پیسبوونی ژینگە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە


پیسی ژینگە، لە نێوان گرنگی پێنەدان یان ناکارایی سیاسەتەکانی ھەرێم، قەیرانێکی ناوچەیی لێکەوتووەتەوە. لە پاڵ بەبیابانبوون و گۆڕانی ئاو و ھەوا کە ھەڕەشە لەسەر کۆی پرسی ژینگە لە ھەرێم و عێراق دەکات، فاکتەرەکانی دیکەی پیسبوونی ژینگە وەک کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، بوونی پاڵاوگە و کارگەکان، خراپی کوالێتی بەنزین، پاشماوەی زبڵ و خاشاک و کەمیی رێژەی سەوزایی، بوونەتە مەترسییەکی جیددی و ھەڕەشە لە داھاتووی ژینگەی ناوچەکە دەکات.
بە پێی زانیارییەکان، عێڕاق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە کەوتووەتە ژێر کاریگەری گەورەی گۆڕانی ئاو و ھەواوە و بە شێوەیەکی مەترسیدار ساڵانە ١٠٠ ھەزار دۆنم زەوی بە پیت لەدەستدەدات و دەبێتە بیابان.


بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی ئاو و ھەوا، لە ھەرێمی کوردستان چەند ڕێکارێکی وەک، دروستکردنی بەنداو و پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو گیراوەتەبەر و بەگوتەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی، ئێستا دروستکردنی ٤٥ پۆند لەژێر جێبەجێکردندایە و لەدوای ئەویش چەند پۆندێکی دیکە دروست دەکرێت، جگە لە ژمارەیەک بەنداوی گەورە کە توانای گلدانەوەی ٢٤٣ ملیۆن مەترسێجا ئاویان ھەیە.

ھەوڵەکانی ژینگەپارێزیی لە ھەرێمی کوردستان
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە وەک باڵاترین لایەنی بەرپرس لە ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە. پێشتر دەستەکە لە شێوازی وەزارەت کاری دەکرد و سەرئەنجام لە ساڵی ٢٠١٠ بوو بە دەستە و ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە حکوومەتی ھەرێم سەرەڕای بە گرنگی زانینی پرسەکە، بەڵام لە ئاستێکی خوارتر ڕاسپاردنی بۆ ئەرکەکان کردووە. ئاشکرایە کە دەستەیەک دەسەڵاتی کەمتر و سنووردارترە لە وەزارەتێک کە دەتوانێت پلانی لە ئاستی وەزارەتێکدا ھەبێت و بوودجەی بە قەبارەیەکی زیاتر لەبەردەستدا بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان.


ھەروەھا بە پێی یاسای ژمارە (٢٠) ساڵی ٢٠٠٨، پاراستن و چاککردنی ژینگە لە ھەرێمی کوردستان – عێڕاق، لەھەر پارێزگایەکی ھەرێمدا ئەنجوومەنێک بەناوی (ئەنجوومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پارێزگادا) دامەزراوە کە پارێزگار سەرۆکایەتی دەکات و لە کاتی ئامادەبوونەبوونیشیدا دەسەڵات دراوە بە جێگرەکەی کە ئەرکی بەدواداچوونی کێشەکانی ژینگە و دانانی پلانی پاراستن و جێبەجێکردنێتی.

کێشە ژینگەییەکان لە ھەرێم
فاکتەرەکانی تێکدانی ژینگەی ھەرێمی کوردستان و، بە واتایەکی دیکە پیسکردنی ژینگە لە ھەرێم زۆر زیاتر لە فاکتەرەکانی پاکڕاگرتنی ژینگەن. سەرەکیترین فاکتەری تێکدانی ژینگە لە ھەرێمی کوردستان بریتییە لە خراپ بەکارھێنانی سەرچاوە ئاوییەکانی ھەرێم کە پەلی کێشاوە بۆ قەیرانێک کە بەردەوام ھۆشداری لێ دەدرێت. وشکبوونی بیرەئاوە یەک لە دوای یەکەکان و لێدانی بیری چەند سەد مەتری لە ھەولێری پایتەختی ھەرێم، بۆ یەکەمجار ئاماژەیەکە بۆ گرفتێکی زۆر گەورە کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەرۆکی دانیشتوانی ناوچەکە دەگرێتەوە.

بوونی مولیدەکانی کارەبا لە گەڕەک و کۆڵانەکانی شار، زۆربوونی ئۆتۆمبێل و کارگەکان کە بەشێکیان دەردراوی پیسیشیان ھەیە و لە پاڵ ئەوانەشدا بەکارھێنانی کەلوپەلی سەفەری لە لایەن ھاووڵاتیانەوە کە ھۆشیاری ژینگەییشیان نییە لەم بارەیەوە، بەشێکی دیکەن لە ھۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە.


بەڵام ئەوەندە بەس نییە کە بوونی پاڵاوگەکان، خراپی کوالیتی بەنزینیش بەشێک بن لەو ھۆکارانەی کە لە پیسکردنی ژینگەی ھەرێم ڕۆڵیان ھەیە.

بەهۆی نەبوونی کارگەیەکی ڕیسایکلینەوە تا ئێستا پاشماوەی زبڵ و خاشاک لە ھەرێم دەخرێتە ژێڕ گڵ و، یان ئاگری تێبەردەدرێت کە لە ھەردوو پڕۆسەکەشدا، ھێندەی مانەوەی زبڵەکە لەسەر شەقامەکان بۆ ژینگە مەترسیدارن.

سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی پیسی ژینگە
ئەگەرچی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاوی ژێر زەوی ناوچەکان و ژینگەیەکی لەبارتر دەستی بە دروستکردنی بەنداو و گلدانەوەی ئاو کردووە، بەڵام خراپ بەکارھێنانەکەی کاریگەری نەرێنی خۆی هەیە و کۆی پڕۆسەکە رووبەڕووی ھەڕەشە دەکاتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ١٠ بەنداو بە قەبارەی گلدانەوەی ٢٤٣ ملیۆن مەتر سێجا ئاو، لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و کارەکانی ٤١ بەنداو لە رووی لێکۆڵینەوە و دیزاینکردن تەواو بووە و لە چاوەڕوانی تەرخانکردنی بوودجەی پێویستە بۆ جێبەجێکردن و ھاوکاتیش ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنی ٤١ پۆند بە چەند قۆناغێک دراوە.

دروستکردنی ئەم بەنداو و پۆندانە بۆ بووژاندنەوەی ئاوی ژێر زەوی سودبەخش دەبێت و ھاوکات حکوومەتی ھەرێم لە ھەوڵدایە بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکان و پشتێنەی سەوزایی بۆیان.


بەپێی ئامارەکان لە بەشێک لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان وەک ھەولێر، ڕێژەی سەوزایی ئاستی ستانداردی خۆی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە لەسەدا ١٨. ئامارە نافەرمییەکان باس لە ڕێژەی سەوزایی لەسەدا ١٣ بۆ دھۆک و لەسەدا ١٢ بۆ پارێزگای سلێمانی دەکەن.

مین و پاشماوەی تەقەمەنی سەردەمی جەنگ بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم
پێشت مین و پاشماوەی تەقەمەنی سەردەمی جەنگ بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم
بەشار ئەسەد هۆشداری لە دووبارەبونەوەی سیناریۆیەک دەدات
دواتر بەشار ئەسەد هۆشداری لە دووبارەبونەوەی سیناریۆیەک دەدات
پەیوەندیدار