ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

شێخ عیسا بەرزنجی: سەید عەمار لە دڵسۆزی بۆ كورد دژایەتی ریفراندۆمی كرد

خەڵك- ئەحمەد عەبدوڵڵا
بەرپرسی پەیوەندییەكانی رەوتی حیكمەی نیشتیمانی لە سلێمانی پێیوایە، كە عەمار حەكیم و رەوتی نیشتیمانی دڵسۆزترین دۆستی كوردن و بەهۆی پەیوەندی مێژوویی و خاڵی هاوبەشی سیاسییەوە دەتوانرێت گرەوی زیاتریان لەسەر بكرێت بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد.
شێخ عیسا بەرزنجی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (خەڵك) ئاماژەی بە هەڵوێستی عەمار حەكیم كردووە سەبارەت بە جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان و سەربەخۆیی و دەڵێت “ئەو هەڵوێستەی سەید عەمار لەبەر دڵسۆزی بووە بۆ كورد و كوردستان و دەیزانی كە كورد دوای ریفراندۆم رووبەڕووی چ دەبێتەوە”.
هەر لە قسەكانیدا ئەو بەرپرسەی رەوتی حیكمە باسی لەوەشكردووە، كە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق بازنەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغداد توندتر دەكەنەوە و هەر هاووڵاتییەك كێشەیەكی هەبێت و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت، ئەوان ئامادەن بیگەیەننە بەغداد.

خەڵك: زۆربەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان زانیاری تەواویان لەسەر رەوتی حیكمە نییە و وادەزانن درێژكراوەی ئەنجومەنی باڵایە، بەكورتی دەكرێت رەوتەكەتان بناسین؟
شێخ عیسا بەرزنجی: رەوتی حیكمەی نیشتیمانی، رەوتێكی مەدەنی سیاسییە و لە هەموو عێراقدا هەیە، لە باكورەوە بۆ باشور و خۆرئاوای عێراق كە سوننەكانی تێدا دەژین و لە هەموو ئەو شوێنانەیش بارەگا و لایەنگران و دۆستی هەیە و لەژێر رۆشنای دەستوردا لەلایەن سەید عەمار حەكیمەوە بونیادنراوە. لە رۆژی 24ی تەموزی 2017 راگەیەندرا و سەرباری تێبینییەكان لەسەر ئاستی عێراق حزبی سێهەمین و 20 كورسیمان هەیە لە دوای تەیاری سەدری و پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە ئەوانی دیكە هاوپەیمانی بوون.

خەڵك: مەبەستی دروستكردنی رەوتی حیكمە چ بوو، بۆچی لە ئەنجومەنی باڵا جیابوونەوە؟
شێخ عیسا بەرزنجی: جیابوونەوە نەبوو. ئەنجومەنی باڵا كە شەهیدی میحراب “محەمەد باقر الحكم” لە هەندەران دروستی كرد و هاوپەیمانی دروستكرد دژ بە رژێمی پێشووی عێراق و پاشان ئەنجومەنی باڵاش زیانی زۆری بەركەوت و شەهیدی میحراب لە شوێنی ئیمامی عەلی و لە میحرابدا شەهیدبوو، دواتریش كۆچی دوایی عەبدولعەزیز حەكیم، كاریگەریان لەسەر ئەنجومەنی باڵا هەبوو، بۆیە سەید عەمار حەكیم بیرۆكەی ئەوەی هەبوو، كە رەوتی تازەی نیشتیمانی دروستبكات، چونكە لە ئەنجومەنی باڵادا نەتوانراوە هەموو پێكهاتەكان كۆبكاتەوە، بەتایبەتی كە ئەنجومەنی باڵا ئاینی بوو، بەپێچەوانەی رەوتی حیكمەوە، مەسیحی و ئێزیدی و سوننە و كورد و شیعە هەن لە هەموو پارێزگاكاندا.

خەڵك: چۆن رەوتی حیكمە بەو شێوەیە كوردسییەكانی زیاد كرد و بووە حزبی سێهەم كە پێشتر زۆر كەمتربوو؟
شێخ عیسا بەرزنجی: پەیوەندی بە چەند هۆكارێكەوە هەیە، لە نێویاندا كراوەیی و مەدەنی بوونی رەوتی حیكمە و كاریزمای سەید عەمار حەكیمەوە كە كۆمەڵێك گەنجی هێناوەتەپێشەوە.

خەڵك: لە هەرێمی كوردستان چەند نوسینگەتان هەیە و پەیوەندیتان لەگەڵ حزبە كوردییەكان چۆنە؟
شێخ عیسا بەرزنجی: دوو نوسینگەی سەرەكیمان هەیە لە سلێمانی و هەولێر، لە دهۆكیش دەیكەینەوە، مەبەستی رەوتی حیكمەیش بۆ خزمەتی خەڵكی عێراقە بە هەرێمی كوردستانیشەوە. پشتیوانی سەرجەم مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستانیش دەكەین.

خەڵك: پەیوەندیتان لەگەڵ حزبەكانی هەرێمی كوردستان چۆنە، چونكە دەوترێت ئێوە رەوتێكی نزیك لە ئێرانن و ئەوانەی نزیك بن لە ئێرانەوە لە ئێوەوە نزیكن؟
شێخ عیسا بەرزنجی: سەركردایەتی رەوتی حیكمە پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ حزبەكانی هەرێمدا هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندی مێژووییان هەیە، لەوانەیە یەكێتی و پارتی و ئەوانەی تریش كە لەو حزبانە جیابوونەوە، لەسەر ئاستێكی باڵا مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی رەوتی نیشتیمانی مامەڵە دەكرێت. رەوتی حیكمەیش پەیوەندی لەسەر حسابی بەرامبەر دانانێت، بۆ نمونە پەیوەندی دروستناكات لەگەڵ سعودییە لەسەر حسابی ئێران، یان حزبێك لەسەر حسابی شوێنێكی تر، بەنسبەت حزبەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە، هەموو حزبەكانی هەرێمی كوردستان نزیكن لە ئێرانەوە، ئێرانیش پێشتر یارمەتی كوردی زۆرداوە و من وەك كوردێك سوپاسی ئێران دەكەم.

خەڵك: رەوتی حیكمە چی كردووە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق؟
شێخ عیسا بەرزنجی: بێگومان، زۆر لەوە زیاتریش لە راگەیاندنەكانەوە باس دەكرێت، یەكێتی و پارتی لە ئێمە باشتر دەزانن كە رەوتی حیكمە و سەید عەمار چەند رۆڵیان هەبووە، بەتایبەتی دوای .ئەو دۆخەی نەخوازراوەی كە لە 25-9-2017 روویدا و سەید عەمار هەوڵی زۆریدا كە كێشەكان چارەسەر بكرێن.
خەڵك: دەوترێت حزبەكانی عێراق ناتوانن بچنە نێو خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵگەیش بۆ ئەوە دەهێننەوە، كە دەنگی پێویستتان نەهێنا لە هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵدا؟
شێخ عیسا بەرزنجی: گرنگ دەنگهێنان نییە، بەڵكو خزمەت مەرجە، ئەوە بۆچونی رەوتی حیكمەشە. ئەو دەنگەی هێنامان بەراستی دەنگی ئێمە نەبوو، بۆ نمونە هەر لە ماڵی خۆمان 7 دەنگمان لە بنكەیەك دا، بەڵام 3 دەنگمان بۆ هاتەوە، هەرچەندە ئێمە هێزی دەهەمین لە كوردستان و پەشیمانیش نین، هیوادارین ئەوانەی سەركەوتوون بەڵێنەكانیان ببنەسەر.

خەڵك: دۆست و لایەنگرتان زۆرە لە سلێمانی؟
شێخ عیسا بەرزنجی: بە ژمارە نازانم، بەڵام دۆست و ئەنداممان زۆرە و رێكخستنیشمان وەك حزبەكانی دیكەین و ئێستایش سەدان كەس داوای ئەندامێتیان كردووە.

خەڵك: ئەوانەی دەبنە ئەندامی حزبەكانی هەرێم زیاتر بۆ دەستكەوتی مادییە، ئێوە چی بۆ ئەو كەسانە دەكەن، كە دەبنە ئەندامی ئێوە؟
شێخ عیسا بەرزنجی: ئێمە بەرگری لە مافی هەموو خەڵكی عێراق دەكەین، لە مانگەكانی پێشوودا سەدان كێشەمان گەیاندە بەغداد، وەك پارەی گەنمی جوتیاران، كێشەی زیندانیانی سیاسی و خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە و پێویستە خزمەتیان بكات. ئێستاش چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەت دەكەین و لەژێر رۆشنایی دەستوردا هەرچیمان پێبكرێت دەیكەین.

خەڵك: هیچ هاووڵاتییەك هەبوو، بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ نەكرابێت لە هەرێم و ئێوە كێشەكەتان بۆ گەیاندبێتە بەغداد؟
شێخ عیسا بەرزنجی: بەڵێ‌ زۆر هەبووە، گەیاندومانەتە بەغداد، بۆ نمونە كێشەی پۆلیسی سنور و ئەوانە هەیە كە گروپێكیان دەركرابوون یان خۆیان وازیان هێنابوو، زیندانی سیاسی و دوای دروستبوونی حكومەتیش ژوورێكی عەمەلیات دروست دەكەین و سكاڵای هاوڵاتیانی هەرێم وەردەگرین و دەینێرین بۆ بەغداد.

خەڵك: عەمار حەكیم دەوترێت دۆستی كوردە، بەڵام هەڵوێستێكی توندی دژ بە ریفراندۆم هەبوو، بۆچی؟
شێخ عیسا بەرزنجی: ئەوە لە دڵسۆزی بوو بۆ كورد، سەركردایەتی كورد چاك هەڵوێستی سەید عەمار دەزانن، كورد لە دوای ریفراندۆم كەوتە ژێر فشارێكی زۆر زۆرەوە، فڕۆكەخانەكان داخران و ناوچەكانی كێشە لەسەر لە هەرێم وەرگیرانەوە و نزیكبووینەوە لە خاڵی سفر، تاكە هێزیش هەر لە پشتیوانی كورد بەردەوام بوو، رەوتی حیكمە و كەسایەتی سەید عەمار بوو، سەید عەماریش كوردستان وەك دڵی عێراق وەسف دەكات.

خەڵك: بەرنامەتان بۆ داهاتووتان لە هەرێم چیە؟
شێخ عیسا بەرزنجی: بەرنامەمان هەیە هەر داواكاری و داخوازییەك هەبێت و یاسایی بێت پشتیوانی دەكەین، نوسینگەی سلێمانیش بەرنامەی دەبێت بۆ خزمەتی خەڵكی سلێمانی.

شێخ عیسا بەرزنجی
لە ساڵی 1969 لە ناوچەی شوانی كەركوك لە دایكبووە
پێشتر بەرپرسی پەیوەندییە ئاینییەكانی دەزگای شەهیدی میحرابووە
بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی رەوتی حیكمەیە لە سلێمانی
ئەندامی كۆنگرەی رەوتی حیكمەیە

چاوپێکەوتن

ئارام قادر: ئەوەی بەرامبەر هاوپەیمانی دەكرێت، سیناریۆی هەڵبژارنە‌و بۆ شەرعیەتدانە بە ساختەكاری

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

ئارام قادر ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە دیمانەیەكی تایبەتی (خەڵك) دا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان واقیعی سیاسی و جوگرافیای سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت، ئاشكراشیكرد، ئەنجامی هەڵبژاردنەكان چاوەروان نەكراو دەبێت و خەڵك تووشی شۆك دەكات بەتایبەت لایەنە سیاسییەكان.

خەڵك: لە ئێستادا دەتانەوێ بەشێوازی پێشوو درێژە بە هاوپەیمانی بدەن یاخود بەشێوازێكیتر و گۆڕانكاری دروست بكەن؟
ئارام قادر: هاوپەیمانی بریتییە لە پڕۆژەیەكی فیكری سیاسی، دیدگایەكی نوێیە لە كاری سیاسی، بریتییە لە كلتورێكی تازە لە نەریتی سیاسی، هاوپەیمانی بەردەوام دەبێت هەرچەندە سەرۆكی هاوپەیمانی گەڕاوەتەوە نێو یەكێتی، بەڵام بەدڵنیاییەوە هاوپەیمانی لەبەر ئەوەی كۆمەڵێك خەڵكی پاشخانی جیاوازی تێدا بووە هەموو كۆبونەتەوە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە مەدەنییە كە لە چوارچێوەی بزاڤێكی كۆمەڵایەتی مەدەنیدا خۆی دەبینێتەوە، ئێمە درێژە دەدەین بە خەباتی سیاسی خۆمان لەو چوارچێوەیەدا و هیواو ئومێدمان وایە كە ئەم پڕۆژەیە فراوان بكەین و بەهێزتری بكەین لە داهاتوودا، چونكە ئێمە ئەم پرۆژەیە بە تاكە چارەسەر دادەنێین، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان لەسایەی ئەو حزبانەی كە ئێستا لە هەرێمدا كار دەكەن هەمیشە هەوڵیان داوە ناكۆكیەكان قوڵ بكەنەوە، بەڵام گوتاری هاوپەیمانی دەیەوێت ناكۆكییەكان بگۆڕێت بە راجیایی ‌و را جیاجیاكانیش ببێتە ململانێی سیاسی، نەك ناكۆكی و قوڵكردنەوەی را جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان.


خەڵك: بەهەمان دیدگای پێشوو بەردەوام دەبن؟
ئارام قادر: بە هەمان دیدگا بەردەوام دەبین و هەوڵ دەدەین ئەو دیدگایانەش دەوڵەمەندتر بكەین، چونكە پێشبینی دەكەین هەرێم بەرەو قەیرانی گەورەتر و قوڵتر دەڕوات، بەداخەوە ئەویش لەسایەی ئەو حوكمڕانییەی ئێستا هەرێم بەڕێوەی دەبات كە كۆمەڵیك قەیرانی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە لە رووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە كە ئەوەش دەخوازێت ئێمە بیر لە چارەسەرێكی جددی بكەینەوە، لەو بڕوایەداین ئەو دیدگاو بیروبۆچونەی هاوپەیمانی بە فاكتەری سەرەكی دادەنرێت بۆ سەقامگیری هەرێمی كوردستان.

خەڵك: پێتان وایە ئەوەی باسی دەكەیت بتوانن فراوانی بكەن، لەكاتێكدا بەرهەم ساڵح گەڕاوەتەوە نێو یەكێتی، یان گەڕانەوەی ناوبراو كاریگەری لەسەر كەسایەتی مەعنەوی هاوپەیمانی دروست نەكردووە؟
ئارام قادر: هەر هاودیدێك لە هاوپەیمانی بڕواتە نێو لایەنێكی تر یاخود بێئومێد بێت لەكاری سیاسی و وازی لێبهێنێت ئێمە پێی نیگەرانین، بەدڵنیاییەوە زیانیشی دەبێت، بەڵام هاوپەیمانی توانای ئەوەی هەیە ئەو زیانە چارەسەر بكات و ئەو برینە ساڕێژ بكات، چونكە ئێمە بە ئومێدەوە دەڕوانینە داهاتوو وە بنەمای هاوپەیمانیش بریتییە لەو تێروانین و دیدگایە كە پەیوەست نییە بە كەسایەتی و گروپێكەوە، بەڵكو بریتییە لە دیدگایەكی رۆشنبیری فیكری كە خەڵك پێویستی بەو دیدگا نوێیە هەیە لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانین هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی كوردستان رزگار بكەین لەو بارودۆخە ناهەموارەی كە ئێستا تێیكەوتووە.

خەڵك: دەسەڵاتدارانی هەرێم كار لەسەر بردنی هاودیدان دەكەن، ئەمە كاریگەری لەسەر دواخستنی كاری سیاسی ئێوە ناكات؟
ئارام قادر: وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد زیانی دەبێت، بەڵام ئەوەش بەدیاردەیەكی سروشتی دەزانم، چونكە حزبە سیاسیەكانی كوردستان لە هەرێم ململانێی یەكتری دەكەن، ململانێیی ئەوە دەكەن لە ساحەی هەرێمی كوردستان زۆرترین ئەندام و لایەنگریان هەبێت، هاوپەیمانیش كۆمەڵێك دەستەبژێری جوان و بەهێزی هەیە بەتایبەت لەناو توێژی گەنجەكاندا، حزبەكانی تر دەیانەوێ سود لەو توانا و وزانە وەربگرن، بەڵام ئەوەی ئێستا لەم كاتەدا زیاتر بریتییە لە كۆمەڵێك سیناریۆ كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشووش دوبارە بوەتەوە، ئێستاش ئەوە سیناریۆی هەڵمەتی هەڵبژارنە بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیان و بۆ شەرعیەتدانیشە بە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان.

خەڵك: پەیوەندیتان چۆنە لەگەڵ ئەو لایەنانەی كار لەسەر بردنی هاودیدەكانتان دەكەن؟
ئارام قادر: ئێمە لە هاوپەیمانی بڕوامان بە دیالۆگی نیشتمانی هەیە، ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت ئێمە رەخنە نەگرین یان رازی بین لە تێڕوانین و بۆچونیان، بەڵكو دەمانەوێ لەجیاتی ناكۆكی، ململانێی سیاسی دروست ببێت لە چوارچێوەی ململانێی سیاسیدا، بەشێویەك هەر لایەنێك هەوڵ بدات كار و خەباتی خۆی بكات ‌و سیاسەتی خۆی پیادە بكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئێمە ئاگاداری ئەوە بین كوردستان پێویستی بە قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكان نییە بەڵكو پێویستی بە دیالۆگی نیشتمانی و گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بخەینە سەر رۆخی سەقامگیری و ئەم بارە ناهەموارەی كە هاتووە چارەسەری بكەین.

خەڵك: دوو كورسییەكەی هاوپەیمانی لای ئێوە ماونەتەوە؟
ئارام قادر: ئەو دوو كورسییە بریتییە لە دەنگی دەنگدەرانی هاوپەیمانی و وەكو فراكسیۆنی هاوپەیمانی بەردەوام دەبێت و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وە نوێنەری هاوپەیمانی دەبن لە بەغدا.

خەڵك: سەرپشككراون لەسەر ئەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح دەگەڕێنەوە یان نا؟
ئارام قادر: ئەگەر هەر كەسێك بچێتە نێو لایەنێكی تر، كەسێكی تر دەچێتە شوێنەكەی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

خەڵك: هاوپەیمانی تاكە حزبە كە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كردووە، ئەوەی دەخوێندرێتەوە دەوترێت رێكەوتنی نێوان حزبە دەسەڵاتدارەكان و هاوپەیمانییە، لەكاتێكدا بەرهەم ساڵح بڕیارەكەی داوە؟
ئارام قادر: نەخێر، پێش ئەوەی باسی سەرۆك كۆمار بكرێت، ئەو بڕیارە دراوە كە ئێمە بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان نەكەین، ئەویش لە سۆنگەی ئەو قەناعەتەمانەوە بوو كە ئەمجارە ساخەتەكارییەكی زۆر زۆر گەورە دەكرێت لە هەرێمی كوردستان بەجۆرێك دەرئەنجامەكانی چاوەڕوان نەكراوە و دەبێت و خەڵك تووشی شۆك دەكات بەتایبەت لایەنە سیاسییەكان، داواشمان لە گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووش كرد بایكۆت بكەن، چونكە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرئەنجامێكە واقیعی سیاسی و جوگرافیای سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت، لەبەرئەوە بەشدارینەكردنی ئێمە لە هەڵبژاردن هیچ پەیوەست نییە بە پرسی پۆستی سەرۆك كۆمار.

خەڵك: ئەو لایەنانەی باست كرد ئاگاداری ئەو دۆخەن كە ساختەكاری گەورە دەكرێت؟
ئارام قادر: بەدڵنیاییەوە ئاگادارن، چونكە ئێمە دووجار لەگەڵ كۆمسیۆن كۆبووینەوە و نوێنەری گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووش ئامادەبوون، بەڵام ئەوان بڕیارێكی سیاسیاندا كە بەشدار دەبن، ئێمەش پێمان باش بوو بایكۆتی بكەین و داواشمان لەوان كرد، بەڵام بەداخەوە ئەوان رای پێچەوانەیان هەبوو.


خەڵك: هاوپەیمانی لە رووی دارایی پشت بە چ لایەنێك و بوارێك دەبەستێت؟
ئارام قادر: ئێمە پێشتر پشتگیری مادیمان لەسەر دۆخی ناوخۆمان بوو، چونكە هاوپەپەیمانی یەكێك لە سیاسەتەكانی ئەوەیە كە كەمترین موچە خۆری هەیەو نامانەوێ نەریت و سیستمی حزبەكانی تر دووبارە بكەینەوە، كە زۆرترین موچەخۆریان هەیەو زۆربەی هاودیدانی ئێمە لەسەر بنەمای خۆبەخشی كار دەكەن و چالاكی دەكەن، ئەوەی موچە خۆرە رێژەكەی زۆر كەمە، جگە لەوەش نەمانویستووە بنكەو بارەگای زۆر دابنێن ئەم دوو فاكتەرە وایكردووە ئێمە خەرجییەكانمان كەم بێت، كە دەتوانرێت لە رێگای دۆست و هاوڕێكانمانەوە لە هەرێمی كوردستان پشتیوان و هاوكارمان بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەرجییە.

خەڵك: واتە بودجەیەكی دیاریكراوتان نییە؟
ئارام قادر: نەخێر بودجەیەكی دیاریكراومان نییە و داهاتی دیاریكراویشمان نییە، بەڵكو ئێمە زیاتر لەسەر كۆمەك و پشتیوانی دۆستەكانی هاوپەیمانی كار دەكەین.

خەڵك: هاوپەیمانی دەزگای میدیایی هەبوو، ماڵپەری خەندانیش هاتە نێو هاوپەیمانی و تەلەفزیۆنی خەندانیش كرایەو دواتر داتانخست، هیچ نەخشەیەكتان هەیە لەو بوارەدا؟
ئارام قادر: خەندان پەیوەندی بە هاوپەیمانییەوە نییە، بەڵام لە داهاتوودا نەخشەو بڕیارمان هەیە سەبارەت بە میدیای هاوپەیمانی.

خەڵك: باس لەوە دەكرێت كە لە ئایندەدا كۆبونەوەیەكی بەرفراوان بكەن كاتەكەی كەیە؟
ئارام قادر: كاتەكە دیاری نەكراوەو بڕیارمان داوە كۆبونەوەیەكی گشتی ئەنجام بدەین دوای هەڵبژاردنەكان، دەستەی بەڕێوەبردن دیاری دەكرێتەوەو رێكخستنەكان كارا دەكەینەوە.

خەڵك: لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆك دیاری دەكەن؟
ئارام قادر: لە كۆبونەوەكەدا یەكلادەكرێتەوە بۆچونەكان جیاوازە، ئایا یەك كەس دەبێتە سەرۆك یاخود دەستەیەك هاوپەیمانی بەڕێوەدەبەن.
خەڵك: زۆرترین چاو لەسەر ئێوەیە كە ببنە سەرۆكی هاوپەیمانی ئەگەر داواتان لێبكرێت دەبنە سەرۆكی هاوپەیمانی؟
ئارام قادر: جارێ زووە، ئێمە لە كۆبونەوە گشتییەكان بڕیار لەسەر ئەوە دەدەین، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە ئەرك و بەرپرسیارێتی پڕۆژەی هاوپەیمانیمان هەڵگرتووە كە هیواخوازین ئەو پڕۆژەیە بگەیەنینە ئامانجی خۆی و بیكەینە میكانیزمێك بۆ بەختەوەری هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

خەڵك: هەندێك لە هاودیدان بانگەشە دەكەن بۆ لایەنێكی تری سیاسی ئەمە رێكەوتنی سیاسییە یان رای كەسییە؟
ئارام قادر: هاوپەیمانی قەوارەیەكی سەربەخۆیە و هەر كەسێك ئەو كارە بكات ئەوە دەرچوونە لە سیاسەت و بەرنامەی هاوپەیمانی و ئەو هەڵوێستەی هیچ پەیوەندی بە هاوپەیمانییەوە نییە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

سیروان كوێخا نەجم: مەكتەبی سیاسی رێگەی نەدا چاكسازی لە نێو حزب و حكومەتدا بكرێت

خەڵك- ئەحمەد عەبدوڵڵا

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، كە لە ماوەی رابردوودا دوو لیژنە دروستكراون بۆ چاكسازی لە نێو حزب و حكومەتدا، بەڵام مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە رێگریان كردووە و نەیانهێشتووە، بەوەش پرۆژە و راپۆرتەكانیان جێبەجێ‌ نەكراون.

سیروان كوێخا نەجم، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (خەڵك) باسی لەوەشكردووە، كە كۆسرەت رەسوڵ و چەند بەرپرسێكی دیكەی یەكێتی، هێزی تایبەتی خۆیان هەیە و نەخراونەتە چوارچێوەی هێزی 70ی یەكێتییەوە و رەتیشی دەكاتەوە، كە هێزی پێشمەرگە ببێتە هێزێكی نیزامی “ئەگەر تەجنید نەبێت”، چونكە تائێستاش لیوا و فەوجەكان بەناوی فەرماندە و بەرپرسەكانیانەوە دەناسرێن.

ناوبراو هەر لە چاوپێكەوتنەكەدا ئەوەشی وتووە، كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی و هەموو ئۆرگانەكانی ئەو حزبە شەرعیەتیان نەماوە، چونكە ماوەیەكی زۆر بەسەر ماوەی دیاریكراوی كۆنگرەدا تێپەڕبووە.

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

خەڵك: پێش ئەوەی پرسیارەكان دەستپێبكەم، كە هاتم بۆ مەڵبەند بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرێزتان، خەڵكانێكی زۆر لە نێو بینای مەڵبەنددا بوون، ئەو خەڵكە زۆرە كێن و بۆچی هاتوون بۆ ئێرە؟

سیروان كوێخا نەجم: پەیوەندی بە دوو هۆكارەوە هەیە، یەكەم: سەركەوتنەكانی یەكێتی، بەتایبەتی دوای پەرلەمانی عێراق. دووەم: پەیوەندی بە خۆمەوە هەیە، چونكە من خەڵكی ئەم ناوچەیەم “چەمچەماڵ” و سەرەتای پێشمەرگایەتیم لێرەوە بووە، بەرپرسی تیپەكانی 25 و 21 بووم، كە زۆربەی پێشمەرگەكان خەڵكی ئێرە بوون، هەروەها من كوڕی بنەماڵەیەكی ناسراوی ئەم سنورەم و پێشتر بەرپرسیارەتیم هەبووە، بەرپرسی مەڵبەند بووم و ماوەیەكیش قائیمقام بووم و بەرگریشم لە ناوچەكە كردووە و خەڵكیش ئێستا دەیەوێت لەگەڵ یەكێتی ئاشتبێتەوە، لەبەرئەوەی پێشتر خەڵكمان لێ توڕەبوو و ئێستا ئەركمانە خزمەتی خەڵك بكەین.

سیروان كوێخا نەجم لەكاتی پێشوازیكردنی لە چەند لایەنگرێكی یەكێتی

خەڵك: بەڵام دۆخی چەمچەماڵ و دەوروبەری خراپە، لەرووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، هەرچەندە ئێوە حزبی باڵادەستن و حكومەتیش هەر لای ئێوەیە؟

سیروان كوێخا نەجم: ئەوە راستە، كاك قوباد لەماوەی رابردوودا هاتە ئێرە، داواكارییەكانمان بۆ بەرزكردۆتەوە، بەردەوامیش دەبین لە چاودێریكردن بۆ ئەوەی جێبەجێ‌ بكرێت. بەنیسبەت ئەمنیشەوە، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی قسەمان كردووە، پێش ئەوەی بەرێزت بێیت، هەر ئەمڕۆ كاك خەسرەو گوڵ محەمەد، لێرە بوو و باسی دروستكردنی هێزێكی ئەمنی تۆكمەمان كرد بۆ ئەوەی لە چەمچەماڵ جێگیر بكرێت و بۆ ئەوەی ئەوانەی لە یاسا هەڵهاتوون دەستگیریان بكەن.

خەڵك: دەوترێت ئەو كەسانەی لەیاسا هەڵهاتوون، حزبەكان داڵدەیان داون؟

سیروان كوێخا نەجم: ئاگاداری ئەوەنیم، بەڵام ئەوانەی لەم سنورەن، یەكێتین، پارتی، گۆڕان یان ئیسلامین، بەڵام بەنسبەت داڵدەدانەوە نازانم كێ داڵدەی داون.

خەڵك: بەشێوەی گشتی دۆخی یەكێتی چۆنە، چونكە هەندێك دەڵێن یەكێتی بەهێز بوەتەوە، كەمیش نین ئەوانەی پێیانوایە یەكێتی دۆخی خراپە؟

سیروان كوێخا نەجم: جیاوازی زۆر هەیە لە یەكێتی لە نێوان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دوای ئەوە، زۆر كەس چاوەڕوانی ئەوە بوو، كە یەكێتی دوولەت بێت و بچوك بێتەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا، لایەنگرانی یەكێتی، بەشی زۆری ئەنجومەنی سەركردایەتی، كە توانیان یەكێتی بەهێزبكەنەوە.

خەڵك: تەنها پەیوەندی بە دەنگەكانی یەكێتییەوە هەیە، یان بابەتی تریش هەن؟

سیروان كوێخا نەجم: داینەمۆیەكی بەهێز لە نێو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا هەیە، كە تەنها خەمیان بەهێزكردنەوەیە، خەڵك هەن بەرژەوەندی تایبەتیان هەیە، بەڵام زۆربەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەركیان بەهێزكردنەوەی یەكێتییە.

ژمارەیەك هەواداری یەكێتی سەردانی سیروانی كوێخا نەجم دەكەن

 

 نەك ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەڵكو هەموو ئۆرگانەكان شەرعیەتیان نەماوە 

خەڵك: بەڵام زۆربەی بەرپرسانی یەكێتی و كادیرەكانتان دەڵێن، ئەنجومەنی سەركردایەتی شەرعیەتی نەماوە، هەروەها دەڵێن، ئەو بەرپرسانە هۆكاری شكستەكانی یەكێتی بوون لە رابردوودا، چۆن گۆڕان و ئێستا بوون بەوانەی كە یەكێتی بەهێز دەكەنەوە؟

سیروان كوێخا نەجم: راستە شەرعییەتیان نەماوە، چونكە كاتی كۆنگرە زۆری بەسەردا تێپەڕبووە، خۆمان وتمان ئەگەر كۆنگرە نەكرێت، ئۆرگانەكان شەرعیەتیان نامێنێت، ئێستاش نەماوە، نەك ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەڵكو هەموو ئۆرگانەكان شەرعیەتیان نەماوە، بەڵام ناشكرێت بچینەوە بۆ ماڵی خۆمان، پێویستە تا كۆنگرە سەركردایەتی بكرێت، پاشان كۆنگرەیەكی بێ‌ فرت و فیڵ بكرێت و زۆربەی كێشەكانی چارەسەر بكات.

خەڵك: هەمووتان تەئكید لە كۆنگرە دەكەنەوە، بەڵام ناتوانن كۆنگرە ببەستن، بۆچی؟

سیروان كوێخا نەجم: گروپێك هەن لە نێو یەكێتیدا نایانەوێت كۆنگرە بكرێت، كۆنگرە بە مەترسی دەزانن لەسەر خۆیان و نایەڵن كۆنگرە بكرێت و دەیانەوێت بەجۆرێك بێت، كە دورە لە مەفاهیمی حزبی.

خەڵك: ئەوانەی بەرپرسی باڵای یەكێتین؟

سیروان كوێخا نەجم: بەڵێ بەرپرسی باڵایان تێدایە و بەرپرسی خوارەوەش، ئەمانە لە خۆیان دەترسن دەرنەچنەوە لە كۆنگرەدا.

خەڵك: یەكێتی و پارتی بەهاوبەشی گفتوگۆ دەكەن لەگەڵ بەغدا و لە كوردستانیش نزیكبونەتەوە، دەوترێت زۆربەی لایەنگرانی یەكێتی حەزناكەن حزبەكەیان نزیكبێت لە پارتییەوە، بۆچونی بەرێزت لەمبارەوە چیە؟

سیروان كوێخا نەجم: هیچ حزبێك ناتوانێت بەتەنها لە كوردستان بژی. لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، حزبەكانی سنوری ئێمە پەنجەی تاوانیان بۆ ئێمە درێژكرد و پەیوەندییە حزبییەكان تێكچوون. ئێمە لەگەڵ كاك شێخ لاهور و برایانی ترمان هەوڵێكی زۆرماندا بۆ نزیكبونەوە لەگەڵ گۆڕان و كاك بەرهەم و وەفدی هەردوولاشمان یەكتریان بینینی و ئێستاش پەیوەندییەكانی یەكێتی و گۆڕان بەرەو ئاسایبونەوە دەچێت.

خەڵك: سەرچاوەی ئەو گفتوگۆیانە داوای لێبوردنەكەی یەكێتی بوو لە گۆڕان، وایە؟

سیروان كوێخا نەجم: ئێمە ستەممان لە گۆڕان كرد، لەگەڵ كاك كۆسرەت، كاك بەختیار و برادەرانی مەكتەبی سیاسی قسەمان كرد و وتمان ئەگەر بەداوای لێبوردنێك چارەسەر بكرێت، بۆچی نەیكەین و لەگەڵ گۆڕان ئاشتبینەوە، لەكاتێكدا ئێمە و ئەوان لە یەك دایك لەدایكبووین و لە یەك قوتابخانەی سیاسی پەروەردە بووین و لەیەك سنورین و كادیرەكانمان خزم و برادەری یەكترن، كاك لاهوریش رۆڵی بنەڕەتی هەبوو و پاشان لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان قسەمان كرد و دانیشتین و دۆخەكە خاوبوەتەوە.

خەڵك: هەمان بۆچونیشتان بۆ هاوپەیمانی دیموكراتی و دادپەروەری هەیە، مەبەستم دەتانەوێت لەوانیش نزیكببنەوە؟
سیروان كوێخا نەجم: بەڵێ‌، دەمانەوێت لەگەڵ ئەوانیش هاوپەیمان و دۆست بین.

خەڵك: دەوترێت هەوڵێك هەیە لە نێو یەكێتیدا بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح؟

سیروان كوێخا نەجم: بەفەرمی نییە، بەڵام لابەلا هەیە، پێمانخۆشە بێتەوە نێو یەكێتی و كاتی خۆشی هەوڵماندا یەكێتی جێنەهێڵێت.

خەڵك: ئەی بەنسبەت هەڵبژاردنەوە یەكێتی چ دەكات، بەتایبەتی دەوترێت یەكێتی حەزدەكات هەڵبژاردن نەكرێت؟

سیروان كوێخا نەجم: ئێمە ناترسین كە كورسی كەمبهێنین، یان خۆمان ئامادەنەكردووە، كۆمەڵێك هۆكاری دیكە هەن، لەوانە پێكنەهێنانی حكومەتی بەغدا و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ بەغدا، هەرچەندە ناتوانین ئەوەش بكەین، چونكە بەغدا گەرەنتی هیچ ناكات و پێویستە لایەنی سێهەم هەبێت بۆ جێبەجێ‌ كردنی داواكارییەكان. هەروەها لیستی دەنگدەران لیستێكی باش نییە، پڕە لە خەڵكی دەرەوەی هەرێم و مردوو، پاشان یاسای یەك بازنەی تەنها لەقازانجی یەك حزبە و پێویستە هەموویان بگۆڕدرێن. ئەمەش تەنها بۆچونی ئێمە نییە، بەڵكو هی هەموو حزبەكانی تریشە، بەڵام ئێمە بەدەنگی بەرز دەیڵێن.

خەڵك: نزیكەی ساڵێك تێپەڕبووە و هێشتا یەكێتی پارێزگاری كەركوكی دیارینەكردووە، لە نێوخۆدا رێكناكەون، یان هۆكاری دیكە هەیە؟

سیروان كوێخا نەجم: دوای رووداوەكانی ساڵی رابردوو، پارتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی بردە هەولێر و دەستی بەسەرداگرتن و رێگری دەكات كە پارێزگارێكی نوێ‌ هەڵبژێرن. دكتۆر نەجمەدین فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، پارێزگار نەما، بەڵام پارتی رێگری كرد، ئێستاش ئێمە وەك سەركردایەتی كەركوك لە نێو یەكێتیدا، هەموو بەرپرسانی یەكێتیمان ئاگادار كردۆتەوە، كە حەق نییە هیچ رێكەوتنێك لەسەر بەغدا بكرێت، ئەگەر بابەتی كەركوك یەكلایی نەكرێتەوە.

 

پارتی حزبێكە بەردەوام بە سیاسەتی”بەشەكەی خۆم بۆ خۆم بەشەكەی تۆش دەخۆم” رەفتار دەكات 

خەڵك: باسلەوەكرا، كە پارتی داوای پۆستی پارێزگاری كەركوكی كردبێت بەرامبەر سەرۆك كۆماری بۆ یەكێتی، ئێوە چۆن لەو بابەتە دەڕوانن؟

سیروان كوێخا نەجم: پارتی حزبێكە بەردەوام بە سیاسەتی”بەشەكەی خۆم بۆ خۆم بەشەكەی تۆش دەخۆم” رفتار دەكات، ئەوە سروشتی ئەو حزبەیە، پارێزگاری كەركوك پەیوەندی بە بەغدا و كوردستانەوە نییە، بەڵكو بەپێی كورسییەكانی كەركوكە دابەش دەكرێت. سەرۆك كۆماریش، ئێمە بۆچونێكمان هەیە، كە سەرۆك كۆمار وەرنەگرینەوە و لەبری ئەوە چەند وەزارەتێك وەربگرین، چونكە لەدوای مام جەلال هیچ سودێكمان لە سەرۆك كۆمار نەبینیوە، نە كورد سودی بینیوە، نە یەكێتی.

خەڵك: ئەو بۆچونەیش هەیە كە دەوترێت خۆتان ناتوانن كەسێك كاندید بكەن؟

سیروان كوێخا نەجم: نا ئەوە دورە لە راستییەوە.

خەڵك: لە ماوەی رابردوودا مەلا بەختیار وتی” هێزی چەكدار لە نێو یەكێتیدا دروستكراوە” و پێویستە لە كۆنگرەدا چارەسەر بكرێت، هێزی چەكدار لە نێو یەكێتیدا دروستكراوە بۆ چەند بەرپرسێك؟

 

كاك كۆسرەت دوو لیوای هەیە، بەڵام رێكنەخراونەتەوە لە نێو هێزی 70 دا  

سیروان كوێخا نەجم: لە ماوەی رابردوودا، ئەو هەڤاڵانەی دەبونە سەرۆكی حكومەت، یان جێگر یان فەرماندەی پێشمەرگە هێزی خۆیان هەبوو، لیوا و فەوجیان هەبوو، كاك كۆسرەت دوو لیوای هەیە، بەڵام رێكنەخراونەتەوە لە نێو هێزی 70 دا.

خەڵك: باسلەوە دەكرێت، مەلا بەختیار خۆشی هێزی هەبێت؟

سیروان كوێخا نەجم: نەمبیستووە، تەنها پاسەوانەكانی خۆی دەبینم، بەڵام كاك كۆسرەت هێزی هەیە.

خەڵك: ئێوە باس لە دروستكردنی حكومەتی یاسا و دامەزراوەیی دەكەن و لە نێو حزبەكەشدا هێزی سەربازی هەیە، لە ئەنجومەنی سەركردایەتی باسی دروستكردنی هێزی نیزامیتان نەكردووە؟

سیروان كوێخا نەجم: لە نێو كورددا هێزی نیزامی دروستناكرێت، ئەگەر بە سەربازی نەكرێتە ناچاری “تجنید”، چونكە تائێستاش هێزەكان بەناوی فەرماندەكانیان و حزبەكانیانەوە دەناسرێن و ناشبن بە نیزامی.

خەڵك: لە ماوەی رابردوودا بەرپرسی چەند مەڵبەندێك گۆڕان، بەرێزت یەكێك بوویت لەوانە لە سۆرانەوە گەڕایتەوە، دەوترا بەهۆی بەهێزبوونی باڵی ئێوەوە بووە؟

سیروان كوێخا نەجم: لە نێو ئەنجومەنی سەركردایەتیدا دوو لیژنە دروستكران، بۆ چاكسازی لە حزب و حكومەت، لیژنەكەی حكومەت، حاكم قادر سەرۆكی بوو، منیش ئەندام بووم، راپۆرتی حزب پێشخرا، وتمان چاكسازی دەبێت لەسەرەوە بكرێت، مەكتەبی سیاسیمان هەڵوەشاندەوە، بەڵام نەیانهێشت مەكتەبی سیاسی تر هەڵبژێرینەوە، ئەوەیش یەكێتی توشی داڕزان و بێ‌ خاوەنیەك كرد، لە ناو حكومەت و حزبدا نەیانهێشت چاكسازی بكەین. ئەوان نەیانهێشت گۆڕانكاری بكەین، ئێمەش لەخوارەوە نەمان كرد و هەندێكی تر كران، ئەوەش گۆڕینی بەرپرسی چەند مەڵبەندێك بوو، گۆڕانكاری گەورە نەكرا و تەنها چەند گۆڕانكارییەكی دیاریكراو بوون، برادەرانی مەكتەبی سیاسی كە تێیاندایە لەوەتەی یەكێتی هەیە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسییە رێگەیاننەداین، حزبیش هەبوو، رێگەیان نەدا ئەوان لابچن، چونكە مامەڵەی ئەوان خۆشترە لەگەڵیان.

خەڵك: ئەی بەنیازی چین، گۆڕانكاری و چاكسازی ناكەن، یان چاوەڕوانی كۆنگرەن؟

سیروان كوێخا نەجم: ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت، كە ناكرێت لەكاتی خۆیدا، كۆنگرە دەكرێت و هیچ مەجال نەماوە، كۆنگرەش پێویستی بە رێكەوتن نییە. بۆچی لە كۆنگرە دەترسن و یان ناتوانن كاربكەن، خەڵك دەیەوێت گەنج هەڵبژێرێت و بە لیست نابێت دەنگ بدرێت، ئەگەر هەمان سەركردایەتی هەڵبژێرین، ئیتر بۆچی كۆنگرە ببەستین؟

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

سەعد موتەڵیبی: هەرچییەك لە دەستوردا ئاماژەی پێكرابێت، ئێمە ئامادەین جێبەجێی بكەین

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ئێمە لە كێشەكانی كورد تێدەگەین، ئەم تێگەیشتنەش تەنیا لەئێستادا نییە، بەڵكو ئەزمونی 30 ساڵی ڕابردووە، ئێمە لەگەڵ كورد هاوخەبات و پەیوەندی نێوانمان مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە.

سەعد موتەڵیبی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتی لەگەڵ (خەڵك) تیشكی خستۆتە سەر ململانێكانی پێكهێنانی حكومەتی عیراق و داخوازیەكانی كورد بۆ حكومەتی داهاتووی عیراق بەتایبەت جێبەجێ‌ كردنی مادەی 140ی دەستور.

خەڵك: گەر كورد لەمجارەدا هاوكاریی ئێوەی كرد لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، ئێوە ئامادەن ماددە دەستورییەكان تایبەت بە ناوچە جێناكۆكەكان جێبەجێ‌ بكەن؟

سەعد موتەڵیبی: ماددە دەستورییەكانی تایبەت بە ناوچە جێناكۆكەكان چەسپێنراون و پێویستە هەموان ڕێز لە دەستور بگرین، ئێمە پابەندین بە هەموو ئەو شتانەی لەلایەن دەستورەوە پەسەندكراوە، هەرچییەك لەو بارەیەوە لە دەستوردا ئاماژەی پێكرابێت، ئێمە ئامادەین جێبەجێی بكەین، ئەم بەڵێنەش نەك تەنیا بۆ ئێمەیە، بۆ هەموو لایەنەكانی ترە و پێویستە ئەوانیش پابەندبن پێوەی، تەنانەت برا كوردەكانیش پێویستە پابەندبن بە دەستورەوە، پێویستە ئەوانیش لە ماددەكانی دەستوردا دەستبژێری نەكەن.

 

خەڵك: بە تایبەت مەبەستمان ماددەی 140ی دەستورە، ئێوە تا چ ئاستێك ئامادەییتان تێدایە بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە گەر جارێكی تر حكومەت بكەوێتە دەستی ئێوە و بچنەوە ناوەندی بڕیار لە عیراق؟

سەعد موتەڵیبی: ماددەی 140 چەند قۆناغێكی هەیە، لە قۆناغە گرنگەكانی ئەوەیە، كە لەسەر چی قسە بكەین؟ سنوری ئیداری ئەو ناوچانە كامانەن، كە پێیان دەوترێت ناوچە جێناكۆكەكان؟ ئایا پارێزگای تەئمیمە یان شاری كەركوكە یان سەنتەری قەزایە؟ یان قسە لەسەر دەشتایی نەینەوا بكەین، سنوری ئیداری دەشتیی نەینەوا كامەیە، پارێزگای نەینەوایە یان پارێزگای سەڵاحەدین؟، ئێمە لەڕووی سنوری ئیداریی پارێزگاكان كێشەیەكی گەورەمان هەیە لە عیراق،دوایین گۆڕانكارییش لە سنوری پارێزگاكاندا لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا كرا، ئەمەش كەلێنی دروستكردووە، ئێمە كاتێك قسە لەسەر سنوری كەركوك دەكەین، مەبەستمان سنوری شاری كەركوكە، یان قەزای كەركوك، یان قائیمقامیەتەكانی كەركوك، یان شارە ئیدارییەكە، بۆیە شتێك نییە ناوی پارێزگای كەركوك بێت، پارێزگای تەئمیم هەیە، ئێمە قسە لەسەر كەركوك بكەین یان پارێزگای تەئمیم؟، ئەم پرسە لەلایەن مام جەلالەوە (خوا بە بەهەشتی شاد بكات)، بە پڕۆژە یاسایەك چارەسەركرا، كە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی بەرزكردەوە،ئەنجومەنی نوێنەران لەبەر كێشەی سیاسی و تایەفەگەریی و كێشەكانی تر پڕۆژە یاساكەی گفتوگۆ نەكرد، ئەگەر ئەو پڕۆژە یاسایە پەسەندبكرایە شتێك نەدەما بەناوی ماددەی 140.

خەڵك: تێڕوانینی ئێوە بۆ ماددەی 140 چۆنە، یان ماددەی 140 هەڵدەسەنگێنن؟

سەعد موتەڵیبی: لە ڕاستیدا شتێك نییە بەناوی ماددەی 140، كێشەكە ئەوەیە ماددەكە چی دەگەیەنێت، یان سنوری ئیداری شارەكە كامە، لەئێستادا ئێمە وەك دەوڵەتی یاسا و فەتح، بیرۆكەیەكمان هەیە، بەرنامەیەكی حكومیمان هەیە، لیژنەی هاوبەشمان لەگەڵ برا سوننەكان و برا كوردەكان داناوە، لەوێوە كار بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەكەین، بەرنامەكە بەرنامەیەكی سیاسی و حكومییە لەهەمان كاتدا، ئەم كێشانەش كە ناكۆكییان لەسەرە، لەو بەرنامەیەدا نوسراوە.

 

خەڵك: ئێوە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا زۆر باسی حكومەتی زۆرینەی سیاسی دەكەن، زۆرینەی سیاسی لە ڕوانگەی ئێوەوە چی دەگەیەنێت، ئەو حكومەتە بۆ كورد چی دەگەیەنێت و كورد دەتوانێت خۆی لە حكومەتێكی لەو جۆرەدا ببینێتەوە؟

سەعد موتەڵیبی: حكومەتی زۆرینەی سیاسی تایبەت بۆ كورد و لایەنەكانی تر سودێكی گەورەی هەیە، بۆ نمونە گەر 50 یان 60 پەرلەمانتارت هەبوو، گەر حكومەت خۆی دزییەوە لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانت، بەس پاشەكشە بكەن، حكومەت دەڕوخێت، بۆیە باشترین گرەنتی بۆ برا كوردەكان، بەشداریكردنیانە لە حكومەتی زۆرینەی سیاسی، هەر كاتێك هەستیان كرد ستەمییان لیدەكرێت یان داواكارییەكانیان لەلایەن ئەو سیستمە نوێیە و لەلایەن حكومەتەوە جێبەجێ‌ ناكرێت، پاشەكشە دەكەن لە پەرلەمان و حكومەت دەڕوخێنن، كێشەكان بەمشێوە دەكرێت چارەسەربكرێن، بەڵام پەنابردن بۆ سوپا و بۆ پێشمەرگە و بۆ ئاسایش، یان بۆ تیرۆركردن، ئەو سیاسەتانەی پێشتر پیادە دەكرا، سودییان نییە و كێشەی زیاترمان بۆ دروست دەكەن.
سەبارەت بە سیستمی ئابوریش، بۆ نمونە گەر توركمان بم یان كورد، یان عەرەب، باشترین پیشەم هەبێت لە كەركوك بژیم، بەلامەوە گرنگ نییە كێ‌ حوكمی شارەكە دەكات، خوای دەكرد یەكێك لە بەسرەوە دەهات حوكمی دەكرد، من لەڕووی ئابورییەوە كێشەم نییە، گەر براكانمان لە هەرێم كێشەكانیان چارەسەر ببێت، دۆخی ئابوری باش بێت و یاسای نەوت و غاز تێبپەڕێنرێت و هەرێم بە ئارەزووی خۆی نەوت هەناردە بكات و داهاتەكەشی بەشێوەیەكی تەواوەتی بچێتە خەزێنەی گشتییەوە نەك لەلایەن هەندێك لە گەندەڵكارانی هەرێمەوە بدزرێت،لەوە زیاتر چی دەوێت، هاوڵاتی دەیەوێت دڵنیابێت لە ژیانی،چارەسەركردنی ئەم كێشە ئاڵۆزانە لەنێو بەرنامەی حكومی ئێمەدا دانراوە و لەئێستاوە كاریی بۆ دەكرێت.
نە بەڵێنمان بدەنێ‌ و نە بەڵێنتان پێدەدەین، لەڕێی ئەم كارە هاوبەشەی دیاریمان كردووە، كێشەكان چارەسەر دەكەین، ئەگەر چارەسەریش نەكران و جێبەجێ‌ نەكران، حكومەتەكە دەڕوخێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەتوانێت خزمەتی هاوڵاتیان بکات؟

کوردستان

دوایین