عەلی باپیر: کوردستان بەهۆی حوکمڕانی سەقەت و خراپەوە پڕکراوە لە ستەم و گەندەڵی



سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان بەهۆی حوکمڕانیی سەقەت و خراپ و حیزبییانەوە، پڕکراوە لە ستەم و گەندەڵیی و تاوان و لادان و دەشڵێت: زوتر فریای نەکەوین، لەوەی ئێستاش بەرەو خراپتر دەچێ.

عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری بەبۆنەی 1ی موحەڕەم و سەری ساڵی كۆچییەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند “با هەموو لایەکمان وەک شوێنکەوتووانی پێغەمبەری کۆتایی (ﷺ) بەردەوام لە کۆچ و هیجرەتدابین لە خراپە و هەڵە و پەڵە و ناشەرعییەکانەوە، بەرەو بەندایەتیی ڕاستەقینە بۆ خوا و پەیڕەویی کردن لە پێغەمبەرەکەی و جێبەجێکردنی کتێبەکەی، بە تایبەت لەم هەل و مەرجەدا کە هەرێمی کوردستان بەهۆی حوکمڕانیی سەقەت و خراپ و حیزبییانەوە، پڕکراوە لە ستەم و گەندەڵیی و تاوان و لادان”.

ڕاشیگەیاندووە، “بە دڵنیایی ستەم و خراپەکاریی هەرێمەکەمانی زۆر بێهێز کردوە و ئەگەر هەرچی زووتر فریای نەکەوین، لەوەی ئێستاش بەرەو خراپتر دەچێ و هەموو لایەکیش بیستویەتی، کە لەوبارەوە هۆشداریی زۆر لەلایەن کەسانێک و لایەنانێکەوە کە خۆیان بە دڵسۆز دەزانن، بە هەرێم و بەرپرسانی دراوە و وتویانە: دەست و برد بکەن لە چارەسەری کێشە و گرفتەکانتان ئەگەر دەتانەوێت بەردەوام بن و بمێنن”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “با سەرەتا لە ناخی دڵمانەوە لەگەڵ خوا و پێغەمبەرەکەیدا ئاشت بینەوە و خۆمان لە هەرچی خراپە و ناشەرعییە پاک بکەینەوە”.

دەقی پەیامەكەی مامۆستا عەلی باپیر:

بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ
(إِلَّا تَنْصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ الَّذِينَ كَفَرُوا ثَانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِي الْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا …)، التوبة -٤٠-
ئەمڕۆ: (١/١/١٤٤٥)ی کۆچییە بەرانبەر: (١٩/٧/٢٠٢٣ زايينى) یادی ١٤٤٥ ساڵەی کۆچکردنی پێغەمبەری کۆتایی موحەممەد ﷺ و هاوەڵانی بەڕێز و دڵسۆزیەتی، لە شاری مەککەوە بۆ شاری مەدینە، کە دواتر بنیاتنانی کۆمەڵگاو قەوارەیەکی سیاسیی لێکەوتەوە.
بەو بۆنەیەشەوە دەڵێم:
یەکەم: ئەو کۆچکردنەی پێغەمبەری خوا ﷺ و هاوەڵانی خوا لێیان ڕازی بێ، دوای هەردووک پەیمانی یەکەم و دووەمی عەقەبه‌ بوو لە ساڵانی دوازدە و سێزدەی پێغەمبەرایەتییدا، واتە: دوای ئەوەبوو خەڵکی (یثرب) بەڵێن و پەیمانیان دابوو کە هاوکار و پشتگیری پێغەمبەر و ئیسلام بن، کەواتە: دەبێ بزانرێ قەوارەی سیاسیی لە ئیسلامدا چۆن بنیاتدەنرێ!
دووەم: بێگومان کۆچ (هجرة) وێڕای واتا و چەمکە تایبەتییەکەی، چەمک و واتایەکی گشتییشی هەیە، وەک پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: (… والمهاجرُ مَن هاجَر ما نهى اللهُ عنه)، أخرجه البخاري: (10)، ومسلم: (40) عن عبد الله بن عمرو، واته‌: (… کۆچکەریش کەسێکە هەر شتێک خوا قەدەغەی کردوە و ڕێگریی لێکردوە، وازی لێ بهێنێ).
کەواتە: با هەموو لایەکمان وەک شوێنکەوتووانی پێغەمبەری کۆتایی ﷺ بەردەوام لە کۆچ و هیجرەت دابین لە خراپە و هەڵە و پەڵە و ناشەرعییەکانەوە، بەرەو بەندایەتیی ڕاستەقینە بۆ خوا و پەیڕەویی کردن لە پێغەمبەرەکەی و جێبەجێ کردنی کتێبەکەی، بە تایبەت لەم هەل و مەرجەدا کە هەرێمی کوردستان بەهۆی حوکمڕانیی سەقەت و خراپ و حیزبییانەوە، پڕکراوە لە ستەم و گەندەڵیی و تاوان و لادان و، بە دڵنیایی ستەم و خراپەكاریی هەرێمەکەمانی زۆر بێ هێز کردوە و، ئەگەر هەرچی زووتر فریای نەکەوین، لەوەی ئێستاش بەرەو خراپتر دەچێ و، هەموو لایەکیش بیستوویەتی، کە لەوبارەوە هۆشداریی زۆر لەلایەن کەسانێک و لایەنانێکەوە کە خۆیان بە دڵسۆز دەزانن، بە هەرێم و بەرپرسانی دراوە و گوتوویانە: دەست و برد بکەن لە چارەسەری کێشە و گرفتەکانتان ئەگەر دەتانەوێ بەردەوام بن و بمێنن!
کەواتە: با سەرەتا لە ناخی دڵمانەوە لەگەڵ خواو پێغەمبەرەکەیدا ئاشت بینەوەو، خۆمان لە هەرچی خراپەو ناشەرعییە پاک بکەینەوەو، بە ڕەوشت و ئاکارە بەرز و پەسندەکان بڕازێنینەوە و ئاوڕێکی جیددیی لە خۆمان و ژیان و گوزەران و کۆمەڵگایەکەمان بدەینەوە، داخۆ لە ڕووی فیکریی و ئیمانیی و ڕەوشتیی و خێزانیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسییەوە، لە کوێی قوڕئان و ڕێبازەکەی پێغەمبەری خواین؟!
برای دڵسۆزتان عەلی باپـیر
١/١/١٤٤٥ ك
١٩/٧/٢٠٢٣ ز
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی مەترسی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک دەخاتە روو
پێشت سندوقی دراوی نێودەوڵەتی مەترسی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک دەخاتە روو
بانكێكی ئیسلامی پێشینەی خانووبەرە دەدات بە فەرمانبەران
دواتر بانكێكی ئیسلامی پێشینەی خانووبەرە دەدات بە فەرمانبەران
ەیوەندیدار