ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان
ریکلام

راپۆرت

ژنێك كۆمپانیایەكی خۆراك بەڕێوەدەبات

سلێمانی- نزار جەزا

بەسۆز ژنێکی ئیشكەر و چالاكی شاری سلێمانییە، كە ماوەی پێنج ساڵە كۆمپانیایەكی تایبەت بە دروستكردنی خواردنی دامەزراندووە.

لەگەڕەكێكی شاری سلێمانی كۆمپانیای خانمی كورد لەماڵێكی بچكۆلەی دوو نهۆمیدا لەلایەن بەسۆز جەمالەوە خاوەندارێتی دەكرێت.   

ئەم كۆمپانیایە بەپێی داواكاری خواردن دروستدەكات و، دەتوانێت خواردنی شوێنە گشتییەكانی وەك نەخۆشخانەكان و فەرمانگەكان و كۆمپانیاكان و شوێنەكانی دیكە دروستبكات، یاخود خواردنی زۆر بۆ بۆنە و ئاهەنگە گەورەكان دروستدەكات.

بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاشنابون بەكارەكانی بەسۆز سەردانی كۆمپانیاكەیمان كرد، كە چوینە نێو شوێنی كارەكەیەوە تەنها ژنان كاریان دەكرد، بەسۆزیش سەرپەرشتی كارەكانی دەكرد.

بەسۆز بۆ (خەڵك) باسی لەوەكرد، پێشتر كاری دروستكردنی خواردنی دەكرد و چەند ژنێك لەلای كاریان دەكرد، بەڵام ماوەی دوو ساڵە كردویەتی بەكۆمپانیا، بەمەبەستی فراوانكردنی كارەكەی و ژنانێكی زیاتر بخاتە سەر كار.

بەسۆز بۆ پەیامنێرەكەی خەڵك دەدوێت

لەبارەی ئەوەی بۆچی تەنها ژنان لەلای كاردەكەن، بەسۆز وتی:”ئامانجم ئەوەیە كۆمەڵێك ئافرەت لەماڵەوە بێنمە دەرەوە، تاوەكو بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن ، بەجۆرێك خۆیان و خێزانەكانیان بژیێنن”.

لە خانمی كورددا، هەشت كەس كاردەكەن، بەڵام بە وتەی خاوەن كۆمپانیاكە، قەیرانی دارایی كاریگەری زۆری لەسەر كارەكانیان هەبووە، بەجۆرێك ئێستا خەڵك كەمتر خواردنی ئامادەكراویان لێ دەكڕێت و ژمارەی كارمەندیان كەمكردۆتەوە.

ئەو ژنە بەپێویستی زانی حكومەت هاوكارییان بكات، چونكە تاكو ئێستا حكومەت هاوكاریان نەبووە تاوەكو كارەكەیان فراوانتر بكەن.

بەسۆز تەمەنی 40 ساڵە و دايكی كوڕ و كچێكە، كە ئەركی بەخێوكردنی ئەم منداڵانەشی لەسەر شانە، بۆیە هاوسەرەكەشی پاڵپشتێكی باشیەتی و بەوتەی بەسۆز، ئەگەر هاوسەرەكەی نەبێت، ناتوانێت ئەم كارە بكات.

ریکلام

راپۆرت

هەڵوێستە نەتەوەییەكانی بارزانی، چانسی فوئاد حوسێن بۆ گەیشتن بە كۆشكی كۆماری لاواز دەكات

فوئاد حوسێن كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق

خەڵك- بەشی هەواڵ

هەرچەندە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانی تەواوەتی بۆ فوئاد حوسێن كاندیدی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ڕاگەیاند و لەسەر داوای ئەویش كاندیدكراوە، بەڵام هەڵوێستە نەتەوەییەكانی بارزانی بەتایبەتی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم چانسی فوئاد حوسێن بۆ گەیشتن بە كۆشكی كۆماری لاواز دەكات.

محەمەد سەهیود سەركردە لە دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، مەحاڵە ئەندامانی هاوپەیمانی بنیادنانەوە لە نێو هۆڵی پەرلەمان دەنگ بە پاڵێوراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن كە جوداخوازە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و ئەو لەلایەن بارزانییەوە بەكاردەهێندرێت.

سەهیود بۆ ئاژانسەكانی عێراق دەڵێت “هاوپەیمانی بنیادنانەوە گەورەترین كوتلەی نێو پەرلەمانە و رۆڵی گەورەی دەبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا، بۆیە بەرژەوەندی و یەكپارچەیی عێراق لەمبارەیەوە دەتوانێت كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەربخات”.

ناوبراو، ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێتی نیشتمانی كوردستان زۆرتر پابەندە بە یەكێتی عێراق وەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی پرۆژەی دابەشكاری بوو، كاندیدی پارتیش بۆ سەرۆك كۆمار لەلایەن بارزانییەوە بەكاردەهێندرێت، بۆیە مەحاڵە دەنگی پێ بدەن.

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی پێشووی هەرێم

لەلایەكی دیكەوە وەفیق سامەڕائی ڕاوێژكاری پێشووی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە پەڕەی خۆی لە فەیسبوك ئاماژەی بەوەكردووە، پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بە پارتی، عێراق بەرەوڕووی پێنج مەترسی دەكاتەوە.

سامەڕائی رونیكردەوە، ئەوە ڕاست نییە كە دەڵێن پۆستی سەرۆك كۆمار پرۆتۆكۆلییە، بەڵكو خاوەن دەسەڵات و كاریگەری گەورەیە، لە حاڵی بوونی كاندیدی پارتی بە سەرۆك كۆمار، ئەوا بارزانی دەبێتەوە بە یاریزانی سەرەكی كە خاوەنی بیرۆكەی جیابونەوەیە و پۆستەكە بۆ ئامانجی خۆی بەركاردێنێت.

دەشڵێت “مەترسی دووهەم لیواكانی پاسەوانی كۆمارییە لە نێوجەرگەی بەغدا لە جادریە، كە یەكەكانی پێشمەرگەی بۆ دەهێنێت و شەڕی دەوڵەتی عێراق دەكەن، ناوچەی سەرۆكایەتی كۆماریش دابڕاوە و پێشمەرگە لە دەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەت دەبێت لەگەڵ ئاستەنگ دروستكردن بۆ بڕیارەكانی دەوڵەت و یاساكان كە لەگەڵ خۆیاندا ناگونجێن”.

ئاماژە بەوەش دەكات، مەسعود بارزانی ژمارەیەكی قورسە و نابێت پشتگوێ بخرێت لە عێراق ‌و ئەو تا دوێنێ پێداگری لەسەربەخۆیی كوردستان كردووە.

لای خۆشیەوە پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەیار تاهیر ڕایگەیاندووە، كە فوئاد حوسێن چانسی بردنەوەی هەیە و لەگەڵ لایەنە كوردییەكان لە گفتووگۆدان بۆ بوونی كاندیدێكی هاوبەش.

فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق لە پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

گەورە كاربەدەستانی پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرتر لە جارێك دووپاتیانكردووەتەوە، هۆكاری داواكردنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەو خولەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خزمەتی بەرژەوەندییەكانی كوردی پێ بكەن، رێگری لەو بڕیار و یاسانە بكەن كە لە بەغدا دژی هەرێم دەردەچن.

ئەو كاربەدەستانەی پارتی، رەخنەش لە فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەگرن، كە دەستوەردانی نەكردووە بۆ ڕێگرتن لەو بڕیارنەی دژی كورد دەرچوون لە ڕابردوودا .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ساڵوەگەڕی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری كوردستان

خەڵك- بەشی هەواڵ

ساڵێك لەمەوبەر لە 25ی ئەیلوولی 2017دا باشوری كوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساز كرد پێچەوانەی خواستە نێودەوڵەتی و هەرێمی و عێراقی و نێوخۆییەكان بۆ دواخستنی، بەڵام دواجار لە ژێر فشارەكاندا ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵپەسێردرا و زۆرتر لە نیوەی خاكی باشوری كوردستانیش لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە داگیركرا.

لە رۆژی 7ی حوزەیرانی 2017 لە كۆبوونەوەی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان و مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستاندا بڕیاری سازكردنی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلولی ئەو ساڵەدا درا.

مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی سازكردنی ریفراندۆم تا دەهات دەنگی ناڕەزایەتی نێوخۆیی لە دژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم فراوانتر دەبوون و بەرەیەك بە ناوی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا خۆی ڕاگەیاند.

هاوكات حزبەكانی وەك بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی دژایەتی خۆیان بۆ وادەی سازكردنی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند و، پێیانوا بوو كاتەكەی نەگونجاوە.

دەنگی ناڕەزایەتی گەیشتە نێوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هاوپەیمانی سەرەكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لە سازكردنی ریفراندۆم لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و حزبە بچوكەكان و چەندین بەیاننامە لە هەندێك لایەنی نێو یەكێتییەوە بڵاوكرانەوە و دژایەتی خۆیان بۆ سازكردنی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند بەتایبەت لە پارێزگای كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان.

جیا لە فشارە نێوخۆییەكان، فشارە عێراقی و هەرێمییەكانیش لەلایەن بەغدا و تاران و ئەنقەرەوە زۆر توند بوون و هەڕەشەی كاردانەوەی بەهێزیان لە دژی هەرێم دەكرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان بە بەهێز دەزانی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندیان لەلایەن وڵاتانی هەرێمی و بەغداوە بە دوور دەزانی، چاوەڕێشیان نەدەكرد بە ئاسانی وڵاتانی خۆرئاوایی پشتیان بەربدەن.

نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپاییش هاتنە سەر خەت و بە چەندین شێوازی جیاواز داوای ڕاگرتنی ڕیفراندۆمیان كرد و ژمارەیەك بەڵینیشیان بە كورد دا.

ڕێكس تێلەرسن وەزیری پێشووی دەرەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نامەیەكی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم كرد و تێیدا كۆمەڵێك بەڵێنی بە كورد دا لە حاڵی ڕاگرتنی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم، بەڵام نامەكە ڕەتكرایەوە.

دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان سووربوون لە سازكردنی ڕیفراندۆم و سەرجەم فشارەكانیان ڕەتكردەوە و گوێیان پێنەدان، لە 25ی ئەیلول ڕیفراندۆم سازكرا.

 بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلولی 2017 لە شاری كەركوك

بەپێی ئەنجامەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم 92%ی هاووڵاتیان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا، هەرچەند هەندێك گومان لەسەر پرۆسەكە و ئەنجامەكەی هەبوون.

چەند رۆژێك دوای ڕیفراندۆم و دەستپێكردنی فشارەكانی عێراقی و هەرێمی بۆ سەر باشوری كوردستان ‌و بێدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەئاست فشارەكانی بەغدا و دەرودراوسێ، مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە دەرگای گفتووگۆ دانەخات.

لە ڕۆژی ڕیفراندۆمیشدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ڕیفراندۆم بە واتای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نایەت و ئەو ئاڵای عێراقەی لە تەنیشتییەوە داندراوە، دوای 25ی ئەیلول لە 26ی ئەیلولیش لە جێی خۆی دەمێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و هاوسەرەكەی لە كاتی دەنگدان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هێزە عێراقییەكان دوای وەڵامنەدانەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە خواستەكانی بەغدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم، هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان دەستپێكرد.

دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتی و پارتی لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا هێزە عێراقییەكان كەركوك، خورماتوو، خانەقین، جەلەولا، سەعدیە، پردێ، مەخمور، گوێر، شەنگال و زۆرینەی ناوچەكانی دیكەیان كۆنتڕۆڵكردەوە و دەسەڵاتی كوردی گەڕێندراوە بۆ سنوورەكانی پێش 2003.

یەكێتی و پارتی تاكو ئێستا یەكدی بە “خیانەت” و هەڵهاتن لەبەرەكانی جەنگ و شەڕنەكردن لەگەڵ هێزە عێراقییەكان تۆمەتبار دەكەن و ئەوە بووەتە بابەتێكی سەرەكی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە هەفتەی ئایندە سازبكرێت.

 گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان بۆ كەركوك 16ی ئۆكتۆبەری 2017

هاوكات لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە پێچەوانەوەی چاوەڕوانییەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێم، فڕۆكەخانەكانی هەرێم داخران و كۆمەڵێك سزای دیكەی توند سەپێندران بەسەر هەرێمدا.

ئێران ‌و توركیاش دەروازە سنورییەكانیان داخست و گەشتەكانیان بۆ فڕۆكەخانەكان ڕاگرت، كە تا ئێستا گەمارۆی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هەڵنەگیراوە و دوێنێ بۆ ماوەی 3 مانگی دیكە درێژكرایەوە.

هاوكات لەگەڵ ئەو ڕووداوانەدا لە 29ی ئۆكتۆبەری 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێم دەستی لەكاركێشایەوە و دەسەڵاتەكانی دایە پەرلەمان و حكومەت.

هاوكات تەمەنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمیش درێژكرایەوە بۆ ماوەی ساڵێك و هەڵبژاردنی پەرلەمان كە بڕیاربوو لە 1ی تشرینی یەكەم سازبكرێت، دواخرا.

لە بەردەوامی فشارەكان و ڕەتكردنەوەی داواكاری دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا، هەرێم ناچاربوو مەرجە قورسەكەی بەغدا بەلایەنی كەمەوە جێبەجێبكات، ئەویش هەڵپەساردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم بوو، كە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەكرد.

ئێستا دوای ساڵێك لە سازكردنی ڕیفراندۆم، وەك دەستكەوتێكی نەتەوەیی گەلی كورد لە چوار پارچەی كوردستان و جیهاندا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، كە جێگای شانازیی هەموو كوردە لەسەرانسەری جیهاندا، بەوەی بۆ یەكەم جار لە پرۆسەیەكی فەڕمی ئاشكرادا كورد بە گوێی جیهانیدا دادا كە سەربەخۆیی دەوێت.

بانگەشەی ریفراندۆم

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕووی واقیعییەوە خەسارێكی زۆری لە باشوری كوردستاندا بەوەی نێوەزۆرتری خاكی باشور لە دەستدرا و لە ڕووی ئابوریشەوە خەسارێكی گەورەی هەبوو جیا لە كاریگەری لەسەر پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

ئێستاش جگە لە پرۆسەیەكی ڕابردوو ڕیفراندۆم لەسەر ئەرزی واقیع لە گۆڕێدا نییە، حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمیش كە ڕیفراندۆمیان سازكرد هەموویان ڕوویان لە بەغدا كردووە و چاویان لە وەرگرتنی زۆرترین پۆستەكانی بەغدایە.
لە نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا ململانێیەكی سەخت هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ڕووداوەكەی ئەهواز، تاران تووشی شۆك دەكات
ئێران؛ سعودیە و ئیسڕائیل و هێزە كوردیەكان تۆمەتبار دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
لە سەروبەندی یادكردنەوەی جەنگی 8 ساڵەی ئێران- عیراق لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، لە پارێزگای ئەهواز لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، هێرشێكی چاوەڕوان نەكراو كرایە سەر نمایشێكی سەربازی ئەو وڵاتە و ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێكەوتەوە، هەرچەندە گروێكی چەكداری ئۆپۆزسیۆن كردەكەیان خستە ئەستۆی خۆیان، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران هەریەكە لە سعودیە و ئیسڕائیل و هێزە كوردیەكانی ئۆپۆزسیۆنی ناو هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات.

  پەرلەمانتارێكی ئێرانی: لە هەرێمی كوردستانەوە هاتوون
ئەبو فەزڵ بیغی، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت: “ئەو گروپە تیرۆرستیەی كردەكەی ئەهوازیان ئەنجامداوە لە كوردستانی عیراقەوە هاتوون و پاڵپشتی سعودیە و موساد-ی ئیسڕائیل-یان هەیە.

ئەو پەرلەمانتارە بە ئاژانسی (سپۆتنیك)ی ڕوسی ڕاگەیاندووە، ئەو گروپە تیرۆرستیە لە هەرێمی كوردستانەوە هاتوون و بەپێی زانیارییەكانیش، كە پێیان گەیشتووە پشتیوانی سعودیە و ئیسڕائیلیان هەیە و لەو گروپانەن، كە پێش ماوەیەك لەلایەن ئێرانەوە لەناو هەرێمی كوردستان بارەگاكانیان كرایە ئامانج.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 22ی ئەیلولی 2018 لە شاری ئەهواز بەهۆی ئەنجامدانی هێرشێكی سەربازی بۆ سەر نمایشی پاسدارانی ئێران 28 كەس كوژران و 60 كەس-یش بریندار بوون و وەك ئەو پەرلەمانتارەش دەڵێت: “سەرجەم هێرشبەرەكان كوژراون”.

  سەرۆكی ئێران هەڕەشە دەكات
لە كاردانەوەی ئەو هێرشەی سەر پاسداران، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند، كە وەزارەتی هەواڵگری و دەزگا ئەمنیەكان ڕاسپێردراون تا سەرجەم هەوڵیان بخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوەی ئەندامدەرانی هێرشەكە، كە بەهۆیەوە دەیان كوژراو و بریندار هەبوون.

دەشڵێت: “وەڵامی كۆماری ئیسلامی ئێران زۆر توند دەبێت سەبارەت بە بچوكترین هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئێران”.

وەك ئاژانسی (فارس)ی ئێرانی بڵاویكردەوە، دوابەدوای هێرشەكەی سەر نمایشە سەربازیەكەی پاسداران، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە نیزامیەكان و “چەكدارە توندڕەوەكان” دروست بووە و سەرجەم چەكدارەكان كوژراون.

  هێزێكی ئۆپۆزسیۆن بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند
(بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی عەرەبی بۆ ڕزگاركردنی ئەهواز)، كە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیە بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆی خۆی و ڕایگەیاند، “ئێمە بەرپرسیارین لەو هێرشە”.

یەعقوب حر تەستری، وتەبێژی بزوتنەوەكە ڕایگەیاندووە، “ڕێكخراوی بەرگری نیشتمانیی ئەهواز” كە ژمارەیەك هێزی چەكداری لەخۆگرتووە بەرپرسیارە لە هێرشەكەی سەر نمایشە سەربازیەكەی سوپای ئێران.

  پاسداران: سعودیە لەپشت هێرشەكەیە
پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە گروپی ئەهواز لە پشت ئەنجامدانی هێرشەكەوەن بۆ سەر نمایشە سەربازیەكە و جەختیشی كردۆتەوە، “سعودیە لە پشت پاڵپشتی كردنی ئەو بزوتنەوە تیرۆرستیەوەیە”.

عەمید ئەبو فەزڵ سكارجی، وتەبێژی هێزە سەربازیەكانی ئێران بە ئاژانسی (ڕۆیتەرز)ی ڕاگەیاندووە، ئەنجامدەرانی هێرشەكە ئەندامی ڕێكخراوی داعش نیین، بەڵام پەیوەندییان بە ئەمریكا و ئیسڕائیل-ەوە هەیە.

وتوشیەتی، “ئەنجامدەرانی هێرشەكەی ئەهواز پشتیان بە هەواڵگری ئەمریكا و موساد بەستووە و لەلایەن دوو دەوڵەتی كەنداو-ەوە پشتیوانی دەكرێن و مەشقیان پێ‌ دەكرێت”.

  حزبە كوردیەكان تۆمەتەكان ڕەتدەكەنەوە
دوابەدوای تۆمەتباركردنیان لەلایەن چەند بەرپرس و پەرلەمانتارێكی ئێرانیەوە بە ئەنجامدانی ئەو هێرشەی ئەهواز، حزبە كوردیەكانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنن، ئەو تۆمەتانە نابەرپرسانەن.

ڕێبین سەلام، سەركردە لە حزبی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی ڕایگەیاندووە، ئەو تۆمەتانە نابەرپرسانەن و لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان نییە پشتی ئەو كردانە بگرێت، چونكە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ تاران مێژووین و ئەوە لەبیر ناكرێت، كە پاڵپشتی گەلی كورد بوون بەتایبەتی لە ڕۆژانی شۆڕشی كوردی لەو كاتەی لەلایەن سەدام حسێن-ەوە سەركوت دەكران.

وتیشی، “ئەو تۆمەتانە هەوڵێكە بۆ بیانوو هێنانەوە بۆ هەڵوێستی ئێران، كە دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە قەیران دروست بكەن لە ناوچەی هەناردەی نەوت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە یەكەم هەنگاو ئەوەبوو ویستیان گەرووی هورموز دابخەن و ئێستاش دەیانەوێت ململانێكە بگوازنەوە بۆ هەرێمی كوردستان تاوەكو نەوت هەناردە نەكات، بەلام سەركەوتوونابن.

جەختیشی كردۆتەوە، لە ئێستادا چاوەڕێی هەڵوێستی فەرمی حكومەتی ئێران دەكەن لەسەر زاری وتەبێژی فەرمی، چونكە هەرێمی كوردستان لەڕووی جوگرافیەوە دوورە لە ئەهواز و لە بەرژەوەندی هەرێم نییە پشتی ئەو جۆرە هێرشانە بگرێت و هیچ كێشەیەكیشمان لەگەڵ ئێران نییە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
ریکلام
ریکلام
ریکلام

کوردستان

دوایین