ماسیگرەکان دوای تەواوبوونی وەرزی قەدەغەی راوی ماسی ڕوو لە دەریاچەکان دەکەنەوە



ماسیگرەکان دوای تەواوبوونی وەرزی قەدەغەی راوەماسی کە بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت، جارێکی دیکە تۆڕەکانی ماسیگرییان خستە دەریاچەکانەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو ساڵێکدا و لە وەرزی زاووزێی ماسییەکاندا، قەدەغەی راوکردنی ماسی رادەگەیەنێت، ئەویش بە ئامانجی زیاترکردنی ئەو بەرهەمە لە ئاوی رووباڕ و دەریاچەکاندا.

لە زۆرێک لە وڵاتاندا ماسی سەروەتێکی نیشتمانییە، ماسی دەریا، ماسی حەوز لەگەڵ ماسی رووباڕەکان سەرچاوەی بژێوی و داهاتی ئاژەڵدارین لە وڵاتان.


هەر لە کۆنەوە ماسی لە دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان راوکراوە و لە بازاڕەکاندا ساغ کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی کەمی رووباڕەکان و نەبوونی دەریا، لەرێی دروستکردنی حەوزەوە بیر لە زۆرکردنی ئەو بەرهەمە گرنگە کراوەتەوە.
لە هەرێمی کوردستان ماسی دەریاچە و رووباڕەکان جۆرەها ماسی لەخۆدەگرن کە خۆی لە ماسییە سوورە، سمێڵە، کوڵە، مشارە، سلڤەر، پانکە و چەندانی تردا دەبینێتەوە.

لە پارێزگای سلێمانی و دەورووبەری، هەریەک لە دەریاچەکانی دووکان و دەربەندیخان لەسەر زێی بچووک و ئاوی رووباری سیروان کە سەرچاوەیەکی سەرەکیین بۆ بەرهەمی ماسی و خۆی لە چەندین جۆردا دەبینێتەوە.

هەموو ساڵێک لە ١٥ی حوزەیراندا، کاتی هەڵگرتنی قەدەغەی راوەماسییە دوای سێ مانگ، بۆ بەرەبەیانەکەی ماسیگرەکان بە خۆیان و تۆڕەکانیانەوە بە بەلەمێک دەچنە نێو ئاوی دەریاچەی دووکان و دەربەندیخان و یەکەم راوی دوای وەرزی زاووزێکردن دەکەن.
رووباری سیروان’یش کە سەرچاوەی ئاوەکانی لە چەم و کانیاوەکانی ئێرانەوە دێت و دوای ئەوەی دەگاتە دەربەندیخان بەهۆی دروستکردنی بەنداوێکەوە لەسەری، دەریاچەکەی گلدانەوەی ئاوی دروست کردووە.
دەریاچەکە بەدووری ٥٠ کم دەکەوێتە باشووری شاری سلێمانییەوە و سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمی ماسییە.
پشتیوان کەریم-ی ٣٣ ساڵ، ماوەی ١٠ ساڵە سەرقاڵی راوەماسیە لە سەر رووباری سیروان و دەریاچەکەدا باس لەوە دەکات کە چەند ساڵێکە بەرهەمی ماسی کەمی کردووە لە دەریاچەی دەربەندیخان لەسەر رووباری سیروان و دەڵێت، ”دوو هۆکاری سەرەکی هەن بۆ کزبوون یان کەمبوونی ماسی لە دەریاچەی دەربەندیخان، یەکەمیان ئەو ماددە ژەهراوییانەن کە دەڕژێنە ئاوەکەوە، ئەوانیش لە ئاوی تانجەرۆ و ئاوی سلێمانییەوە دەڕژێنە ئاوی دەریاچەکەمانەوە. ژەنگ و کلۆرێکی زۆر ڕژاونەتە ئاوی دەریاچەکەوە و ناهێڵن ماسییەکان گەشە بکەن، هۆکاری دووەمیشیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەنجەماسی ناکاتە ئاوی دەریاچەکەوە و هیچ هاوکاری و پاڵپشتییەک پێشکەش ناکات. ماوەی چەند ساڵە ئەم دەریاچەیە هەر بەم شێوەیەیە”.

هەروەک ئەو ماسیگرە باس لە چەند هۆکارێکی لاوەکیش دەکات بۆ کەمبوونەوەی ماسی، لەوانە ڕاوەماسی لەلایەن خەڵکەوە لە کاتی قەدەغەی راودا بە بەکارهێنانی، تۆڕی ورد، کارەبا و ئامرازەکانی دیکە و دەڵێت، ”ئەمانە ئەو هۆکارە لاوەکییانەن کە بوونەتە هۆی کەمبوونی ماسی لە دەریاچەی دەربەندیخان”.
پشتیوان عومەر سەبارەت بە قەدەغەی ڕاوەماسی دەڵێت، ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕێکارێکی یاسایی دەگرێتە بەر، لەوانە دەرچوونی مەفرەزەکانی پۆلیس بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی دەریاچەکە و ڕێگریکردن لە ڕاوەماسی بە شێوەی نایاسایی، بەڵام لە هەندێک شوێندا کەسانێک هەر هەن راوی خۆیان لە دەریاچەکەدا هەر دەکەن. ئەوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونی ماسی، چوونکە لەو کاتانەدا ماسی گەرایەکی زۆر زۆری پێیە و کە راو دەکرێت ئیتر ناتوانێت گەراکەی دابنێت و ماسی لە دەریاچەکەدا زیاد نابێت”.
ناوبراو باس لەوە دەکات کە پێشتریش راوەماسی هەر کراوە بەڵام بەم ڕێژە زۆرەی ئێستا نەبووە. پێشووتر ڕاوچی لەسەر دەریاچەکە کەم بوو و جۆرەکانی تۆڕیش بەم شێوەیەی ئێستا زۆر و جۆراوجۆر نەبوون. لەناو تۆڕەکان هەیانە ئێجگار وردن. ئەوەیش هۆکارێکی دیکەیە بۆ کەمبوونی ماسییە بچووکەکان لە ئاوی دەریاچەکەدا. چوونکە ڕاوچییەکان ماسییە ورد و بچووکەکان ناخەنەوە ناو دەریاچەکە، بەڵکوو دەیبەن لە بازاڕەکاندا دەیانفرۆشنەوە.
سەبارەت بە گەورەترین ماسی کە ئەمساڵ لە نێو دەریاچەکەدا گیرابێت، پشتیوان باس لەوە دەکات کە ٦٥ کیلۆییەک گیراوە ئەویش لەجۆری سیلڤەر بوو، کە لەبازاڕدا کیلۆی بە ٢٠٠ و نیو دەیفرۆشن، هاوکات ماسی ١٢ کیلۆییە گیراوە کە لەبازاڕەکاندا بە ٨ هەزار دینار ساغی دەکەنەوە.

پشتیوان باسی لەوە کرد کە لەسەعات ٤ی بەرەبەیانەوە هاتوون بۆ هەڵگرتنەوەی تۆڕی ماسییەکان لەکاتێکدا کە ئێوارەی رۆژی رابردوو هەڵیانخستووە لە نێو ئاوەکەدا و دەڵێت، “رۆژێک پێش هەڵرتنی قەدەغەی راوەماسیەکە دێین و تۆڕەکان هەڵدەخەین، بۆ ئەوەی تا بەرەبەیان چی ماسی کە پێوەی دەبێت، بیهێنینەوە، بۆیە لە ئێواراندا هەڵیان دەخەین و دوای ١٢ سەعات دێینەوە هەڵیدەگرینەوە چونکە ئەگەر ماسیەکە لەکاتی گەرمادا بمێنێتەوە ئەوا ئەگەری هەیە بۆگەن بکات بەتۆڕەکەوە، بۆیە بەکاتی فێنکی دەبێت تۆڕەکان لەنێو ئاوەکەدا بێننەوە.”


دوای ئەوەی ماسیگرەکان لە دەریاچەی دەربەندیخانی سەر رووباری سیروان کە تۆڕەکان هەڵدەگرنەوە، بەپێی شانس و هەڵکەوتەی ئەو ناوچەیەی تۆڕەکەیان لێهەڵخستووە، ماسییەکان هەڵدەگرنەوەو دەیبەنە نزیک کەنار دەریاچەو رووبارەکە، لەوێوە کەسانێک هەن بەناوی ماسی سێڵ، کە ماسییەکانیان بە نرخی جوملە لێدەکڕنەوەو ئەوانیش دەیانبەنە بازار بۆ فرۆشتن پاش ئەوەی نرخێکی کەمی دەخەنە سەر، بە دووکانەکانی نێوبازاڕەکانیان دەفرۆشن.
لەنێو ماسیگرەکاندا نەریتێک هەیە کە زۆر کەم حەز دەکەن باس لە رزق و رۆزیی ئەو رۆژەیان بکەن بۆ یەکتر، تاکو زۆرترین بەرهەم بچێننەوە لە تۆڕەکانیاندا.
وەک پشتیوان باسی لێوە دەکات ئەو لە یەکەم رۆژی هەڵگرتنی قەدەغەی راوەماسیدا ماسییەی کەم بە تۆڕەکەیانەوە نبووە، وەک ئەو باسی لێوە دەکات هیچ ماسیگرێک بە راوچییەکی تر ناڵێت کە ئەو رۆژە چەندە ماسی گرتووە، تاکو بۆ رۆژی داهاتووتر، ماسییەکان لە تۆڕەکانیان زوویر نەبن و بەرهەمیان کەم نەبێتەوە.
لێکەوتەکانی دوو هەژمارە بانکییەکەی نێو ماددەی ١٣ ی بودجەی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان
پێشت لێکەوتەکانی دوو هەژمارە بانکییەکەی نێو ماددەی ١٣ ی بودجەی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان
نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە دھۆک دروست دەکرێت
دواتر نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە دھۆک دروست دەکرێت
ەیوەندیدار