لە باكووری كوردستان 150 كەس دەستگیركران


 

هێزەكانی پۆلیسی توركیا ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە باكووری كوردستان لە شاری ئامەد و چەند ناوچەیەكی دیكە زۆرتر لە 150 كەسیان دەستگیركرد.

لە ئۆپەراسیۆنەكەی پۆلیسی توركیا دەیان رۆژنامەوان، پارێزەر و چالاكی سیاسی دەستگیركران.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی فوڕات نیوز، پۆلیسی توركیا عەبدولڕەحمان گۆك سەرنووسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا (MA)، ئەحمەد كانبال پەیامنێری (MA)، عوسمان ئاكن بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی یەنی یاشام، قادر ئەسەن خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی خۆبوون، خالس داكالی هاوسەرۆكی لقی ئامەد لە كۆمەڵەی پارێزەران و مافناسانی ئازادی، سەزەن مەرجان ڕاوێژكاری ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هاوسەرۆكی دەبەپە و ژمارەیەكی زۆری دیكەی سیاسەتمەدار و رۆژنامەوان و پارێزەر دەستگیركران.

فەرهاد چەلیك خاوەنی ئاژانسی میزۆپۆتامیا (MA) لەبەر ئەوەی لە شوێنی هەڵكوتانەكەدا نەبوو، دەستگیرنەكرا، پشكنین و گەڕان لەو شوێن و ناونیشانەدا بەردەوامە، كە هێزە ئەمنییەكانی دەوڵەتی توركیا هەڵیانكوتاوەتە سەریان.

تەیب تەمەل جێگری هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە ناڕەزایەتیی دژ بە هەڵكوتانەكان و دەستگیركردنەكان دەربڕی “دەسەڵات جارێكی دیكە پێش هەڵبژاردنەكان لە ترسی دۆڕاندنی خۆی دەستی بە ئۆپەراسیۆن و دەستگیركردن كردەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دەیان هاوڕێمان، لەنێویاندا ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی، جێگرانی هاوسەرۆك، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و پارێزەران لە ئامەد دەستگیركران، بەڵام ئێوە لە دۆڕان و ڕووخان ڕزگارتان نابێت”.

مەهدی ئۆزدەمیر جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد ئاشكرایكرد “بە فەرمانی داواكاری گشتی نزیكەی ١٥٠ كەس دەستگیركراون”.

ئۆزدەمیر دەشڵێت “ئۆپەراسیۆنەكە هێشتا بەردەوامە. دەستگیركردن بەردەوامە، پشكنین و گەڕان لە نوسینگەی زۆرێك لە هاوڕێی پارێزەرەكانمان بەردەوامە. تا ئێستا هۆكاری ئەو هەڵكوتان و دەستگیركردنانە ئاشكرا نەكراوە. هیچ هۆكارێك و بیانوویەك بە ئێمە نەوتراوە. ئۆپەراسیۆنەكە لە دژی پیشەكانە، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران، نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزەران لەخۆدەگرێت” .

هەروەها كۆمەڵەی پارێزەران و مافناسانی ئازادی ڕایانگەیاند، لە ئامەد، ئێلح و ڕحا ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران و هاووڵاتیان دەستگیركراون.

توركیا كشانەوە لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان ڕەتدەكاتەوە
پێشت توركیا كشانەوە لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان ڕەتدەكاتەوە
یاسین مەحمود ڕەشید پرسەنامەیەك بۆ ئەحمەد ڕێكانی دەنێرێت
دواتر یاسین مەحمود ڕەشید پرسەنامەیەك بۆ ئەحمەد ڕێكانی دەنێرێت
پەیوەندیدار