گرژییەكانی كەركوك پێویستیان بە چارەسەری یاسایی هەیە


 

سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، كێشەی نێوان گوندنشینە كورد و عەرەبەكانی پەڵكانەی ڕۆژاوای كەركوك بە شێوەی كاتی چارەسەر كراوە، پێیوایە عەرەبە “هاوردەكان” لەلایەن دەستێكی سیاسییەوە دژی كوردەكان دەجوڵێنرێن.

فەهمی بورهان، بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند “چارەسەركردنی ڕیشەیی كێشەی نێوان گوندنشینە كورد و عەرەبەكان گرێدراوە بە جێبەجێكردنی مادەی 140 ی دەستوورەوە، ئەگینا چارەسەرەكان كاتین، بەتایبەت ئەو كارنامەی وەكو لایەنە كوردییەكان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی هەمانە جۆرێك ئومێدی پێبەخشیوین، تا مادەی 140 هەنگاوێك بچێتە پێشەوە و گرفتەكان چارەسەر بكرێن.”

ڕۆژی هەینی لە گوندی پەڵكانەی سەربە ناحیەی سەرگەڕانی ڕۆژاوای كەركوك شەڕو ئاڵۆزی لە نێوان گوندنشینە كورد و عەرەبەكان ڕوویدا، هۆكاری ڕوودانی شەڕەكەش لەسەر خاوەندارێتی زەوی و زاربووە، شەڕ و ئاڵۆزی تا ڕۆژی شەمە بەردەوام ‌بووە و دواتر سووپای عێراق هێزی ڕەوانەی گوندەكە كرد و دۆخەكەی كۆنترۆڵكرد.

فەهمی بورهان دەڵێت “چارەسەركردنی كێشەی گوندی پەڵكانە كاتییە، بەڵام هەوڵەكان لەم سێ ڕۆژەدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكە جدی بوون، ئێمە لەگەڵ سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و فراكسیۆنە كوردییەكان لەسەر خەت بووین تا دۆخەكە هێور كرایەوە.”

سەرباری هێوربوونەوەی بارودۆخەكە لە گوندی پەڵكانە، بەڵام هێشتا كێشەی نێوان جوتیارە كورد و عەرەبەكان چارەسەر نەكراون، بەو پێیەی ئەو كوردانەی لە ساڵی 1975 لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەركراون خۆیان بە خاوەنی گوندەكە دەزانن، عەرەبەكانیش كە لەلایەن ڕژێمی پێشووی بەعسەوە لەو گوندە نیشتەجێكراون و ساڵی 2003 گوندەكەیان بۆ كوردەكان جێهێشتووە، خۆیان بە خاوەنی گوندەكە دەزانن.

سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێت “هەموو بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی سەردەمی بەعسمان كۆكردووەتەوە، لەداهاتوویەكی نزیكدا دەچینە بەغدا و گفتووگۆی لەسەر دەكەین، تا بتوانین ئەم بڕیارانە هەڵبوەشێنینەوە، چونكە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەساڵی 2011 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی داون.”

ناوبەناو كێشەی نێوان جوتیاری كورد و عەرەب لە ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەرێم و بەغدا سەرهەڵدەداتەوە، بەرپرسانی كورد لە كەركوك پێیانوایە دەستێكی سیاسی لە پشت جوڵاندنی عەرەبەكانەوەیە و ئامانج لێی چۆڵكردنی گوندەكانە بە كورد.

فەهمی بورهان پێیوایە، ئیدارەی خۆجێی كەركوك پشتگیری عەرەبەكان دەكات، دەڵێت “لەم ئاژاوە و گرفتانە، گروپێك لە ئیدارەی كەركوك سودمەند دەبێت لە جۆشدانی كێشەكان.”

كێشەی نێوان جوتیارە كورد و عەرەبەكان هاوكاتە لەگەڵ ناكۆكی نێوان راكان جبوری پارێزگاری كەركوك و لایەنە كوردییەكان، لایەنە كوردییەكان جبوری بە خراپ بەڕێوەبردنی پارێزگاكە تۆمەتبار دەكەن، پارێزگاری كەركوكیش لایەنە كوردییەكان تاوانبار دەكات بە وێران كردنی گوندە عەرەب نشینەكان لە سەروەختەكانی شەڕی داعشدا.

فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئاماژەش ‌بەوەدەكات، هەوڵی زۆریان داوە تا لە سەر كێشەی نێوان گوندنیشینە كورد و عەرەبەكان راكان جبوری بدەنە دادگا، بەڵام سەرگرتنی هەوڵەكان پشوو درێژی دەوێت.

فەهمی بورهان، دەشڵێت “شكات لە راكان جبوری كراوە و دۆسیەكانی لە دادگان، بەڵام ئێمە دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور كێشەكان چارەسەر بكەین.”

راكان جبوری پارێزگاری كەركوك ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكاتەوە كە ئاراستەی دەكرێن، بەوەی دەستی لە هاندانی گوندنشینە عەرەبەكاندا هەبێت.

لە لێدوانێكی پێشتریدا بۆ دەنگی ئەمریكا، جبوری وتی”دەبێت كێشەی گوندەكان بە یاسا چارەسەر بكرێن.”

جامی كۆنیفای 2024 لە هەرێم بەڕێوەدەچێت
پێشت جامی كۆنیفای 2024 لە هەرێم بەڕێوەدەچێت
دانیمارك هێزەكانی لە سووریا و عێراق دەكشێنێتەوە
دواتر دانیمارك هێزەكانی لە سووریا و عێراق دەكشێنێتەوە
پەیوەندیدار