ناردنی بەنزینی عێراقی بۆ هەرێم دەستپێدەكاتەوە



سەرەڕای بوونی بڕێكی زۆری نەوت لە هەرێم و ڕاگرتنی هەناردەكردنی بۆ دەرەوە و بوونی چەندین پاڵێوگەی گەورە، بەڵام نزیكەی هەفتەیەكە نرخی بەنزین لە بەنزینخانەكانی هەرێم بەرزبۆتەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم گران بوونی بەنزین دەخاتە ئەستۆی عێراق، كە ناردنی بەنزینی ڕاگرتووە و قائیمقامی هەولێر دەڵێت: “بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بەغدا بەنزین بنێرێتەوە”.

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی هەناردەی بەنزین بۆ هەولێر دەستپێبكاتەوە و بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا پڕۆسەكە دەستپێبكاتەوە.

ڕاشیگەیاند، “لەگەڵ گەیشتنی بەنزین بە هەولێر بە دڵنیاییەوە كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخ دەبێت”.

ئەو بەنزینەی حكومەتی عێراق ڕەوانەی شارەكانی هەرێمی كوردستانی دەكرد لیتری بە 750 دینار دەدرایە شۆفێران و هاوكات وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاندبوو، كە خۆیان بەنزین دەپاڵێون و بە شۆفێران دەیدەن بە 750 دینار، بەڵام بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری بە 850 دینار بوو.

لە ئێستادا لە سلێمانی نرخی بەنزینی نۆرماڵ بووە بە 950 دینار و موحەسەن بە 1100 دینار و سوپەر بە 1250 دینار، هاوكات لە هەولێر و دهۆك نۆرماڵ بووە بە 1100 دینار.

دوێنێ سێ شەممە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، “لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمیی بەنزین چڕ كردەوە و دوای ڕێگەپێدان بۆ هاوردەكردنی بەنزین لەلایەن كۆمپانیاكانەوە، مانگانە 71 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ناو هەرێمی كوردستان هاوردە دەكرێت و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا گرفتی كەمیی بەنزین چارەسەر دەكرێت”.

ڕاشیگەیاند، “حكومەتی عێراق لە 10ـی تەمموزەوە پشكی هەرێمی كوردستانی لە پێدانی بەنزین بڕیوە، قەیرانی كەمیی خستنەڕووی بەنزینی لێكەوتووەتەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی خواست لەسەر بەنزین”.

 

کەشناسی عێراق: خۆڵبارین دەست پێدەکاتەوە
پێشت کەشناسی عێراق: خۆڵبارین دەست پێدەکاتەوە
هێرشەكەی ئەمڕۆی ڕوسیا نرخی گەنمی لە جیهاندا بەرزكردەوە
دواتر هێرشەكەی ئەمڕۆی ڕوسیا نرخی گەنمی لە جیهاندا بەرزكردەوە
ەیوەندیدار