ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

بنەبڕکردنی تۆڵە سەندنەوە لە نێوان ئاشتەوایی و یاسادا

پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح

هەڵبەتە دیاردەی تۆڵە سەندنەوە بەگشتی و كێشەی خوێن داری بەتایبەتی و حاڵەتەكانی دوژمنداری، لە زۆربەی وڵاتانی دواكەوتووی جێهان رەگ و ریشەی قووڵی داکوتاوەو بونی هەیە و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت کەم تا زۆر بەردەوامی هەیە، كۆمەڵگەی ئێمەش بەدەر نی یە لەو کارەساتە قێزە وونە،ئەگەرچی دیاردەكە تاڕادەیەک ڕووی لە كەمی كردووە و ئێستا بووەتە حاڵەت، بەڵام كەم و زۆر هێشتا هەیە و بنەبڕ نەكراوە. زۆرێك لە خاوەنەكانی ئەو جۆرە كێشانە بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و عەشایریش واز ناهێنن و دوای سوڵحیش هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدەن، ئەمەش بەهۆی ئەنجامی ڕۆتیناتی دادگاكانە خەڵك پەنا بۆ سوڵحی عەشایری و مەكتەبی كۆمەڵاتی لایەنە سیاسیەکان دەبەن.

یۆنانییەکان باوەڕیان وا بوو کە ئەرک و کاریگەریی سەروەریی یاسا، تەنیا ڕێگری لە گەندەڵیی حوکمڕانان نییە، بەڵکوو لە کونتڕۆڵی مەیلی مەترسیداری تۆڵەسەندنەوە لە لایەن خودی مرۆڤەکان خۆیانەوە سوودمەندە. بابەتی تۆڵەسەندنەوە، بە نیسبەت کۆمەڵگه‌ی ئێمە و کۆمەڵگە هاوشێوەکانییەوە، نامۆ نییە. کاتێک دەزگه‌ی دادوەری، توانای پاراستنی بێلایەنیی خۆی لەدەست دەدات، هاووڵاتیان باوەریان بەم دەزگه‌یه‌ نامێنێت و، لە ئامڕازی نایاساییی تۆڵەسەندنەوە بۆ مەبەستی گەییشتن بە مافی خۆیان کەڵک وەردەگرن، چونکە یاسا هێزی لێپرسینەوەی لە تاوانبار نییە، یان تاوانلێکراو باوەری بە دەزگه‌ی دادوەری نەماوە.

تۆڵەسەندنەوە لە سیستەمی نادادپەروەرانەدا گەشە دەکات و شیرازەی کۆمەڵگه‌ تێک دەدات. بۆیە تاكه‌ ڕێگە لە بەرگریکردن و نەهێشتنی زنجیرەی تۆڵەسەندنەوە، سەروەریی یاسایە و، لەم ڕێگەوە تاوان و سزا و بەرپرسیارێتیی شارستانی دیاری دەکرێت،دادگا‌ بەبێ ڕەچاوکردنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، تاوانبار سزا دەدات و دەبێتە هۆی گەڕانەوەی باوەری هاووڵاتیان بۆ دەزگا‌ی دادوەری و گەڕانەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگه‌ و جێگیرکردنی سەروەریی یاسا. مه‌به‌ست له‌سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به‌ومانایه‌یه‌ كه‌ هیچ لایه‌نێكی‌ سیاسی یان كارگێڕی به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وحۆ بۆی نیه‌ ده‌ستوه‌ربداته‌ نێو كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری یا به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری هه‌بێت و هیچ كه‌سێك یا ده‌زگایه‌ك له ‌ده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، هه‌تا ئه‌گه‌ر وه‌زیری داد بێت یان سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن (حكومه‌ت) بێت نابێت ده‌ستوه‌ربداته‌ كاروباری دادگاكان یان فشار بخاته‌سه‌ر دادوه‌ره‌كان له‌كاتی حوكم و بڕیارداندا .

ئەوەی لەمڕۆدا سەروەریی دەزگای دادوەری دەخاتە مەترسییەوە، دەستێوەردانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکارە، بەتایبەت کاتێک یەکێک لە لایەنەکانی “کێشەکە”، لە بەرپرسانی سیاسی، یان پەیوەندار بەوانەوە بێت. لەم کاتەدا، ئەگەر دەزگا‌ی دادوەری و خودی دادوەر سەربەخۆ نەبێت، لە جیاتی کارکردن بە دەقی مادە یاسایەکان، داواکاریی لایەنی سیاسی، دەکاتە بنەمای دەرکردنی بڕیاری خۆی، دەرەنجام  سەروەریی یاسا. پێشێل دەکرێت.هەر لەبەرئەم هۆکارانە و بوونی ڕۆتینیاتی کاری دادگاکانە خاوەن کێشەکان متمانەیان بەدادگاکان نامێنێت و بە ناچاری پەنا بۆ تۆڵە سەندنەوە و یان سوڵحی عەشایەری دەبەن.

چونکە خاوەن کێشەکان باش دەزانن یاسا هەڵدەستێ بەچارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانە ئەگەر ڕۆتینیان بهێڵێ،کورد گوتەنی هەتا مەقاش وەستابێ دەستی خۆیان ناسوتێنن، ئەوەشیان لەپێش چاوە هەر كەسێك هەڵبستێ بە كاری تۆڵەسەندنەوە لە بەرامبەر كێشەی خوێنداری، بەپێی یاسا بە تاوانبار دادەندرێ ، چونكە لە هەر كۆمەڵگەیەك، تەنیا كاری تۆڵەسەندنەوە هەبوو، دەبێتە كۆمەڵگەیەكی جەنگەڵی و یاسای دارستانی تیا جێبەجێ دەکرێت و یەكتر كوشتن دەبێتە کارێکی ئاسایی،لەم حاڵەتەشدا خەڵك ناتوانێ ژیانی ڕۆژانە بە ئارامی بەرێتە سەر،لە هەمان کاتیشدا یاسا توندە بەرانبەر بەو كەسانەی  كە هەڵدەستن بە كاری تۆڵەسەندنەوە و دوژمنداری، پێویستە كێشەكە لەدادگا چارەسەربكرێت، حكومەت خۆی مافی ئەو كەسە دەستێنێ و ئەوكات دوژمنداری دروست نابێ كە بەپێی یاسای سزادانی ژمارە (111)ـی ساڵی 1968 لە ماددەی 406 دەڵێت كاری تۆڵەسەندنەوە بە تاوان دادەندرێ و سزاكەشی قورسە، بۆیە پێویستە خەڵك بۆ سەندنەوەی مافەكەی پەنا بۆ یاسا بەرێ، نەوەك تۆڵەسەندنەوە، هەروەها ئەوە ڕاستە کەسوڵحی عەشایری بەشێكە لەچارەسەری كێشەكە،چونکە لە مێژا ووتراوە (الصلح سید الاحکام ) بەڵام یاسا دانی پێدانانێت ئەگەرپێچەوانەی یاسابێت ودژبێت لەگەڵ دەقەیاساییەکاندا،بۆیە دەبێت دادگا ئاگاداری ئەو ئاشتەواییەبێت،پاش تاووتۆی ووردی ئاشتەواییەکە ،ئینجا ڕەزامەندی لەسەر ئەدات.بەڵام لە ئەنجام دا هەردادگایە بەبڕیار کۆتایی بە کێشەکە دەهێنێت.

ریکلام

وتار

دەربارەی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی یەكێتی و پارتی

هۆشیار عەبدوڵا
(بێ گۆڕانكاری بنەڕەتی، بەم شیوازەی ئێستا تەجروبەی هەڵبژاردن و سندوقەكانی دەنگدان نابوت بوە و تەنها تازەكردنەوەی شەرعیەتی یەكێتی و پارتیە بە تەزویر)
پارتی و یەكێتی بۆ درێژە دان بە حوكمی خۆیان رێككەوتون ماوەتەوە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان یەكلاببنەوە دەشیانەوێت بەناوی یەكڕیزیەوە حزبەكان بكەنە شایەتێكی هیچ نەدیو .
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا ئەوەی ناویان ناوە پرۆژە بۆ رۆشتن بەرەو بەغداد و وا ئیدیعا دەكەن كە بۆ مافەكانیی گەلی كوردستانە هیچ نیە جگە لەوەی پرۆژەیەكە بۆ دابەشكردنیی پۆس و پایە لەوناوخۆیاندا .

بۆ بەدەستهێنانی پۆستی زیاتریش مادەی ۱٤٠ وپێشمەرگە و نەوت و شەراكەت باسدەكەن بەلام ئەمانە وەك جۆرێك لە بازرگانی پێوەكردن بەكاردێنن و كێ پۆستی زیاتریان بداتێ لەگەڵیدا رێكدەكەون و بچوكترین بایەخیان بۆ مافە نیشتیمانیەكان نابێت، ئەم راستیەش بە زویی بۆ هەموان دەردەكەوێت .
ئەوەشیی كە باسیی دەكەن گوایە بەلایانەوە گرنگە حزبە كوردستانیەكانیان لەگەڵدا بێت بۆ سێ ئامانجە ؛
یەك ؛ دەیانەوێت بەناوی یەكریزیەوە وا لەو حزبانە بكەن دانبنێن بە شەرعیەتی ئینتیخاباتەكە و تەزویرەكەیان پێ بشەرعێنن .
دو؛ فشارێكی ئەمریكیەكانیان لەسەرە بەوەی كە وا باشترە كورد بەیەك تیم برواتە بەغدا، دەیانەوێت پێیان بڵێن ئەوەتا ئێمە ئامادەین.
سێ؛ دەیانەوێت بە هێزە عێراقیەكان بڵین ئێمە هەموو كورد پێكەوەین بۆ ئەوەی پۆستی زیاتر بۆ خۆیان (ینك و پدك ) بەدەست بهێنن واتا قورسایی خۆیانیان پێ زیاد بكەن.
لەناوخۆشیاندا باسیانكردوە كە ئەو حزبانە نایەنە لەگەڵماندا و لە بارێكیشدا پێیان باشبوە كە ئەگەر نەهاتن ئەوا پۆستەكان لەناو خۆیاندا دابەش بكەن .
لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان هێشتا ئالۆزیەك هەیە لەسەر ئەوەی سەرۆك كۆمار بۆ پارتی دەبێت یا یەكێتی بەڵام زانیاری هەیە بەوەی پارتی ئەمجارە پارێزگاری كەركوك و سەرۆك كۆمار بەرامبەر یەك رابگرێت و یەكیان بداتە یەكێتی نەك هەردوكی .
لەسەر هەڵبژاردنەكانی هەرێم قسەیان كردوە بەوەی دۆخێك دروست بكەن كە لەروی شكلیەوە باشتر بێت لەوەی عێراق بەلام قسەی ئەوەشیان كردوە كە تەنسیقی هاوبەش بكەن بۆ هەڵبژاردنەكان و هەردولاش دەیانەوێت ئەنجامە ساختەكانیی هەڵبژاردنیی پەرلەمانی عیراق بسەپێینن و جارێكی تر بە تەزویر ئەو حەجمە بدەنەوە بە حزبەكانیی دەرەوەی خۆیان .
بە دیدی من تاكە هەڵوێستی نیشتیمانیی هێزەكانی دەرەوەی ئەو دو حزبە ئەوەیە هیچ هاوبەشی و رێكەوتن و نزیكایەتیەكیان لەگەلدا نەكەن و تا كشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێم لەگەڵیاندا بڕۆن بە بایكۆتی هەڵبژاردنیشەوە.
تەجروبەی سندوقەكانیی دەنگدان لەگەڵ یەكێتی و پارتی دوای تەزویرە زەبەلاحەكەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەتەواوی نابوت بوە و پێویست بە رێكار و شیوازی تری ململانێی هەیە بۆ راگرتنیان .
وایلێهاتوە هەمو جارێك بە هەڵبژاردنێكی پڕ ساختە ئەو دوحزبە شەرعیەتیكی ساختە بۆخۆیان تازەدەكەنەوە و وەك بار بەسەر شانی میلەتەكەوە دەمێننەوە .
مۆدێلی گەمەی سیاسیی بە نەفەسی رابردو بە بنبەست گەیشتوە هەرێم پێویستی بە قۆناغی نوێ و فكری نوێ و ئیرادەی نوێ و ئالیەتی نوێیە.
قسە بەكارەكە ئەوەیە هەر هێزێك ئیدیعای كردبێت یەكێتی و پارتی تەزویریانلێكردوە برواتەوە تەنیشتیان بەناوی یەكڕیزیەوە بە رادەیەك مایەپوچە ئاشبەتاڵی لێبكات باشترە .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

شکستی نوخبە

ئاراس فەتاح

ساڵانێکە ماراسۆنی شکستی نوخبەی کوردیی بەردەوامە. ئەم نوخبەیە لەمڕۆدا لە بەدترین دۆخی مێژوویی خۆیدایە. ھەموو نوخبەکانی کۆمەڵگای ئێمە لە داوەشانێکی گەورەی سیاسیی و پەروەردەیی و ئابووریی و پیشەیی و ئەخلاقییدایە. نوخبەی ھونەرییش بووە بە بەشێکی دانەبڕاو و درێژەدەر و بەردەوامیدەر لەم پرۆسەی داوەشانە ئەخلاقیی و ئێستێتیکییە.

بەبۆچوونی من شاری سلێمانی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بووە بە یەکێک لە ناشیرینترین شارەکانی دونیا لە ڕووی ھونەرییەوە، بۆنموونە ھونەری تەلارسازیی، ھونەری پەیکەرسازیی، ھونەری تەشکیلی و موزیک و ھتد. یەکێکیش لەو دیاردانەی کە ماوەیەکی زۆرە ئەم شارەی ناشیرین کردووە، ڕشانەوەی پەیکەری بێڕۆحە بەسەر شەقامەکانیدا و قسەنەکردنی جیدییە لەسەر ئەم دیاردە ناشیرینەی ناو سیاسەتی ھونەریی. من قسە لەسەر لایەنی تەکنیکی و ھونەری جێبەجێکردنیانەوە ناکەم، چونکە دەزانم کەسانی پسپۆڕ ھەن کە زۆر لەمن باشتر دەتوانن شیکاریی ئەم لایەنە بکەن، بەڵام ئەوەندەی لە ھونەر شارەزابم ئەوەندە دەزانم کە ئەم پەیکەرانە نە لە ڕووی بەھای جوانناسییەوە قووڵایی و مانا و قورساییەکیان ھەیە، نە لەڕووی ماتریاڵ و مێژووییەوە توانای مانەوە و شانازیی نیشتیمانییان ھەیە و نە لەڕووی ئەخلاقیی پیشەییشەوە ھاوسەنگن و نە شتێکیش لە پشتیانەوەیە کە ناوی سیاسەتی رۆشنبیریی بێت. کە باس لە سیاسەتی رۆشنبیریی دەکەم، مەبەستم لە پلانی ستراتیژییە کە لە پشت ھونەری شارسازییەوە کاردەکات.

من تەنھا سەیرم لەو ھەموو پەیکەرە بێئاست و بێقوڵاییە نایەت کە پەیکەرسازەکان بۆ پارەیەکی کەم ئامادەن شارەکانمان ناشیرین بکەن و چۆن (نا)بەرپرسیارانی ناوشیاریش بە کایەی ھونەر و سیاسەتی رۆشنبیریی، رووبەری تایبەتیان بۆ تەرخاندەکەن. بەڵکو سەیرم لەو ھەموو ھونەرمەندانەش دێت کە بێدەنگ و سەلار دانیشتوون قسەیەک یان چالاکییەک دژ بەم شەپۆلە مەترسییدارە ناکەن. لەھەمووی سەیرتریش بۆ من ڕازییبووونی ئەو کەسایەتییانەیە کە ھێشتا لە ژیاندا ماون و ئامادەن ئەو بێڕێزییە گەورەیەیان بەرامبەر بکرێت و بەو فۆرمی ڕێزلێنانە ناچیزە دڵخۆشبن کە پەیکەرێکی مردوویان لە ڕووی ھونەرییەوە بۆ دروستبکرێت و لەڕێگایەوە بچنە ناو رووبەری گشتییەوە. جێگای تێڕامانە نووسەر و ھونەرمەند بیت و بەرھەمەکانت پڕبن لە باسی خۆشەویستیی و جوانیی و بەرپرسیارێتیی و ئەخلاق، کەچی ڕازیی بێت رووبەری گشتیی شارەکەت بە پەیکەرێکی لاتت وێرانبکرێت و چاو و عەقڵی ئینسانی ئێمەی پێ ئازار بدەیت. دیارە ئەم دیاردەی پەیکەردانانە بۆ نووسەرانێک یان ھونەرمەندانێک یان کەسایەتییەک کە ھێشتا لەژیاندان و نەمردوون لە ھیچ کۆمەڵگایەکی تەندروست و سیاسەتێکی رۆشنبیریی بەرپرس و عەقڵێکی شارسازیی و ھونەریی و مێژووییدا بوونی نییە، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا بووە بە کۆکتێلێک لە بزنس و نێرجسییەتێکی کوشندە. ھەروەک چۆن سەرمایەدارەکان ھەرجارەی بەرھەمێک پاواندەکەن و دەیخەنە ناو بازاڕاوە، بەھەمان شێوە لە ھونەری موزیک و تەشکیلی و مۆنۆمێنتسازییشدا ماوەیەک باوی ھەڵەبجە بوو پاشان بوو بە ئەنفال و ئێستاش ساڵانێکە مۆدێلەکە بووە بە پەیکەردانان بەناوی رێزلێنان لە نووسەر و ھونەرمەندان و کەسایەتییەکان. گەر دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات شارەکانی کوردستان لەماوەیەکی کەمدا دەبن بە گۆڕستانی پەیکەر و وێرانەیەک بۆ چێژ و جوانبینیی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی من تاوەکو ئەم چرکەساتە یەک مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە یان ئەنفال یاخود پەیکەرێکم بۆ کەسایەتییەک نەبینیوە کە قوڵاییەکی فیکریی و ھونەریی باڵای ھەبێت و ببێتە جێگای تێڕامان و بیرکردنەوە و شانازیی نیشتیمانیی. بەپێچەوانەوە، ئەوەی لە ھەرێمی کوردستاندا بەرھەمھاتووە جگە لە تێرمی ھونەری کیچ Kitsch ناتوانرێت ناوی شتێکی تری لێبنرێت.

لەڕاستیدا من لەگەڵ ئەوەدام کە نەک تەنھا پاکسازیی ڕیشەیی لە سیاسەت و ئابووری و پەروەردەدا پێداویستییەکی مێژوویی کۆمەڵگای ئێمەیە، بەڵکو لەمڕۆدا بە پێداویستییەکی ئەخلاقیی گەورەی دەبینم شارەکانمان لەوە زیاتر ناشریننەکرێن. من لە چەند وتارێکدا باسم لە پرۆسەی لووسبوونی کۆمەڵگای خۆمان کردووە، بۆنموونە لووسبوونی سیاسەت، لووسبوونی زمان، لووسبوونی ھونەر و ئەخلاقی پیشەیی. ئەم ھونەرە لووسە ھیچ قوڵاییەکی تێدا نییە و بۆ چرکەساتێکیش مرۆڤ ناوەستێنێت بۆ تێڕامان لە جوانیی و کردەی بیرکردنەوە.

بۆیە من وایدەبینم کە لەدۆخێکی شەرمئاوەر و ڕشانەوەداین لەگەڵ ئەم عەقڵییەتە پووت و لووسەی ناو ھونەر و سیاسەتی ھونەریی. بۆئەوەی شارەکانمان لەوە زیاتر ناشیرینتر و شەرمەزارتر نەبن کە خۆیان لەژێر رەحمەتی سیاسەتی بەددا دەژین، پێویستە یان ئەم ھەموو بەناو پەیکەرانە لە کۆگایەکی تایبەتدا بۆ „ھونەری ناھونەر“ کۆبکرێنەوە نماییشبکرێن بۆئەوەی چیدی ئازاری چاومان نەدەن و خەم لە وێرانبوونی چێژ و ناشیرینبوونی شارەکانمان نەخۆین. یان لانی کەم بە چالاکییەک پەردەپۆشی ھەموو ئەو پەیکەرانە بکرێت کە بەناوی رێزلێنان لە نووسەر و ھونەرمەند و بیرمەندانی کوردەوە لە شەقام و فلکە و دەزگاکاندا دانراون، بۆئەوەی ناشرینییەکانیان دابپۆشرێت. لەڕاستیدا بە داپۆشینی پەیکەرەکان دەشێت مانایەک بە ھونەری پەیکەرسازیی لە شارەکانمان بدرێت نەک بە نماییشکردنیان بەم سیاسەتی ھونەریی و فۆرمەی کە باوە، چونکە جگە لەمانا ئەخلاقیی و ئێستێتیکییەکەی ئەو کردەی داپۆشینە، مرۆڤ یان بینەر لانیکەم بیردەکاتەوە لەوەی کە ئەم شتە چییە داپۆشراوە، خولیایەکی دەبێت بۆ کەشفکردنی نھێنیی ئەم داپۆشینە و ھتد.

گەر ئەمانەش نەکرا، ئایدیایەکی تر ئەوەیە، بۆئەوەی رۆڵی وێرانکردنی چێژی ھونەریی و بەدکاریی ئێستێتیکیی ئەم بەرپرس و زاتانە لە مێژوو و یادەوەریی ئینسانی ئێمەدا بھێڵینەوە کە چ کارەساتێکیان لە چێژ و جوانناسیی لەوڵاتی ئێمەدا بەرھەمھێناوە، پێشنیاردەکەم وەکو رێزلێنانێک بۆ ڕۆڵیان لە ناشیرینکردنی ڕووبەری گشتیی شارەکانمان، پەیکەر بۆ ھەموو ئەو بەڕێوەبەر و سەرمایەدار و پەیکەرسازانە دروستبکرێت بۆئەوەی جارێکی تر جورئەتی ئەوەنەکەن بیر لە پلان و تەمویل و جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی نوێی ناھونەریی تر بکەنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

لەبارەی قاسملۆوە.. گەڕان بەدوای گۆڕ غەریبدا

خەڵک-

لە گۆڕستانی ناوەندی پاریس. لەناو هەزاران کێل و پەیکەری ناو قەبرساندا پاش سۆراخێکی زۆر چوینە سەر گۆڕی سەرکردەو دیبلۆماتکاری کوردو کوردستان د قاسملۆ. وێنە ناسراوەکەی کەلەسەر کێلی سەرووی قەبرەکەیەوە نەخشێنراوە هەر لە دوورەوە خورپەی گەیاندە دڵ و سەرنجی را دەکێشا. پیاوێکی کەڵەگەتی خاکی پۆشی پشتوێن توندی جامانە لەسەر، هەردوو دەستی ئاڵاندوە بەسنگیا و بزەیەکی کردوە. لە کێلی خوارووی گۆڕەکەدا بەکوردی نوسراوە ( کە من مردم، کورد نامرێ.).

دوای تێڕامانێکی زۆر و بێدەنگیەکی قوڵ لە سەر گۆڕەکەی بەدەوروبەردا چاوێکم گێڕاو کەوتمە بیرکردنەوەوە، کورد چ قەدەرێکی هەیە لە مێژوودا؟! دوای نزیکەی سی ساڵ لە تیرۆرکردنی هێشتا نە نەتەوەو نیشتمانەکەی ئازادە، نە تاوانبارانی تیرۆرکردنی سزای خۆیان وەرگرت. نە ئەو زامە ساڕێژ بووە، غەدری شەهید کردنەکەشی لەناوخۆدا نە بووە مایەی یەکڕیزیی و پارێزگارییکردنی زیاتر لە پەیام و کردە دیبلۆماسیەکانی ئەو ڕێبەرە.

پاش چوار رۆژ لە چونە سەر گۆڕەکەی چاوم بەیەکێک لە هاوڕێکانی قاسملۆ کەوت لە برۆکسل، لە چەند وێستگەیەکی گرنگی خەباتی شاخ و زۆرتریش لە دەرەوە پێکەوە بوونە. ئەو پێی وابوو (قاسملۆ رێبەرێکی دیبلۆماتکاری دەگمەنی کورد بووە، چەندین زمانی بیانی زانیوە بڕوا هێنەرێکی کاریگەر بووە لە گفتوگۆ سیاسیەکانیدا. تۆڕێکی گرنگ پەیوەندی لە ئەوروپا دروستکردبوو. کەمتر بایەخی بە ئۆرگان و کاری رێکخستنی حزب دەدا، خاوەن کەسایەتیەکی زۆر سادەو خاکیی بووە ئەوەش هێزی پێ دەبەخشی).

بەگشتی بۆ ناسینی کتێبی کوردو کوردستان و گوتارە بەردەستەکانی بەشێکی گرنگ لەتواناو رەوتی ژیانی ئەو دەردەخەن. بە بۆچوونی خۆشم مام جەلال و قاسملۆ لە دوو گرنگترین سەرکردەی دیبلۆماتکاری کوردن کە زۆر شارەزاییان لە کاری دیبلۆماسیدا هەبووەو، جێدەستیان لەم مەیدانی خەباتەدا دیارە. کاری پێکەوەیییان کردوە.

لە کاتی تیرۆرکردنی قاسملۆدا، مام جەلال لە ناو خاکی ئێرانەوە ئیدانەی تیرۆرکردنەکەی کردو بەرپرسیارێتی خستە ئەستۆی دەوڵەتی ئێران، هەڵوێستی مام جەلال بۆ ئەو دەمە گرنگ و کاریگەریش بوو.

ئێستا لەم جۆرە هەڵوێستە نیشتمانیانە دەگمەن بوون! یان هەر نەماون!.

قاسملۆ لە ڤیەنا تیرۆر کراو لەپاریس نێژرا، بەدوای ئەودا شەرەفکەندی لەبەرلین تیرۆرکرا. پایتەختەکانی ئەوروپای بەناو مافی مرۆڤ پڕن لەچیرۆکی تاوان، سەر زەمین پڕە لە تاوان دەرهەق بە کوردو، کورد خۆشی پڕە لە غەدر لەخۆکردن!

پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئاخۆ کەی قاسملۆ دەگەڕێنرێتەوە زێدی خۆی؟ بە چ چەشنێ؟ حەتمیەتی مێژووە بە دڵنییاییەوە هەر دێتەوە.
د قاسملۆ هەر گۆڕ غەریبە گەرچی لەناو دڵی پاریسیش نێژرابێ.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
ریکلام

کوردستان

دوایین