باران كشتوكاڵی گەرمیان گەشدەكاتەوە



بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، لە ناوچەكانی گەرمیان ئاستی ئاوی ژێرزەوی و ڕووبارەكان زیادیكردووە‌و بەنداوەكانیش ڕێژەیەكی باش ئاویان تێچووە، بەوەش بەرهەمی كشتوكاڵی ڕووی لە گەشە و بووژانەوەیە.

ساڵانی ڕابردوو وشكەساڵی زیانی 32 ملیار دیناری بە جوتیارانی سنووری گەرمیان گەیاندووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەكی باشی باران باریوە پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دەكرێت.

شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی گەرمیان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، گەرمیان دوو ساڵی یەك لە دوای یەكی وشكەساڵی تێپەڕاندووە، ئەمساڵ لە سەرەتای وەرزی باران بارینەوە هەتا ئێستا بەشێوەیەكی باش و بەردەوام باران باریوە كە جێگەی دڵخۆشییە.

بە وتەی شادیە، بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی ئەمساڵ باریوە، ئاستی ئاوی ژێرزەوی و ڕووبارەكان زیادیانكردووە و بەنداوەكانیش ڕێژەیەكی باش ئاویان تێچووە “پێشبینیدەكەین ئەمساڵ ڕێژەیەكی باشی دانەوێڵە لە سنووری گەرمیان هەبێت”.

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی گەرمیان دەڵێت: ساڵانی ڕابردوو وشكەساڵی زیانی زۆری پێگەیاندوون و بەرهەمی جوتیاران بە بڕی 32 ملیار دینار زیانی پێگەیشتووە، بەجۆرێك ساڵی 2021 جوتیاران زیانی زۆریان كردووە‌و زۆربەی جوتیاران ئەو زەوییانەیان نەچاندووە كە پشت بە باران دەبەستن.

دەشڵێت، هەر ساڵێك بارانی باش ببارێت و كێشە دروست نەبێت جوتیارەكان نزیكەی 150 هەزار تۆن دانەوێڵە بەهەمدەهێنن، ساڵی ڕابردوو بەهۆی وشكەساڵییەوە ئەو ڕێژەیە بۆ 30 هەزار تۆن دابەزیوە، بەڵام پیشبینیدەكەن ئەمساڵ ڕێژەكە بەرز ببێتەوە.

لەبارەی هاوكاریكردنی جوتیاران و دابینكردنی كەرەستە و ئامێرە كشتوكاڵییەكان، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی گەرمیان ئاماژەی بەئەوەكرد، وەزارەتی كشتوكاڵ لە دوای قەیرانی 2014 ەوە هاوكاریكردنی جوتیارانی بۆ %10 كەمكردەوە، چونكە دابینكردنی بودجە پەیوەستە بە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانەوە و بە بڕیارێك هاوكارییەكان ڕاگیراون.

ئەمساڵ شەپۆلێكی بەهێزی باران بارین زۆرینەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە زۆرینەی كانیاوەكان ژیانەوە و ئاستی ئاوی بەنداوەكانیش بە ڕێژەیەكی زۆر بەرزبووەتەوە.

 

“بەغدا و ھەولێر لەبارەی یاسای نەوت و غاز رێككەوتوون”
پێشت “بەغدا و ھەولێر لەبارەی یاسای نەوت و غاز رێككەوتوون”
کێشەی دەفتەری پاسپۆرت چارەسەرکرا
دواتر کێشەی دەفتەری پاسپۆرت چارەسەرکرا
ەیوەندیدار