پۆچێتیی ئەدەبیاتی مرۆڤ


خالد سلێمان

پوچێتی فیکرو ئەدەب و فەلسەفە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەوەدا دەردەکەوێت، مرۆڤی کردە سەنتەری هەموو شتێک، هەسارەی زەوی لە نارسیزم و ئەندێشەکانی مرۆڤدا چرکڕدەوە. ملیارەها ساڵ مێژووی زەوی لەو خاڵەدا لەبیرکرا کە تیایدا ماشێنێکی دەرکردنی ئاو لە کانە خەڵووزەکان دۆزرایەوەو ناوی لێنرا ماشێنی هەڵم. هەموو مێژووی ئەم دۆزینەوەیەش 200 ساڵ و 2 دەیەیە.
ئەدەب و هونەر بە شیعرو شانۆو ڕۆمان و موزیک و وێنەکێشانەوە لەو خاڵەدا سروشتیان لەبیرە، کە ئیتر دەبێتە سەرچاوەی ئیلهامی نووسین و داهێنان. زۆرجاریش نارسیزم وا لە داهێنەران دەکات سروشت وەک تاکە هاوڕێ تەماشا بکەن. بەدەگمەنیش جۆرەکانی غەیری مرۆڤ دەبنە سەرچاوەی بیرکردنەوەو ئیلهامی نووسین، چوونکە ئەوان، بەڕووەک و گیناوەرەوە، ئەندێشەیان نیەو بەبێ زمان و خۆ عەبوسکردن و چاررە لێکنان و ئارەزووی تەنهاننی و خۆئەڤینیی، پاسەوانی سروشتن.
بەشێکی تری پوچێتیی هونەرو ئەدەب و فەلسەفەو مێژووی مرۆڤ لەوەدایە، ئەگەر باسی جۆرەکانی تری سەر زەوی بکات، ئەوا لەچوار دەوری ئەو جۆرانە دەسووڕێتەوە کە دەیابینین. لە کاتێکدا زۆربەی جۆرەکان نەبینراون یان لە ناو خاکدان، بەڵام نەک تەنها بەشێکن لە ژیانی ئێمە، بەڵکو سەرچاوەی بوونی ئێمەی مرۆڤن.
مرۆڤ، بەو شێوەیەی دەخوات و دەخەوێت و دەڕێت و سێکس و سەفەر دەکات، گومەزێکی بۆ خۆی لەسەر ئەم زەوییە دروستکردووەو لەسەر بەردێکی ڕەق و تەق دانیشتووە. نە سەرووی گومەزەکە دەبینێث و نە ژێرەوەی بەردەکە، لە کاتێکدا ئەمەی دووەمیان لەسەر پشتی ملیارەها گیانەوەر دانراوە: لە هەر مەترێکی سێجای ناو خاکدا لە ملیارێک زیاتر لە بەکتیریاو میکرۆب و گیانەوەر هەیە کە سەرچاوەی خۆراک و تەندروستی ئێمەن. لە ئاسمانیشدا بەرگە هەوامان هەیە کە هەسارەکەمان لەوە دامانپارێزێت وەک هەسارەی ڤینۆش بسووتێت و جێگەی ژیان نەبێت.
مرۆڤە پڕ لە ئەندێشەکەی ئێمە، ئەم شتانەی بەلاوە گرنگ نیە، چونکە خودئەڤینیی وایلێکردووە خۆی بەسەنتەرو خاوەنداری زەوی بزانێت، لە کاتێکدا ڤایروسێک یان بەکتیریایەک لەو بەکتیریانەی لەسەریان دانیشتووە، دەیکاتە دیلی نەخۆشخانەکان یان بنمیچی ژوورێک هەتا ئەو کاتەی کۆتایی پێدێت و دەبێتە خۆراکی وردیلەکانی ناو خاک.
یەکێک لە ئالەنگارییە ئەخلاقیە هەرە گەورەکانی بەردەم فیکرو ئەدەب و هونەر لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەوەیە کە خودئەڤینیی (نارسیزم)، جێگەی ئەوەی گرتووەتەوە هاوتای جۆرەکانی تر بین. هەر ئەم خودئەڤینییە وایلێکردووین لەبری تێگەیشتن لە سووڕی ژیانی جۆرەکانی تر (ڕووەک و گیانەوەر)، ئەفسانەو ئاینمان بۆ دروستکردوون و بەکەیفی خۆمان لێیان تێگەیشتووین.
لێخۆشبوونی قەرزی ئاو درێژکرایەوە
پێشت لێخۆشبوونی قەرزی ئاو درێژکرایەوە
بڕیاردەری لیژنەی دارایی: حکومەت پلانی نییه‌ بگەڕێتەوە بۆ لێبڕین و پاشەکەوتی مووچە
دواتر بڕیاردەری لیژنەی دارایی: حکومەت پلانی نییه‌ بگەڕێتەوە بۆ لێبڕین و پاشەکەوتی مووچە
پەیوەندیدار