ئەردۆغان بەرامبەر هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە نەرمی دەنوێنێت



 

سەرۆككۆماری توركیا و هاوتا ئیسرائیلییەكەی تاوتوێی دەستوەردانی توندی هێزەكانی ئیسرائیل بۆ سەر مزگەوتی ئەقسایان كرد

چەند رۆژێكە توندوتیژییەكان لە غەزە سەریانهەڵداوەتەوە و شەڕ و پێكدادان ڕوویانداوە، تووندوتیژییەكانی ئەمساڵی غەزە لە كاتێكدایە پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل بەرەو ئاسایبوونەوە و باشبوونەوە چوون.

دەوڵەتی توركیا ساڵانی رابردوو هەڵوێستی زۆری توندی بەرامبەر هێرشەكانی ئیسرائیل نیشان دەدا، بەڵام ئەمساڵ سەرۆكی وڵاتەكە لە رێگای پەیوەندییەكەوە بە سەرۆكی ئیسرائیل بەشێوازێكی نەرمی دیپلۆماسی نیگەرانی خۆی نیشان داوە.

سەرۆك كۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆكی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.

لە راگەیەندراوێكدا كە لەلایەن سەرۆكایەتی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەكراوە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆكی ئیسرائیلدا، تاوتوێی دەستوەردانی توندی هێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا و مزگەوتی قیبلە و شوێنە پیرۆزەكان كراوە.

لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەكرد هێرشەكان بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا ویژدانی سەرجەم مرۆڤایەتی هێندەی موسڵمانان بریندار كردووە و جەختی لەوە كردەوە مەحاڵە بێدەنگبن لەبەرامبەر هاندان و هەڕەشەكان بۆ سەر پێگە و لایەنی مەعنەوی مزگەوتی ئەقسا.

ئەردۆغان تیشكی خستەسەر ئەوەی لە ماوەیەكی هەستیاردا كە مانگی رەمەزان و جەژنی پەسح لە هەمان رێكەوتدان، پێویستە گرژییەكان كە غەززە و لوبنانی گرتووەتەوە، زیاتر هەڵنەكشێن.

جەختی لەوەكردەوە بانگەشەی جووە رادیكاڵەكان بۆ هەڵكوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا، كاردانەوە و نیگەرانییەكانی زیادكردووە و ئاماژەی بە گرنگی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست كردەوە بۆ ئەوەی موسڵمانان پەرستشەكانیان لە شەوانی شەونخونی كە ١١ی نیسان دەستپێدەكات، بێ گرفت ئەنجامبدەن.

شەڕی سووریا و ئیسرائیل دەستیپێكرد
پێشت شەڕی سووریا و ئیسرائیل دەستیپێكرد
مەزڵوم كۆبانێ‌ وردەكارییەكانی بە ئامانجگرتنی كاروانەكەیان ئاشكرا دەكات
دواتر مەزڵوم كۆبانێ‌ وردەكارییەكانی بە ئامانجگرتنی كاروانەكەیان ئاشكرا دەكات
ەیوەندیدار