامادەکارییە بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغانە بۆ عێراق، کە تائێستا بەرواری هاتنی بە فەرمی بۆ هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە.

حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەنقەرە بۆ سەر خاکی عێراق پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەیە، بەڵام تورکیا دەڵێت هێرشەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزێکە کە بەشێک لە عێراقی داگیرکردووە، چونکە پەکەکە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە، تورکیا پێشبینیدەکات، حکومەتی عێراق بە فەرمی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، وەک ڕێکخراوێکی “تیرۆریستی” بناسێنێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دوای دانیشتنی لەگەڵ فوئاد حوسێن لە پایتەختی عێراق، وتی: ناتوانین قبووڵ بکەین پەکەکە تەحەدای سەروەری عێراق بکات، کە شەنگال، مەخموور، قەندیل، سلێمانی و چەندین ناوچەی دیکەی عێراقی داگیرکردووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی سێشەممە ڕاستەوخۆ باسی پلانەکانی بەغدای لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەکەکە نەکرد، بەڵام چاوەکان لەسەر ئەو پرسە زیاتربوون، لەبەر ئەوەی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و سوریا شەڕێکی توندی نێوان چەکدارانی پەکەکە و تورکیای بەخۆیەوە بینیوە.

پێشبینیدەکرێت لەگەڵ هاتنی ئەدرۆغان بۆ عێراق پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان زیاتر بخرێتە بەرباس، هاوکات دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جیهانەوە لە تورکیا پرسێکی دیکەی سەرەکییە، بە تایبەت کە تورکیا هەوڵدەدات قەرەبووی دۆڕانی کەیسەکەی دادگای پاریس نەدات بە عێراق.

لە هاتنی وەزیری دەرەوە و وەزیری وزەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، دواتریش هاتنی ئەردۆغان، تورکیا دەیەوێت تەنها بەم سەردانە چەندین دەستکەوتی جیاواز بەدەستبهێنێت و هەموو شتێک بە دڵی خۆی بێت.

جگە لە پرسی بە تیرۆرست ناساندنی پەکەکە و نەدانەوەی قەرەبووەکان بە بەغدا، لەبارەی کێشەی گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فوڕات گفتوگۆدەکرێت، کە تورکیا دەیەوێت وەک چەکێک بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بەکاریبهێنێت.

حکومەتی هەرێم زانیاری نوێ دەربارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون ئاشکرا دەکات
پێشت حکومەتی هەرێم زانیاری نوێ دەربارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون ئاشکرا دەکات
نێچیرڤان بارزانی: هه‌رگيز پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى توركيا لەبیرناکەین
دواتر نێچیرڤان بارزانی: هه‌رگيز پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى توركيا لەبیرناکەین
پەیوەندیدار