ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان
ریکلام

کوردستان

یوسف محەمەد هەڵوێستی خۆی لەسەر هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم ڕاگەیاند

خەڵك – بەشی هەواڵ
سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تێپەڕاندنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم وەك سەفقەیەك بەرامبەر بە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق دروستكرا، نەك پێویستی هەرێمی كوردستان و سیستمی حوكمڕانییەكەی بە بوونی دامەزراوەیەكی لەم شێوەیە، دەشڵێت: “لە ئێستا و داهاتوشدا لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم نین، بە پێی ئەم یاسایەی ئێستای سەرۆكایەتیی هەرێم، تەنانەت ئەگەر كاندید بۆ ئەو پۆستە گۆڕانیش بێت”.

د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، ئێمە سورین لەسەر پرەنسیپە جێگیرەكانمان و لە خولی ئایندەی پەرلەمانی كوردستانیش هەر كار بۆ هێنانەكایەی سیستمێكی حوكمڕانیی خەڵك سالار ئەكەین، ئەم یاسایەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان پەسەندكرا هەنگاوێكی گرنگە بۆ وەستاندنی هەڵەیەكی دیكەی ڕابردوو، ڕێككەوتن لەسەر سیستمی پەرلەمانیی تەواو لە خولی داهاتوی پەرلەمان.

یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم
هەر لە سەرەتای تێپەڕاندنی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، ئەم دامەزراوەیە، وەك سەفقەیەك بەرامبەر بە سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق دروستكرا، نەك پێویستیی هەرێمی كوردستان و سیستمی حوكمڕانییەكەی بە بونی دامەزراوەیەكی لەم شێوەیە. هەر ئەو كاتیش “كاك نەوشیروان” زنجیرەیەك وتاری سەبارەت بەم پرسە نوسی و، ڕەخنەی جدیی لە یاساكە گرت.!
هەمیشە جەختمان كردۆتەوە كە ئێمە لەگەڵ سیستمی پەرلەمانین هاوشێوەی بەغدا. بەو مانایەی:
1-سەرۆك لە ناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، نەك لەناو خەڵك
2-دەسەڵاتەكانی شكڵی بن
3-لە ژێر چاودێریی پەرلەمان بێت.
هەر بۆیەش نە لە ڕابردو و نە لە ئێستاش لە پێناو بەستنی سەفقە بۆ وەرگرتنی هەر پۆستێك چ لە بەغدا و چ لە هەرێم نەمانویستوە و نامانەوێ كاركردن بەم یاسایە دریژە بكێشێت. ئەو كاتەشی دژی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێم بوین و داوای هەمواری یاسای سەرۆكایەتیمانكرد، پەیوەندیی بە كێشەی شەخسی و دژایەتی كردنی هیچ كەسەیاتییەكەوە نەبوو، بەڵكو لە ڕوانگەی بڕوا بونمانەوە بو بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیی هەرێم. هەر بۆیەش لە ئێستا و داهاتوشدا لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم نین، بە پێی ئەم یاسایەی ئێستای سەرۆكایەتیی هەرێم، تەنانەت ئەگەر كاندید بۆ ئەو پۆستە گۆڕانیش بێت.

ئێستا كە هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بە هۆی تەواو نەبونی نیسابی یاساییەوە تەواو نەكرا، باشترە تا كاتی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیی هەرێم بۆ پەرلەمانیی تەواو لە ڕێی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم یان پەسەندكردنی پڕۆژەی دەستورێكی نوێ لە پەرلەمانی كوردستانەوە، كاركردن بەو یاسایەی كێشەی بۆ هێنانەكایەی سیستمێكی پەرلەمانیی تەواو لە كوردستان دروستكردوە ڕابگیرێت. هەڵبەت لێرەدا خستنەڕوی دو تێبینی بە گرنگ دەزانم:
1-هەر كات بویسترێ پێش پەسەندكردنی دەستوری هەرێم، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم ئەنجام بدرێ، ئەوا هەر بە پێی ئەم یاسایەی ئێستای سەرۆكایەتیی دەكرێت كە مافی خۆ كاندیدكردنی تەنها بە دو خول دیاریكردوە. نەك هەر ئەوە، بەڵكو لەو پڕۆژەیەی ساڵی ٢٠١٣ وەك لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەمواری پڕۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان، ئامادەمانكردوە، مادەی ٦٣ی پڕۆژەكەمان ئاوا داڕشتۆتەوە:
ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چوار ساڵە، كە لە ڕۆژی سوێندخواردنیەوە دەستپێدەكات و، دەكرێ تەنها بۆ ویلایەتی دوەمیش هەڵبژێردرێتەوە بە پێی ئەم دەستورە و یاسا كارپێكراوە پەیوەندیدارەكان
واتە هەر كەسێك تەنها دو جار مافی خۆ كاندید كردنی هەیە بەپێی یاسای سەرۆكایەتی بێت یان دەستور.
كەواتە ئەو ئیددیعایە ڕاستنیە كە لە خولی داهاتوی پەرلەمان، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشوی هەرێم بۆی دەبێ جارێكی تر خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكاتەوە.
٢-یاسای ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستوری هەرێم بۆ ڕاپرسی، زامنی هێنانەكایەی سازانی كردوە لەسەر پڕۆژەی دەستورەكە، چونكە لە مادەی پێنجەمی یاساكەدا، ئەوە چەسپاوە كە پەسەندكردنی پڕۆژەی دەستور پێویستی بە دو سێیەكی دەنگی پەرلەمانتاران هەیە.
ئێمە سورین لەسەر پرەنسیپە جێگیرەكانمان و لە خولی ئایندەی پەرلەمانی كوردستانیش هەر كار بۆ هێنانەكایەی سیستمێكی حوكمڕانیی خەڵك سالار ئەكەین.
ئەم یاسایەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان پەسەندكرا هەنگاوێكی گرنگە بۆ وەستاندنی هەڵەیەكی دیكەی ڕابردو و، ڕێككەوتن لەسەر سیستمی پەرلەمانیی تەواو لە خولی داهاتوی پەرلەمان.

کوردستان

بەڤیدیۆ.. یەكەمین لێدوانی بەرهەم ساڵح دوای گەڕانەوەی بۆ نێو یەكێتی

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار بەرهەم ساڵح سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی كۆبووەوە.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی بەرهەم ساڵح بۆ نێو ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاند، ئەو رێكەوتنەی لەنێوان یەكێتی و هاوپەیمانی هەیە دژی هیچ لایەك نییەو دەمانەوێ نێو ماڵی كوردی رێكبخەینەوە.

وتیشی”دەمانەوێ لە هەڵبژاردنەكاندا بەرهەم ساڵح كار بكات بۆ ئەوەی دەنگی باش بەدەست بهێنین”.

لای خۆشییەوە بەرهەم ساڵح رایگەیاند، یەكێتی سەروەتێكی گەورەی نیشتمانییە، لە كاتی دامەزراندنییەوە كۆكەرەوەی كۆمەڵێك تێكۆشەرو خەڵكی دڵسۆز بووە بۆ ئەم نیشتمانە.

وتیشی”لەنێو سەركردایەتی یەكێتی كێشەمان هەبووە لەسەر جۆری حوكمڕانی، بەڵام ئەو كێشەو گرفتانە لەسەر كێشەی شەخسی نەبووە، بەڵكو لەسەر كێشەی نەتەوەكەمان بووە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

سەركردەیەكی هاوپەیمانی: رۆیشتنی بەرهەم ساڵح كاریگەریمان لەسەر دادەنێت

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری رایدەگەیەنێت، رۆیشتنی بەرهەم ساڵح كاریگەری لەسەر هاوپەیمانی دروست دەكات.

دوێنێ بەرهەم ساڵح سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ئاڕاستەی حزبەكەی كردو گەڕایەوە نێو یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

عوسمان عەبدوڵڵا گوڵپی ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە (خەڵك)ی راگەیاند، بەرهەم ساڵح كەسایەتییەكی كاریگەرەو ناتوانین بڵێین بە رۆیشتنی كاریگەری لەسەرمان نییە.

وتیشی”ئەوانەی درێژە بە هاوپەیمانی دەدەن كەسایەتی گرنگیان تێدایەو دەتوانن سەرۆكایەتی هێزێكی فراوان بكەن‌و ئەزمونی چەندین ساڵەی كاری رابردووی سیاسیان هەیە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەو كەسانە لەنێو هێزەكانی رابردوویاندا، چەندین قەیرانی گرنگیان تێپەڕاندووە، لەبەرئەوە پێمان وایە دەتوانن ئەم قۆناغەش تێپەڕێنن‌و بێگومان كەسێك كە دەڵێت هاوپەیمانی بەردەوامە، پلان دادەنێت بۆ ئەوەی چۆن بەردەوام بێت.

ئاشكراشیكرد، چەندین هێزی سیاسی بە مانگ‌و ساڵیان تێپەڕاندووەو كەسی یەكەمیشیان نەبووە، ئێستا دامەزراوەكانی هاوپەیمانی كاری خۆیان دەكەن‌و بوونیان هەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

فڕۆكەخانەی سلێمانی وەڵامی كۆڕەك تیلیكۆم دەداتەوە

خەڵك- نزار جەزا

كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و سەرۆكی لیستی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆمەتباردەكات بەلەكارخستنی تاوەرەكانی لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لەبەرامبەردا ئەو فڕۆكەخانەیە ئەو هەواڵە ڕەتدەكاتەوە.

كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم لە راگەیەندراوێكدا، ڕایدەگەیەنێت، قوباد تاڵەبانی سەرۆك لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرپرس لە دابین كردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان، رۆژی شەممە 15/9/2018 هەروەها 16/9/2018 فەرمانی بە ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانی كردووە بەمەبەستی رازی كردنی كۆمپانیایەكی ركابەر تاوەرەكانی كۆمپانیای كوڕەك تیلیكۆم لە كار بخەن و كۆمپانیاكە و هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرە بێ بەش بكەن لە مافەكانی خۆیان، بەبێ گوێدانە لایەنە یاساییەكان.

لەبەرامبەردا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەڕوونكردنەوەیەكدا ڕایدەگەیەنێت، كۆمپانیای ناوبراو هیچ جۆرە بورجێكی لەناو بازنەی فڕۆكەخانەدا نییە و ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییە و تەنها بۆ چەواشەكاری و پڕكردنەوەی ڕاپۆرتی ناڕاستە بۆ مەرامێكی سیاسی و ئامانجدار.

بەمەبەستی وەگرتنی ڕای قوباد تاڵەبانی، (خەڵك) پەیوەندیكرد بە سەمیر هەورامی، وتەبێژی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی قوباد تاڵەبانی، بەڵام ئامادەنەبوو لەئێستادا وەڵامی ئەو تۆمەتانە بداتەوە و ڕایگەیاند، لەدواتردا ڕاوێژ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی دەكات و ئەگەر پێویستی كرد وەڵام دەدەنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
ریکلام

کوردستان

دوایین