ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان
ریکلام

کوردستان

سبەینێ‌ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئامادەكارییەكان و پڕۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی بۆ پەرلەمانتاران ڕوونكردەوە.

پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، كاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ 9ی تەمموز پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (4)ی ئاساییی خولی بەهارە، ساڵی پێنجەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجامدا.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بەپێی خاڵی سێیەمی بەرنامەی كار داوای لە هەندرێن محەمەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی كرد ڕوونكردنەوەكانی كۆمیسیۆن سەبارەت بەهەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بخاتەڕوو.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “كۆتا خاڵی بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی ئەمڕۆ، كە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردنی پڕِۆژەی پەیڕِەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دواخرا بۆ كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی سبەی 10/7/2018”.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
سەعات 10ی بەیانی ئەمڕۆ 2018/07/09، پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتیی د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (4)ی ئاساییی خولی بەهارە، ساڵی پێنجەم لە خولی چوارەمیمی هەڵبژاردنی ئەنجامدا.
سەرەتا جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە كە لە چوار خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یەكەم بریتی بوو لەبەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی بیرۆكەیەك سەبارەت بە (كێشەی بەبازاڕكردنی بەرهەمی جووتیاران)، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەكەمی سێ پرۆژە یاساو بریار كە پێكهاتبوون لە پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای بەكرێدانی خانووبەرە ژمارە 87ی ساڵی 1979 هەمواركراو لەهەرێم و پرۆژە یاسای هەمواری یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2012 رێگا گشتییەكانی هەرێم و پرۆژە بریاری تەملیككردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەسنووری شارەوانییەكان. خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لە گفتوگۆیەكی كراوە سەبارەت بەهەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بەئامادەبوونی بەرێزان ئەندامانی دەستەی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی. خاڵی چوارەم و كۆتاییش تایبەتبوو بە گفتوگۆكردنی پڕِۆژەی پەیڕِەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، كە لەلایەن لیژنەی كاتی بۆ پێداچوونەوەی پەیڕەوی ناوخۆ ئامادەكراوە.
لەدەسپێكی دانیشتنەكەدا خاتوو بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان پوختەی كارەكانی دانیشتنی پێشووی پەرلەمانی كوردستانی خستەڕوو.
دواتر د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خستەڕوو، بەپێی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كار، لەلایەن پەرلەمانتار غەریب مستەفا، جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ بیرۆكەیەك سەبارەت بە كێشەی بەبازاڕكردنی بەرهەمی جووتیاران بۆ پەرلەمانتاران خوێندرایەوە، كەتێیدا باس لەبەربەست و گرفتەكانی بەردەم بەبازاڕكردنی بەرهەمە خۆماڵییەكان كرا.
خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەكەمی سێ پڕۆژەیاسا و بڕیار كە پێكهاتبوون لە پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای بەكرێدانی خانووبەرە ژمارە 87ی ساڵی 1979 هەمواركراو لەهەرێم و پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2012 رێگا گشتییەكانی هەرێم و پڕۆژە بریاری تەملیككردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەسنووری شارەوانییەكان و لیژنەی یاسایی خوێندنەوەی بۆ هەرسێ پڕۆژەكە ئەنجامداو لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانیشەوە ئاراستەی لیژنەی یاسایی و لیژنە پەیوەندیدارەكان كرا بۆ ئەنجامدانی رێككارە یاساییەكانی.
پاشان جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەپێی خاڵی سێیەمی بەرنامەی كار داوای لە هەندرێن محەمەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی كرد روونكردنەوەكانی كۆمیسیۆن سەبارەت بەهەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بخاتەڕوو. سەرۆكی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی لەروونكردنەوەكانیدا چۆنیەتیی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پرۆسەكانی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكان و چۆنیەتیی رێكخستنەوەی ناوەندەكانی تۆماری دەنگدەرانی بۆ پەرلەمان خستەڕوو. دوای تەواوبوونی روونكردنەوەكانی سەرۆكی كۆمیسیۆن، لەلایەن بەشی كارگێڕیی كۆمیسیۆنەوە لەرووی تەكنیكییەوە زانیاری لەبارەی چۆنیەتیی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و نوێكردنەوەی بۆ پەرلەمانتاران باسكران.
دواتر جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەرگای گفتوگۆی بەڕووی پەرلەمانتاران كردەوەو چەندین پرسیارو تێبینی لەبارەی پرۆسەی دەنگدان و تۆماری دەنگدەران و وردەكارییەكانی دیكەی پەیوەست بەدەنگدەران ئاراستەی ئەندامانی دەستەی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی كران و لەوەڵامیشدا روونكردنەوەی پێویست بۆ تێبینی و پرسیارەكانی پەرلەمانتاران درانەوە.
لەوبارەیەشەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمان سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەكانی دەستەی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی كرد و داواشی لێكردن دوای ئەنجامدان و تەواوكردنی كارەكانی پرۆسەی دەنگدان، راپۆرتی تایبەت بەپرۆسەكە پێشكەشی پەرلەمان بكەن و هەروەها راپۆرتی پێشووی ساڵانەش بدرێتە پەرلەمانتاران. بەمشێوەیە كۆتایی بەدانیشتنەكەی پەرلەمان هاتوو كۆتا خاڵی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە كە تایبەتبوو بە گفتوگۆكردنی پڕِۆژەی پەیڕِەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دواخرا بۆ سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی سبەی 10/07/2018.

کوردستان

مەلا بەشیر لەسەر ناوهێنانی كوردستان ڕونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
نوسینگەی مەلا بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، لەسەر ناوهێنانی وشەی كوردستان لەگەڵ عیراق و كوەیتدا لە دوایین بەیاننامەی، ڕونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە.

نوسینگەی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، “دەیەوێت ڕونكردنەوە بدات لەسەر ئاماژەكردن بە وشەی عیراق و كوەیت و هەرێمی كوردستان، كە بە هەڵە بووە”.

مەلا بەشیر لە ڕونكردنەوەكەدا دەڵێت، “وشە ڕاستەكە عیراق و كوەیت لە هەرێمی كوردستان تا بەسرەیە”.

ئەمڕۆ چوار شەممە، مەلا بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بە گرنگی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و كوەیت و كوردستان كردبوو، جەختیشی لەسەر پێویستی پەرەپێدانی ئەو بەرژەوەندییانە كردبۆوە، بەجۆرێك، كە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

مالكی پشتیوانی بۆ فوئاد حوسێنی كاندیدی پارتی راگەیاند

خەڵك- بەشی هەواڵ

نوری مالكی، سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا و جێگری سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند، ئامادەن پشتیوانی لە كاندیدی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بكەن.

مالكی لە دوای كۆبونەوەی لەگەڵ وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فوئاد حوسێن رایگەیاند، ئەوان لێكتێگەیشتی باشیان هەبووەو پشتیوانیشی بۆ فوئاد حوسێن دووپاتكردەوە.

وتیشی”هیواداربووین كە برایانی كورد تەنها یەك كاندیدیان هەبووایە”.

پشتیوانی مالكی بەفەرمی لە كاندیدەكەی پارتی دوای ئەوەدێت، هەریەك لە پارتی و یەكێتی بە دوو كاندیدی جیاواز ململانێی پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق دەكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

گۆڕان: یەكێتی و پارتی بۆ شەڕی پۆست لە بەغدان، ئێمە ئەوە ناكەین

خەڵك-بەشی هەواڵ

كاندیدێكی دەرچووی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی عێراق ئاشكرایدەكات، تا ئێستا بایكۆتی كۆبونەوەكانمان كردووە، چونكە كۆبونەوەكان لەبەرژەوەندی هاووڵاتیان نین.

دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق دوو كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دراون، بەڵام تا ئێستا ئەندامەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری كۆبونەوەكانیان نەكردووە و بایكۆتیان كردووە.
غالب محەمەد كاندیدی دەرچووی گۆڕان بۆ پەرلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی راگەیاند، كورد ئێستا بۆ پۆست رۆیشتووە بۆ بەغدا و بۆ خزمەتی خەڵك نەڕۆیشتووە، هەركات زانیمان بابەتێك هەیە لەسەر خەڵك ئەو كاتە قسەمان دەبێت و دەڕۆین.

وتیشی” بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستی وەزارەت ناڕۆین بۆ بەغدا، ئەوە كاری پارتی و یەكێتییە و با هەر ئەوان بڕۆن”.

سەبارەت بە دواكەوتنیان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق بەهۆی بەردەوامیدانیان بە بایكۆت ناوبراو ڕایگەیاند، سیاسەت بۆ ئەوەیە خزمەتی خەڵك بكەیت، ئەگەر ئێمە بچین بۆ پۆست پێموانییە بۆ خزمەتی خەڵك بێت، پارتی و یەكێتی دەنگی ئەو هەموو خەڵكەیان دزی و نوێنەرەكانی خۆیان ناردووە، لە بری ئەوەی باسی 17%ی بودجە و ناوچە جێناكۆكەكان بكەن، دەڵێن چ پۆستێكمان دەدەنێ و شەڕ لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەن.

رونیشیكردەوە، لای خەڵك گرنگ نییە كێ سەرۆك كۆمار بێت، ئەوە گرنگە كەی موچەكەی دەدرێتێ، لەبەر ئەوە كەی باسی موچەی خەڵك كرا، ئێمەش دەڕۆین بۆ بەغدا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
ریکلام
ریکلام
ریکلام

کوردستان

دوایین