هەولێر ئامادەكاری بۆ جەژنی رەمەزان دەكات



 

لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی رەمەزان، موسڵمانان ئامادەكاری بۆ جەژن دەكەن و دەست دەكەن بە كڕین و دابینكردنی پێداویستییەكان و خۆیان بۆ پشوویەك لە دوای مانگێك بەرۆژووبوون ئامادە دەكەن.

نەریتی دانیشتوانی ھەرێمی كوردستان وەك نەریتی زۆرینەی موسڵمانانی جیھان ئەوەیە لە دوای بەرۆژووبوونی مانگی رەمەزان بۆ ماوەی سێ رۆژ خۆشی بگێڕن، بە جلوبەرگی نوێیەوە سەردانی یەكتر بكەن و مێزەكان بە چەرەزات، شیرینی و شەربەت بۆ میوانان بڕازێندرێتەوە.

بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان لە مانگی رەمەزاندا، تا درەنگانی شەو كراوە دەبن و خەڵكێكی زۆر روو لە بازاڕەكان دەكەن، هاوكات جگە لە بازاڕكردن، خەڵكێكی زۆر بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش لەسەر شۆستە و بەردەم چایخانەكان دادەنیشن.

چەرەساتفرۆشێكی بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر ئاماژە بەوە دەكات، بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییان لە كاتەكانی شەودا سەردانی بازاڕ دەكەن هەر بۆیەش تا درەنگانی شەو دوكان و بازاڕەكان كراوە دەبن.

چەرەساتفرۆش لە بازاڕی قەیسەری، سەیفەددین سەڵاح دەڵێت: “سروشتی رەمەزان وایە كە هاووڵاتییان لە ١٠ رۆژی كۆتایی مانگی رەمەزان سەردانی بازاڕ دەكەن و پێداویستییەكانیان دەكڕن، هەر بۆیەش ئەم هەفتەیە كە كۆتا هەفتەی مانگی رەمەزانە، خەڵكێكی زۆر روو لە بازاڕەكان دەكات”.

سەیفەددین سەڵاح دەشڵێت: “سەبارەت بە كڕیارەكانی ئێمە ئەوا زیاتر حەز لە چەرەسات دەكەن بەتایبەت فستق و باوی، هەروەها هەندێك جۆری دیكەی شیرینی خۆماڵی و شەوانە تا درەنگ دوكان و بازاڕەكان كراوەن و هاووڵاتییەكی زۆر رووی تێدەكەن”.

ناوبراو لەبارەی سەرچاوەی چەرەزات و شیرینییەكان دەڵێت: “چەرەساتەكان زیاتر لە توركیا، ئێران و ئەمریكا هاوردە دەكرێن، هەروەها لە ناوخۆش هەندێك بابەتی شیرینی دروست دەكرێت ئەوانیش دوو جۆرن كە هەیە بە شەكر و هەیە بێ شەكر دروست دەكرێت، چونكە ئێستا خەڵكێكی زۆر خواستی لەو خواردنانەیە كە شەكریان كەمە”.

بەشێكی دیكەی بازاڕ بەرگدرووەكانن كە زۆرترین هاووڵاتیی بە مەبەستی درووینی جلوبەرگی نوێ، سەردانیان دەكەن و تا درەنگانی شەو دوكانەكانیان كراوەن و خەریكی كارەكانیانن.

ئەمساڵ هاتنەوەی نەورۆز هاوكات بوو لەگەڵ هاتنەوەی مانگی رەمەزان و بەشێك لە هاووڵاتییان جلوبەرگی نوێی كوردییان بەبۆنەی نەورۆز دروو بوو، بەڵام هێشتا دوكانەكانی بەرگدروویی جەنجاڵن و هاووڵاتییان وەكو ئامادەكارییەك بۆ جەژنی رەمەزان، خواستیان لەسەر درووینی جلوبەرگی كوردی هەیە.

كامەران خەیات كە ماوەیەكی زۆرە بە پیشەی بەرگدرووییەوە سەرقاڵە، ئاماژە بەوە دەكات، بە گشتی لە وەرزی بەهار و بە تایبەتیش لە بۆنەكانی وەك نەورۆز و جەژنەكاندا، خەڵك روو لە دوكانەكانی بەرگدروویی دەكەن و جلی نوێی كوردی دەدوورن.

كامەران خەیات دەڵێت: “بەبۆنەی وەرزی بەهار و نزیكبوونەوەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزان، خەڵكێكی زۆر روو لە بازاڕ دەكات و خواست لەسەر جلوبەرگی كوردی زۆرە”.

كامەران خەیات لەبارەی جۆر و شێوازی درووینەكەشەوە، وتی: “قوماشەكان زیاتر لە سەد جۆری هەیە، هەروەها زیاتر لە بیست جۆری درووینیش هەیە، بە گشتی خەڵك گەڕاوەتەوە سەر ستایلی كۆن”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “ئێستا جۆرەكانی قوماشی توركی، چینی و ئێرانی لە بازاڕ هەیە و نرخەكانیش بەپێی جۆری كوالێتی قوماشەكە دەگۆڕێت و بەهۆی دۆخی داراییەوە خەڵك كەمتر دەتوانێت قوماشە گرانبەهاكان بكڕێت”.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریی بكات، هاوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەم بۆنەیەوە ماوەی پێنج رۆژ پشووی لەسەرجەم دامودەزگاكانی راگەیاندووە.

هاووڵاتیان لە بۆنەكاندا خۆیان تووشی قەیرانی دارایی دەكەن
پێشت هاووڵاتیان لە بۆنەكاندا خۆیان تووشی قەیرانی دارایی دەكەن
مەسرور بارزانی پەیامێكی لەبارەی مووچەوە بڵاوكردەوە
دواتر مەسرور بارزانی پەیامێكی لەبارەی مووچەوە بڵاوكردەوە
ەیوەندیدار