تورکیا ئاماژە بە تێوەگلانی ئێران دەکات لە تەقاندنەوەی تاوەرەکانی کارەبای عێراق



لە کاتێکدا، حکومەتی عێراق تەواوی ھەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا خستووەتەگەڕ، بەڵام جارێکی دیکە ھێرشکردنە سەر تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا لە عێراق بووەتە ئامانجی تیرۆریستان و میدیای فەرمی تورکیاش ئاماژە دەدات بە تێوەگلانی ئێران لەو کارە و دەڵێت: “ھەرکاتێک حکومەتی عێراق بیەوێت جێگرەوەیەک بۆ ھاوردەکردنی غاز و کارەبا لە ئێران بدۆزێتەوە، ئەوە رەوشی کارەبا لە عێراق خراپ دەبێت”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک تاوەری کارەبا لە پارێزگاکانی سەڵاحەددین و دیالە کە تاوەری گواستنەوەی کارەبای ٤٠٠ کەی ڤی بوون بە چاندنی بۆمب تەقێندراونەتەوە.

ھەروەھا لە ھەفتەی ڕابردوودا ، ١٥ بۆمب کە بۆ تەقاندنەوەی ژمارەیەک تاوەری کارەبا لە پارێزگای سەڵاحەددین چێنرابوون، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە پووچەڵ کرانەوە.

لیوا یەحیا ڕەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کاتێکدا حکومەتی عێراق ھەوڵ دەدات باشترین خزمەتگوزاریی لەڕووی کارەباوە پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکات، بە تایبەتیش لە وەرزی ھاویندا، بەڵام تاوەرەکانی کارەبا لەلایەن تیرۆریستانەوە دەکرێنە ئامانج.

ڕاشیگەیاند، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق زانیاری ھەواڵگریی و سەرەداوی گرنگیان لەبارەی ئەو کەسانەوە دەستکەوتووە کە تاوەرەکانی کارەبا دەکەنە ئامانج و بۆ ئەو مەبەستەیش ماوەی چەند رۆژێکە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە سنووری پارێزگاکانی رۆژئاوای نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار ئەنجامداوە.

بە گوتەی لیوا یەحیا ڕەسوڵ، ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان، پاراستنی تاوەرەکانی کارەبا، ھەروەھا دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیە کە تاوەرکانی کارەبا لە سنووری ئەو پارێزگایانە دەکەنە ئامانج.

ھاوکات سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی بڕیاریداوە، لە ھەر ناوچەیەک تاوەرەکانی کارەبا بکرێنە ئامانج، لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و کارگێڕیی ئەو ناوچەیەدا، بکرێت.

ناوبەناو بە ھۆکاری جیاواز، کوژانەوەی گشتیی کارەبای نیشتمانیی (Shut Down) لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ڕوودەدات کە دواتر ناڕەزایی ھاووڵاتییانی لێ دەکەوێتەوە.

لە عێراق رۆژانە لە ٢٤ کاتژمێردا، ١٢ کاتژمێر کارەبای نیشتمانیی دەدرێت بە ھاووڵاتییان، ١٢ کاتژمێرییەکەی دیکە بە موەلیدە ئەھلییەکان پڕ دەکرێتەوە.

بەڵام کارەبای موەلیدە ئەھلییەکان بەشی ھەموو پێداویستییەکانی رۆژانەی ھاووڵاتییان ناکات، لەوانەیش ئامێرە فێنککەرەوەکان.

حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، ڕۆژانە پێویستی بە زیاتر لە ٣٠ی ھەزار مێگاوات ھەیە، بەڵام لە ئێستادا ڕۆژانە، ٢٦ ھەزار مێگاوات بەرھەمدەھێنێت.

ئەوەیش لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی گەرما عێراقی گرتووەتەوە، بەجۆرێک کە پلەکانی گەرما لە زۆربەی پارێزگاکانی باشوور ٥٠ پلەی سەدی تێپەراندووە.

لە ساڵانی رابردوودا، عێراق بۆ ھاوردەکردنی کارەبا پشتی بە ئێران بەستبوو، بەڵام لە ئەیلوولی ٢٠١٩دا، حکومەتی عێراق رێککەوتنێکی لەگەڵ ئەنجوومەنی ھاریکاریی کەنداو واژوو کرد کە بەپێی رێککەوتنەکە، کارەبای وڵاتانی کەنداو بە کارەبای عێراق دەبەسترێتەوە، ئەو پلانەی حکومەتی عێراق وەک جێگرەوەیەک بۆ کارەبای ئێران دادەنرێت.

تێچووی پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای وڵاتانی کەنداو بە کارەبای عێراق، بە ھاوبەشی لەلایەن کوێت و قەتەرەوە تەرخان کراوە کە بڕەکەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلارە و لەم مانگەدا، پرۆژەکە لەلایەن دەستەی بەستنەوەی کارەبای وڵاتانی ھاریکاری کەنداو جێبەجێ دەکرێت.

بەرپرسانی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە کاتی تەواوکردنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لە ھاوینی ٢٠٢٤دا، ٥٠٠ میگاوات کارەبا بۆ عێراق دابین دەکرێت و لە قۆناغی دووەمیشدا، ھەزار میگاوات کارەبا لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە بۆ عێراق دابین دەکرێت.

جگە لەوەش رۆژی ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٣ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی چوار گرێبەستیان لە بواری وزەدا واژوو کرد کە بەھاکەی ٢٧ ملیار دۆلارە.

یەکێک لەو پڕۆژانەی کە لەلایەن کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی جێبەجێ دەکرێت، تایبەت دەبێت بە دامەزراندنی وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا لەڕێگای تیشکی خۆرەوە بە توانای ھەزار میگاوات کە دەبێت بە یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانی وزە لە ناوچەکە.

کێ لە پشت بەئامانجگرتنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبایە لە عێراق؟

بە ئامانجگرتنی تاوەرەکانی کارەبا لە عێراق ڕۆژەڤێکی نوێ نییە، چونکە لە دوو ساڵی رابردوودا، ١١٠ تاوەرەی گواستنەوەی کارەبا لە سنووری پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین و دیالە، بە کردەی تێکدەرانە و تیرۆریستی کرانە ئامانج.

حکومەتی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە تیرۆریستان و ئەو لایەنانەی کە دژبە بەرژەوەندی عێراقین، تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا دەکەنە ئامانج.

بەڵام ئاژانسی ئەنادۆڵ کە میدیای فەرمی تورکیایە بڵایوکردەوە، “ئەوەی بە کردەوە دەبیندرێت شتێکی دیکەیە و ھەرکاتێک حکومەتی عێراق بیەوێت جێگرەوەیەک بۆ ھاوردەکردنی غاز و کارەبا لە ئێران بدۆزێتەوە، ئەوە رەوشی کارەبا لە عێراق خراپ دەبێت”.

ئابوورییناسان لە عێراق ئاماژە بەوە دەکەن بە ئامانجگرتنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا لە عێراق بە تایبەتی لە وەرزی ھاویندا، ڕاگەیاندنی شەڕی سیاسیی و ئابوورییە دژبە حکومەت.

گەورەترین کەشتی گەشتیاری جیهانی ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێدەکەوێت
پێشت گەورەترین کەشتی گەشتیاری جیهانی ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێدەکەوێت
هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بەڕێوەبردنی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ هه‌رێم ناكۆكن
دواتر هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بەڕێوەبردنی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ هه‌رێم ناكۆكن
ەیوەندیدار