ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ژینگە

هاوڵاتیان سەبارەت بە پێوەری ئاوی ماڵان ئاگادار دەكرێنەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

كۆمپانیای گرنگ كە تایبەتە بە خوێندنەوەی پێوەری ئاوی ماڵان لە سنوری سلێمانی، هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە كە تیمەكانیان لە سلێمانی دەستیان بە كاركردن كردووە و بەهیچ شێوەیەك پارە لە هاوڵاتیان وەرناگرن و هەر دەستە و گروپێكیش داوای پارەیان لە هاوڵاتیان كرد، پەیوەندییان بە ئەوانەوە نییە.

شكار رەزا، راوێژكاری كۆمپانیای گرنگ بە (خەڵك)ی راگەیاند، لە گەڕەكەكانی شێخ محێدین، گەرمیان، ئاوباریك و چەند گەڕەكێكی تر دەستیان بە كاركردن كردووە و پێوەری خوێندنەوەی ئاو بۆ هاوڵاتیان دادەنرێن و داواش لە هاوڵاتیان دەكات، كە هاوكاری تیمەكانیان بكەن.

وتیشی”تیمەكانمان جل و باجی تایبەتی لایەنی پەیوەنداریان هەیە و بەهیچ شێوەیەك پارە لە هاوڵاتیان وەرناگرن، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ئاگادار بن، چونكە لەوانەیە دەستە و گروپی ساختە بڵاوببنەوە و لە هەر حاڵەتێكدا كە گومانیان هەبوو دەتوانن ئاگادارمان بكەنەوە”.

سەبارەت بەوەی لە حاڵەتی كارنەكردنی پێوەرەكەدا هاوڵاتیان چی بكەن، ناوبراو وتی”ئەگەر پێوەرەكە كارنەكات، ئەو كۆمپانیای پێوەرەكانی بەستووە، بۆیان چاك دەكات، تا ساڵێك چاكدەكرێتەوە، بەمەرجێك هۆكاری خراپبوونی هاوڵاتییەكە خۆی نەبێت و بەهۆی كێشەیەكی میكانیكەوە خراپ بوبێت، پاشان ئەگەر خراپ بوو لەدوای ساڵێك هاوڵاتیان خۆیان چاكی دەكەنەوە”.

ژینگە

شەپۆلێكی گەرما عیراق و هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
كەشناسی عیراق ئاشكرای دەكات، كە بەهۆی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمی ساڵانە لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق و هەرێم ئاسمان ساماڵ دەبێت و ڕایدەگەیەنێت، كە لە ڕۆژی سێ‌ شەممەوە شەپۆلێكی گەرمای دیكە وڵات دەگرێتەوە.

دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سبەینێ‌ شەممە ئاسمانی ناوچەكانی عیراق و هەرێم ساماڵ دەبێت و خێرایی با لەنێوان 10- 20 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا دەبێت، بەڵام لە ناوچەكانی باشور لەكاتەكانی ڕۆژدا خێرایی با چالاك دەبێت (دەبێتە ڕەشەبا) 50 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا و بەهۆیەوە خۆڵبارین دەبێت.

ئاشكراشی كردووە، كە پلەكانی گەرما بە جێگیری دەمێنێتەوە و گۆڕانكاری بەسەردا نایەت.

سەبارەت بە ڕۆژانی یەك شەممە و دوو شەممە ئاشكرای كردووە، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەكانی گەرما بە نەگۆڕی دەمێننەوە و بەهۆی (ڕەشەبا) لە ناوچەكانی باشوور، كە خێراییەكەی دەگاتە 50 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا خۆڵبارین دەبێت و ئاستی بینین بۆ نزیكەی 6 كیلۆمەتر كەمدەبێتەوە.

كەشناسی ئاماژەی بەوەشكردووە، كە ڕۆژی سێ‌ شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەكانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكەن و تا كۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت و خێرایی با بە جێگیری وەك ڕۆژانی ڕابردوو دەمێنێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

درێژترین مانگ گیران ڕوودەدات

خەڵك- بەشی هەواڵ
درێژترین مانگ گیران لەم سەدەیە ڕوودەدات و هەسارەی مەریخ زۆر نزیك دەبێتەوە لە گۆی زەوی و بۆ چەند ڕۆژێك دەبێتە چوارەم درەوشاوەترین تەنی ئاسمان لە دوای خۆر، مانگ، ڤینۆس.

لوقمان حەوێز، ئەندامی كۆمەڵەی گەردونناسی تەكساس لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، لە كۆتایی ئەم مانگە درێژترین مانگ گیران لەم سەدەیە ڕوودەدات.

دەشڵێت: “مانگ گیرانەكە، لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی 27 ی تەمموزی ئەمساڵ 2018 دەست پێدەكات، لە كوردستان نیمچە مانگ گیران یەكسەر لە دوای كاتژمێر نۆی شەو دەستپێدەكات، دوایی دەبێتە مانگ گیرانی تەواو”.

ئاشكراشی كردووە، تێكڕای ماوەی مانگ گیرانەكە پتر لە چوار كاتژمێر دەخایەنێت، لەو چوار كاتژمێرە یەك كاتژمێر و 43 خولەك مانگ بەتەواوی دەگیرێت، ئەمەش بە درێژترین مانگ گیرانی ئەم سەدەیە دادەنرێت”.

دیاردەی مانگ گیران دیاردەیەكی سروشتیە و هیچ كاریگەریەكی خراپی لەسەر ژیان یان گۆی زەوی نیە، ئەمەش ڕوودەدات كاتێك گۆی زەوی دەكەوێتە سەر یەك هێڵ لە نێوان خۆر و مانگ، لەو كاتەدا زەوی بەری تیشكی خۆر دەگرێت و سێبەری زەوی دەكەوێتە سەر مانگ، بەمەش مانگ نیمچە تاریك هەڵدەگەڕێت، ڕەنگەكەی سوور باوێكی زۆر تاریك دەردەكەوێت، لەو كاتەدا مانگ گیرانی تەواو ڕوودەدات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە

 

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەپێی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێم، كەش و هەوا و پلەكانی گەرمای شارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمڕۆ هەینی بەم شێوەیەی خوارەوە دەبن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێك، كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویكردۆتەوە و وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە، ئاماژەی بەوەكردووە، كە بەهۆی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمی ساڵانە لە سەرجەم پارێزگاكانی كوردستان، ئاسمان ساماڵ دەبێت و خێرایی با زیاد دەكات بۆ 5- 10 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا.

ئاشكراشی كردووە، پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ‌ پێنج شەممە بەرزدەبنەوە بەجۆرێك لە هەولێر 43 پلە و سلێمانی و كەركوك 42 پلە و دهۆك 40 پلەی سەدی دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، كە مەودای بینین نزیكەی 8- 10 كیلۆمەتر دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
ریکلام

کوردستان

دوایین