ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

رقی زۆر بە کەڵکی ژیان نایەت

هێمن عەبدولقادر

 

خەڵکی هەمیشە پرسیاری ئەوە دەکەن کە بۆ چی ئارام نین ؟ خەڵکی هەمیشە دەپرسن بەبێ هیچ هۆکارێک هەست بە دڵتەنگیەکی زۆر دەکەین !

لە راستیدا هەندێک لە توێژینەوە زانستیەکان باس لەوە دەکەن کە هەموو مرۆڤێک لە کاتی توڕە بووندا ژمارەیەک لە خانەی مێشکی لە دەست ئەدات، واتا مرۆڤ کاتێک توڕە دەبێت توڕەیی و قەلەقی و نائارامی ڕۆژانە بێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت وەکو ئەوە وایە هەوڵی خۆکوشتن بدەیت ، چونکە بەدەستی خۆت دەیان خانەی دەماغت بە هەڵچونێک لە ناو دەبەیت ،

ئێستا کەمێک بیر بکەرەوە بزانە ڕۆژانە تۆ چەند جار توڕە ئەبیت ، واتا ئەوەندە جار هەوڵی خۆکوشتنت داوە چونکە ژمارەی خانەکانی مێشک سنوردارە، واتا مرۆڤ بۆ ئەوەی یارمەتی تەندروستی جەستیەیی خۆی بدات تا ئەتوانێت نابێت توڕە بێت،

توڕەییش چەند ڕەگێکی هەیە گەورەترین ڕەگی توڕەیی بریتیە لە (ڕق) ، مرۆڤ بۆ ئەوەی دەرونێکی ئارامی هەبێت دەبێت ڕق لە دەرونیا نەهێڵێت ، هەر ڕق لێبوونەوەیەک لە ئەوانی تر سەرچاوەیە بۆ تووڕەیی ، هەموو توڕەییەک سەرچاوەیە بۆ لە ناو چوونی خۆت ، پێش ئەوەی یارمەتی خەڵک بدەیت دەبێت یارمەتی خۆت بدەیت ، ئوتومبیلێک ئەگەر گێڕ و سوکان و شوفێرێکی باشی نەبێت خۆ ناتوانێت سەرنشینەکانی بەسەلامەتی بگەیەنێت ، مرۆڤێک ئەگەر دەروونێکی ئارامی نەبێت خۆ ناتوانێت یارمەتی هاوڕێ و منداڵ و خێزان و هاوپیشەکانی بدات،

بودا ڕۆژێک قوتابیەکانی دەبرد بۆ ئەوەی وانەیەکیان فێر بکات بەڵام لە ڕێگا کەوتنە سکاڵای حاڵی خۆیان کە (هەمیشە قەلەق و بێ تاقەتن و بەهیچ جۆرێک هەست بەئارامی ناکەن)

(گوتاما بودا) یەکی پەتاتەیەکی ڕزیوی خستە گیرفانی قوتابیەکانی ووتی ماوەی هەفتەیەک دەستکاری مەکەن ، دوای هەفتەیەک کە قوتابیەکان هاتنەوە هەموویان کەوتنە گێڕانەوەی ئەو ساتانەی کە پەتاتەی بۆ گەن چۆن نەیهێشتووە ئیسراحەت بکەن ،

بودا ووتی :- سەیرە مرۆڤ بەرگەی یەک هەفتە لە بۆگەنی پەتاتەیەک ناگرێت ، کەچی ئەو هەموو ساڵە دەتوانێت ڕق لە دەروونیدا بەرامبەر بە کەسێک هەڵگرێت ، سەیرە مرۆڤ بەرگەی بۆگەنی پەتاتەیەک ناگرێت و ناتوانێت لەگەڵیدا بخەوێت کە چی دەیان ساڵ بەرگەی ئەو هەموو بۆگەنیەی ناو ناخی دەگرێت و لە گەڵ خۆیدا دەیگێڕێت و دوای ئارامیش دەکات
ئێوە ناتوانن ئارام بن هەتا بۆ گەنی ڕق لە دەروونتان دەرنەکەن ،

له راستيدا مرۆڤ قابیلی گۆڕانە ، هەڵە قابیلی چارەسەرە ، ڕق دەکرێت شوێنەکەی بگۆڕێت بۆ خۆشەویستی ،
ئەو کەسەی کە بەردەوام بە دوای ژیانی خەڵکەوەیە ژیانی خۆی لەدەست دەردەچێت ، ئەو کەسەی کە بەردەوام بەدوای خەڵکەوەیە کاتێک نابێت بۆ ئەوەی پشووی تیا بدات ، ئەوەی بەردەوام ڕقی لە خەڵکی ترە خۆی ئەکوژێت ،
، ئەو کەسەی کە بەردەوام لە (کەمین) و ڕقدا یە بۆ کەسێکی تر ، ئەبێت بەردەوام ئارامی و خەو و خواردنی خۆی لە دەست بدات ، کاتێک ئەزانی مێشکی خۆشی ئەپوکێتەوە ، رق لە دەرونتاندا دەرکەن مۆری کۆتایی لە هیچ کەس و بیرکردنەوەیەک مەدە ، هەمووشتەکان دەگۆڕێن لە راستیدا
(ئەوەی یەکێک ڕاو بنێت ، خۆشی ناحەسێتەوە) چونکە بەردەوام ئەبێت لە شەڕدا بێت ، مرۆڤ کە بەردەوام لە شەڕدا بوو ، بەردەوام لە نائارامیدا دەبێت.

نوقتە سەری دێڕ….

ڕقی زۆر بەرامبەر بە هیچ کەسێک لە دەروونتانا هەڵمەگرن تا کەمێک بەکەڵکی خۆتان و ئەم ژیانە بێن

وتار

له‌ سۆشیال میدیایه‌كى درۆینه‌وه‌، به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى دواكه‌وتوی سێكسخوازی…

 

له‌سه‌ره‌تاى دروست بونى ژیانه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌مرۆ، زۆرینه‌ى مرۆڤه‌كان دوو رووى تایبه‌تیان هه‌بوه‌،به‌ڵام له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان روویه‌كى تریشی بۆ زیاد بووه‌ جیاواز له‌ هه‌موو ڕووه‌كانى تر .

ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێت له‌ سۆشیال میدیا و له‌ ژێر ناوى جیا جیاوه‌ ، نه‌له‌گه‌ڵ كلتوری كوردى و نه‌ له‌گه‌ڵ پیرۆزییه‌كانى ئاینى ئیسلام ناگونجێت .

به‌ بیانووى ئازادى و كرانه‌وه‌ ، ڕۆژێك به‌ ناوى نمایشى جل و به‌رگ و رۆژێك به‌ ناوى شاجوان و ڕۆژێكى تر به‌ ناوى فیلم و ڕۆژێك به‌ناوى كۆنسێرت و ڕۆژێكى تر به‌ ناوى ڤیستڤالى ….كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و هه‌ڵدێرێكى ترسناك هه‌نگاو ده‌نێت .

ته‌كنه‌لۆژیا(روونتر بڵین ئینته‌رنێت و سۆشیال میدیا)ش وه‌كو هه‌ر داهێنانێكى ترى مرۆڤایه‌تى ، سوود و زیانى هه‌بوه‌ ، به‌لام لاى ئێمه‌ زیانه‌كه‌ى ده‌به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌ باشیه‌كانیه‌تى.

سالانى ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٩ ، سه‌دان كه‌س له‌سه‌ر نووكه‌ جه‌ره‌س و په‌یوه‌ندیه‌كى هه‌ڵه‌ى مۆبایل و ڕابواردن به‌ خه‌ڵك كوژرا.

پاش به‌هارى عه‌ره‌بی و ووردتر بڵێن پاش ٢٠١٢ ه‌شه‌وه‌ به‌ هۆى خراپ به‌كارهێنانى ئینته‌رنێت ، هه‌زاران كه‌س ماڵوێران بوو ، سه‌دان كه‌س كرانه‌ كونجى زیندانه‌وه‌ ، به‌هۆى به‌رزى ڕێژه‌ى ته‌ڵاقه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار منداڵ له‌ نازی دایك و باوك بێبه‌ش كران .

ڕۆژێك هونه‌رمه‌ندێك له‌پێش چاوى ٦ هه‌زار كه‌سه‌وه‌ ملى كچه‌ هاوڕێكه‌ى ماچ ئه‌كات و ئه‌یمژێت ، ڕۆژێكى تر ئاره‌ق ده‌پڕژێنرێته‌ ئاماده‌بوان و ڕۆژێكى تر به‌ نیمچه‌ رووتى نمایشى جل و به‌رگ ئه‌كرێت ، هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ ژێر ناوى كرانه‌وه‌ و پێشكه‌وتنه‌وه‌یه‌ .

گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كى خێرا گوزه‌ر بكه‌ین به‌ پر بینه‌رترین ماڵپه‌ر له‌سه‌ر ئاستى عێراق و به‌ هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌ (جگه‌ له‌ بزوێنه‌ره‌كانى گه‌ڕان و تۆره‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان)، ئه‌وا ماڵپه‌ره‌سێكسیه‌كان ڕێزبه‌ندى حه‌وته‌مینیان گرتوه‌ له‌ پر سه‌ردانیكه‌ران.

له‌سه‌ر ئاستى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست، عێراق له‌ پله‌ى یه‌كه‌مینه‌ له‌سه‌یر كردنى ڤیدیۆ سێكسیه‌كان .

ژماره‌ى به‌كارهێنه‌رانى فه‌یسبووك له‌ هه‌رێمى كوردستان (به‌ پارێزگاى كه‌ركوكیشه‌وه‌)نزیكه‌ى سێ ملیۆن و سێ سه‌د و هه‌شتاو حه‌وت هه‌زار كه‌سه‌ .

به‌ هۆى نه‌بوونى هیچ سه‌نته‌ر و فه‌رمانگه‌یه‌كى حكومى (یاخود ڕوونتر بڵین به‌ هۆى دوو ئیداره‌یی)تاوه‌كو ئێستا ڕێژه‌ى به‌كارهێنه‌رانى ئینته‌رنێت دیار نیه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ، به‌ڵام به‌ پێى خه‌مڵاندن، ڕۆژانه‌ سه‌رووى ٤٠٠ هه‌زار كه‌س له‌ هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى ماڵپه‌ره‌ سێكسیه‌كان ده‌كات، تا ئێستا پرسیوته‌ بۆ؟

هه‌زاران كچ و كور هه‌یه‌ ستاپ چاتیان هه‌یه‌ و به‌ بێ ئه‌وه‌ى ئه‌ندامانى ماڵه‌وه‌یان یان كه‌سه‌ نزیكه‌كانى له‌لا فرێند بێت ، به‌ڵكو ته‌نها بۆ هاوڕێكانیانه‌ …

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر سه‌رقاڵى به‌دواداچونێك بوین له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه‌ ، گه‌نج هه‌یه‌ جور ئه‌تى نیه‌ له‌به‌رده‌م باوكی جگه‌ره‌ بكێشیت، كه‌چى له‌ سناپ چات ڤیدیۆى نه‌رگیله‌ و ئاره‌ق خواردنه‌وه‌ى داناوه‌ ..

كچ هه‌یه‌ له‌ خێزانێكى ناودار و ناسراوه‌ ، كاتژمێر ٣ ى شه‌و به‌ دزی ماڵه‌وه‌ هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هاوڕیكانى له‌ پیاسه‌یه‌ و سناپ ئه‌كات .

ئه‌مانه‌ و ده‌یان هه‌زار نمونه‌ى ترى خراپ به‌كارهێنانى سۆشیال میدیا سه‌رى كێشاوه‌ بۆ لێكترازانى خێزان و كاڵبونه‌وه‌ى خۆشه‌ویستى ڕاسته‌قینه‌ و زۆربونى خیانه‌ت ..

ته‌نها له‌ ماوه‌ى ساڵى ٢٠١٧ دا ، زیاتر له‌ ٧٠٠٧٩ كه‌یسى ته‌لاق هه‌بووه‌ له‌ سه‌رانسه‌رى عێراقدا و هه‌له‌نه‌بم له‌و ڕێژه‌ زیاتر له‌ ٨ هه‌زار كه‌س له‌ هه‌رێمى كوردستان بوه‌ ، به‌م پێیه‌ش بێت له‌ هه‌ر ١٠ خوله‌كێكدا ئافره‌تێك ته‌ڵاق ده‌درێت، هێشتا پێت وایه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووى له‌ خۆیه‌وه‌ و بێ هۆكار و كارتێكه‌رى ده‌ور به‌ر رووبده‌ن !

ڕۆژێك به‌ ئیشێكى تایبه‌ت چوومه‌ یه‌كێك له‌ دادگاكانى هه‌رێمى كوردستان ، له‌ ٩ كه‌یسی ته‌ڵاق ، ٧ دانه‌یان به‌ هۆى فه‌یسبووكه‌وه‌ بوو، پیاو هه‌یه‌ خاوه‌نى ٩ منداڵه‌ و تووشى خیانه‌تى زه‌وجی بوه‌ ، ئافره‌ت هه‌یه‌ ٤ منداڵى هه‌یه‌ و ئێستا به‌ هۆى خیانه‌ زه‌وجیه‌وه‌ ته‌ڵاق دراوه‌ ، سه‌دان و هه‌زاران نمونه‌ى تری زیندوو له‌ ده‌وروبه‌رمان هه‌ن .

ئێمه‌ى شه‌رقى تێنووى سێكسین ، وێڵێ جه‌سته‌ى رووت و دژى دینین ،به‌ بیانوى كرانه‌وه‌ ، ئه‌مانه‌وێت به‌ره‌ڵا بین ، دوور له‌ دین بین ، دوور له‌ هه‌موو قیه‌م و ئه‌خلاق و پێشكه‌وتنێك بین، قبولى ره‌خنه‌ و ئامۆژگارى ناكه‌ین ، له‌ هه‌ركامێكمان بپرسیت بۆ واده‌كه‌یت، هه‌مومان یه‌ك وه‌لاممان هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ : ئه‌مه‌ ئازادى كه‌سی(شه‌خصی)یمه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ تۆوه‌ نیه‌ …

ئیسنتاگرام پره‌ له‌ نماشكارانى ئافره‌تى جل و به‌رگ ، به‌لام له‌ ١٠ به‌ناوبانگترین نمایشكه‌ر وپێشكه‌شكارانى كوردستان ،٨ دانه‌یان ته‌ڵاق دراون و هه‌موانیش ئه‌وه‌ ئه‌زانن …

زۆرینه‌ى فاشیۆنه‌ ناسراو و ئه‌ستێره‌ى كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌ كوردیه‌كان له‌ ژیانى هاوسه‌رى سه‌ركه‌وتونه‌بون و ته‌ڵاق دراون …

كه‌چى تۆیش ئه‌ته‌وێت چاو له‌وان بكه‌یت ،پێت وایه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌وان له‌ ژێر ناوى فۆتۆ مۆدێل و فاشیۆن و پێشكه‌شكاریه‌وه‌ ئه‌نجامى ده‌ده‌ن ، كارێكى راست و دروسته‌ ، به‌لام ئه‌وه‌ى له‌و دیو سۆشیال میدیا درۆینه‌كه‌وه‌ ئه‌گوزه‌رێت ، ته‌واو جیاوازه‌ .

زۆرێك له‌ فۆتۆ مۆدێل و فاشیۆنه‌كانى فه‌یسبووك و ئینستا و سناپ ، به‌ ئومێدى ژیانێكى شایسته‌ى هاوسه‌رگیرى و تامه‌زرۆى مناڵێكن بیكه‌نه‌ باوه‌شیان ، به‌لام به‌ڕێژه‌ى زیاتر له‌ سه‌دا هه‌شتایان سه‌ركه‌وتونه‌بون و نابن له‌ ژیان ، ئێستا بۆتۆ ئه‌ته‌وێت چاویان لێ بكه‌یت و خۆت رووت بكه‌یته‌وه‌ و ته‌قلیدیان بكه‌یته‌وه‌.

من نازانم كێ به‌رپرسیاره‌ له‌وه‌ ، وه‌ ئه‌بێت یه‌خه‌ى كێ بگیرێت ، وه‌ ئه‌بێت چی بكرێت ، ئه‌وه‌ى ئه‌زانم ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه‌ ،به‌هۆى خراپ به‌كارهێنانى سۆشیال میدیايه‌وه‌ داهاتوویه‌كى نادیار و ترسناك چاوه‌ڕوانى نه‌وه‌ى داهاتوو و زۆرینه‌ى چینى ئێستا ئه‌كات ، داهاتوویه‌ك كه‌ وولاتانى ئه‌وروپى و ڕۆژئاوا تێیان په‌راندوه‌ و به‌ ئومێدى ئه‌وه‌ن بگه‌ن به‌ حاڵى ئێستاى ئێمه‌ ، بێ ئاگا له‌وه‌ى ئێمه‌ نه‌زانانه‌ هه‌نگاو ده‌نێن به‌ره‌و داهاتوویه‌كى لێڵى خاڵى له‌ خۆشه‌ویستى و سۆز ، خاڵى له‌ ئه‌خلاق و ئه‌ده‌ب ، خاڵى له‌ زانست و ته‌كنه‌لۆژیا ، خاڵى له‌ به‌ها بالاكانى ئیسلام و كه‌لتورى كوردى ، پڕاو پڕ له‌ لێكترازان و خۆشه‌ویستى درۆینه‌ و داپڵۆسین له‌ هه‌موو قیه‌م و ئه‌خلاقێك ..
ئێستا ده‌رهاویشته‌ و ده‌رئه‌نجامه‌كانى ئه‌و به‌ره‌لایى و بێ خاوه‌نى و به‌ناو كرانه‌وه‌یه‌ به‌ دیار نه‌كه‌وتوه‌ ، به‌ڵام ڕۆژانێك دێن (كه‌ زۆر نزیكن)و ئه‌وكات ئه‌بێت باجه‌كه‌ى بده‌یت ،ئه‌مڕۆش نه‌بێت سبه‌ی، یان سبه‌ینێكى نزیكتر …

ڕۆژێك دادێت خۆزگه‌ ده‌خوازن بۆ ئه‌مڕۆ، به‌ڵام ئه‌وكات دره‌نگه‌ ،نه‌ك ده‌وروبه‌ر و نزیكه‌كانت ، بگره‌ خانه‌واده‌كه‌شت له‌ ژێر كۆنترۆلت ده‌رچوه‌ و تۆش له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌ نه‌رێنیەکانى ئه‌وان خه‌ریكه‌ خۆت ئه‌دۆرێنیت …

ئه‌وكات تێئه‌گه‌یت له‌وه‌ى ده‌وروبه‌ر و كۆمه‌ڵگا چه‌نده‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر مان جێهێشتوه‌ ..

له‌ كۆتاییدا ته‌نها ٣ خاڵى گرنگ ده‌خه‌مه‌ پێش چاوى هه‌مووتان وه‌كو بیرخستنه‌وه‌

١- ڕاسته‌ كه‌س ناچێته‌ قه‌برى كه‌س ، وه‌كه‌سیش تاوان یاخود چاكه‌ى كه‌سى تر هه‌ڵناگرێت ، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ى بیر له‌ خه‌ڵكى بكه‌یته‌وه‌ ، بیر له‌ حالى خۆت بكه‌ره‌وه‌ ، یه‌كه‌م پرسیار له‌ ڕۆژى قیامه‌ت لێت ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ ته‌مه‌نت له‌ چى به‌فیرۆدا { فَوَرَبِّكَ لَنَسْأَلَنَّهُمْ أَجْمَعِينَ *عَمَّا كَانُوا يَعْمَلُونَ} !

٢- مه‌ڵێ پۆستێكى من ، كۆمێنتێكى من ، بابه‌تێكى من ، هیچ له‌ دۆخه‌كه‌ ناگۆرێت ، مه‌ڵێ له‌ نێوان ئه‌م ٢ ملیار به‌كارهێنه‌رى فه‌یسبووكدا ، نوسینه‌كانى من هیچ گرنگیه‌كیان نیه‌ ، بیرت نه‌چێت ((مَّا يَلْفِظُ مِن قَوْلٍ إِلَّا لَدَيْهِ رَقِيبٌ عَتِيدٌ))، هه‌ر شتێك له‌ ده‌مت دێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌رت ئه‌ژمار ده‌كرێت و ڕۆژى دوایى لێ پرسینه‌وه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت …

٣-چێژ له‌ ژیانى خۆت وه‌رگره‌ ، به‌ دڵى خۆت فه‌یسبووك و ئینته‌رنێت به‌كاربهێنه‌ ، به‌ڵام ئاگاداربه‌ به‌ بیانووى ئازادی و كرانه‌وه‌ ، سنووره‌كانى خودا مه‌به‌زێنه‌ ، تۆ نازانیت به‌ كۆمێنێتكى نه‌شیاوى تۆ ، پۆستێك ، بابه‌تێك، چی ڕووده‌دات …بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ت له‌ پێش چاوت بێت كه‌ ڕۆژى مه‌حشه‌ره‌ و به‌ ته‌نیا له‌به‌رده‌م خوداى گه‌وره‌ لێ پرسینه‌وه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت (( وكلهم اتية يوم القيامة فردا)) ….

باقى وه‌سه‌لام
ئه‌ندام عومه‌ر
سه‌رۆكى ڕێكخراوى تێك ئای بۆ ته‌كنه‌لۆژیاى زانیاری

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

پارتی و یەكێتی چیان لەگۆران ئەوێت!

كەمال ڕەوف

بزووتنەوەی گۆران ئەگەرچی نەیتوانی ببێتە ئەلتەرناتیڤی حزبی باو و گۆرانكاری ریشەیی لەدەسەڵاتدا دروست بكات، بەڵام بە(باش و خراپ)، بووە مۆدێڵكی نوێی حزبایەتی. گرنگترین شت بۆ گۆران ئەوە بوو، تا لە حزبە باوەكان نەچێت، بەتایبەت پارتی و یەكێتی، شانازی گوتاری سیاسی خۆیی لەسەر بزووتنەوەیەكی مەدەنی و حزبی هەڵبژاردن و خاوەن شەقام و جەماوەر هەڵچنیی و لەیەكەم بەشداریكردنی هەڵبژاردندا، بووە گەورەترین موفاجەی سیاسی لەمێژووی نزیكی خەباتی حیزبایەتی لەكوردستان.

هەڵەی گۆران لەو شوێنەوە دەستی پێكرد، پەلەی كرد بۆ گۆرانكاری، پەلەی كرد بۆ بەشداری حوكمرانییەك كە خۆی حیكمەتی دروستبوونی خۆی لەسەر نەهێشتن و گۆرانكاری ئەو شێوازە لەحوكمرانی بیناكردبوو، هاوكات خاوەخاو و بێباكیشی بۆ دەستبردن بۆ پێگەیاندنی كادر نەوعی، ئەو سەری گەمەكەی بەوە قفڵ كرد، وەك خۆیان دەڵێن، بەشێك لە هێلكەكانی ناو بزووتنەوەكە پیس بوون، بەشێكی تریشیان لەناو دۆخی خراپی ئیدارەی بزووتنەوەكەدا پیس بوون.

كورتبینی سیاسی گۆران ئەوكاتە سەری هەڵدا، كە بروایان وابوو پارتی و یەكێتی تەسلیم بەئەمری واقیعی هەڵبژاردن دەبن، حساب بۆ نەكردنی دۆخی دروستكراوی هەرێم و بەكەم سەیركردنی نەیار، ئەو تابلۆ خەیاڵییەی خستە بەردەم گۆران، كە دەتوانن لەدۆخێكی ئاوادا بەئاشتیانە دەسەڵات لەدەست پارتی و یەكێتی دەربهێنن.

بەشداریكردنی گۆران لە كابینەی پێشوو، لەسەر ئەوە بوو، كە دەتوانن لەگەڵ پارتی پێكەوە هاوسەنگی هێزو دۆخەكە بگۆرن، ئەوكاتە گۆران لە عەوەجی هێزو توانای خۆیدا بوو، كاك نەوشیروان لەژیاندا بوو، بزووتنەكەش 24 كورسی پەرلەمان و دەریایەك پشتیوانی جەماوەرو كێوێك ئومێدی پیا هەڵواسرابوو، بەڵام گۆرانی چنگ پرلە لەپرۆژە، گۆرانی مۆدێڵ و پر لەئیرادە، لەئاكامدا هیچی نەچنیەوەو لەبەردەم قەڵەمرەوی و یەكپارچەیی پارتی و یەكێتی دەستەپاچە دەركەوت.

ئێستا پرسیاری گەورە لەسەر گۆران ئەوەیە، ئاخۆ لەم كابینەیەدا، بە 12 كورسیی و لەغیابی سەركردەكەیان، دەیانەوێت جارێكی تر بەهەمان لۆژیك بەشداری بكەن؟، ئایا ئەم سیناریۆیەی ئێستا هاوشێوەی پێكهێنانی كابینەكەی تر نییە؟. وادیارە پارتی لەنێوان گۆران و یەكێتی دەیەوێت گەمەیەكی تر بەهەمان مەبەست ئەنجام بدات، گۆران جاران بە هێزێكی گەوەرەی جەماوەرییەوە، بە 24 كورسییەوە دەستەپاچە بوو لە سەرخستنی پرۆژەیەك لەپرۆژە جدییەكانی، ئاخۆ ئێستا بەم وەزعەیەوە دەیەوێت، چۆن تایی تەرازووی هێز بۆ پارتی بگۆرێت و لەباتی یەكێتی گۆران ببێتە هاوتاكەی تاكو زۆنی سەوز لەرێگەی گۆرانەوە بەرێوەبەرێت. گەمەكە لەمسەرەوە نەتیجەكەی دیارە، ئەگەر گۆران ئەوكارە بكات، جگەلەوەی خۆكوژییەكی سیاسی مەترسیدارە و بەتەواوەتی جەماوەرەكەی لەخۆی ئەتۆرێنی، لەهەمانكاتیشدا ئەگەری ئەوە هەیە ئاگری شەرێك لەم ناوچەیە هەڵگیرسێت، ئەم شەرەش پێویستی بەهاوكاری هێز هەیە، كە پارتی ئامادەیی نیشان داوە بیبەخشێتە گۆران، ئەگەر ئەوە رویدا، ئیتر گۆران نە بزووتنەوە مەدەنییەكەیە، نەحزبی هەڵبژاردن، بەڵكو ئەوەی لەم ململانێیەتیەی نێوان یەكێتی و پارتی لەدایك ئەبێت، هیچ نییە جگە لەحزبێكی بچووكی گۆێگری هێز پێبەخشراو، جار ئیتر ئەم هێزە لەم لابێت یان لەولا هەموو شتێكە جگە لە گۆرانەكەی جاران.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

16 و 17 ئۆكتۆبەر

فەرهەنگ فەرەیدون

بەرەبەیانی 15ئۆكتۆبەری 2017، پەیوەندیم كرد بە محەمەد خورشید بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك و پێم وت دۆخی كەركوك چۆنە لە وەڵامدا وتی”دۆخەكە زۆر خراپە”، رۆژی دواتر هێزە كوردییەكان شارەكەیان چۆڵكرد و رۆژەكەش وەك خیانەتێك بۆ ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی تۆماركرا.

“یەكێتی و پارتی ئامادە نەبوون لە كەركوك بەرگری بكەن”
نابێت ئەوەمان بیر بچێت،16 ئۆكتۆبەر دەرهاویشتەی رووداوەكانی ریفراندۆم بوو، سەركردایەتی سیاسی كورد دەیزانی درەنگ و زوو دەبێت ناوچە جێناكۆكەكان رادەستی بەغدا بكاتەوە، بەڵام ریفراندۆم كاتی رادەستكردنەوەی ئەو ناوچانەی پێشخست.
48 كاتژمێر پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، یەكێتی و پارتی لە هاوینە هەواری دوكان كۆبوونەوە، سەركردەیەكی یەكێتی كە تۆماری دەنگییەكەی لام پارێزراوە و نامەوێت لە ئێستادا ناوی بهێنم پێی وتم، كە خۆیی و دوو سەركردەی دیكەی حزبەكەی پلانی 30 رۆژ بەرگریكردنیان لە كەركوك داڕشتووە وتیشی”چونكە فڕۆكە بەكارنەدەهات، دڵنیابووین لە سەركەوتنمان” بەوتەی ئەو سەركردەیەی یەكێتی زۆریەنەی پارتی و حزبەكەشی دژی ئەوەبوون شەڕبكرێت لەو شارە، هەربۆیە كۆبوونەوەكە بەبێ‌ بڕیاری یەكلاكەرەوە كۆتایی پێهێناوە.

16 ئۆكتۆبەر چی روویدا؟
پێشمەرگە بێ پلان بوو، چەك نەگەیشتبووە سەنگەرەكان، سەركردایەتی سیاسی كورد كە ئەوكات سەرۆكی هەرێم سەرپەرشتی دەكرد، هیچ بەرنامەیەكی بەرگری دانەڕشتبوو، ئەگەر شەڕیش لە كەركوك بكرایە، بە زووی بە سەركەوتنی هێزە عیراقییەكان كۆتایی دەهات، ئەگەر ئەمە روویبدایە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە شەهید دەبوون، ناو ئازایەتیشیان دەكەوتە ژێر پرسیارەوە.
لە 16ی ئۆكتۆبەر هیچ زیانێك بەر ژێرخانی ئابووری شارەكە نەكەوت، ئەوەی زیانی بەركەوت تەنها ئەو بەرپرسانەی شارەكەبوون، كە ساڵانێك بوو لە داهات و  شیرینی نەوتیان دەدزی، هێزە كوردییەكانی ناو شارەكەش لەبری پاراستنی هاوڵاتیان، سەرقاڵی ئەوە بوون چۆن ئەو دزوو تاڵانچییانە بە سەلامەتی لە كەركوك بیانبەنە دەرەوە.

“16ی ئۆكتۆبەر و 17ی ئۆكتۆبەر”
بەرەبەیانی 17ی ئۆكتۆبەر بە هەمان شێوەی كەركوك، پارتی هێزەكانی لە ناوچە جێناكۆكەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی كشانەوە، ئەم كشانەوەیە وردو زیرەكانەبوو، لە درەنگانێكی شەو دوور لە چاوی میدیاكان و هاوڵاتیان ئەنجامدرا، ئەمەش وایكرد هیچ كەس باسی ئەو كشانەوەیە نەكات و وەك 16ی ئۆكتۆبەر بە خیانەت نەناسرێت.

16 ئۆكتۆبەر خیانەت بوو؟
16 ئۆكتۆبەر خیانەت نەبوو، چونكە سەركردایەتی سیاسی كورد بێپلان بوون، ئەگەر شەڕ لە كەركوك روویبدایە، كورد هیچ شتێكی بەدەست نەدەهێنا، جگە لە شەهیدبوونی ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگە و هاوڵاتی و وێرانبوونی شارەكە، ئەو بەرپرسانەی 16ی ئۆكتۆبەر بەخیانەت دادەنێن، خۆیان بەشێكن لەو خیانەتە، چونكە ئەو خیانەتكارانەی كە خۆیان دەیڵێن ساڵێكە نەیانداون بە دادگا و بگرە كۆبوونەوەی نهێنیشیان لەگەڵ دەكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەتوانێت خزمەتی هاوڵاتیان بکات؟

کوردستان

دوایین