نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە دھۆک دروست دەکرێت


لەسەنتەری شاری دھۆک بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک دانرا کە بڕیارە بکرێتە نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە.

ئەمڕۆ لە شاری دھۆک، بە گوژمەی ٣٧١ ھەزار دۆلار، بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک دانرا کە بڕیارە بکرێتە نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە.

لە رێوڕەسمەکەدا پارێزگاری دھۆک عەلی تەتەر و بەرێوەبەری گشتیی تەندروستی دھۆک ئەفراسیاب موسا و بەرپرسانی حکوومی ناوچەکە بەشدار بوون.

نەخۆشخانەکە زیاتر لە ١٣٠ قەرەوێڵە و چوار ژووری نەشتەرگەری لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لەوەی کە تاقیگە و ١٠ قەرەوێڵەی چاودێری چڕی تیادایە.

لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دھۆک، ئەفراسیاب موسا دوای دانانی بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “نەخۆشخانەی کۆنی فریاکەوتنی دھۆک کە دەکرێتە نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە، بە گوژمەی ٥٣٥ ھەزار دۆلار نۆژەن دەکرێتەوە و لەو بڕە پارەیە، ٣٧١ ھەزاری دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکە تەرخان کراوە و بڕە پارەکەی دیکە بۆ کڕینی پێدوایستی پزیشکی تەرخان کراوە”.

نەخۆشخانەی کۆنی فریاکەونی دھۆک بڕیارە لە ماوەی سێ مانگدا، نۆژەن بکرێتەوە و لە کۆتایی مانگی ھەشتی ئەمساڵ بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە دەکرێتەوە کە لە ١٣٠ قەرەوێڵە پێکدێت و دەبێتە یەکەم نەخوشخانەی چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە پارێزگای دھۆک.

لای خۆیەوە بەرێوەبەری گشتی رێکخراوی “ئاسپۆ” فریدریکو جاوجیلی کە پاڵپشتی دارایی پڕۆژەکە دەکات لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە زیاتر لە ١٠ ساڵە لە شاری دھۆک کار دەکەن و وتی: “ئەمە حەوتەمین پرۆژەیە کە لە بواری تەندروستی دا لە پارێزگای دھۆک جێبەجێی دەکەن، ٦٠ کەسمان بردووە بپ ئیتالیا بۆ ئەوەی لە بواری پزیشکی دا، زانیاری بەدەست بھێنن و دووبارە گەراونەتەوە کەرتی تەندروستی دھۆک، ئێمە لە ھاوکاریکردنی تەندروستیی دھۆک بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خزمەتگوزاری پێشکەشی نەخۆشەکان بکەن”.

دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی دەری دەخات کە لە ھەرێمی کوردستان، نۆ ھەزار و ٦١ حاڵەتی شێرپەنجە تۆمارکراون، لە پارێزگای سلێمانی سێ ھەزار و ٣٢٣ و لە ھەولێر، چوار ھەزار و ٣٠٤ کەس و لە دھۆک، ھەزار و ٤٣٤ کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون.

ھەر لەوبارەیەوە پارێزگاری دھۆک، عەلی تەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژە بەوەدا کە زیاتر لە ٢٠ ملیار دینار بۆ نۆژ‌ەنکردن و دروستکردنی نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای دھۆک تەرخانکراون و زۆربەیان کاری تیایدا دەکرێت و گوتی: “دوای تەواوبوونی نەخۆشخانەی شێرپەنجەی دھۆک، ئیتر زۆربەی زۆری تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لە دھۆک لە بری ئەوەی بۆ وەرگرتنی چارەسەر بچن بۆ سلێمانی و ھەولێر، دەتوانن لە نەخۆشخانەی شێرپەنجەی دھۆک چارەسەر وەربگرن”.

ماسیگرەکان دوای تەواوبوونی وەرزی قەدەغەی راوی ماسی ڕوو لە دەریاچەکان دەکەنەوە
پێشت ماسیگرەکان دوای تەواوبوونی وەرزی قەدەغەی راوی ماسی ڕوو لە دەریاچەکان دەکەنەوە
دژە تیرۆری عێراق ئامادەیی بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە دەردەبڕێت
دواتر دژە تیرۆری عێراق ئامادەیی بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە دەردەبڕێت
پەیوەندیدار