ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

كەنەدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ سعودیە داوای هاوكاری دەكات

خەڵك- ئامەد حەسەن
سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كەنەدا هەوڵ دەدات هاوكاری لە ئیمارات و بریتانیا وەربگرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو ململانێ دبلۆماسییەی لەگەڵ سعودیە بۆی دروستبووە، بەڵام وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە هاوپەیمانی متمانەپێكراوی كەنەدایە، دەستوەردان رەتدەكاتەوە.

حكومەتی عەرەبستانی سعودیە رۆژی یەك شەممە باڵیۆزەكەی خۆی بانگێشتكردەوە لە ئۆتاوا، رێگاشی گرت لە گەڕانەوەی باڵیۆزی كەنەدا بۆ ریاز، هاوكات مامەڵەی بازرگانی و وەبەرهێنانیشی لە كەنەدا راگرت.

ئەم رێوشوێنانەی سعودیە لە دژی كەنەدا دوای ئەوە هات كە حكومەتی ئۆتاوا داوای ئازادكردنی ژمارەیەك چالاكوانی لە حكومەتی عەرەبستان كرد لە پێناو بەرگری كردن لە مافەكانی مرۆڤ، بەڵام ریاز ئەم هەنگاوەی ئۆتاوای بە دەستوەردان لە كاروباری نێوخۆیی عەرەبستان ناوبرد.

سەرچاوەیەك لە حكومەتی كەنەدا دەڵێت “سەرۆك وەزیران جاستن ترۆدۆ جەخت لە گرنگی مافەكانی مرۆڤ دەكاتەوە، بەڵام هەوڵ دەدات لە رێگای ئیماراتەوە كێشەكە چارەسەر بكات”.

جاستن ترۆدۆ سەرۆك وەزیرانی كەنەدا

كەنەدا هەوڵیش دەدات رەوشەكە زیاتر خراپ نەبێت بۆ ئەوەش لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا لە ناوچەكەدا كار دەكات.

حكومەتی كەنەدا هەوڵ دەدات یارمەتی لە بریتانیا وەربگرێت و لەندەنیش داوای لە كەنەدا و سعودیە كرد ددان بەخۆیاندا بگرن.

هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت “پێویستە هەردوولایەن كێشەكان بە رێگای دبلۆماسی چارەسەر بكەن، ناكرێت لەبری ئەوان چارەسەری كێشەكەش بكەین”.

بەپێی سەرچاوەكان كەنەدا هاوڕایە لەگەڵ بۆچوونی شارەزایانی سیاسەتی دەرەوە كە وای دەبینن، وەڵامی سعودیە كاردانەوەی پەرەسەندنە نێوخۆییەكانی سعودیەیە، كە محەمەد بن سەلمان جێنشین هەوڵ بۆ چاكسازی نێوخۆیی دەدات.

محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە

چاوەڕێ دەكرێت ئاڵۆزییەكان زیانی چوار ملیار دۆلار لە پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوو وڵات بدات، بەهای هەناردەی كەنەدا بۆ سعودیە دەگاتە 1.12 ملیار دۆلار لە 2017دا بە رێژەی 0.2%ی كۆی گشتی هەناردەی كەنەدا.

چارەنووسی ئەو گرێبەستە سەربازییەش دیارنییە كە بە بەهای سێزدە ملیار دۆلار بۆ فرۆشتنی تانكی سەربازی بە سعودیە كراوە.

بازرگانە ئەوروپاییەكان رۆژی سێ شەممە ئاشكرایان كرد كە دامەزراوەی دانەوێڵەی سعودیە بڕیاری راگرتنی كڕینی گەنمی لە كەنەدا داوە.
كۆی گشتی گەنمی فرۆشراوی كەنەدا بۆ سعودییە بریتییە لە 66 هەزار تۆن لە 2017 و 68 هەزار و 250 تۆن لە 2016.

هاوكات سعودیە فەرمانیكردووە بە پازدە هەزار خوێندكاری سعودیە لە كەنەدا كە ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.

ئاژانسی هەواڵی عەرەبستانيش بڵاویكردەوە كە ئەمڕۆ چوار شەممە بەرنامەی چارەسەركردنی نەخۆشەكانی سعودییە لە كەنەدا راگیراوە و نەخۆشەكان دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخەكانی دەرەوەی كەنەدا.
سەرچاوە/رۆیتەرز

راپۆرت

کەرکوک.. گەڕانەوە بۆ خوێندنی عەرەبی

خەڵک-

بە‌شێك له‌ خێزانه كورده‌‌كانی كه‌ركوك منداڵه‌كانیان له‌ خوێندنی عه‌ره‌بی تۆمار ده‌كه‌ن، ئەوان پێیانوایه‌ له‌ پارێزگاكه‌ زمانی عەرەبی گرنگی زیاتری پێده‌درێت و ھەلی دامه‌زراندنیان له‌ ئاینده‌دا باشتر ده‌بێت، هه‌ندێكیشیان ده‌ڵێن، بۆ ئه‌وه‌ی زمانی عه‌ره‌بی فێربن.

ئه‌و مشتومڕە‌ له‌م مانگه‌دا بۆته‌ جێی پرسیاری لێپرسراوانی خوێندنی كوردی له‌ پارێزگاكه، هه‌ندێكیان جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ دۆخی خراپی خوێندنی كوردی، به‌شێكیان ده‌ڵێن، به‌و شێوه‌یه‌ مه‌ترسیدار نییه‌.

هه‌فته‌ی رابردوو ئاوارە ناسیح، کە هاوڵاتییەکی كوردی دانیشتوی گەڕەکی شۆڕیجەیە، ده‌ستی منداڵه‌كه‌ی گرت و له‌یه‌كێك له‌ خوێندگه‌ عه‌ره‌بییه‌كان ناوه‌كه‌ی تۆمار كرد بۆ ساڵی نوێی خوێندن.

“ئاواره‌ ناسیح دەڵێت: ئاینده‌ی خوێندنی كوردی لێره‌ دیار نییه‌، ئەمساڵ چەندین کێشەیان بۆ دروستبوو، نامەوێت چارەنوسی منداڵەکەم بفه‌وتێت، سیستمی خوێندنی كوردی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمه‌، بەڵام پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كانی له‌ به‌غداوه‌ بۆ دێت، من باشمكرد كوڕە‌كه‌م له‌ خوێندنی عه‌ره‌بی تۆماركرد.

خوێندنی كوردی له‌ ساڵی ٢٠٠٣ و دوای روخانی رژێمی به‌عس كه‌ سه‌دام حوسێن سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك ده‌ستیپێكرد، پێش ئه‌وه‌ واده‌یه‌ قه‌ده‌غه‌ بوو.

لە کاتەشەوە ٨ هه‌زار مامۆستا كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی خوێندنی كوردی له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك موچه‌یان پێده‌درێت، ٤ ساڵه‌ كێشه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌كانیان و دواكه‌وتنیان هه‌یه‌، به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند جارێك بایكۆتی پرۆسه‌ی خوێندنیان كردووه‌.

زریان عه‌لی كه‌ لەناو شاری كه‌ركوك داده‌نیشێت و ٢ منداڵی له‌ خوێندنی سه‌ره‌تاییە، دەڵێت: ٢ ساڵه‌ به‌ته‌واوی فێری پیته‌كان نه‌بوون، چونكه‌ رۆژێك ده‌وام هه‌بوو رۆژێك بایكۆت بوو، ئه‌گه‌ر گواستنه‌وه‌ هه‌بێت ئه‌یانخه‌مه‌ خوێندنی عه‌ره‌بی.

زریان ئاماژە بەوە دەکات، ده‌ڵێن ئه‌وانه‌ی خوێندنی عه‌ره‌بی ته‌واو ده‌كه‌ن و دوای ئه‌وه‌ی زانكۆ دەخوێنن، زوتر له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ داده‌مه‌زرێنرێن، هه‌روه‌ها فێری زمانی عه‌ره‌بی ده‌بن.

به‌پێی ئامارێكی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك، ئه‌مساڵ ٩ هه‌زار منداڵ له‌ خوێندنی كوردی بۆ ساڵی نوێی خوێندن تۆمار كراون، له‌كاتێكدا ساڵی رابردوو له‌هه‌مان كاتدا ١٢ هه‌زار منداڵ تۆمار كرابوون.

پەروین حەسەن، بەڕێوه‌بەری یەکەی سەرپەشتیاری خوێندنی کوردی، دۆخی خوێندنی كوردی له‌ شاره‌كه‌ به‌زۆر خراپ وه‌سفكرد و وتی: ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ په‌كینه‌كه‌وتووه‌، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە هاوکارییەکی خوێندنی کوردی ناکات لە کەرکوک.

په‌روین دەڵێت: به‌شێك له‌ خێزانه‌ كورده‌كان وا بیردەکەنەوە کە خوێندنی کوردی هیچ داهاتوویەکی نییە، بە تایبەت دوای تەواوکردنی خوێندن لە ماڵەوە دەمێننەوە و دانامەزرێن.

له‌ كه‌ركوك هه‌ر چوار پێكهاته‌كه‌، عه‌ره‌ب، كورد، توركمان و كریستیان به‌زمانی خۆیان ده‌خوێنن و له‌ په‌روه‌رده‌ یه‌كه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌.

به‌هۆی روداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر كاتێك هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ كه‌ركوك گه‌ڕانه‌وه، ‌نزیكی ساڵێك دەبێت شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوه‌بەری خوێندی کوردی کەرکوکی جێهیشتووه‌ و له‌ هه‌ولێر داده‌نیشێت، ئەو پێیوایه‌ هێشتا دۆخی خوێندنی كوردی باشه‌.

شێرزاد رەشید کاکە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، راسپێردراوە بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر خوێندنی كوردی و دەڵێت: دۆخەکە بەو شێوەیە مەترسیدار نییە کە باسی لێوە دەکرێت، تا ئێستا چەندین خانەوادە ئاوارەی شارەکانی هەرێم بوون و نەگەڕاونەتەوە بۆ کەرکوک، ئەمە وا دەکات ژمارەی ئەو خوێندکارانەی بۆ ساڵی یەکەمی خوێندن ناو تۆمار دەکەن، كه‌متربن.

ئاماژە بەوەش دەکات: هەندێك ده‌یانه‌وێت خوێندنی كوردی لاواز بكه‌ن، لە گەڕەکە کوردییەکان خوێندنی عەرەبی بکەنەوە.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، نیشتیمان عومه‌ر (تەمەن ٣٤ ساڵ) له‌ گه‌ڕە‌كی ره‌حیماوا، ده‌ڵێت: ده‌یه‌وێت منداڵه‌كه‌ی فێری زمانی پاراوی كوردی ببێت، پێیوایه‌ ئه‌و كێشانه‌ی ڕوویان له‌ خوێندنی كوردی كردووه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بن، بۆیه‌ منداڵه‌كه‌ی له‌ خوێندنی كوردی تۆمار كرد.

نیشتمان دەڵێت: خزمم هه‌یه‌ خوێندنی كوردی ته‌واوكردووه‌ و لە فەرمانگە حکومییەکانیش دامەزراوە.

 

سەرچاوە: کەرکوک ناو

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ئوتێلەكانی نەجەف چۆڵن
رێژەی گەشتیارانی ئێرانی لە عیراقدا كەمبوونەتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
لەكاتێكدا رێژەیەكی زۆر لە گەشتیارانی عیراق روو لە وڵاتی ئێران دەكەن، گەشتیارانی ئێرانی لە عیراق بەشێوەیەكی بەرچاو روویان لە كەمبوونەوە كردووە.

بەپێی ئاژانسی (فرانس پرێس)، ئەو تەنگژە ئابورییەی لە ئێراندا دروست بووە بەهۆی سزاكانی ئەمریكا لە دژی تاران، بونەتە مایەی كەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ شاری نەجەف كە نزرگە پیرۆزەكان لەخۆدەگرێت.

ئەم حاڵەتەش وەك ئاژانسەكە ئاماژەی پێدەكات، بۆتە مایەی چۆڵبوونی ئوتێلەكانی شارەكە و دابەزینی ئاستی قازانجی كۆگا بازرگانییەكانی نەجەف.

(فرانس پرێس) لە زاری سائیب ئەبو غونەیم سەرۆكی دەستەی یەكێتی خاوەن ئوتێلەكان لە شاری نەجەف، بڵاویكردۆتەوە”زیاتر لە 85%ی ئەو زیارەتكەرانەی رووی لە پارێزگاكە دەكەن، لە ئێرانەوە دێن، و بەسەر شەقامەكانی شاری نەجەف (150 كلم باشووری بەغدا) دابەش دەبن، بۆیە زۆربەی رێنماییەكان لە شەقامەكاندا بە زمانی فارسی نوسراون، ئەمەس بەشێوەیەكی فراوان لەنێو دانیشتوان و تەنانەت ژنانیشدا ئاماژەی پێدەكرێت”.

ئەبو غونەیم دەڵێت”ژمارەی زیارەتكەران، بە ئەندازەیەكی زۆر لەمساڵدا رووی لە كەمبوونەوە كردووە، چونكە بەهای خەرجی تمەنی ئێرانی، دابەزینێكی گەورەی بەخۆوە بینییەوە و سێ‌ یەكی بەهاكەی لەماوەی شەش مانگدا لەدەستداوە”.

یوسف ئەبو تابوق، خاوەنی ئوتێلی (البلد الامین)یش لە نەجەف بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاندووە”بۆ رووبەڕبوونەوەی ئەم قەیرانە، ئوتێلەكان لە هەندێك كاتدا نرخەكانیان بە رێژەی 50% كەمدەكەنەوە”.

ئەبو تابوق دەڵێت”ئەو هەنگاوەش هیچی لە رەوشەكە نەگۆڕیوە، بۆیە بەبێ‌ زیارەتكەرانی ئێرانی بازاڕ لە داڕمان نزیك دەبێتەوە”.

لەدوای توركیا، ئێران دووەم وڵاتە لەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عیراق، بە جۆرێك كە لە ساڵی رابردوودا بڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی گەیشتە نزیكەی 6.7 ملیار دۆلار، ئەمەش بەپێی ئامارێكی فەرمی وەزارەتی بازرگانی عیراق.

هەموو ساڵێك نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار زیارەتكەر روو لە شاری نەجەف دەكەن، وێڕای ئەوانەی بەشداریی لە سەردانی چلەی ئیمام حسێندا دەكەن كە بە چەندان ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

چیرۆكێكی خەمناكە
كچە ئێزدییەك لە ئەڵمانیاش مێردە داعشەكەی توش دەبێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
كچە ئێزدییەكی كۆست كەوتوو، لە چارەڕەشی خۆیدا دوو جار توشی رێكخراوی داعش دەبێت، یەكەمجار كاتێك بەدیل دەكەوێتە دەستی چەكدارانی رێكخراوەكە بەر لەوەی بتوانێت هەڵبێت، جاری دووەمیش كاتێك رووبەڕوو چاوی بە رفێنەرەكەی دەكەوێتەوە لە نێو وڵاتی ئەڵمانیا، ئەم چرۆكی تیشك دەخاتە سەر ئەگەرەكانی دزەكردنی تیرۆریستان بۆ ئەوروپا بە ئاسانی.

بەپێی رۆژنامەی (تایمز)ی بەریتانیا، ئەو كچە ئێزدیە كە ناوی ئەشواقە، لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بە كۆیلە كرابوو، دوای ئەوەی لە بازاڕی كۆیلەكاندا لە عیراق فرۆشرا، بەڵام لەچنگی رفێنەرەكانی هەڵات بەرەو ئەڵمانیا.

ئەشواق تەمەنی 15 ساڵان بوو كاتێك لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لەگەڵ تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی بەدیلگیران لەو دەمەی لە ساڵی 2014دا پەلاماری ناوچەكەیاندرا لە دەشتی نەینەوا.

دواتر ئەشواق و خوشكەكانی و كچان و ژنانی تر، دەفرۆشرێن، پاشان ناچار دەبێت لەگەڵ پیاوێكدا ژیان بەسەر ببات بە ناوی ئەبو هەمام.

بەڵام ئەو كچە ئێزدییە كە پاڵەوانی چیرۆكەكەیە، توانی لە چنگی رفێنەرەكانی هەڵبێت و وەك پەنابەر بگاتە ئەڵمانیا، لەو وڵاتە لەگەڵ دایكی و ژمارەیەك لە ئەندامانی خێزانەكەی یەكترییان گرتەوە.

چیرۆكی ئەشواق لێرەدا كۆتایی نایەت، ئەو كچە بە ئاژانسی (باس نیوز)ی راگەیاندووە ، كاتێك لە مانگی شوباتی رابردوو لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری شتۆتگارت پیاسەی كردووە، چاوی بە هەمان ئەو پیاوە داعشە كەوتووە كە لەگەڵیدا ژیاوە، ئەو دەڵێت لەو ساتەدا لە شوێنی خۆی نەیتوانیوە بجوڵێت و ترس باڵی بەسەر جەستەیدا گرتووە.

بە وتەی ئەشواق:”ئەو ئەبو تەمام بوو، بە روخسارە ناشیرین و ترسێنەر و ریشە پانەكەیەوە. قسەی پێنەكراوە كاتێك ئەبو تەمام بە زمانی ئەڵمانی پرسیاری لیكردووە كە ئایا تۆ ئەشواقی؟”.

ئەو كچە ئێزدیە دەڵێت، لەو رۆژەی ئەبو تەمامی رووبەڕوو بینی لە شتۆتگارت، رفێنەرەكەی پێی وتووە”من ئەبو تەمامم، ماوەیەك لەگەڵ من بووی لە موسڵ، من دەزانم تۆ لەكوێ‌ دەژی و لەگەڵ كێ‌ و چی دەكەی”.

لەلایەن پۆلیسیشەوە توشی شۆك بوو

ئەشواق خۆی لە ئەبو تەمام شاردۆتەوە و بە پۆلیس و بەرپرسان و براكەی راگەیاندووە، پۆلیس لەڕێی كامێراكانی چاودێرییەوە لە بازاڕ، پیاوەكەیان ناسیوەتەوە.

بەڵام ئەوەی كچە ئێزدییەكەی توشی شۆك كرد، ئەوەبوو كە پۆلیس پێی راگەیاندبوو، ناتوانن هیچ شتێك بكەن، چونكە ئەبو تەمامیش بە هەمان شێوە پەنابەرە و ناوی لە دۆسێی پەنابەراندا تۆماركراوە.

رۆژنامەی (تایمز) نوسیویەتی”تائێستاش 5 لە خوشكەكانی ئەشواق بێسەروشوێنن، گومان هەیە خوشكێكی تائێستاش دیل بێت لەژێر چنگی رێكخراوی داعش”.

ئەشواق دەڵێت، لەگەڵ ژمارەیەك كچی تردا لە موسڵ لە زیادكردنی ئاشكرادا فرۆشراون، ئەو بە ئەبو تەمام فرۆشراوە لەبەرانبەر 100 دۆلار، لەو رۆژەدا دەگریان و هاوارییان دەكرد، بەڵام بێ‌ سود بوو”.

رۆژنامە بەریتانیییەكە نوسیویەتی” ئەشواق ناچاركراوە سەفەر بكات بۆ سوریا و ببێتە مسوڵمان و قورئان بە زمانی عەرەبی لەبەربكات، لەگەڵ ئەوەی كە زمانی خۆی كوردییە”.

ئەو كچە ئێزدییە دەڵێت”ئەو كارانەم دەكرد تا ئەبو تەمام ئازارم نەدات، بەڵام وێڕای ئەوەش بەدرێژایی دە مانگ هەموو رۆژێك دەستدرێژی دەكردە سەرم”.

ئەشواق ئێستا لەگەڵ دایكی لە كوردستان نیشتەجێیە، ئەو خواستی لە مانەوە لە ئەڵمانیا نەبوو، لەو بارەیەوە دەڵێت”هەرگیز ناگەڕیمەوە بۆ ئەو وڵاتە”.

رۆژنامەكە نوسیویەتی”ئێزدییەكان لە شنگال لە باكووری عیراق، بە توڕەییەوە یادی دەستگرتنی داعش بەسەر ناوچەكەیاندا دەكەنەوە، وێڕای كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكە، تائێستاش زۆرێك ئێزدییەكان لە كەمپەكاندا دەژین لە كوردستان، و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە كوردی و عیراقییەكان، ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان”.

هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا توانیویانە لێپرسینەوە لەگەڵ هەندێك لە پەنابەرە سورییەكان بكەن سەبارەت بەو تاوانانەی لە جەنگدا ئەنجامدراون، بەڵام گەیشتن بە بەڵگەی تەواوەتی ئیدانەكردنیان، لە هەندێك كاتدا زۆر قورس دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

دوایین